لەگۆشە نیگای پیرێکەوە بۆ خەون و یادگاری وبوون
Saturday, 16/11/2013, 12:00
یادگاریی چۆن دەبێتە خەون و خەیاڵ، خەون و خەیاڵش دەبنە یادگاریی، ئەو سەردەمی کە هەموو یادگاری کۆدەبەنەوە، لە گوێسوانەی خانووویەکی ڕووخاو و بێدەنگ و ساردی ژوورەکانی تەنیایم دێنەوە میوانم، تەنیای لەگەڵ تروسکەی هەتاوێکی دەمەو بەیانی ساردا لەگەڵ دەستە لەرزۆک و گۆچانەکەم بە هیواشی ڕێدەکەن، ئەو ڕۆژانە دێنەوە یاد کە وەک هەوری چەخماخە و تروسک ئاسا هەنگاو دەهێناو لە تیشکی هەتاو هێزم دەگرت و لەگەڵ سەرمایی سەرسەخەتدا گەمە ئاسا دەهاتم و دەچووم ئەمڕۆ هەتاوی هاوینیش هەناوم گەرم ناکاتەوە، ئەو ڕۆژانەی بە هەورازی چیاکان رێگام دەگرد و چاوەکانم گۆشەی لووتکەی دەکردە ئامانج سەردەکەوتم، بەڵام ئەمڕۆ لە زەوی شووشە ئاسا بە دارعاساکام وەک میروولە ڕێدەکەم و پێکانم لە زەوی جیانابێتەوە، چاوەکانم لە گۆشەیی درگاکە دەڕوانێ تاکوو بگەم، سەرەلەرزە و دەستەکان وەک شەقشەقەی ناو لانکەیی مناڵەکان دەهەژێت بۆتە گەمەی پێکەنین، ڕێگایی مەزرگام سەدساڵ دوورترە لەمن و چاوەکانم کزبووە زۆر بە لێڵی دنیا دێتە بەرچاوم، لە گۆشەی مردن ئەڕوانم، گەرچی مەزار و جێگەیی هەمیشەی بێدەنگم زۆر نزیکە و لەگەڵ هەنگاوەکانم دێت و دەچێت، هەرساتەوەختێک دەبمە میوانێکی هەمیشەی، منداڵ ئاسا چاوەکان دەگێرم بۆ کەسێک بێتە هاوڕێی تەنیایم و کاتێکی لەگەڵ بەسەربەرم، چاوەڕوانی گوێگرانێکم بێن سەرگووشتەی ژیان و ڕابووردوو بکەمە چیرۆکی شەوگاری درێژ و ئەو ڕۆژانەی ڕابووردوو، بۆئەوەی دوێنێ و ئێستا بکەمە تێشووی داهاتوو،.
مێژووی مرۆڤەکان و گەێرانەوەی چیرۆکەکان بۆ وەچەکان درێژەی خەونەکان و یادگاری و زیندوو ڕاگرتنی رۆحەکانە کە ژیاون، ڕۆحەکان زۆر لەوە زیاتر دەژین کە ئێمەی مرۆڤ وا هەست دەکەین کە مردین رۆحەکان دەمرن و لەناودەچن، مەزرگاکان مەنزڵگای پارچەیەکی مرۆڤەکان لەخۆی دەگریت، دوایی بەرەو سروشتی گەردوون ئاوێتە دەبێتەوە، رۆحیش لەناو گەردیلەکانی گەردوون تێکلاو دەبن و وەک ماتە ووزەکەی گەردوون بەردەوام بە بوونی خۆی دەدات، بوون و نەبوون لەگەردووندا تەواوکەری یەکن و هەموو بوون و نەبوون بە واتایی بوونی هەمیشەییە و خوڵقاندن دەخوڵقێنێ، بۆیە پیر بوونی جەستەکان تەواو کەری ئەو ساتانەیە کە منداڵیت و هێزوو ووزەکانی تەنیا لە خۆیدایە و ئەمرۆش هەمان رۆژگار دێنەوە ناو ژیان کە پیری هێزو ووزەکان بە شێوەیەکی تر دەوام دەکات ئەوکاتە تۆ دڵخۆشکەری بەڵام ئەمڕۆ تۆ خەمخۆر و خەمگری، چۆن منێکی نەبوو و بوومە بوونیك، ئەمرۆش بە پێچەوانەوە دووبارە دەگەرێمەوە بۆ هەمان جێگا، ئەو کاتەش کە نەبووم و نەناسراو بووم هیواو خەونی کەسانێک بووم، دوایی بوومە خەون و خەیاڵی دایک و باووک، ئەوانیش بوونە یادگاری ژیانی من، بوونەتەوە خەونێکی خەیالاوی بۆ گەرانەوەیان بۆلام، یادگاری دەبێتە سەرگوشتەی ژیان، فەلسەفەی ژیان و بوونمان لە بازنەی ژیاندا بۆتە گەردوونێکی ئاڵۆز و بەردەوام هەوڵدەدەین تێبگەین و زیاتر ئاشنایی بین. ئەم دیدەم لە زاتی پیریەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆئەوەی تێبگەین پیر بوون و منداڵی و خەون و خەیەڵ و یادگارییەکان هەمیشە وەک بەشێکی تێک ئاڵاو یەکتری تەواو دەکەن و بەردەوام هێز دەبەخشنە هێزی ژیانێک کە لە گۆشەکانی ڕاستی دەرک بکەین بە ژیان و لەگەڵیدا هەڵسووکەوت بکەین و وەک دروست بوونێکی سروشتی و کامڵ بوون و پیربوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست