براكوژى و ئاكامەكانى
Saturday, 27/10/2012, 12:00
پێش ئەوەى بێینە سەر باسەكە تكایە ئەم لینكە بكەرەوە :
http://www.youtube.com/watch?v=kbHKUK-VA94&feature=share یەكێك لە دەرئەنجامە خراپەكانى شەڕى براكوژى بێ باوككردنى دەیان منداڵە كە ئەم منداڵانە تا گەورە بونیان دەبنە توش بویەك بە گرێیەكى دەرونى ئاڵۆز كە دوا جار دەبێتە مایەى چەندین نەخۆشى دەرونى , لە بەرامبەردا دەسەڵات و حكومەت زۆر بێباكن لەم كێشە گەورەیە ..با لێرەوە پرسیار بكەین هۆكارى دەرئەنجامى شەڕى براكوژى كەى و لە كویاى كۆمەڵگادا دەردەكەوێت ..؟
شەرَى براكوژى ئەو شەڕە بوو كە پارتى و یەكێتى لەسەر بەرژەوەندى چەند بەرپرسێكى مشەخۆر دروستیان كرد و جۆرى شەڕەكانیش زۆر خێڵەكیانە بوو ئیتر ئەگەر بوترێ بە هۆى جیاوازى فكرى و مێژوى كۆن و نوێوە بوە ئەوە بۆ خۆى درۆیەكى شاخدارە و مایەى پێكەنینێكى گاڵتەجاڕیانەیە بە پێچەوانەوە هەر لایەكیان ببونە دریژكراوەى ئەوەى پێ ى دەوترێ جەمسەرگیرى نێوان ئێرانى سەفەوى و توركیاى عوسمانى وەك چۆن لە مێژودا كورد نەیتوانیوە وەك یەك هەڵویستى یەكانگیر مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەكاندا بكات هەر بەو شێوەیەش دوبارە بونەوەى مێژوو ئەوە دەسەلمینێ كە ئەم دوو حیزبە بەكرێ گیراوى ئەو دوو جەمسەرەن و ئاماژەشە بۆ گێلێتى و گەمژەیى ئەقڵى ئەم دوو حیزبە .
خۆ ئەگەر بە دیوێكى تردا ئەم چاوپێكەوتنەى ئەم منداڵە بخوێنینەوە ئەو راستیە ڕون دەبێتەوە كە شەڕەكانى براكوژى شەرَێكى بێ بەرنامە و بێ دسپلین بوە ئەگەر نا دەبوایە ئامارى كوژراوەكانیان لەبەردەستدا بوایە ئێستە دڵنیاى بۆ هەموو ئەو منداڵانە دابین بكرایە و بخرانایەتە ژێر چاودێریەكى تەندروستەوە تا هەست بە بێ باوكى و بێ دایكى نەكەن بەڵام بە پێچەوانەوە نەك هەر ئامار و ئەدرەسى كوژراوەكانیان لا نیە بگرە ئێستە ڕوبەڕوى دۆسیەى بێ سەروشوێنەكان بونەتەوە كە كەس نازانى ماون یان مردون و كەوتونەتە كوێى ژیان و مردنەوە سەرەڕاى ئەوەش نەتوانراوە لە ڕێگاى كارو كاروبارى كۆمەڵایەتیەوە ئەو خێزانانە بدۆزرێتەوە كە زەرەرمەندى شەڕى براكوژى بوون تا قەرەبویان بكرێتەوە بەوەى هەست بە خراپەكانى ئەم شەڕە نەكەن خۆ ئەگەر شەڕەكان شەڕى خێڵ نین كوا ناوى كوژراوەكانى ناوخۆ كوا بێسەر و شوێنەكان , ئەم دوو حیزبە وەك نەیان توانى كوژراوەكانى خۆیان بزانن و لە ئێستادا كار لەسەر خانەوادەكانیان بكەن لە ڕێگەى حكومەتەوە زۆر بێباكانە دەڵێن ئەوانەى چاوەڕێى ونبوەكانیان دەكەن ئەوە نەماون بەبێ دراسەكردنى ئەم بڕیارە كە دەبوو پێش ئەمە بە داتا و ئامار بڵاویان بكردایەتەوە و قەرەبویان بكردنایەتەوە دڵنیایان بۆ دابین بكردنایە نەك منداڵەكانیان بخرێنە سەر شەقامەكان .
با لێرەوە لە دەسەڵاتداران بپرسین چى وەڵامى ئەم منداڵە دەدەنەوە ئایا گوناهى ئەم منداڵە چیە كە بَى بەش بێت لە سۆزى دایكایەتى و باوكایەتى ..؟ لە پێناو چیدا باوكى كوژراوە بۆ نەتەوە بوە یان بۆ ڕزگار كردنى نیشتمان یان بۆ گیرفانى سەرانى ئەو لێپرسراوانەى كە ئەمڕۆ منداڵەكانیان لەو پەڕى خۆشى ناز و نعمەتدا دەژین هەر وەرزەى لە وڵاتێكدا بەسەر دەبەن و منداڵى شەهیدەكانیش لەسەر شەقامەكان بێ دایك و باوك خۆیان لە سەخترین ژیاندا بژێوى خۆیان دابین بكەن ..چى وەڵامى ئەم منداڵە و سەدان منداڵى تر دەدەنەوە كە بونەتە قوربانى مەرامى درۆ و دراوى سەرانى پارتى و یەكێتى ..وەكو هەر شەڕەكەتان كردو ئێستە موو ناچێت بە بەینتانا و ڕێكەوتنى ستراتیژیتان هەیە و حكومەتان دروستكردوە ئەى بۆ كار بۆ ئەوە ناكەن كە لێپرسراوەكانتان بچنە بەردەم ئەم منداڵانە و كڕنۆش بەرن داواى لێبوردن بكەن و ژیانیان بۆ دابین بكەن .. ئێوە هێندە بێباكن دڵنیان بن بەر حكومى مێژوو دەكەون و ئەگەر بێتو فریاى خۆتان نەكەون ئەو كات ناوتان دەچێتە لیستى رەشى مێژوەوە .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست