کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رۆکه‌ جنێوفرۆشه‌که‌

Sunday, 07/11/2010, 12:00


دیارده‌یه‌کی نوێ که‌ به‌م دواییه‌ له‌ناو وتار و هه‌ڕه‌شه‌ و ئیهانه‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆکانی فه‌خامه‌تی عالیه ‌مه‌قامه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵاتی کورددا ڕه‌نگی دایه‌وه‌ بریتی بوو له جنێودان.
بێگومان کاتێک ده‌سه‌ڵات ڕووده‌کاته‌ میلله‌ت و له‌ ده‌می لایه‌نه‌ فه‌ڕمیه‌کانیه‌وه‌ جنێو‌ به‌ هه‌ست و ئیراده‌ی میلله‌تێک ده‌دات، ئیدی له‌و ساته‌ وه‌خته‌وه‌ سه‌رده‌می له‌دایک بوونی دیکتاتۆرێکی نوێ که‌ جاڕی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها و خۆ سه‌پاندن ده‌دات ده‌ست پێ ده‌کات.
ده‌ستپێکردنی که‌لتوری جنێودان به‌ میلله‌ت دوابه‌دوای شه‌ڕی ناوخۆ به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ سه‌ری هه‌ڵدا و ده‌سه‌ڵاتی کوردی بۆ وه‌رگرتنی سه‌ڵاحیات و دروستکردنی ترس و فووکردنه‌ ناو قه‌باره‌ی سه‌رۆکه‌وه‌ به‌ هه‌ردوو فۆنته‌ سه‌وز و زه‌رده‌کانه‌وه‌ ده‌ستی کرد به‌ ئیهانه‌کردن و جنێودان به‌ هه‌ست و ویستی میلله‌ت به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی و به‌ ده‌نگ و سه‌دای ئۆپۆزسیۆن به‌تایبه‌تی و تایبه‌تتر به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی ئازاد و نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گره‌سه‌ربه‌خۆکان، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا که له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا ئه‌م  که‌لتووره‌ بریتی بوو له‌ جنێوی سه‌رجاده‌ به‌ڵام ڕوبه‌ڕوی ئه‌جێندا و که‌سایه‌تی و مێژووی یه‌کدی نێوان حیزبه‌کان.
‌له‌م ڕووه‌وه‌ ده‌توانین له‌وه‌ تێبگه‌ین که‌ ئامانج له‌و جنێوانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ ده‌می سه‌رۆک و وته‌بێژ و میدیا و ڕۆژنامه‌کانیانه‌وه‌ به‌ گروپ و که‌مپین و ده‌نگه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان ده‌وترێت، بریتییه‌ له‌ چاوسورکردنه‌وه‌ و ترساندن و شکاندنیان و تاوانبارکردنیان بۆ دروست کردنی متمانه‌ی کارتۆنی له‌ناو خه‌ڵکدا، به‌ڵام لێره‌دا مافی خۆمانه‌ بپرسین ئاخۆ ئه‌ی جنێودان به‌ ئیراده‌ و هه‌ست و خه‌ونی میلله‌تێک بریتی بێت له‌ چی و ئامانج له‌مه‌ چی بێت؟
کاتێک که‌ ده‌سه‌ڵات جنێوه‌کانیان له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆدا بۆ شکاندنی یه‌کدی بێت و دوای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش جنێو و ئیهانه‌کانیان له‌ به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسانی ئازاد و ڕه‌خنه‌گره‌ سه‌ربه‌خۆکان و نوسه‌ره‌ بێلایه‌نه‌کان بۆ خۆفه‌ڕزکردن و سه‌رداپۆشینی ڕاستیه‌کان و چاوسورکردنه‌وه‌ بێت، که‌واته‌ له‌ئێستاشدا ئامانج له‌ جنێوه‌کانی سه‌رۆک به‌ خه‌ون و هه‌ستی میلله‌تێک ، هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی له‌ پشته‌وه‌  نییه‌ جگه‌ له‌ خوو یان ڕه‌وشتێک که‌ به‌شێکه‌ له‌ سروشتی خۆیی.
نمونه‌ی جنێودان و ئیهانه‌کردنی میلله‌ت به‌ شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردییه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ ته‌واوی به‌یاننامه‌ و ڕوننکردنه‌وه‌کانیان و چاوپێکه‌وتنه‌کانیا و ته‌واوی لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌کانیان، و هه‌موو چاوێکی به‌ وێژدان رۆژانه‌ ئه‌م دیمه‌نه‌ ده‌بینێته‌وه‌ و گوێی له‌ ده‌نگی سه‌رۆکه‌ که‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ جنێوه‌کانی له‌ ده‌می میدیا و وته‌بێژ و فه‌خامه‌تی خۆیه‌وه‌ ئاڕاسته‌مان ده‌کات.
لێره‌وه‌ ده‌توانین ئه‌وه‌ ببینین که‌ له‌ ده‌م و له‌فزی ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه‌ تابلۆیه‌ک دیاره‌ که‌ شان و شه‌وکه‌تی دیکتاتۆرێک پیشان ده‌دات و تا ئاستی جنێودان شه‌رعیه‌تی به‌ خۆیداوه‌ و هه‌موو لێدوانێکی نا سیاسیی و نا ئه‌خلاقی له‌سه‌ر ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌ ده‌می خۆیه‌وه‌ به‌ ڕه‌وا و به‌ مافی تایبه‌تی خۆی ده‌زانێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە