پەیامێك بۆ فەرهاد پیربال: ئەگەر دەتەوێ ببیە بەردى بن گۆمان ...
Tuesday, 03/12/2013, 12:00
لەم هەرێمەى لەمەڕ خۆمان و زۆرێ لە وڵاتانى بەناو دیموكراسی، مرۆڤگەلێ هەن لەپێناو دەستخستن و بەدیهێنانی هەندێ داخوازى و داواكاری گشتى و نواندنى كاری خێرخوازى و گوشار و فشار و تەنگ پێ هەڵچنین بۆ ئەو مەرامانەى لەپێناویدا پەیامێكیان هەڵگرتووە و دەیانەوێ بیگەیەنن، ئامادەن قوربانى بەجەستەى خۆیان بدەن و لەو ڕوانگەوە، پەنا بۆ زۆر شت ببەن كەڕەنگە شتەكان لەدەرەوەى ئەو یاسا و رێسایانەبێ كە بەلای من و تۆوە ئەو هەنگاوانە هەنگاوى زۆر گرنگبن كەچی لەدیدگای دەسەڵاتەوە كەم تا زۆر بوونى نییە و بایەخى پێ نادرێ و هیچ لەو خەتە ناگۆڕێ كە لە سەریدا چۆن درێژە بە بەرنامەكانى دەدات و ئەوا كارەكانى ڕادەپەڕێنێ و بۆ هەموو حاڵەتە نەخوازراوەكانیش تەقەى سەریان دێ.
ئەگەر بەهۆی خۆسووتانى گەنجێكەوە لە(تونس) چەخماخە و بڵێسەى ڕاپەڕین ئەو وڵاتەى تەنی و وای لەسەرۆكى ئەو وڵاتە كرد باروبنەى تێكنێ و بەهەلەداوان ڕابكات و گۆڕانكاری ببێتە وەرچەرخان بۆ پیادەكردنى حوكمێكى تازە، ئەوە لەبەیانى زووتر نییە منیش وەكو ئەو گەنجە و ئەو هەڕەشەى فەرهاد پیرباڵ دەیكات، خۆم بۆ سووتانێكى تازە ئامادە دەكەم ئەگەر بزانم بەو هەڕەشەیە ناخی بەرپرسانى ئێرانى دەهەژێ و ئەو چالاكوانانەى گرتوونى بەریان دەدات.
نەك هەر ئێران،ئێ خۆ بەدەیان نموونەى زیندومان لەبەر دەبەستە و دەیان ڕیپۆرتاژ لەسەر خۆسووتان و خۆ حنكان و خۆ كوشتن ئەنجامدراوە: لەفلان گەڕەك پیاوێك بەهۆی نەبوونیەوە خۆی كوشت...لەفلان گەڕەك ئافرەتێك پارەى دەرمانى نەبوو بچێتە لای دكتۆر خۆی سووتاند و دەیەها و دەیەهای دیكە خرانە ڕوو، كەچی نە ڕاپەڕین، نە گۆڕانكاری ڕووى نەدا و هیچ بەرپرسێك ئامادە نەبوو دەست لەكار كێشانەوەى خۆی ڕابگەیەنێ، لەكاتێكدا حوكمەت بەرپرسە لەباروبژێوى هاوڵاتیان و كەم و كوڕیەكانی.
فەرهاد گیان:
ئەگەر بۆ تونس ئەو خۆ سووتانە بووە مێژوو هیچی لەوە ناگۆڕێ تۆ وابزانى كە خۆت سووتاند ئیدى هەموو شتێك تەواو دەبێ و دیرۆكەكا مەزن بۆ خۆت تۆمار دەكەی، مەبەستم لەو قسانە ساردكردنەوەى هیچ هەوڵێك نییە كە ئێمە لێرە و لەوێ بۆ برایانمان لەهەر پارچەیەكى تری كوردستان بیدەین، بەڵام ئینتیمای كوردایەتى بەجۆرێ كاڵ بووەتەوە كەس منەتى بەو جۆرە خۆ سووتانەى تۆ نییە و دەسەڵات بەرژەوەندیە باڵاكانی لەبەر خاتری خۆسووتانى من و تۆ تێك نادات و هیچ بەدووریشی مەزانە خەڵكانێك تەفسیری خراپمان بۆ بكەن و بە شێت و كەم ئەقڵمان لبدەنە قەڵەم ، لەكاتێكدا بۆی هەیە هەندێ كەناڵی بێ دەسەڵات چەند ڕۆژێ فرمێسكى تیمساحمان بۆ بڕێژن، لەوە بەدواوە ببینە بەردی بن گۆمان بۆ دەرمانیش كەس ناومان نەیەنێ.
ئەگەر تەماشای بەرنامە خێرخوازیەكانى كەناڵە لۆكاڵیەكان و ئاسمانیەكان بكەین ئەوجا دەزانین چ كەسانێكى بەدبەخت و ماڵوێران و زەلیل و داماومان هەیە و كەچی بەرپرسان لەسەر حسابی ئەو ڕەش و ڕووتە پێشبڕكێیانە لەبەرزكردنەوەى ئاپارتمان و بەنزینخانە و باخچە و كۆمپانیا و...هتد. كەسیش نیە بۆ جارێ پێیان بڵێ: ئەوە نەدڕان؟ ئیدی بەس نیە و كەمێ چاوتان لە خەڵكبێ، ئێ ئەگەر ئەو خەڵكە نەبێ، حوكمەت نابێ، ئەگەر ئەو خەڵكە دەنگمان نەدەنێ لەهەڵبژاردن دەرناچین و ئەفسووس....
فەرموو هەر میلی ڕادیۆكەت بگۆڕە و دەست بەسەر دوگمەی كەناڵەكانەوە بنێ رۆژ نییە لەو ئێراقە خۆشەویستەدا گوێبیستى ئەوە نەبی لە فلان و فیسار شوێن دەیان كەس بوونە قوربان، دەیان كەس خۆیان سووتاند، هەندێ جار دەنگى ناڕەزایی دەگاتە ئاستێك كەسی وا هەبێ ڕەشبین و بێ ئومێد لەژیان، بۆ یەك وەرەقە پەنا بباتە بەر كوشتن و تەنانەت خۆ تەقاندنەوە كە بەو كارەیان جگە لەوەى دڵی ئاغاكانیان خۆش دەكەن، ئێستایش ئەوەی لە بەغدا و شارەكانى باشوور ڕوو دەدەن، قەت نەمانبینى بەرپرسێ ویژدانى بجوڵێ بەوەى ئایا مرۆڤ ئەوەندە بێ رێزە تا بەو جۆرە خۆی بتەقێنێتەوە؟ هەستیان نەبزوا بیر لەوە بكەنەوە كوژرانى منداڵ و هاوڵاتیەكسڤیل و ژنێكى داماو چییە كە لەو كاتەدا بەو شوێنە گوزەر دەكات و لەناو دەچێ و ئەو بەرسرە لە دابین كردنى ژیان و ئاسایشیان بۆ جارێ بێتە سەر خەت و بێ پەروا ڕایبگەیەنێ كە لەكارەكەى سەركەوتوو نەبوو بڕیاریدا دەست لەكار بكێشێتەوە.
مافی مرۆڤ لەم چاخەدا بووەتە گاڵتەجاڕی دەستى دەستڕۆیشتوان، ئەگەر مافی مرۆڤ ئەوەندە گرنگ بوایە ئەوەى ئێستایش ڕۆژانە لەسوریا ڕوو دەدات، چ ویژان زیندوویەك ئەو ڕەفتارانەى پێ قەبوڵە كە بەشارێك ئاوا دڕندانە بەردەبێتە وێزەى هاوڵاتیانى و كەچی هێشتا ئەمریكا و وڵاتە زلهێزەكان لەئاستیدا بێدەنگن و چانسی مانەوەى زیاتری بۆ فەراهەم دەكەن.
كاكە فەرهاد ئەگەر بەهەڕەشەى خۆ سووتاندنبێ، ئەوا نەك تەنها نەفەرێ، بەدەیان و سەدان كەس لەباكوری كوردستان ئامادەن لەپێناو ئاپۆ خۆیان بسووتێنن ئەگەر بزانن ئاپۆ لە دورگەى ئیمرالی بەردەدرێ..ئەو هەڕەشانە لەفەرهەنگى سەردەم خەیاڵ پڵاون و بڵقی سەر ئاون، تەنانەت بۆ گەرمكردنى بازاڕی هەواڵ و سەرقاڵكردنى دام و دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەئاسمان من و تۆ دەقۆزنەوە و هەیانە لەخوایەكى دەوێ دەقەیێ زووتر من و تۆ خۆمان بسووتێنین، بەڵام تۆ نە خۆت بسووتێنە و نە منیش كاری ئاوا گەوجانە دەكەم.. ئەگەر دوێنێ خۆ سووتانەكەت بۆ یەك ڕۆژی دیكە درێژ كردەوە، كڵاویان بخەرە سەر و هەوڵدە لەدوای خۆسوتاندنت بۆ ئەو ڕۆژە بۆ مانگێكى دی درێژ بكەیتەوە، ئەو درێژكردنەوە یاساییە و كەس بەكەس نییە و باژۆ دەشتە، كەس ناتوانێ زۆرت بۆ بێنێ كە بۆچی ئەو ماوەیەت درێژ كردەوە، ئیدى هەر هیچ نەبێ ناو بەناو دام و دەزگاكان وەك كابراكەی سەر كانى مەشغول بكەى خراپ نییە و شتێكى خۆشە، كە ڕەنگە منیش وەك تۆم بۆ ڕێك بكەوێ لەبەیانی زووەوە دەچمە پێش ئەو سەفارەتانە و هەڕەشەى خۆ سووتاندن دەكەم هەر نا ئەگەر بەدرۆیشم بێت وا دەكەم دام و دەزگاكان بەو هۆیەوە سەرقاڵ بكەم .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست