کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داود ئۆغلۆ بە بەردێ دوو نیشانەی پێكا؟!

Saturday, 04/08/2012, 12:00





سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بۆ هەولێر هەرلەسەرەتاوە چاوەڕوانی ئەنجامێكی باشی لێناكرا، چونكە ئەردۆغان بەرلەوەی وەزیرەكەی بنێرێت هۆكاری ناردنەكەی ئاشكرا كردبو، بێگومان ئامانجی سەرەكی ئەو سەردانە بۆ تێكدانی ئارامی وتەبایی نێوان لایەنەسیاسیەكانی رۆژئاوای كوردستان بوبەڵام لەهەولێرەوە نەك لە ئەنقەرەوە، دوای ئەوەی هەردوئەنجومەنەكەی رۆژئاوای كوردستان واتا ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوری و ئەنجومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان لە هەولێر رێكەوتن لەسەركاری هاوبەش ودواتر لیژنەی باڵای كورد یان دامەزراند بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان، حكومەتەكەی ئەردۆغان بەتەواوی هەراسان بوبەتوندی ناڕەزایی دەربڕی وئاماژەی بەوەكرد كە كوردەكان هەڵەیەكی گەورەیان كردووە توركیا بێدەنگ نابێت، ئەمە جگەلەوەی پارتی یەكێتی دیموكراتی "پەیەدە"ی بە تیرۆریست ناوبرد وهەرەشەی ئەوەی كرد لە باڵادەست بونی ئەوحزبە لە ناوچەكوردیەكاندا بێدەنگ نابن و هێرشی سەربازی ئەنجام ئەدەن، كەواتا داود ئۆغڵۆ هەڵگری پەیامێكی ئاشكرابو بۆ هەولێر بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی هیوایەك هەبو بۆئەوەی ئەوخواست ومەرامەی توركەكان ئەنجامگیرنەبێت دواجار ئامانجی یەكەمی پێكاوسەركەوتوبولەسەردانەكەیدا ، دوای كۆبونەوەكەی داوت ئۆغڵۆ لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم راگەیانراوێك بەڵاوكرایەوە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە،لە بەشێكی دەقی ئەوڕاگەیانراوەدا بەم شێوازە ئاماژە بەدەرئەنجامی كۆبونەوەكەكراوە(هەردوولا نیگەرانی زۆری خۆیان لەبارەی ناسەقامگیری و فەوزا لە سوریا دەربڕی و جەختیان لەوە كردەوە، كە هەر هەووڵێك بۆ قواستنەوەی بۆشایی دەسەڵات لەلایەن هەر گرووپ و رێكخراوێكی توندوتیژەوە بەهەڕەشەی هاوبەش دادەنرێ و پێویستە بەهاوبەشی چارەسەر بكرێ،.
پێویستە سوریای نوێ لە هەر گرووپ یا رێكخراوێكی توندڕەو و تیرۆریست خاڵی بێت و هەردوولا رێككەوتن لەسەر بەردەوامی راوێژكردن و هاریكاری بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە دابێت) هەڵبەتە مەبەست لە قواستنەوەی بۆشایی دەسەڵات ئەوشاروشارۆچكانەیە كەئیستا بەدەستی گەلی كوردەوەیە لە رۆژئاوای كوردستان، ئەو ئازادییەی كوردستان بە هەڕەشەی هاوبەش ناوبراوەو بەپێویست زانراوە چارەسەربكرێت!! ئەو بڕگەیەی كەدەڵێت پێویستە سوریای نوێ لە هەر گرووپ یا رێكخراوێكی توندڕەو و تیرۆریست خاڵی بێت بێگومان مەبەست لە رێكخراوی قاعیدەنیە بەڵكو مەبەستەكە پەیەدەیە هەروەك ئاماژەم پێكرد ئەردۆغان بەئاشكرا بەوپارتە كوردییەی وت "گروپێكی تیرۆریست" خۆ ئەگەر پاساوێك هەبێت بۆئەوەی ئەوڕاگەیانراوە تەنها پێویستیەكی ناچاری بووە و لە ڕوی دیبلۆماسیەوە دەبو شتێكی لەوجۆرە بنوسرێت ، بەڵام لەڕاستیدا هەنگاوی یەكەمی پراكتیزە كرا بەوەی داود ئۆغڵۆ لە گەڵ ئۆپوزسوین كۆبووەوە رێگەی نەدا پارتی یەكێتی دیموكراتی بەشداربێت، لەكاتێدا سەرجەم لایەنەكوردیەكان لیژنەی باڵای كوردیان ڕاسپاردووە وەك نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی رۆژئاوای كوردستان هەركارێك بكات لەبەرژەوەندی گەلی كورد دابێت پەیەدەش بەشێكی سەرەكیە لەو لیژنەباڵایە، لێرەوە یەكەم هەنگاوی كەرتكردنی یەكڕیزی كورد دەستی پێكرد كە ئەوەش خواستی سەرەكی توركیایە، ئێستا ئەوەمان بۆ ڕوون بووەوە داود ئۆغڵۆ نیشانەی یەكەمی پێكا لە هەولێربەڵام هەربەئەوە كۆتایی نەهات ، وەزیرەكەی دەرەوەی توركیا بەبێ یاساو رێسای نیودەوڵەتی ولە داهێنانێكی ناوازەدا خۆی گەیاندە شاری كەركوك هەروەك ئەوەی ئەوشارە شارێكی وڵاتەكەی خۆی بێت بەبێ ئەوەی حكومەتی بەغدا ئاگاداربكاتەوە، بەهەمو یاساو رێساو دابو نەریتێك دەبو وەزارەتی دەرەوەی ئێراق پێشوەخت ئاگاداربكرایەتەوە، ئەوسەردانەبێ پرسوڕایە بۆكەركوك لەهەل ومەرجێكدایە كەهێشتاكەركوك شارێكی كێشە لەسەرەو بەفەرمی لەژێردەسەڵاتی ناوەنددایە هیچ ڕەوایەتیەكی تێدانیە وەزیری وڵاتێكی تربێ پرس سەردانی ، گومان لەوەدانیە هەرگیز توركیا رێگەبەوەنادات وەزیری دەرەوەی ئێراق كە كوردە سەربەخۆ بچێتە شاری ئامەد ی باكوری كوردستان ، سەردانەكەی ئۆغڵۆ لە لایەن بەپرسانی شارەكەوە پێشوازیەكی گرمی لێكرا هەروەك پارێزگاری كەركوك لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ماڵپەری كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەڵێت (لە كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا لە دیوانی‌ پارێزگای‌ كەركوك جەنابی‌ پارێزگار خۆشحاڵی‌ خۆی‌ دەربڕی‌ بەسەردانیەكەی‌ داود اوغلو بۆ كەركوك وئاماژەی‌ دا بە رۆڵی‌ گرنگی‌ توركیا لە ئاوەدانكردنەوەی‌ كەركوك وجێگیركردنی‌ برایەتی‌ لەشارەكە) لەڕاستیدا رۆڵی‌ گرنگی‌ توركیا لە ئاوەدانكردنەوەی‌ كەركوك وجێگیركردنی‌ برایەتی‌ لەشارەكە لەسەداسەد پێچەوانەكەی ڕاستە توركیا هەمیشە كەركوكی بەشارێكی توركمانی زانیوەوهەردەم لەهەوڵی نانەوەی ئاژاوەو دووبەركیدابووە لەنێوان پێكهاتەكانی ئەوشارەدا، هەرعەرەب وتوركمانێكی رەگەز پەرست وشۆڤیەنی لەكەركوكدا خۆی دەرخستبێت وقسەیەكی كردبێت لەدژی كورد توركیا دەستی هاوكاری بۆدرێژ كردووە ، نازانم دەستی ئاوەدانكردنەوەو برایەتی توركیا لەكوێدایە؟ پێموایە سەردانە نایاسایەكی ئۆغڵۆ بۆكەركوك پەیامێكی تری هەڕەشەبو بۆكورد بەڵام ئەمەیان بۆكوردی باشوری كوردستان وبەتایبەتی خەڵكی كەركوك، جێی داخە پیلانگێڕی دوژمنان وكارەساتە دڵتەزێنەكانی خۆمان زوو لەیاد دەچێت ونامانەوێت دوژمنی خۆمان بناسین،
دەبو پێش هەركەسێك بەرپرسانی كورد ئەوەیان لە یاد بوایە چوار ساڵ وپینج رۆژ بەرلە سەردانەكەی داود ئۆغڵو لە شاری كەركوك چی ڕوویدا ؟ ئایا داود ئۆغڵۆ بۆ ئەوكاتەی دیاریكرد بچێتەكەركوك؟ بیست وهەشتی تەموزی دووهەزاروهەشت ئەو رۆژە بو كەركوك خەڵتانی خوێنكرا بە پیلانی توركیا ، لەكاتێكدا هاوڵاتیانی شاری كەركوك بەمەبەستی نارەزایی دەربڕین بەرانبەر دەنگدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان و پشت گوێخستنی كورد ‌خۆپێشاندانێكی هێمنانەیان سازدا لەلایەن چەكدارانی بەرەی توركمانیەوە تەقە لە هاوڵاتیان كرا ودواتر تەقینەوەیەك لەناو خەڵكەكەد روویدا ، لەئەنجامی ئەوكردەوە تیرۆریستیەی بە پیلانی توركیا بەرێوە برا بیستوپینج هاوڵاتی شەهیدو دووسەدوپەنجاكەسی تر برینداركرا، ئەوكاتە ژمارەیە لە ئەندامانی بەرەی توركمانی سەربەمیتی توركی دەسگیركاران ودانیان بەوەدانا كە ئەوان ئەنجامدری ئەوتاوانەبونەوبەبڕیاری ئەفسەریكی بەرەی توركمانی كارەكەیان كردووە، دوای رووداوەكە كاكی ئەفسەر لە توركیاوە سەری دەرهێنا، لەكۆتایدا گیراوەكانیش لە ژێر فشاری توركیادا ئازاد كران وخوێنی كوردانیش بە فیرۆچوو، ئێمە ئەو رۆژە ڕەشەمان لەیاد كرد بەڵام داود ئۆغڵۆ لەیادی بوو، بۆیە لەو یادەدا سەردانی كەركوكی كردو ئەوپەیامەی پێداین كەهەرگیز دەست لە یەخەی خەڵكی كەركوك ناكەنەوە و هەركاتێكیش بیانەوێت ئەورۆژە دوبارەدەكەنەوە كەشارەی كەركوكیان خەڵتانی خوێنكرد، پێویستە گەلی كورد ئەوەبزانێت سەردانی وەزیرەكەی تورك بۆهەولێرو كەركوك شكاندنی دوونیشانەبو بەیەك بەرد، ئێستا لە سێ بەشی كوردستان گەلی كورد دەستی ئاشتی بۆ توركیا درێژكردووە بەڵام وەك سەدان جاری ڕابردوو بێهودەیەو توركەكان هەمیشە هەوڵ ئەدەن ئەودەستانە ببڕنەوە، بۆیە پێویستە كورد لەهەركاتێك زیاتر بەئاگابێت و بەدوای میكانزمێكی دیكەدا بگەڕێت بۆئەوەی شكست بەپیلانەكان بێنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە