کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جین شارپ، باوکی روحی شۆڕشە یاسەمینیەکان

Friday, 11/03/2011, 12:00


ئێمە زۆربەمان تا ئێستا هەر پاڵەوانە مەیدانیەکانی شۆڕشی یاسەمینی دەبینین و دەناسین، بەڵام کەمتر دەزانین و کەمتر لە مینەی ئەوەداین کێ باوکی روحی ئەم شۆڕشە یاسەمینیانەیە. چەندان دەوڵەتی دکتاتۆر و حکومەتی سەرکوتکەر لەوانە ئێران و میانمار و ڤەنزوێللا کتێبەکەیان بە پیلانی ئەمریکا و ئیمپریالیزمی جیهانی بۆ تێکدانی ولاتان لە قەڵەمدا، بگرە هۆگۆ شاڤێزی ڤەنزوێللا بە شەخسی گوتی ئەوە پیاوی (سی ئای ئەی)یە و پلانەکەی رووخاندنی حکومەتەکانە. ئەو حکومەتانەی، بە قەولی شاڤێز، ناحەزی ئەمریکان. لە یەکێک لە گفتوگۆکانیدا کە هەفتەی رابردوودا لەگەڵیدا ئەنجامیاندا پێیان گوت کە چەند وڵاتێک و سەرۆکەکانیان تۆیان بە پیلانگێڕی سی ئای ئەی داناوە بۆ تێکدانی وڵاتەکانیان. پێخەنینێکی ٨٣ ساڵەییانەی لە دەم هاتە دەرەوە و هیچی دیکەی نەگووت. ئەوەی پێویستە بوترێت، هەندێک لە ئیسلامی سیاسی ئەو شۆڕشە یاسەمینیانە بە فیتنە لەقەڵەم دەدەن، بگرە "شێخ عەلی الحلبی" مامۆستای ئاینی گەورەی ئیسلامی سیاسی کە لە ئوردن دادەنیشێ بە (یاخی بوونی کوڕەکان لە فەرمانی باوکیان) ناودەبات.
وێنەی جین شارپ
کتێبەکەی کە ناوی (لە دکتاتۆریەوە بۆ دیموکراسی) یە یان تایتڵەکەی تری بڵێین (شۆڕشی دوور لە تووندوتیژی)، لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە تا ئێستا چوار جار جاپ و بڵاوبۆتەوە..
یەکەمین وڵات کە بۆن و بەرامەی ئەم کتێبەی پێگەیشت جۆرجیا بوو کاتێک ساڵی ٢٠٠٣ جوڵانەوەی قوتابیانی ئەو وڵاتە مانیان گرت لەوەی کە سەرۆکی وڵات کە ئەو دەم (ئیدوارد سێڤەر نادزە) بوو دەبێ واز لە سەرۆکایەتی بهێنێ. خوێندکاران لە بەردەم پەرلەمندا مانیان گرت و نەڕۆێشتن تاکو شکستیان بە مۆسکۆ هێنا لەوەی چیتر پاڵپشتی شێڤەرنادزە نەکات بۆ سەرۆکی وڵات کە بە یەکێک لە گەندەڵترین سەرۆکەکانی دوای رووخانی بلۆکی یەکێتی سۆڤیەت لە ناوچەکەدا دادەنرێت.
دوای چوار ساڵان لەم رووداوە شۆڕشی پرتەقاڵی ساڵی ٢٠٠٧ لە ئۆکرانیا روویدا کە لەهەر کات زیاتر میتۆدی ئەو شۆڕشە ناتووندتیژییەی سەلماند. دیسانەوە لەوێ مۆسکۆی پیرە پەککەوتەی دۆڕاندی لە بەرامبەر مانگرتن و خۆپیساندانی جەماوەری ناڕازی بەرامبەر بە دەستتێوەردانی راسەتوخۆی روسیا لە سیستەمی هەڵبژاردن لە وڵاتەکەیاندا.
شۆڕشی یاسەمینی لە تونس بە بێ ئەوەی نووسەری ئەو کتێبە لەوێ بێت، لەم دەیەیەدا یەکەمین جوڵانەوەی بەرجەتەکراوی ئایدیاکانی نێو کتێبەکە بوو. لە میسر، زۆرێک لەرێبەرە گەنجەکانی ئەو خۆپیشاندانە ئەو کتێبەیان خوێندبۆیەوە و بگرە دواتر دەستا و دەستی دەکرد لە نێو خەڵکدا بە تایبەت لە دەورانی شۆڕشی یاسەمینی لاوانی میسردا لە مانگی رابردوودا. ئێستاش وا پەڕەکانی ئەو کتێبە نەک هەر بە سەر تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا بڵاودەبێتەوە،بێ گومان کوردستانی خۆشمان یەکێکە لەو ولاتانە، بەڵکو واخەریکە خۆی دەگەێنێتە نێو قوڕگی ئەژدیها گەورەکەی ئاسیا و جیهان ئەویش ولاتی (چاینا)یە یاخود چین بە کوردیەکەی خۆمان. ئێستە لە چاینا چەندان کەس گیراون لەسەر وشەی "یاسەمین"، وە رۆژانەش خەڵک بەهۆیەوە راودەنرێ و دەستبەسەر دەکرێ. ئێستا وشەی یاسەمین بۆتە وشەیەکی حەرامکراوی سیاسی لەوێ و لە وڵاتە دکتاتۆریەکلانی تری ناوچەکە و جیهان. سانسۆری لەسەرە لەهەر جێگەیەک بگوترێ و بنووسرێ. تەنانەت وڵاتێک وەک چینا ئەو وشەیەی بلۆک کردووە لە ئینتەرنێت و میدیای وڵاتەکەیدا. ئاخۆ دەبێ چی لەوە بکات کە کتێبەکەی پێ بێت.
جین شارپی تەمەن ٨٣ سال، کە پرۆفیسۆرێکی خانەنشینکراوی ئەمریکیە، لەو کتێبەدا بیرۆکەی ئێجگار جوان و میتۆدی لە رادەبەدەر گرنگی بۆ ئەو شۆڕش و خۆپیشاندانە خستۆتە روو. یەکێک لەو شتانەی کە بەلایەوە گرنگە و هەموو دکتاتۆرەکان لێی ترساون ئەوەیە کە: هەچ کاتێک خەڵک ترسیان لە دەسەڵاتێکی رەها و سەرکوتکەر شکا و نەترسێن لەوەی بکوژرێن بەوەی بێنە سەرجادە و بەرەو رووی دکتاتۆر بوەستنەوە ئەوە مانای ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە دکتاتۆر و سەرکوتکەرە چیدی ئەو هێزەی نەما کە پێش ئەوە هەیبوو. واتە ئەو دەسەڵاتە بەرەو حەل بوون دەچێت. چیدی شکۆی سەرۆک و دەسەڵاتەکەی وەک جاران نامێنێ. ئەمەش پەیامی راستەقینەیی ئەو شۆڕشە دەردەخا کە راپێجانی تەواوی دەسەلاتی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. جین شارپ، بۆ ئەوەی خەڵک بەردەوام بێت لەو خۆپیشاندانە پێشنیار دەکات کە بە هیچ جۆرێک رۆنەچنە نێو شەڕی چەک و هێزی دەستەویەخەی کوشت و بڕەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا چونکە ئەو دەیەوێت دۆخەکە بەو ئاقارەدا ببات کە شەڕ و هەرای تێبکەوێ، بۆیە لەسەر خۆپیشاندەران پێویستە بە هیچ کلۆجێک خۆ لە قەرەی هیچ وروژانێک نەدەن گەر دەسەڵات بیەوێت لێوەی تووندووتیژی دروست ببێت. هەروەها چەند رێگەیەکی داناوە تاکو پەرژینی خۆپیشاندەران نەبچڕێت، لەوانە: دیاریکردنی یەکێک لە شوێنە بەناوبانگەکانی شار بۆ کۆبوونەوە... چادر هەڵدان تا رادەی ئەوەی شێوەی گوندێک لە چادرهەڵدان دروست دەبێت و چۆڵی نەکەن تاکو داواکاریەکانیان بە ئەنجام دەگات.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین لەسەر "جین شارپ" ئەوەیە کە پێینەگووتووین دوای ئەوەی دکتاتۆر و سەرکوتکەرەکان دەڕۆن چ دەبێ. لەوەدەچێ ئەو ئەمەی بەکاری خۆی دانەنابێ و هەر ئەوەندەی لە دەستهاتووە کە پلانی چۆنێتی رووخاندنی دەسەلاتە گەندەڵ و خوێنرێژەکان دابڕێژێت کە ئەمە بۆخۆی یەکێک لەگەورەترین خزمەتەکانە کە بۆ مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکانی. "جین شارپ" کۆمەڵێ پرەنسیپی بۆ ئێمە بەجێهێشت بەڵام هەندێ وردەکاری تر ئەوە لەسەر خۆمانە بەدوایاندا بگەڕێین. بۆ ئێمەی کورد، یەکێک لەو شتانەی کە دەبێ سەودای بکەین و شەن و کەوی بکەین ئەو تایبەتمەندێتیەیە کە کورد و کۆمەڵگەکەی وڵاتەکەی هەیەتی . لە وتاری داهاتوودا هەوڵدەدەم باس لەو تایبەتمەندێتیانە بکەم کە بەرەو رووی شۆڕشی یاسەمینی دەبێتەوە لە کوردستاندا.

ئیدریس مستەفا
سەرەتای مارچی ٢٠١١



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە