کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


کۆمەڵێک کادری پارتی لە بادینان جیادەبنەوە

Sunday, 09/12/2012, 12:00







یەکێک لەم کادرانەی پارتی کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە بە ئێمەی ڕاگەیاند و ووتی: ئێمە ژمارەیەکی گەورەی کادرانی پارتین کە زۆربەمان کارگێڕ لق، بەرپرسی ناوچە و هەندێکیش کادری عەسکەرین. هەموومان کادری و شاخ و پێشمەرگە بووینە و تیاماندا هەیە کە لە سەر پارتی زیندانی سیاسی بووە و چەندین جار لە پێشمەرگایەتی دا برینداربووە و دەربەدەری و ماڵوێرانی زۆری لە سەر پارتی چەشتووە. بە کورتی گرۆپەکەمان، کەوا بە دەیان کادری دلسۆز و لێهاتوو و خاوەن ئەزموون و ڕۆشنبیرن، هەموویان ئەوانەن کەوا لە لایەن پارتیەوە غەدر و بێدادیان لێکراوە و پشتگۆێ خراوون. هەرچەندە تا ئێستا لە بەر زۆر هۆ بێدەنگ ماوین و نەمانویستووە شتێک بکەین بەهیوای ئەوەی کەوا هەردەبێت رۆژێک پارتی ئاوڕێکێمان لێبداتەوە کەوا لە رۆژانی سەخت خوێن و ئارەقمان بۆ پارتی ڕشتووە، بەڵام وا دیارە رۆژ بە رۆژ پارتی بێدادیەکە زیاتر ئەکات لە سەرمان، لە بەر ئەوە ئێمەش بڕیارمان دا کەوا چیتر بێدەنگ نەبین بەرامبەر ئەو پارتیەی کەوا هیچ سۆز و وەفایەکی بۆ هەڤاڵە دلسۆز و دێرینەکانی نیە و چیتریش پابەند نەبین بە ڕێبازی ئەم پارتەوە و ئیتر بۆ خۆمان ڕێگایەک بدۆزینەوە.
کادرەکەی پارتی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: هەر هەموومان لە بنەماڵەوە پارتی بووین و زۆربەشمان لە تەمەنی مناڵی و هەرزەکاریەوە ئەندامی ئەم پارتە بووینە و لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس لە سەر پارتی زیندانی بووینە و ئەشکەنجەی زۆرمان چەشتووە و دواتریش پێشمەرگە بووینە و زۆربەمان رۆڵێکی بەرچاومان لە ناو شۆڕش هەبووە و دواتریش هەر هەموومان لە کاتی ئەنفالدا دەربەردەر بووینە و هەر لە دەربەدەریشدا وەکو سەربازێکی دلسۆزی پارتی کارمان کردووە و هەیە لەناو ماندان کەوا لە کاتی دەربەدەر بوونیشدا لە دەرەوە خوێندوویەتی و تەجروبەیەکی باشی لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ کوردستان، کەچی هەموو دەرگاکان لەسەر داخراون و هەموو کار و پلە و بەشداربوون لە کاری سیاسی، عەسکەری و ئیداری لێی حەرامکراون.
کادرە جیابووەکەیەی پارتی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ئەوەی زۆرتر ئازارمان ئەدات و ئێمەی پەراوێز خستووە دوو خاڵی زۆر زەقە کەوا ئێستا لە بادینان بووە دوو ستوونە بنەڕەتیەکەی سیاسەتی پارتی، کە ئەویش ئەمانەن:
١-ململانێی پارە و دەسەڵاتی بەینی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و مەسرور بارزانی بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان، کەوا پارتیان کردووە بە دوو گرۆپی دژی یەکتر، کە وەکو دوژمن تەماشەی یەکتریان دەکەن. ئێمەش چونکە خۆمان تەنها بە پارتی ڕەسەن دەزانی و سەر بە هیچ یەکێک لەم گرۆپانە نە بووین بۆیە لە لایەن هەردوو گرۆپەوە سیاسەتی دژایەتیکردن، پەڕاوێزخستن و برسیکردنیان بەرامبەر ئێمە بەکارهێنا و هەموو دەرگاکانیان لە سەر ئێمە داخست.
گرۆپەکەی نێجیرڤان بارزانی کەوا لە بادینان تەمەر رەمەزان کۆچەری پارێزگاری دهۆک سەرپەرشتی ئەکات و هەرچی ئەنفالچی، سەرۆکجاش، مەفرەزە خاسە و کەسانی بێڕەوشت و ژنی سۆزانی هەیە لە خۆی کۆکردووتەوە و کەسیان نیە ئەم سەرۆک مافیایە شوقەیەکی حکومەتی لە (زەریلاند) پێی نە بەخشیبێت بۆ کاری سەکسی، هەتا زۆر کەس هەیە لە ئەورۆپا و ئەمریکا ئەژیت و تەمەر رەمەزان شوقەی حکومەتی پێداوە بۆ ئەوەی لە کاتی سەردانەکەی بۆ کوردستان شوقەکە بۆ کاری سەکسی بەکاربێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە کەوا زۆرێک لەم کادرە دلسۆزانەی پارتی کە باسمان کردن هێشتا خانوویان نیە و لە خانوو و شوقەی کرێ دا دەژین و ئەمانە نەک ناتوانن بگەنە تەمەر رەمەزان بەڵکو ئەگەر پێشی بکرێت لە هەموو بادینان دەریان دەکات.
هەڵبەت ئەو گرۆپەی کەوا لە دەوروبەری تەمەر رەمەزان دان ساڵانە پارەیان بۆ دێت لە نێچیرڤان بارزانی بۆ کڕینی ئوتومبیلی تازە و هەمووشیان چەند جار پارەیان پێدراوە بۆ ئاواکردنی خانووی ناو شار و خانووی ناو مەزرەعە و ئەوانەشیان کەوا شوقەی زەریلاندیان پێنەدراوە پارەیان بۆ سەرفکراوە بۆ کڕینی شوقە بۆ کاری سەکسی.
هەڵبەت ئەگەر لە سەر کاری بێڕەوشتی، گەندەڵی، دزی و کاری مافیای ئەم گرۆپەی مافیای پارتی لە بادینان بنووسرێت پیاو بە چەند لاپەڕەیەک دەرەقەت نایەت و دەبێت پەرتووکیان لە سەر بنووسرێت.
ئێمە واماندەزانی کەوا کۆنگرەی ١٣ پارتی ئەم کێشانە چارەئەکات، کەچی زۆر قۆڵتری کردن و ململانێیەکە چووە ئاستی دوژمنکاریەوە، کەوا زیاتر کاریگەری خراپیشی لە ئێمە کرد. هەروەها پاش هەڵبژاردنی کارگێڕی لق و لژنە ناوچەکان، ئێمە ئەوانەی کەوا سەر بە هیچ یەکێک لەم گرۆپانە نەبووین و هیچ عەشیرەتێکیشمان لە پشت نەبوو بە یەکجاری لەناو هاوکێشەکە فڕێدراینە دەرەوە و کەوتینە کٶڵانان و بووین بە جێگای گاڵتەی خەڵک.
٢-دەسەڵاتی سەرۆک جاش و بەعسی لە بادینان: هەر یەکسەر پاش ڕاپەڕین پارتی سیاسەتێکی زۆر قێزەونی گرتەبەر لە بادینان و هەر یەکسەر و لە یەکەمین خۆڵی پەرلەمانی کوردستانی چەند سەرۆکجاش و مەفرەزە خاسەی وەکو قەیس دێوالی دۆسکی، کامیران سەعید بەگ باعەدری و دوایش سەرۆکجاش لەزگین هەمزانی کە یەکێک بوو لە کەسە هەرە نزیکەکانی عەلی کیمیاوی کرا بە موستەشاری مەسعود بارزانی لە بادینان و سەرۆکجاشی کوردکوژ عادل بەگ بەرواری کرا بە بەرپرسی سوپا لە شەقلاوە و دواتر کرا بە پەرلەمانتەری پارتی لە بەغدا و سوپاکەش بەخشرا بە کۆڕەکەی، نە وەک بکەوێتە دەستی کۆنە کادرێکی پێشمەرگەوە، دوایش عادل بەگ کرا بە موستەشاری نوری مالکی لە سەر ئیستحقاقی پارتی لە بەغدا، ئەمە هەمووی لە کاتێکدا کە ئەم کابرایە تەنها شهادەی سێی ناوەندیشی نیە، لە کاتێکدا کەوا ئەم گرۆپەی ئێمە کادری وای تیایە لە تەمەنی ١٢ ساڵیەوە پارتیە و زیندانی سیاسی بووە لە سەر پارتی و چەندین جار لە پێشمەرگایەتیدا برینداربووە و خوێندنی لە دەرەوە تەواو کردووە و تا ئێستاش لە کۆڵانەکانی کوردستان بێ ئیش ئەسووڕێتەوە، گوناهەکەشی تەنها ئەوەیە کەوا پارتیێکی پاک و دلسۆزە و سەر بە هیچ گرۆپێکی مافیایی نیە و کۆڕەجاش و مەفرەزە خاسەش نیە.
کادرە جیابووەکەی پارتی بەردەوام ئەبێت و ئەڵێت: من سەرژمێریێکم کردووە کەوا ئێستا ٦٧% قائیماقام، بەرێوێبەری ناحیە، بەرێوەبەری دەزگاکانی حکومەت، پەرلەمانتەر، بەرپرسە عەسکەریەکان و بەرپرسی سەندیکا و دەزگاکانی پارتی لە بادینان، یان جاش بوونە یانیش کۆڕەجاش و رەفیق بەعسی بوونە، لە کاتێکا کە ئەم هەموو کادرە دلسۆز و بە توانا و کوردپەروەرانەی پارتی هەموو دەرگایەکیان لێ داخراوە و لە هەموو کار و پلە و ئیمتیازێک دوورخراونەتەوە.
کادرەکە بەردەوام ئەبێت و ئەڵێت: ئەمە هەندێک نموونەی زۆر بچووکن لەو هەموو بێدادی و غەدرەی کە لە ئێمەی کادرانی دلسۆزی پارتی کراوە لە بادینان و لە بەر ئەوەش پاش چەند مشتومڕێک لەنێوانماندا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کەوا ئیتر نابێ بێدەنگ بین و دەبێت شتێک بکەین، کە لەهەمان کاتدا ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتە کەوا لە ناو پارتیدا هیچمان پێناکرێت چونکە مافیاکەی پارتی لە بادینان کە ڕێگای لە ئێمە گرتووە و هەموو دەرگاکانی لێ داخستووین، ئەوەندە دەسەڵات و پارەی لە دەستدا هەیە کە دەتوانێت هەر شتێکمان لە دژ بکات و بە دوور نازانین کە لە ناویشمان ببات. لە بەر ئەوە ئێمە بڕیاری کۆتایی خۆمان داوە کەوا لە پارتی جیاببینەوە. بەڵام تا ئێستا لە سەر شێوەی جیابوونەوەکەمان یەکلا نەبووین، چونکە ئێمە سێ ئالتەرناتیڤمان لە بەردەستایە، کە وا بەم شێوەی خوارەوەیە:
یەکەم: پەیوەندی بە یەکێتی نیشتمانیەوە بکەین و پاش گفتوگۆ ئەگەر لە سەر مەرجەکان پێکبێین بچینە ناو یەکێتی. بەڵام ئەم ئالتەناتیڤە تۆزێ لاوازە چونکە بە پێی بۆچوونی زۆربەی برادەرانمان حاڵی یەکێتی زۆرباشتر نیە لە پارتی، چونکە ئەویش بە دەست نەخۆشی کوتلەبازیەوە ئەناڵێنێت. بەڵام بۆچوونێک هەیە لە ناو هەندێک لە هەڤاڵانمان دا کە ئەڵێت: ئەگەر یەکێتی مەرجەکانمان قبوڵ بکات ئێمە ئیشمان بە کوتلەبازیەکانی ئەوانەوە نیە.
دووەم: بۆچوونێکی تر هەیە کەوا پێی وایە باشترین ڕێگا ئەوەیە بچینە ناو بزووتنەوەی گۆڕان، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان لە بادینان تازەیە و پێگەیێکی ئەوەندە بە هێزیان نیە، لە بەر ئەوە هەم ئێمە دەتوانین گٶڕان لە بادینان ببەینە قۆناغێکی زۆر بەرزترەوە و بەرامبەر ئەوەش چونکە گۆڕان زۆر پێویستیان بە ئێمە و تەجروبەکەی ئێمەیان دەبێت بۆیە ئەو کاتە زیاتر گرنگیمان پێدەدەن و چونکە ئێمەش هەریەکە و کۆمەڵە خەڵکێکمان لەگەڵ دایە و دەتوانین بەهەزاران خەڵکی خۆمان کە لە گەندەڵی و بێدادی مافیاکەی پارتی لە بادینان بێزارە بێنینە ناو بزووتنەوەی گۆڕان. ئەو کاتە ئەگەر گۆڕان لە بادینان نەبێتە هێزی سیاسی دووەم بە تەئکید ئەبێتە هێزی سێیەم.
سێیەم : دامەزراندنی گرۆپێکی سیاسی سەربەخۆ. ئەم ئالتەرناتیڤە لە هەموویان بە هێزترە لەناوماندا بەڵام تەنها کێشەمان ئەوەیە کەوا چۆن سەرچاوەی دارای بۆ کاری سیاسی خۆمان دەستەبەر بکەین. بۆیە ئەگەر بتوانین سەرچاوەیەکی دارای بێ بەرامبەر پەیدا بکەین ئەم ئالتەرناتیڤە لە هەموویان بەهێزترە.
دیسان کادرەکە بەردەوامی ئەداتێ و ئەڵێت: کار و گفتوگۆیەکانمان بەردەوامن و هەر کاتێک لە سەر یەکێک لە ئالتەرناتیڤەکان یەکلا بووین ئەو کاتە ڕاگەیاندراوێکی فەرمی ئەدەینە هەموو مەدیاکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە