بیرەوەرییەكانی "جەمیل مەردۆخیی" سەبارەت بە قۆناغێكی گرنگی شۆڕشی كوردستان (4)
Sunday, 02/12/2012, 12:00
حیزبی دیموكراتی كوردستان و سەرەتاكانی شۆڕشی ئەیلول
كە جوڵانەوە حیزبی و عەشائیرییەكان لەكوردستانی عێراق لە ئەیلولی 1961 دەستیپێكرد، ئەركەكانی حیزبی دیموكرات لەرووی نەتەوەییەوە زیادیكرد. بەر لەشۆڕش، حیزب بە تەنزیمی ئاوارەكان و راگرتنی قەوارەی حیزب لەچوارچێوەی سەربەخۆیی و تەنزیمی ناوخۆی كوردستانی ئێران تێدەكۆشا، بەڵام هەر لەیەكەم رۆژی جوڵانەوەی ئەیلولەوە، برادەرانی سەركردایەتییمان لەناوچەكانی كوردستان بەشدارییان لە شۆڕشی ئەیلولدا كردو بەهەموو توانایانەوە كەوتنە هاتوچۆ بۆلای عەشائیرو پیاوە ناسراوەكانی شۆڕش. لەناوچەی رانیە، ئەحمەد تۆفیق بەدەم هەباس ئاغاوە چوو، لە پشدەر مەلاباقی خۆی گەیاندە شێخ حسێنی بۆسكێن، لە پێنجوێن و شلێر، من و سلێمانی موعینی هاوكاری شێخ محەمەدی شێخ عەبدولكەریم و شێخ عەبدولقادرو عەشایری وێنەو داروخانمان دەكرد، هاشمی حەق تەڵەب و چەند كەسێكی تریش لە شارباژێر هاوكاری عەشایری ئەو ناوەیان دەكرد، بەمجۆرە نیوەی ئیشی حیزبی خۆمان بەخشی بەو جموجۆڵە هەتا تەقینی یەكەم گوللە لە 11ی ئەیلولدا.
ئێمە حەقی نەتەوەیی خۆمان بوو دەبوو هەر وابێت، بەڵام ئەم بەشدارییەمان لە شۆڕشی ئەیلولدا زۆر گران لەسەركەوت، بەتایبەت، كاتێك سەرانی پارتی لەئاخروئۆخری ساڵی 1961 و بەهاری 1962دا بە پەیوەندییگرتن لەگەلأ شاو دەزگای سازمانی ئەمنیەت/ ساواك سەرگەرمبوون و تەنیا دەستمایەیان ئێمە بووین كە لەگەلأ شاو رژێمی ئێراندا ساتوسەودامان پێوەبكەن!
حیزب وێرای بەشداربوونی لە شۆڕشی ئەیلولدا، دەستبەرداری رێكخستنی خۆی لە كوردستانی ئێراندا نەبووـ بەڵكو بەشێك لە خەباتی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی سیاسیی و رێكخستنەكانی سەرفكرد، بەتایبەت كە هێشتا لەكوردستانی عێراقدا بەشداریی چەكداریمان نەكردبوو. ئەوەبوو بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتیی حیزبمان بۆ بەهێزكردنەوەی رێكخستنەكانمان گەڕاینەوە رۆژهەڵاتی كوردستان. سلێمانی موعینی و ملا رەحمانی سێفەتاڵەیی خەڵكی سەرشیوی سەقز رۆیشتن بۆ ناوچەی موكریان، من و هاشمی حەق تەڵەب كە ئەقەل توڵابیشیان پێ دەوت، بەرەو مەریوان و سنە كەوتینە رێ بەرەو مەریوان و پەیوەندیمان كرد بە برادەران مەلا شێخ عوسمان مەردۆخی و مەلا عەلی لیوی و داوامان لێكردن رێ و شوێنی چوون بۆ سنەمان بۆ دابنێن. نازانم سلێمان و مەلا رەحمان گەڕانەوەكەیان چۆن بوو، بەڵام من و هاشم كە جلی فەقێیەتییمان كردبووە بەرو تەنیا دەمانچەیەك و مەخزەنێكی پێنج فیشەكیمان پێ بوو، پاش ئەوەی لەشاخی موركەوڵمان داگەڕاینەخوار بەرەو گوندی نیزلأ چووینە مزگەوتی گوند تووشی بەزمێكی سەیر هاتین، چونكە لەسەرە رێدا هەشت نۆكەس بەجلی ئەرتەشەوە لەسەربانێكی گەورە دانیشتبوون و من گومانم كرد كە سەرهەنگ ئەیوبی و تاقمەكەی بن كە بەرپرسی ئاسایشی ئەم ناوەبوون، هەربۆیە ئیشارەتم بۆ هاشم كرد خۆی تێكنەدا و یەكسەر بەرەو مزگەوت بڕۆین، كە چووینە ئەوێ یەكێكیان نارد بەدواماندا، ئێمەش بە بیانووی ئەوەی كە نوێژ دەكەین خۆمان دواخست و پاشتر لەدیوی ئەو دیوی مزگەوتەكەوە بەراكردن بەرەو بناری چیاكە رۆیشتین، لەرێگا هەندێك لەخەڵكی دێ بەرەو ناو دێ دەگەرانەوە پێیان سەیر بوو دوو كەس بە جلی فەقێیایەتیەوە بەو دانی ئێوارەیە بەرەو شاخ رادەكەن، هەر لەو دەمەشدا چەند سەربازێك بەسواریی دوامان كەوتن كە كوڕێكی شێخی نیزڵیان لەگەلأ بوو، من ناچاربووم داوا لە هاشم بكەم روو لە دارگوێزەڵانەكەی بەری ئەو بەر بكات و خۆشم بە دەمانچەكەوە وەستام و وام پێ باش بوو نەترسانە بكەومە قسە لەگەلأ سوارەكان، پاش ئەوەی سوارەكان هاتن، یەكێكیان كە كوڕە شێخ بوو بەچرایەكەوە هاتەپێش و كەوتە قسە، منیش پێم وت كە ئێمە فەقێین و هاتووین شەو لێرەبین و بەیانییەكەی بچینە لای شێخ عوسمانی مەردۆخ كە سبەینێ شێخ عوسمانی بیارە ئیجازەی مەلایەتییەكەی دەداتێ و لەبەرئەوەی هاوڕێیەكەم خەڵكی عیراقەو بێ پێناسە، بۆیە لە ژاندارمەكان ترساوین و كە داوایان كردووین ناچار هەڵاتووین. دواجار پاش كەمێك پرسیارو وەڵام، كوڕە شێخ رێگەی دام بەرێگەی خومدا بڕۆم هەرچەندە هێشتا گومانیشی لەقسەكانم هەر هەبوو، بەهەرحالأ روومكردە دارگوێزەڵانەكان و زۆر گەڕام و بانگمكرد تاكو هاشمم دۆزیەوە، لەبەر ئەوەی هاشم چاوێكی نەبوو، هەربۆیە شەو بەزەحمەت دەیتوانی بەرێگادا بڕوات، لەڕاستییدا زۆر دەترسام هاشم شتێكی لێ بەسەر بێت جونكە لەژێر ئیختیاری مندا بوو، نەوەك دواتر بەجۆرێكی تر شتەكانیان لێكبدایەتەوە! ئەو شەوە لەكێو ماینەوەو زۆرمان برسی بوو، دار هەرمێیەكم بینیەوەو هەندێك هەرمێم هێنا لەگەلأ هاشم خواردمان خوا هەڵناگرێ لە قوزەڵقورت تاڵتربوو، دواتر كڵاشمان خستەژێر سەرو لێی خەوتین.
بەهەرحالأ لەم گەڕانەوەیەدا چووینە چەند گوندێك و هاشم چاوی بە شێخ موعتەسەم كەوت و خۆشم سەردانی دۆستانی ئەوێهەنگم كردو پاش ئەوەی گەڕاینەوە سلێمانی، لەگەلأ سلێمانی موعینی و مەلا رەحمان كە لەموكریانەوە هاتبوونەوە یەكمان گرتەوە. لەم دەمەدا دەوروبەری مانگی دوازدە بوو، سەركردایەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی وەك سەرانی پارتی لەئەنجامی شكستی عەشایر و حیزب لە دەربەندی بازیان و دەربەندی خان وڕوگێژ ببوون، تەنیا شتێك قاڵغانی پارێزگاری پارتی و عەشایربێت، ئەو عەفوە خاێە بوو كە عەبدولكەریم قاسم بۆ سلێمانی و دەوروبەری بڵاوكردەوە. بەمشێوەیە عەشایرەكان پاشەكشەیان كرد و گەڕانەوە ماڵی خۆیان، زۆر لەسەرانی پارتیش دوای عەفوەكە دانیشتنەوە، ئێمەش كە بە نزیكەی 25 چەكدارێكەوە لە دەربەندیخان لە مەسەلەكەوە ئاڵابووین، لەسەرەتادا تاماوەیەك جموجۆڵمان كزبوو، ناهەقیشمان نەبوو چونكە تەنیا بە ئێمە هیچ نەدەكرا، ئەحمەد تۆفیق رووی لە بەغدا كردبوو، ئێمەش روومانكردە ماڵە عەشایرەكان، وەك سەرەتای مانگی ئەیلول، سلێمان و مەلا باقی چوونە سەركەپكان، من و عومەرو هاشمیش چووینە شلێر. پێشمەرگەكانی حیزب ماوەیەك لە قەڵاچوالان لەلای كوێخا حەمەدەمین مانەوە، حكومەتیش لە چوارتا بوو، ئەو برادەرانە كە من تۆفیقە سوور و كاك سەعیدو حەمەی مینە عەولاو كوێخا كەریم و ساڵحی مینە شەمامم لێ دەناسین، ناچاربوون بچنە (مەروى) و زستان لەوێ بەسەر بەرن و مقەڕێك بكەنەوە.
ئەتوانم بەراشكاوی بڵێم كە پاش شكانی جەبهەكانی دەرەبەندی بازیان و دەربەندی خان و عەفوەكەی عەبدولكەریم، جگە لە پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكرات، چەكدار وەك پێشمەرگەی مقەڕنشین لە لیوای سلێمانی نەما، ئەویش ئەو تەنیا مقەڕەی مەروی بوو، هەرچەندە پارتیش چەند چەكدارێكیان لە دڕی دانابوو. لەو ماویەدا ماتەمینی هەموو كوردێكی خەمخۆری گرتبووەوە، پارتیەكان سكرتێرەكەیان لە بەغدا قاچاخ بوو، عەشایرەكانیش هەركەسەو لەماڵی خۆی بێدەنگی لێ كردبوو، ناوبەناویش بەرقیەی تەئیدیان بۆ عەبدولكەریم لێدەدا، مەلامستەفاش بەهیچ جۆرێك لە هیچ شوێنێكەوە دەنگی نەبوو، ئێمەش لە شارەكان و لەماڵە عەشایرەكان چاوەڕوانی چارەنووسی مەلامستەفا بارزانی بووین. زۆر لە قەواعیدی پارتی بەهۆی بێ مەوقیفی و مانەوەی سكرتێرەكەیان لە بەغدا لە پارتی ناڕازیی بوون، تەنیا ئومێدیان بە جەلال تاڵەبانی بوو كە وەك ئێمە دەگەڕا بەسەر ماڵە عەشائیرەكاندا، بێ ئەوەی بڕیاری پارتی لەسەر بێت، چونكە ئێمەی سەردانی هەباس ئاغامان دەكرد، جەلال تاڵەبانیش دەچووە لای شێخ محەمەدی شێخ عەبدولكەریم و حەمەڕەشیدخان، بەكورتی هەم ئەحمەد تۆفیق و هەم تاڵەبانی خەریكی جەولە بوون بەسەر عەشایرەكان بۆئەوەی رووناكییەك بكرێتەوە، لەملاشەوە پۆل پۆل خەڵك پارتیان بەجێدەهێشت و كۆڕو كۆمەڵیان ساز دەكرد.
مانگی كانونی دووەمی 1962، ئەحمەد تۆفیق چوو بۆ بەغدا بۆ بینینی هێندێك لەو كوردانەی پەیوەندیان بە بارزانیەوە بوو، لەوێ هێندێك لەوانە چوار فەردە قەمسەڵەو پاڵتۆیان بۆ ئەو برادەرانەی حیزب كۆكردبووەوە كە لەمەروێن، قەمسەڵەكانیان بە نەقڵیاتدا رەوانەی سلێمانی كردەوە، من چووم وەرمگرت و بردمن بۆ برادەرانی مەروێ، ئەو شەوەی گەیشتمە ئەوێ، عەبدولكەریم قاسم هاتبووە دەربەندیخان بە بۆنەی كردنەوەی بەربەستەكەی ئەوێ، لەكاتی گەڕانەوەی بە دڕی دا، شەو لەلای ئەو چەكدارانەی پارتی مامەوە كەلەوێ لە ئەشكەوتەكەدا دەنوستن و جەلال تاڵەبانی سەروكاری دەكردن، وتیان لەكوێ بوویت؟ وتم: لەمەروی، هێندێك قەمسەڵەو شتم بۆ برادەران بردووە، تاڵەبانی وتی: ئەی بۆ نایەن لەگەلأ ئێمە بن؟ منیش وتم: خۆ ئێستا زستانە و هەركەس لەشوێنێك خۆی مەڵاس داوە، با بەهاربێت ئەوسا ئەگەر پارتی شۆڕشی كرد ئەوە ئێمەش پێشمەرگەكانی حیزب ئەخەینە ئیختیارتانەوە..
دواتر روومكردە مام جەلال و وتم: ئەرێ بەڕاست ئێمە بەم حاڵەوە چیمان لێ بەسەر دێت و بۆ كوێ هەنگاو دەنێین؟ وتی: سەیركە با بارزانی دەرگای مەشجەب بشكێنێ ئەو كاتە دەردەكەوێت بزانە چی رووئەدات! وتم: جا بەڕاستی بارزانی مەشجەبی هەیە؟ پێكەنی و وتی: بارزانی چەكی وای هێشتا نە عێراق، نە ئێران چەكی وایان نییە!! بەڕاستی قسەكەیم زۆر بەراست زانی و زۆریشم پێ خۆش بوو، كە گەڕامەوە وەك خەبەرێكی خۆش بۆ برادەرانم گێڕایەوە، هەموو دەستیان كرد بە پێكەنین! ئیتر باش بوو پاش ئەوە من هەموو قسەی هەموو كەسم بە گومانەوە وەرگرتووە و زۆر زۆریشم سوود لێ بینیوە.
ئەحمەد تۆفیق توانیبووی لەبەغدا پەیوەندیی بە بارزانیەوە بكات و شوێن و جێگای بدۆزێتەوە و بەتایبەت لە شەڕەكانی بادینان ئاگاداریی تەواو بەدەست بێنێت، هەربۆیە بە پەلە هاتەوە بۆ سلێمانی بەهۆی كادرەكانی حیزبەوە دەنگ و باسی شەڕەكانی بادینانمان بەناو خەڵكدا بڵاوكردەوە. پارتی لەشەڕەكان ئاگاداربوون بەڵام بەخەڵكیان رانەدەگەیاند، ئەوە حیزبی دیموكراتی كوردستان بوو ئەو كارەیان كردو بەوەش بوونە جێگەی رێزو تەقدیری خەڵكی شۆڕشگێڕی سلێمانی و ناوچەكە.
سەرانی پارتی، حیزبی دیموكراتیان، بەتایبەت ئەحمەد تۆفیق، بە مونافیسی خۆیان دەزانی و پرۆپاگندەی ژەهراویان بۆ دەكرد، لەبەرئەوەی حیزبی دیموكرات بێ قەیدوشەرت لایەنگریی شۆڕشەكەی ئەكردو ئەندامانی پارتی ناوچەی سلێمانی هاندەدا دەست بدەنە چەك، بەڕاستیی من نەمدەزانی بۆچی سەرەتا پارتی خۆی لە جوڵانەوە چەكدارییەكە دوورەپەرێز گرتبوو! تەنیا جەلال تاڵەبانی لەدەرەوە مابوو ئەویش لەلایەن سەركردایەتیی و مەكتەب سیاسییەوە پشتیوانی لێنەدەكرا، ئەم باسە پێویستی بە كۆڵینەوە هەیە و پرسیاری زۆر هەیە دەبێت وەڵامی بدرێتەوە. بۆ نموونە:
- بۆچی پارتی لەپێشدا بەگەرمی پشتی عەشائیرەكانی گرت و لەناو شارەكاندا شەكرو چا و خواردەمەنی رەوانەی جەبهەكان دەكرد؟
- بۆچی دوای شكانی عەشائیرەكان و عەفوەكەی عەبدولكەریم پارتیش وەك عەشائیرەكان بڵاوەی لێكردو رۆیشتنەوە ماڵەوە.؟
- بۆچی لەماوەی ئەیلولەوە تاكو مانگی گوڵانی 1962 پارتی نە بەچاك و نە بەخراپ باسێكی لە جوڵانەوە چەكدارییەكەو مەلامستەفا نەدەكرد و ئەوەش بووەهۆی دووبەرەكیی لەناوخۆی پارتیدا؟
ئەم هەڵوێستە نامەسئولانەیان بوو بووەهۆی ناكۆكیشیان لەگەلأ حیزبی دیموكرات و بەڕادەیەكی ئەوتۆ هیچ ناوناتۆرەیەكی ناشیرین بەرامبەر بەسەركردایەتی یەكتری نەما نەوترێت؟!
- هۆی چی بوو پاش ئەو هەموو پێكدادان و شەڕەی ناوچەی بادینان و ئەو هەموو خۆ دواخستنە ئینجا لە عەواڵان كۆنفراسێكیان بەست و بڕیاریاندا شۆڕشی چەكداریی دەستپێبكەن؟!
ئێمە لای خۆمانەوە لەسەر بڕیاری حیزب ئەحمەد تۆفیق و رەشەی قاجاخچیمان رەوانەی بادینان كرد بۆ لای مەلامستەفا، بۆئەوەی هەم دەنگوباسو رەوشی لیوای سلێمانی بە بارزانی رابگەیەنن و هەم پلانێكیش بۆ هاندانی جوڵانەوەی چەكداریی لە سلێمانی دابنێن، دیارە ئەو دووانە بەهەزار دەردی سەر خۆیان گەیاندبووە لای بارزانی. حیزبی دیموكرات كە تەنیا چەند پێشمەرگەیەكی لە گوندی مەورى هەبوو بەهۆی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی ئەحمەد تۆفیق بە سەرۆك خێڵەكان و عەشائیرەكانەوە هەیبوو جۆرە متمانەیەكی بەخۆی بوو، هەروەها پەیوەندیی بەهێزی سەركردایەتیی حیزبمان بە مەلامستەفا بارزانیەوە ئەوەندەی دیكە دڵی خەڵكی باشوری كوردستانی بۆلای حیزبی دیموكرات راكێشابوو.
ئەم رەوشە پارتی تەنگەتاوكرد و بەپەلەپرۆزی كەوتە خۆی بەشێوەیەك لەوە دەترسا ئەو جەماوەرە كەمەی مابووشی لەدەستی بێتە دەرەوە، بەتایبەت پاش گەڕانەوەی ئەحمەد تۆفیق و رەشەی قاچاخچی و دەركردنی بڵاوكراوەی دیسان بارزانی و باسكردنی شەڕە توندەكانی چیای مەتین و شكستپێهێنانی هێزێكی گەورەی قوەی سەیاری عێراقی، حیزبی دیموكرات بەو ئیمكانیەتە كەمەی و بەچەند كادرە بەهۆی پشتگیریی عەشایرەكان و ئەندامانی حیزبی كاژیك و ناڕازییەكانی ناو پارتی خوازیاری ئەوە بوو بۆ كەمكردنی قورسایی شەڕ لەسەر مەلامستەفا بارزانی جەبهەیەكی گەورە لە لیوای سلێمانی بەرامبەر سوپای عێراق پێكبهێنێت، ئەوەش بەدڵی سەرانی پارتی نەبوو.
ئێمە بڵاوكراوەی "دیسان بارزانی" مان لە گەڕەكی قەزازەكانی شاری سلێمانی دەركرد، ئەم بڵاوكراوەیە حەوت ژمارەی لێ دەرچوو كە لە كوردستان و ئەوروپادا بڵاودەكرایەوە، سەروتاری یەكەم ژمارەی بە قەڵەمی ئەحمەد تۆفیق نووسرا بوو، باسێكی تێروتەسەلی سەبارەت بە چۆڵكردن و ئاشبەتاڵی جەبهەی دەربەندیخان و دەربەندی بازیان بوو، ئۆباڵی شكستەكەشی خستبووە سەر سەرانی پارتی نووسیبووی: "ئەو سنگ شێرانەی شۆڕشیان بەتاڵكردو چوونەوە باوەشی عەبدولكەریم قاسم"، ژمارە هەشتی دیسان بارزانی پاش 4 مانگ لە گوندی "گەناو" و ژمارە نۆش لە گوندی "نورەدین"ی ناوچەی پشدەر دەركرا كاتێك بەڕوەبووین بۆ لای مەلامستەفا بارزانی. ئەوانەی ئەركی نووسین وچاپكردن و ئامادەكردن و بڵاوكردنەوەی دیسان بارزانیان لەئەستۆگرت : ئەحمەد تۆفیق/نووسەر، سلێمان موعینی/نووسەر، مەلاسەید رەشید/رێكخەری دەنگوباس، مەلا رەحمان سیفەتاڵەیی/تایپێست، عەلی سەرشیوی/پاسەوان، جەمیل مەردۆخی/بەرپرسی پەخشی بەغدا، عومەر نگڵی/بەپرسی پەخشی پشدەر.
هەروەها ئەحمەد تۆفیق بەرپرسی پەخشی شەوانە بوو كە لەباخچە و حەوشەی ماڵەكاندا دایدەنا، پارتی بەفەرمانی سەركردایەتیی هەوڵی كۆكردنەوەی ئەم بڵاوكراوەیەی دەدا و پاگەندەی ئەوەیان دەكرد كە دەزگای ئەمن ئەم بڵاوكراوەیە پەخش دەكات، جارێكیان عومەری نگڵیان لە "دڕى" بە بەستەیەك دیسان بارزانیەوە گرتبوو، لەلایەن هەر ناودارترین كەسی سەرانی پارتیەوە فەلاقە كرا.
لەراستییدا حیزبی دیموكراتی كوردستان رۆڵێكی هەر گەورەی لە شۆڕشی ئەیلولدا هەبوو، چ لەرووی ئیعلامی و چ لە جەبهەكاندا، كادرانی ئەم حیزبە هەر لە ئەحمەد تۆفیقەوە هەتا سلێمانی موعینی و مەلاباقی و مەلا رەحمان و مەلا سەید رەشید و عومەر نگڵی و وەستا رەئوف و رەشەی قاجاخچی و من و باقی پێشمەرگەكان بەبروایەكی پتەوەوە باوەشمان بە شۆڕشدا كردو هەوڵمان دەدا قەرزی سەردەمی كۆمار بدەینەوە، ئەوەش زۆر كەوت لەسەر حیزبمان، بەشێوەیەك دواتر مانەوەو رێگەی هاتوچۆمان بۆ ناوچەی سلێمانی زەحمەت بوو و ئەندامەكانمان لەم ناوچانە كەوتنە ژێر چاودێرییەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست