خراپى ئەداى بەڕێوەبەریتى گشتى تەندروستى ڕاپەڕین , وەك نموونە بۆ ئیفلاسى یەكێتى لە هەڵبژاردنەكان ....
Wednesday, 02/10/2013, 12:00
1497 بینراوە
ئەنجامەكانى هەڵبژاردنى خولى چوارەمى پەرلەمانى كوردستان كە تیایدا یەكێتى نیشتمانى كوردستان شكستێكى گەورەى خوارد , شتێكى چاوەڕوانكراوو بوو چونكە سەركردایەتى یەكێتى ماوەیەكى زۆرە بڕیارو بیرۆكەى تاكڕەوانە پەیڕەو دەكەن , بە شێوەیەك حیساب بۆ بیرو بۆچوون و پێشنیارەكانى بنكردایەتى و قاعیدەى حزبەكەیان ناكەن , هەر ئەو هۆكارە و چەند هۆكارێكى تریش بوون كە قاعیدەى یەكێتى لەو هەڵبژاردنەدا مللى سەركردایەتیەكەى خۆیان شكاندوو ئەوەیان بە بیر هێنایەوە كە ئەگەر جەماوەر نەبێت , ئەوان هیچ نین هیچ لەبارا نەبوون ...
دێمە سەر باسى بابەتەكەى خۆم كە دەمەوێ ئاماژەى پێ بكەم , كارمەندان و پزیشكانى سنورى بەڕێوەبەرێتى گشتى تەندروستى ڕاپەڕین لە ئیدارەى ڕاپەڕین ماوەى سێ ساڵ زیاترە دادو بێدادمانە لە دەست بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سنورەكەمان (د . محمد ڕەسوڵ حمە سور) , دەیان جار وەزیرى تەندروستى , خودى كارگێرى مەكتەب سیاسى یەكێتى و چەندین ئەندامى مەكتەب سیاسى و سەدان جاریش مەڵبەندى 24 ى ڕاپەڕین بە سیفەتى ئەوەى دەڵێن مودیر عام پۆستێكى حزبیە , لەوە ئاگادار كردۆتەوە , كە ئەو بەڕێوە بەرە گشتى یە هیچ سیفاتێكى بەڕێوەبەرى تێدا نیە و دۆست و دوژمنى یەكێتى دەزانن كە كەسێكى سەركەوتوو نیە لە ئیش و كارى ئیدارى و كارگێرى و كەسێكى دەروون نەخۆش و نەزان هەڵسوكەوتە لەگەڵ فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرێتیەكەى و ناتوانێ پلانى سەركەوتوو بۆ پێشخستنى ڕەوشى تەندروستى و پاراستنى هاووڵاتیان دابنێ , بۆیە پێویستە لاببرێ و كەسێكى شیاو بخرێتە جێگەى كە بتوانێ خزمەتى هەموو لایەك بكات بە شێوەیەك بۆ خزمەتى هەمووان بێت ...
دەیان جار بەڵێنیان پێداین لێكۆڵینەوەى لەگەڵ دەكەین و وا دەكەین و وا دەچین , بەڵام بەرپرسانى یەكێتى لەبەر بەرژەوەندیە ماددى و كەسیەكانى خۆیان پێیان وابوو ئەو كێشانە جێى بایەخ نین و فەرامۆشیان كردین , تا سەرەنجام لە هەڵبژاردنەكان ملمان شكاندن و تۆڵەمان لێكردنەوە ...
بە نمونە لەگەڵ دەست بەكار بوونى (د . محمد ڕەسوڵ حمە سور) وەك بەڕێوەبەرى گشتى) یەكێتى دوو شانەى ڕێكخستنى بەهێزى هەبووە لەناو سلكى تەندروستیدا , بەڵام لەگەڵ دەست بەكار بوونى ئەو بەڕێزەدا , تەنانەت ئەندامانى ڕێكخستنى یەكێتى لەبەر ئەوەى هیچ ئومێدێكیان بەو بەڕێوەبەرە گشتیە نەبوو , بەرە بەرە لە ڕێكخستن هەڵوەرین و هەردوو شانەكەیان پەلوپۆ كرد ..
وەزیرى تەندروستى د . ڕێكەوت حمە ڕەشید كە باش ئاگادارى ئەو كێشانەى ئێمەیە دەیان جار لە خراپى و بێ توانایى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕاپەرین ئاگادار كراوەتەوە , بەڵام جەنابیشیان لە بەر بەرژەوەندیە تایبەتیەكانى خۆى لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتى هیچ هەڵوێستێكى وەرنەگرت , وەزیر چەندین جار سەردانى ڕانیە و قەڵادزەى كردووە بەڵام بۆ لێكۆڵینەوە لە كێشە و كەم و كورتیە تەندروستیەكانى هاووڵاتیان نا , بەڵكو بۆ ئەوەى بزانێ كێ ئیجازەیە ؟ كێ جلى فەرمى لە بەردایە و خشتەى دەوامى كارمەندان چۆنە و چۆن نیە ؟ ئاخر توخوا وەزیرێك بەو هەموو دەسەڵاتانەى هەیەتى عەیب نیە ئەو جۆرە بەدواداچوونانە بكات ؟ برا ئەوە ئەركى بەڕێوەبەرو كارگێرى نەخۆشخانەكانە نەك خودى وەزیر ...
لە كۆتاییدا دەمەوێ ئەوە بە بیر سەركردایەتى یەكێتى و هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەى پێیان وایە خزمەت بە هاووڵاتیان دەكەن بهێنمەوە , كە خەڵك هۆشیارە و خەڵكى شیاوى دەوێ بۆ شوێنى شیاو تا خزمەتیان بكات , نەك كەسانێك خزمەت بە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانى ئەوان بكات , دەنا بە پێچەوانەوە لە سەر سندوقەكانى دەنگدان خۆمان بڕیار دەدەین كێ ڕابەرایەتى و كێ خزمەتمان بكات ....
كارمەندێكى تەندروستى 2_10_2013