کێ کورد بۆ ناو ریزەکانی داعش دەنێرێت؟
Tuesday, 21/10/2014, 12:00
من شانازی ناکەم کە کوردم؟ ئەگەر دایک و باوکم بە کوردی قسەیان نەکردایە، ئەسڵەن بە کوردیش قسەم نەدەکرد! قورعان بە عەرەبیی نووسراوە، خۆ زمانی کوردی بە قەدەرعەرەبی دەوڵەمەند نییە، لە عەرەبی زیاتر حەزم نییە هیچ زمانێکی تر بزانم و قسەم بکردایە. (ئیسلامییەک لە نێو پاڵتاڵک).
یەزیدییەکان نە کوردن، نە موسوڵمانن، خواپەرست نیین، شەیتان پەرست و پیس و پۆخڵن، خۆیان ناشۆن. ژن و ژنخوازی تەنها لەناو خۆیاندا هەیە. (د. عەبدولواحد).
هەرچی دزیی کرد، دەبێت دەستی بقرتێنرێت. (یاسای دەوڵەتی سعودییە)، بەڵام لە ئەوروپا کە وڵاتی کافرانە، ئەگەر شتێک لە بازاڕ و دوکانێک بەریت، جائیز و حەڵاڵە. (ئیمامێکی عەرەب لە سوید).
مەسیحی، ئەگەر نەبوو بە ئیسلام، دەبێت جەزییە بدات، یان ئەو شوێنە بەجێ بهێڵێت.
کوشتنی کافر و ئەوانەی ئیسلام نیین حەڵاڵە، ژن و کچەکانیشیان موڵکی ئەو ئیسلامانەن کە ئەو کافرانە دەکوژن.
کۆمەڵێک قسە و بانگەشەی ناشارستانی و نازانستیانەی تر، کە لەگەڵ عەقڵی ئەمڕۆ و هەستی مرۆڤایەتییدا نایەتەوە، ئەم کۆمەڵە عەمامە بەسەرانە بانگەشەی بۆ دەکەن و بەناوی ئاینی ئیسلامەوە رەواییەتیان پێداوە.
-----------------------------
ئەو خاڵانەی سەرەوە بەشێکی کەمە لە کوردستانی باشوور، تەنانەت لە رۆژهەڵات لەلایەن دوژمنە داگیرکەرەکانی کورد و وڵاتە ئیسلامییەکانی ناوچەکەوە هێناویانەتە نێو کوردستان و لە مزگەوتەکاندا بە گوێی خەڵکییدا دەدەن، بە پلانی درێژخایەن کاری لەسەر دەکرێت، ئیستا لە هەموو گوندێکی بچوکی ئێران (ناوچە کوردییەکەی) مزگەوتێک کراوەتەوە، لە باشووریش لە هەر گەڕەکێکدا دەیان مزگەوتی لێدروست کراوە، بەشێکی زۆر لە پارەی تێچوونی ئەو مزگەوتانە سعودییە و قەتەر و وڵاتانی تر پارەکەی دەدەن.
ئەو خاڵانەی سەرەوە پەیامی داگیرکەرانە لە رێگای حیزبە ئیسلامیی و تەنانەت کوردییەکانی ترەوە، بە ناوی ئیسلامەوە هەفتانە لە مزگەوتەکاندا مەلاکان داهێنانی تێدا دەکەن و لە زمانی فڵانە خەلیفە و ئیمامەوە شتی بۆ زیاد دەکەن، یان بەناوی خەوی سەیر سەیرەوە خەڵکی پێ لەخشتە دەبەن، بەم شێوەیە زیاتر لە ٢٥ ساڵە دوژمنانی کورد کاریان لەسەر تێکشکانی تاکی کورد و بەگەمژەکردن و تەمەڵکردن و ترسنۆککردنی خەڵکدا کردووە، وایان کردووە، گەنج و پیر، ژن و کچ هەمیشە بترسێت خۆی بەتاوانبار بزانێت، داوا بکات خودا لەو دنیا لە تاوانەکانی خۆش ببێت، ئەو تاوانەی کە نەشیکردووە، کاتێک مرۆڤ هەست دەکات، تاوانبارە، مرۆڤێکی پاسیڤ و دەستەوەستان لێدەردەچێت، دەستوپێی دەشکێت، هیچی بۆ ناکرێت. ئاین وەک فەلسەفە، زادەی لێکدانەوە قوڵەکانی عەقڵە بۆ تێگەیشتنی مرۆڤ لە نهێنییەکانی سروشت و دەوڵەمەندکردنی مێشکی مرۆڤ لە مانای ژیان و دوای ژیانیش کە مردنە، قوڵبوونەوەیە تێیدا، مرۆڤ لە رارایی و گومان و ترس دوور دەخاتەوە، پێش ئاین مرۆڤ وەکو هەموو گیاندارێکی تر ژیاوە و لەسەر لاکی گیاندرێکی تر ژیانی بەسەر بردووە، ئەوەی مرۆڤی لە ئاژەڵێکی دڕندەی جیاکردۆتەوە، ویژدانە ویژدان رێگا لە کوشتن و خوێنڕشتن و کاری خراپ و نادادپەروەری دەگرێت، لێرەوە هەموو شتەکانی تر لە دایک بوون وەکو ئاین و یاسا و رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیی و بەدواچوون و داهێنان و دەولەمەندکردنی زانیاریی. زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ رابەڕی ئاینی ئیسلام دەکەن، کەسانی بێویژدانن و هەستی مرۆڤبوونیان تێدا نییە، لە پێناوی گەیشتن بە دەسەڵات و سامان و لەزەت و رابواردن، بە ناوی ئیسلامەوە هەمان مژدە بەوانە دەدەن تا بە ناوی جیهادەوە خۆیان بە کوشتن بدەن، ئیسلامیان کردووە بە ئاینێکی توندڕەو، ئەم حیزبە ئیسلامانەی ئەمڕۆ، کەسانی خاوەن ویژدان بەڕێوەی نابەن، مەلا و خەتیب و ئیمامی مزگەوتەکان، بەپێچەوانەی پەیامی ئاینەوە کار بۆ ناشرینیکردنی ئاین دەکەن، ئیسلام واتە ئاشتی، ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی ئیسلامەوە دەکرێت، ئەمانە لە مانای ئاشتی بوون دووریان خستۆتەوە، واتایەکی تریان بە ئیسلامداوە، کە واتە شەڕ و خوێنڕشتن، رەشپۆشیی و ئاڵا و رەنگی رەشی بگەیەنێت. ئەوەی ئەمڕۆ ئیسلامیەکان دەیکەن عەقڵ تێیدا ونە، داعش دوایین بەرهەمی عەقڵی ئیسلامەکانە، کە بەشێکی زۆری ئەو بێ عەقڵیی و تاوانانە لە تەوێڵی ئیسلامە کوردەکاندایە. ئیسلامە کوردەکان ئەو حیزبە کوردیانەن، کە زۆربەی رابەرەکانیان جاسوس و پیاوکوژ و کۆنەبەعسی دروستیان کردوون، ئەو مەلایانەن کە لە مزگەوتەکاندا تەنها قورعانیان خەتم کردووە و لەوە زیاتر هیچی تر نازانن، مەلا و خەتیبەکانی ئەمڕۆ زۆربەیان پیاوی داگیرکەرانن، لە ژێر پەردەی ئیسلامدا خۆیان هەشارداوە، ژار دەڕژێننە نێو مێشکی گەنجانەوە، هانیان دەدەن بۆ کوشتن و جیهاد، دوژمنێکیان دروست کردووە، کوردیان خستۆتە نێو شەڕێکەوە، دوور لە پەیامی نەتەوەیی و وڵاتپارێزیی و خۆشەویستیی، جگە لە ماڵوێرانی و تێداچوون، کورد هیچی لێناچنێتەوە. فارس و تورک و عەرەب و ئەفغانی و هەموو نەتەوەکانی تر، ئاینیان خستۆتە خزمەتی وڵات و نەتەوەکەیانەوە، وڵاتی خۆیان هەیە، تەنها کوردە، لە رێگای پەیامی ئیسلامەوە خاک و نیشتیمانی خۆیان خستۆتە خزمەتی داگیرکەران، رابەر و مەلا و خەتیبە کوردەکان لە رێگای فریودان و درۆکردن، خەوگێڕانەوە بەشێک لەو پەیامەی کە ئەم مەلا و ئیمامانە بەو خەڵکەی دەدەن راسپاردەی سیاسیی دوژمنانە و بڵاوی دەکەنەوە، یەکگرتوو، کۆمەڵەی ئیسلامی، بنەماڵەی بارزانی (پارتی) و یەکێتی نیشتیمانی کار لەسەر گەیاندنی پەیامی داگیرکەرانی کوردستان دەکەن.
ئەم هەواڵ و زانیارییانەی خوارەوە لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرمانگرتووە، بەرهەمی چەند هەفتەی رابردووە، ئەو پێشەکییەی سەرەوەمان بە پێویست زانی وەک دەستپێک قسەی لەسەر بکەین بۆیە ناومان لێناوە راپۆرتە هەواڵ، تا زیاتر هەواڵەکە توند و تۆڵتر بکەینەوە.
سەرچاوەکان:
1. بەرپرسێکی پەیەدە، لە رێگای پەیوەندییەکی تایبەتەوە، کە لەگەڵ ستافێکی کوردستانپۆستدا قسەی کردووە. (2014/10/19)
2. ئاسایشی هەولێر (2014/10/12)
3. ئاسایشی سلێمانی (2014/09/15)
سەرچاوەیەک کە زانیارییەکانی لە نێو دەزگای ئاسایشی هەولێرەوە وەرگیراوە، بە کوردستانپۆستی راگەیاند، زۆربەی ئەو کوردانەی پەیوەندیی بە داعشەوە دەکەن، لە رێگای پارتیی و کۆمەڵەی ئیسلامییەوە یارمەتی دەدرێن و ئاسانکارییان بۆ دەکرێت. ئەوانەی دەچنە ریزەکانی داعشەوە دەبێت لەلایەن کەسێکی باوەڕپێکراوی ناو حیزبە ئیسلامییەکان، یان پارتیی متمانەی پێدابن، ئەوسا داعش وەریان دەگرێت. ئەوانەی کە دەچنە ریزەکانی داعشەوە بەنیازی ئەوە نانێردرێن کە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە، بۆیە هەر کاتێک گومانیان لێکرا، کە نیازی هەڵهاتنیان هەیە ئەوا یەکسەر دەیان کوژن، لە ماوەی مانگی رابردوودا لە موسڵ ١٦ کورد بە دزییەوە بڕیاریان دابوو بگەڕێنەوە بۆ هەرێم، لە رێگەیەکەوە وەڵامیان ناردبوو بۆ ناسیاو و کەسوکاریان، پارتیی بەمە دەزانێت و ئاگاداری ئەمیرێکی داعش دەکرێتەوە، بۆیە ئەو کوردانە دەهێنن و یەکسەر دەیانکوژن، ئەم هەواڵە لە راگەیاندنەکاندا بەو شێویە بڵاوکرایەوە کە گوایە داعش کۆمەڵێک چەکداری خۆی کە کورد بوون کوشتوونی بە بیانووی ئەوەی خیانەتیان کردووە و ئامادەنەبوون بەشداری شەڕ بکەن.
سەرچاوەکە درێژەی بە درکاندنی ئەو زانیارییانە دا و وتی: جگە لەمانە تا ئیستا کۆمەڵیک لەو کوردانەی کە لەناو داعشدا بوون و بە دزییەوە گەڕاونەتەوە، لەلایەن پاراستنەوە گیراون، بێ سەرو شوێنیان کردوون، بەرەڵایان ناکەن و ناهێڵن بچنەوە ناو کەسوکاری خۆیان، ئەمیش لە ترسی ئەوەی نەکا ناوی ئەو بەرپرسە پارتییانە، یان ئەو کەسانەی ناو حیزبە ئیسلامییەکان بدرکێنێت، بۆیە دووریان دەخەنەوە و کەس نازانێت چارەنووسیان بە چی دەگات!
ئاسایشی هەولێر بەشێک لەم هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە و ئەوەیان ئاشکراکردووە کە کۆمەڵێک لە چەکدارانی داعش، کە لە ریزەکانی داعشدا بوون و گەڕاونەتەوە، ئیستا لە ئاسایشی گشتی هەولێرن.
سەرچاوەکە وتی ئەوانە لە زیندانی تاکە کەسییدان، لە ترسی ئەوەی نهێنی نەدرکێنن، ناهێڵن تێکەڵ بە زیندانییەکانی تر ببن.
سەرچاوەکە وتی پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گەڕانەوەی ئەو کەسانە، کەسوکاری هەندێکیان چوونەتە لای عەلی باپیر، بەڵام ئەو دەستی بەڕوویاندا هێناوە، سەرەنجامی نەبووە و وەڵامی نەداونەتەوە.
سەرچاوەکە وتی: جگە لە مامۆستا عەلی باپیر کە خۆی چەندین کەسی رەوانەی ناو ریزەکانی داعش کردووە، مامۆستایەکی تر بەناوی (سەلیم شوشکەیی) ئەندام پەرلەمانە لە سەر لیستی کۆمەڵە، ئەویش پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ داعشدا هەیە و چەندین کەسی رەوانەی ریزەکانی داعش کردووە، کەسوکاری هەندێک لەوانە چوونەتە ماڵەوە بۆ لای و داوای چارەنووسیی کوڕەکانیان کردووە، ئەویش بە هەڕەشە وەڵامی داونەتەوە و وتویەتی دەبێت بێدەنگی لێبکەن، دەنا خراپتان بەسەر دێت.
دیسان لە پەیوەندییەکی دیکەدا کوردستانپۆست توانی هەندێک زانیاری لە ئاسایشی سلێمانی وەربگرێت، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار ئەو نەیتوانی وەڵامی تەواو بداتەوە، تەنها ئەوە نەبێت وتی: هەرکەسێک لەوانە بگەڕێتەوە بەپێی یاسای دژ تیرۆر ژمارە (٣) ساڵی ٢٠٠٦ سزا دەدرێت، ئەو یاسایەش هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە دەچنە ریزی داعشەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتی، من زانیارییەکی دیکەم لەلایە کە بە گشتگیری قسەی لەسەر دەکەم، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە دەزانین کۆمەڵەی ئیسلامی دەیان کوردی ناردۆتە ناو داعشەوە، بۆ نمونە لە قەلادزێ کەسێک بە خۆی و ژن و منداڵەکانیەوە لە رێگای دهۆکەوە چووە موسڵ و پەیوەندی بە داعشەوە کرد، وەک دوایی زانیمان، ئەو کەسە لە بوردومانی ئەمەریکێکاندا کوژرا، ئیستا ژنەکەی بە زۆر لەلایەن ئەمیرێکی داعشەوە بە سیغە لە خۆی مارە کردووە و لەگەڵیدایە، ناتوانێت بگەڕێتەوە.
ئیستا کۆمەڵێک زانیاریی تر لەبەر دەستی ئاسایشی سلێمانییدایە، بەڵام ناتوانن هیچ کارێکی لەسەر بکەن، ئەویش ئەوەیە، کە هەندێک لە خێزانە عەرەبەکان کە مێردەکانیان ئەمیری داعشە یان داعشن هاتوونەتە سلێمانی و دەوروبەری لەلایەن کۆمەڵەی ئیسلامییەوە یارمەتی دەدرێن و شەوانە پەیوەندییان پیوە دەکرێت و پارەیان پێدەدەن و هەوڵ دەدەن ماڵ و حاڵیان خۆشگوزەران بکەن، د. عەبدولواحد یەکێکە لەو دکتۆرانەی کە شەو بە دزییەوە سەردانیان دەکات و نەخۆشیان بە خۆڕایی بۆ چارەسەر دەکات، سەرچاوەکە وتی وەکو بیستومانە تا ئیستا چەندین برینداری داعشی چارەسەر کردووە، بەڵام بۆ ئەمە جارێ بەڵگەمان لە بەردەستدا نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست