کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیمانه‌ له‌ گه‌ل ئارام قادر ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی

Saturday, 30/05/2009, 12:00


ئارام قادر ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌:
تا ئیستا زۆر به‌ كه‌می‌ ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ده‌كرێت ململانێی‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت‌و په‌نا نه‌برێته‌ به‌ر فشاری‌ سیاسی‌‌و یاسا به‌زاندن

بایۆگرافی‌:
" ئارام قادر، ساڵی‌ 1965 له‌ دایكبووه‌، خوێندنی‌ سه‌ره‌تایی‌‌و ئاماده‌یی‌ له‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واو كردووه‌، له‌سالی‌ 1981 ده‌ستی‌ به‌كاری‌ سیاسی‌ كردووه‌، له‌ هه‌ر سێ‌ حزبی‌ (بزوتنه‌وه‌ی‌ ڕاپه‌رین، بزوتنه‌وه‌ی‌ یه‌كبوون‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌) ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و به‌رپرسیارییه‌تی‌ مه‌كته‌بی‌ ڕێكخستنی‌ له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ جگه‌ له‌چه‌ندین پۆست‌و ئه‌ركیتر، ساڵی‌ 1986 له‌ زانكۆی‌ موسڵ له‌ كۆلێجی‌ زانست، به‌شی‌ بایلۆجی‌ وه‌رگیراوه‌، به‌ تۆمه‌تی‌ كاری‌ سیاسی‌ فه‌ێڵكراوه‌،‌و دواتر له‌ لایه‌ن ڕژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ فه‌رمانی‌ گرتنی‌ ده‌رچووه‌‌و ئاواره‌یی‌ ئێران بووه‌، ساڵی‌ 2007 بڕوانامه‌ی‌ به‌كالۆریۆسی‌ له‌ كۆلێجی‌ یاسای‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌‌و ئێستا قوتابی‌ دكتۆرای یاسایه‌ له‌ زانكۆی‌ برادفۆرد له‌ شانشینی‌ یه‌كگرتووی‌ به‌ڕیتانیا‌و پاڵێوراوی‌ لیستی‌ (خزمه‌تگوزاری‌‌و چاكسازیی)ه‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان".


له م‌ دیمانه‌یه‌دا ئارام قادر ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان پێی‌ وایه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان وه‌گه‌ڕ بخرێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ كوردستان له‌ قه‌یرانی‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ڕزگار بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌زموونی‌ كوردستان بگه‌یه‌نرێته‌ ئاستی‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی‌ جیهان ئه‌وه‌ به‌سه‌ر چووه‌ ئه‌زموونه‌كه‌مان به‌ ساوا بزانین، له‌م دیمانه‌یه‌دا چه‌ند پرسێكی‌ تایبه‌ت به‌ لیستی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و چاكسازی‌‌و بارودۆخی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و ئه‌زموونی‌ بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردن‌و چه‌ند بابه‌تێكیتری‌ گرنگ به‌ پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵ ده‌خوێنیته‌وه‌:

دیمانه‌ی‌: موئمین زه‌ڵمی


زه‌ڵمی‌: چاودێرانی‌ سیاسی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌ به‌ ده‌رفه‌تێك بۆ گۆڕانكاری‌ ده‌زانن، پێتان وایه‌ هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ كوردستان پاش ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ گۆڕانكاری‌ به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت؟
ئارام قادر: هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مان‌و به‌شداری‌ كردنی‌ كۆمه‌ڵه‌ لیست‌و حزبێك به‌ ئاڕاسته‌ی‌ جیاواز و پێكهێنانی‌ په‌رله‌مان به‌ چه‌ند یۆچوونێكی‌ جیاواز به‌ سه‌ره‌تای‌ گۆڕانكاری‌ داده‌نرێت‌و ئومێدێكی‌ زۆریش ده‌به‌خشێته‌ داهاتوو، ئێمه‌ نابێت چاوه‌ڕێی‌ به‌زاندنی‌ یاساكانی‌ ژیان بین، له‌ كوردستان گۆڕانكاری‌ له‌ سیسته‌می‌ سیاسی‌‌و ئاستی‌ ڕۆشنبیری‌ تاكه‌كان‌و پێكهێنانی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ كاتێكی‌ زۆری‌ ده‌وێت‌و قوربانییه‌كی‌ باشی‌ پێوسته‌‌و هه‌وڵ‌و تێكۆشانی‌ به‌رده‌وامی‌ ده‌وێت ،
‌و هه‌روه‌ها هاوكاری‌‌و هاریكاری‌ هه‌موو لایه‌كی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ پێویسته‌ با له‌ دیدوبۆچوون‌و ڕاكان جیاواز بین به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت به‌یه‌ك ئاڕاسته‌ كار بكه‌ین بۆ پێكهێنانی‌ سیسته‌مێكی‌ سیاسی‌ دروست وكۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ ڕۆشنبیر كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان گۆڕانكاری‌ له‌ ده‌سه‌ڵات به‌لایانه‌وه‌ ئاسایی‌ بێت‌و جیاوازی‌ به‌ فاكته‌ری‌ ئیجابی‌ بزانرێت‌و موعارزه‌ی‌ سیاسی‌ به‌ خیانه‌ت‌و تاوان ته‌فسیر نه‌كرێت‌و بتوانرێت له‌ گه‌ڵ یه‌كتر خزمه‌ت به‌ كوردستان بكه‌ین له‌گه‌ڵ بوونی‌ جیاوازی‌ ڕا‌و تێڕوانینه‌كان‌و ئه‌و بۆچوونانه‌ وه‌لا بنرێن له‌ لایه‌ن هه‌ندێك حزب‌و كه‌سایه‌تیه‌وه‌ كه‌ ته‌نها باوه‌ڕی‌ به‌وه‌ بێت خۆی‌ شایسته‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌‌و ته‌نها ئه‌و باشی‌ لێ‌ ده‌زانێت به‌ڵكو ده‌بێت متمانه‌ دروست ببێت به‌ ده‌وربه‌ر‌و دڵنیابوون له‌وه‌ی‌ كه‌ ڕۆڵه‌كانیتری‌ كوردستانیش دڵسۆزن بۆ ئه‌م میلله‌ته‌.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش گۆڕانكاری‌ باش به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت له‌وه‌دا كه‌ ده‌نگ‌و ڕه‌نگی‌ زۆر جیاواز دێته‌ په‌رله‌مان و هه‌نگاوێكیتر سیسته‌می‌ سیاسی‌ كوردستان به‌رو پیشه‌وه‌ ده‌ڕوات و ئومێدێكی‌ زۆرتر ده‌به‌خشیته‌ رۆڵه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان.

زه‌ڵمی‌: ڕات له‌ سه‌ر زیادبوون‌و گۆڕانكاری‌ ده‌نگی‌ لیسته‌كاندا چۆنه‌؟ یه‌كێـتی‌‌و پارتی‌ ئه‌توانن ده‌نگی‌ مه‌به‌ستیان به‌ ده‌ست بهێنن؟ ئه‌ی‌ ئیسلامییه‌كان؟
ئارام قادر: سه‌باره‌ت به‌ ئیسلامیه‌كان لیستی‌ تایبه‌تیان نیه‌ كه‌ ته‌نها حزبه‌ ئیسلامیه‌كان له‌ خۆبگریت به‌ڵكو لیستی‌ خزمه‌تگوزرای‌ و چاكسازی‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌چوار پارت پیكهاتووه‌ (یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ، حزبی‌ سۆسیالیست‌و حزبی‌ زه‌حمه‌ت كیشانی‌ سه‌ربه‌خۆ(ئاینده‌)) كه‌ ئه‌م لیسته‌ چواچێوه‌یه‌كی‌ فراونتر‌و هه‌مه‌ره‌نگ ده‌به‌خشێته‌ لیسته‌كه‌‌و ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆرتر له‌ رۆڵه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان ئومێدیان به‌ لیسته‌كه‌ هه‌یه‌‌و دڵنیام له‌وه‌ی‌ كه‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان متمانه‌ی‌ خۆیان ده‌ده‌نه‌ ئه‌م لیسته‌، و پێشبینی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئایا لیستی‌ كوردستانی‌ (یه‌كیتی‌‌و پارتی‌) یان ئه‌م لیسته‌ یان لیسته‌كانیتر چه‌ند كورسی‌ به‌ده‌ست ده‌هێنن له‌و باوڕه‌دام ئێستا زووه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ پیشبینی‌ بۆ ڕێژه‌كان‌و توانای‌ هه‌ر لیستێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ كورسیه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕاده‌ی‌ چالاكی‌ هه‌ر لیستێك بۆ كاریگه‌ری‌ دروستكردن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌‌و توانای‌ قه‌ناعه‌تپێكردنی‌ هاوڵاتیان به‌ده‌نگدان بۆ لیسته‌كه‌یان‌و به‌ده‌ستهێنانی‌ فاكته‌ره‌كانی‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر تاكی‌ كوردی‌‌و به‌ریوه‌بردنی‌ هه‌ڵمه‌تیكی‌ چالاكانه‌ی‌ پروپاگه‌ندی‌ هه‌ڵبژاردن‌و ده‌ستێوه‌رنه‌دان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و دووربوونی‌ هه‌ڵبژارده‌نه‌كان له‌ دیارده‌ی‌ ساخته‌كاری‌‌و فشاری‌ سیاسی‌.

زه‌ڵمی‌: ڕیكلام‌و بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ جاره‌كانی‌ ڕابردوودا، ڕێگری‌‌و پێشێلكاری‌ به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ئایا بۆ نه‌مانتوانیوه‌ له‌ موماره‌سه‌كردنی‌ دیموكراسیدا خۆمان ڕابێنین؟ به‌ ڕای‌ به‌ڕێزتان هه‌موو ئه‌مانه‌ چۆن به‌ ده‌ست ئه‌خرێن؟
ئارام قادر: ئه‌و دیاردانه‌ په‌یوستن به‌ دوو هۆكاره‌وه‌، یه‌كه‌میان شێوه‌ی‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ حزب‌و لایه‌نه‌كان‌و دوهه‌میان ڕاده‌ی‌ رۆشنبیری‌ هاوڵاتیان، تا ئێستا له‌ كوردستان ته‌نگه‌نه‌فه‌سی‌‌و ته‌سكی‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ ئاڵوگۆڕ له‌ ده‌سه‌ڵات و شێوه‌ی‌ پیاده‌كردنی‌ سیسته‌می‌ سیاسی‌ كوردستان هه‌یه‌، زۆربه‌ی‌ حزبه‌كان وا له‌ سیسته‌می‌ دیموكراسی‌ ده‌ڕوانن كه‌ ته‌نها پیاده‌كردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ یان چه‌ند ئه‌ندامێكی‌ سنوردار به‌شداری‌ له‌حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان بكات به‌ڵام له‌كاتێكدا هه‌ڵبژاردن پیاده‌ده‌كرێت ده‌بێت هه‌مولایه‌ك ئاماده‌بێت به‌ ئه‌نجامه‌كانی‌، هه‌موو لایه‌نه‌كان زۆر به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ درواننه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كان كه‌ سه‌رۆك كۆمار‌و وه‌زیره‌كان‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان زۆر به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ گۆڕانگاری‌ له‌ ده‌سه‌ڵات‌و وازهێنان له‌ پۆست‌و هه‌ر قۆناغێك حزب‌و لایه‌نێك له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ بێئه‌وه‌ی‌ كێشه‌‌و ناكۆكی دروست ببێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ گۆڕانكاری‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام ڕۆژ له‌ دوای‌ ڕۆژ له‌ پێشكه‌وتن‌و به‌ره‌وپێشچووندان، به‌ڵام له‌ كوردستاندا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام دراوه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دیارده‌كانی‌ پیاده‌كردنی‌ سیسته‌می‌ دیموكراسی‌ به‌ڵام له‌ كوردستان هه‌موو سیسته‌می‌ دیموكراسی‌ تۆخ كراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ هه‌مانكاتدا ڕاده‌ی‌ رۆشنبیری‌ هاوڵاتیان لاوازه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردن‌و ئاڵوگۆڕ له‌ ده‌سه‌ڵات‌و بوونی‌ حكومه‌ت‌و موعارزه‌ی‌ سیاسی‌‌و پێویسته‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن، هۆشیاری‌‌و ڕۆشنبیری‌ سیاسی‌ ببه‌خشرێته‌ هاوڵاتیان،
چونكه‌ تا ئیستاش زۆر به‌ كه‌می‌ ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ده‌كرێت ململانێی‌ سیاسی‌ بكه‌ین‌و په‌نا نه‌برێته‌ به‌ر توندوتیژی‌، ململانێ‌ له‌ هه‌لبژاردن بكه‌ین‌و په‌نا نه‌برێته‌ به‌ر ساخته‌كاری‌‌و یاسا به‌زاندن، ململانێی‌ حزبی‌ بكه‌ین‌و په‌نا نه‌برێته‌ به‌ر سیاسه‌تی‌ وه‌لانان‌و به‌ركه‌ناركردن كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و سیاسه‌تانه‌ پیاده‌كراوه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵمان نه‌بیت‌و پابه‌ند نه‌بێت به‌ حزبه‌كه‌مانه‌وه‌ دوژمنه‌‌و وه‌لانانی‌ پێوسته‌ به‌ هه‌ر هۆكاریكیش بێت.

زه‌ڵمی‌: بۆ یه‌كه‌مجاره‌ به‌مشێوه‌یه‌ هاوپه‌یمانی‌ ئیسلامی‌‌و عه‌لمانی‌ دروست بكرێت، مه‌به‌ستم له‌ لیستی‌ (خزمه‌تگوزاری‌‌و چاكسازی) یه‌، ئایا ئه‌كرێت بڵێین ئه‌م ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ست دێنێت؟ به‌ تایبه‌ت بۆ ئیسلامییه‌كان؟
ئارام قادر: یه‌كه‌مجاره‌ له‌كوردستان، به‌ڵام هاوپه‌یمانی‌ ئیسلامی‌‌و عه‌لمانی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن‌و پێكهێنانی‌ حكومه‌ت‌و پێكهێنانی‌ به‌ره‌ی‌ موعارزه‌ ئه‌زمونێكی‌ دوورودرێژه‌ له‌كاری‌ ئیسلامی‌ كه‌ ئیسلامییه‌كان‌و عه‌لمانیه‌كانی‌ وڵاتانیتر زۆر له‌ پێشه‌وه‌ن له‌و بواره‌دا بۆ نمونه‌ له‌ یه‌مه‌ن عه‌لمانی‌ و ئیسلامیه‌كان چه‌ندین ساڵه‌ له‌ حكومه‌تدان‌و پێكه‌وه‌‌و كاریان به‌رده‌وامه‌ له‌ پاكستان هه‌ندێكجار به‌ یه‌كه‌وه‌ن له‌ حكومه‌تدا‌و هه‌ندێكجار له‌ موعاره‌زه‌دا له‌ میسر و توركیاو مه‌غریب‌و چه‌ندین وڵاتیتر هه‌نگاوێكی‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ وڵاته‌كان‌و ئه‌نجامی‌ باشی‌ هه‌بووه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك و به‌ خێر‌و قازانج گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ میلله‌ته‌كانیان.

زه‌ڵمی‌: هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئه‌زموونی‌ ڕابردووی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ ئیسلامی‌ چه‌نده‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر خولی‌ داهاتوو ده‌بێت، سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مانتارنی‌ ئه‌ م خوله‌وه‌؟
ئارام قادر: بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ئیسلامییه‌كان به‌شداری‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ن له‌ كوردستان‌و ئه‌ زمونێكی‌ نوێیه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئیسلامیه‌كان له‌ وڵاتانیتر وه‌ك كوه‌یت‌و به‌حرین‌و ئوردن‌و جه‌زائیر‌و هندستان ئه‌م ئه‌زموونه‌ زۆر له‌ پێشه‌وه‌یه‌ به‌لام له‌گه‌ڵ نوێبونی‌ هه‌نگاوه‌كه‌شدا تونراوه‌ وێنه‌یه‌كی‌ جوان پێشكه‌ش بكرێت‌و ئه‌زمونێكی‌ سه‌ركه‌وتوو به‌ده‌ست بهێنرێت و په‌رله‌مانتاره‌كان به‌ هه‌ردوو لیستی‌ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو ڕۆڵێكی‌ ئیجابیانه‌یان هه‌بووه‌ له‌ ئاستی‌ حزبی‌‌و له‌ ئاست جه‌ماوه‌ری‌ گه‌لی‌ كوردستان‌و گه‌ر نه‌توانرابێت به‌ پێی‌ پێویست هه‌ستابن به‌ ئه‌ركه‌كانیان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سیسته‌مه‌ی‌ كه‌ په‌رله‌مان پیاده‌ی‌ كردووه‌. به‌ڵام به‌شێویه‌كی‌ گشتی‌ ئه‌زموونی‌ خولی‌ پێشوو ی‌ په‌رله‌مان پاڵپشتێكی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ خولی‌ داهاتوو بۆ هه‌موو لیسته‌كان.

زه‌ڵمی‌: به‌ بۆچوونی‌ ئێوه‌ گرنگترین كارێك كه‌ پێویسته‌ وه‌ك په‌رله‌مانتارانی‌ خولی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مان كاری‌ له‌سه‌ر بكه‌ن، له‌ چیدا خۆی‌ بنوێنێت؟
ئارام قادر: په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و چاودێرییه‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌نفیزی‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ حكومه‌ت، ئه‌وه‌ به‌رپرسه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و چاككرردنی‌ باری‌ گوزه‌ران‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان پێویسته‌ له‌م قۆناغه‌دا بیكات، زیاتر كاراكردنی‌ په‌رله‌مانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیدا كه‌ ئه‌ویش بریاردانه‌ به‌شیوه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ و دوور له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ حزبی‌‌و هه‌وڵدان بۆ چاودێری‌ زیاتری‌ حكومه‌ت‌و فشار دروستكردن له‌ سه‌ر حكومه‌ت بۆ هه‌ستان به‌ئه‌ركه‌كانی‌ و هه‌وڵدان بۆ ده‌ركردنی‌ كۆمه‌ڵه‌ یاسا‌و ڕێسایه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و چاكسازی‌ له‌ ئیداراتی‌ حكومه‌ت‌و جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حزبی‌‌و حكومی‌‌و ده‌ستێوه‌رنه‌دان له‌لایه‌ن حزبه‌وه‌ بۆ كاروباری‌ حكومه‌ت و هه‌روه‌ها جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ یاسادانان‌و ته‌نفیزی‌و دادوه‌ری‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا به‌ شێویه‌كی‌ ته‌واو سه‌ربه‌خۆیه‌تی‌ كارنه‌كراوه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كان.

زه‌ڵمی‌: ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ شێك له‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ به‌شداری‌ كردنی‌ هه‌ڵبژاردنیان پێباش نیه‌، پاشان بۆ چوونه‌ ناو لیستی‌ (خزمه‌تگوزاری‌‌و چاكسازی‌) چۆن بوو بڕیارتاندا، دیسانیش هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ پیِی‌ ناڕازین...ئه‌مانه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر بارودۆخی‌ ناوخۆی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ نابێت؟
ئارام قادر: بوونی‌ ده‌نگی‌ ناڕازی‌‌و جۆراوجۆر‌و هه‌مه‌ڕه‌نگ هه‌میشه‌ ئێمه‌ به‌لامانه‌وه‌ ترسناكه‌ به‌ڵام من به‌ پیچه‌وانه‌وه‌ ده‌یبینم و نیشانه‌یكی‌ ته‌ندروستی‌ كاری‌ سیاسیه‌ كێشه‌كه‌ له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ جیاوازی‌ ڕا هه‌بێت‌و بیروڕای‌ هه‌مه‌ چه‌شه‌ن بوونی‌ هه‌بێت، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئێمه‌ ئازادی‌ نه‌به‌خشینه‌ ئه‌ندام‌و لایه‌نگرانمان وهه‌میشه‌ پیمان وابیت ده‌بێت هه‌موو ئه‌ندامان یه‌ك كۆپی‌ بن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌و ڕه‌وتانه‌ی‌ هه‌میشه‌ ئازادییان زیاتر تیدایه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌و پێشچوون‌و گه‌شه‌‌و گه‌وره‌بووندان‌و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی‌ بواری‌ ئازادی‌و ڕاده‌برین گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌ بۆ هه‌موو ڕه‌وت‌و حزبێك به‌ڵام ده‌بێت هه‌موو لایه‌كیش ڕۆشنبیری‌ رَێكخراوه‌ی‌ پیاده‌ بكات كه‌ پاش ڕاده‌ربڕین‌و گفتوگۆی‌ ته‌واو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان وگۆڕینه‌وه‌ی‌ ڕوانین‌و بۆچوونه‌كان هه‌مولایه‌ك ده‌بێت پابه‌ند بێت به‌ ڕای‌ زۆرینه‌وه‌‌و هه‌موو وه‌ك یه‌ك جه‌سته‌ كاری‌ بۆ بكه‌ن ئه‌مه‌ش فه‌لسه‌فه‌‌و بناغه‌ی‌ كاری‌ كۆمه‌ڵكارییه‌ له‌ ئیسلامدا، نه‌ك كۆتكردن وبێده‌نگكردن.

زه‌ڵمی‌: ئه‌زموونی‌ بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌كاندا له‌ جیهاندا كه‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنیان كردووه‌، به‌ قازانجیان شكاوه‌ته‌وه‌ یان زه‌ره‌ریان لێكردووه‌؟
ئارام قادر: قازانج‌و زه‌ره‌ر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر چۆنیه‌تی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رئه‌نجامه‌كاندا هه‌موو بزوتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌كان به‌شێوازیك سودمه‌ند بوون و قازانجیان كردووه‌ له‌ به‌شداری‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا‌و به‌ قازانج گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كاری‌ ئیسلامی‌ و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌یان، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك شوێنیش بێ‌ زیان نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ به‌شێوازیكی‌ كرداری‌ په‌یامی‌ ئیسلامی‌ پیاده‌ بكه‌ن‌و زۆرجاریش لادان‌و ترازان ڕوویداوه‌ بۆ نمونه‌ له‌ سودان، به‌ڵام هه‌ندێك رووداو روویانداوه‌ تاوانی‌ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و حزبانه‌ به‌شداریان كردووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڵكو ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ تاوانبارن كه‌ بانگه‌شه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و دیموكراسی‌‌و ئازادی‌ ده‌كه‌ن به‌ڵام به‌ شێویه‌كی‌ كرده‌یی‌ پیاده‌ی‌ دروشم‌و به‌رنامه‌كانیان ناكه‌ن،
بۆ نمونه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس له‌ فه‌له‌ستین پاش هه‌ڵبژاردن توشی‌ قه‌یران‌و كێشه‌ی‌ زۆرهات‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ جه‌زائیری‌ توشی‌ شسكت‌و نسكۆ هات به‌ڵام ئه‌مانه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ به‌شدارییان له‌هه‌ڵبژاردن كردووه‌ به‌ڵكو له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ ئه‌و لایه‌ن‌و حزب‌و ڕه‌وتانه‌ی‌ پێشتر دروشمی‌ دیموكراسی‌‌و ئازادی‌‌و مافی‌ مرۆڤ‌و یاساخوازییان به‌رزكردوبویه‌وه‌ هه‌ستان به‌ زینده‌ به‌چاڵكردنی‌ سیسته‌می‌ دیموكراسی‌‌و ئازادی‌ ڕاده‌ربرین، ئه‌و لایه‌نه‌ ئیسلامیانه‌ی‌ زۆرینه‌یان هێناوه‌ به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌یه‌كدا كردووه‌ كه‌ عه‌لمانی‌ ونه‌ته‌وه‌ییه‌كان شانازی‌ پیوه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سیسته‌می‌ دیموكراسی‌‌و فره‌لایه‌نیه‌، به‌ڵام به‌م هه‌ڵویستانه‌یان عه‌لمانیه‌كانی‌ ئه‌و ولاتانه‌ دیموكراسی‌ وفره‌لایه‌نیان خسته‌ ژیر پرسیاره‌وه‌ ؟!

زه‌ڵمی‌: بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆرینه‌ی‌ موسوڵمانانی‌ كوردستان لیستی‌ چوار حزبه‌كه‌یان پێ ڕه‌فزه‌‌و ده‌نگ ده‌ده‌نه‌ لیسته‌كه‌ی‌ ئه‌وان، ئه‌مه‌ تا چه‌ند ڕاسته‌؟
ئارام قادر: ئه‌وه‌ سروشتی‌ هه‌ڵبژاردن‌و ململانێی‌ سیاسیه‌‌و بۆیه‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت كه‌ بێگۆمان كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێك لیستی‌ هاوپه‌یمانیان پێ‌ قه‌بووڵ نیه‌‌و هه‌ندێك لیستی‌ چوار حزبه‌یه‌كان به‌لاوه‌ چاك نیه‌‌و هه‌ندێك ئومێدی‌ به‌ لیستی‌ گۆڕان نیه‌‌و ئه‌سڵه‌ن هه‌ندێك هه‌ر ئاماده‌ نیه‌ بڕواته‌وه‌ به‌رده‌م سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان، ئه‌وه‌ دیارده‌یه‌كی‌ سروشتیه‌ به‌ڵام هه‌ر كه‌سیك ئاوێته‌ بووبێت به‌ كاری‌ سیاسی‌‌و ڕێكخراوه‌یی‌ له‌ كوردستان ده‌زانێت لیستی‌ خزمه‌تگوزاری‌ وچاكسازی‌ قورسایی‌‌و پانتاییه‌كی‌ به‌رچاوی‌ جه‌ماوه‌ری‌ هه‌یه‌و سه‌نگ‌و بوونی‌ سیاسی‌ ئه‌و لیسته‌ش كه‌س ناتوانیت له‌به‌ر چاوی‌ نه‌گریت پاشان له‌ ڕۆزنامه‌ی‌ (الحیاه‌)ی‌ له‌نده‌نی‌ راپرسیه‌ك كراوه‌‌و بڵاویش كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هیزترین لیست پاش لیستی‌ كوردستانی‌، لیستی‌ خزمه‌تگوزاری‌ وچاكسازییه‌ .

زه‌ڵمی‌: ئایا بۆ ئه‌وه‌ی‌ ڕێگری‌ له‌ ته‌زویر‌و ساخته‌كاری‌ بكرێت، لیستی‌ چوار حزبه‌كه‌ چی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ ببێت باشه‌، هاوكاری‌ له‌ گه‌ڵ لیستی‌ (گۆڕان)ی‌ نه‌وشیروان موسته‌فا ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ به‌هێزتر ناكات؟
ئارام قادر: هه‌موو لیسته‌كان نوێنه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان‌و ڕێكخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌كانیش چاودێر داده‌نین بۆ ئاگاداربوون له‌ ڕه‌وتی‌ پڕۆسه‌كه‌و ڕیكَخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش چاودێری‌ خۆیان هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ساخته‌كاری‌‌و كاری‌ نایاسایی‌ هه‌رده‌كرێت چونكه‌ ئه‌ودیارده‌ دزێوانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕاده‌ی‌ هۆشیاری‌ سیاسی‌ حزب‌و لایه‌نه‌كانه‌وه‌‌و به‌نده‌ به‌ ئاستی‌ ڕۆشنبیری‌ خه‌ڵك‌و هاوڵاتیانه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ تا ئیستا نه‌توانراوه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكریت چۆن بتوانبن ململانێیه‌كی‌ سیاسی‌ ئازاد بكه‌ین چۆن مونافه‌سه‌ی‌ یه‌كتر بكه‌ین، به‌ڵام بێ‌ په‌نابردنه‌ به‌ر توندوتیژی‌‌و كوشتن‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ نانبڕین‌و ده‌ركردن له‌ وه‌زیفه‌، ساخته‌كاری‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پیشوو له‌ كوردستان ناوی‌ كوردستانی‌ له‌كه‌دار كردوه‌ له‌ توانای‌ به‌ریوه‌بردنی‌ سیسته‌می‌ دیموكراسی‌‌و بێگومان ئه‌م جاره‌ش گه‌ر په‌نا ببریته‌وه‌ بۆ كاره‌ نادروست ونایاسایه‌كان زیانیكی‌ زۆر ده‌گه‌یه‌نیت به‌ ناوبانگی‌ كورد‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و ئه‌وه‌ش هه‌موو لایه‌ك لی‌ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین.

زه‌ڵمی‌: چی‌ هۆكارێك پاڵنه‌ری‌ هاوڵاتیان ده‌بێـت بۆ ده‌نگدان به‌ (لیستی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و چاكسازی‌)؟
ئارام قادر: هه‌موو هۆكاره‌كان كۆكراوه‌ته‌وه‌ له‌ (لیستی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و چاكسازی‌) دا كه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌نگ بده‌نه‌ ئه‌و لیسته‌ چونكه‌ له‌و لیسته‌دا نوێنه‌ری‌ پیشمه‌رگه‌ی‌ دێرین‌و كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌‌و خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌‌و خه‌باتی‌ شاخ‌و نوێنه‌ری‌ لاوان‌و ئافره‌تان‌و خاوه‌ن بڕوانامه‌‌و هه‌ڵگری‌ بیری‌ ئیسلامی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كۆكردوه‌ته‌وه‌، واته‌ ئه‌م لیسته‌ خواست‌و ڕه‌نگ‌و شیوه‌كانی‌ كوردستانی‌ تیدا كۆبوته‌وه‌‌و پاشان هه‌ر چوارحزبه‌كه‌ ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه‌ حزب‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ ئایدیا و بۆچوونی‌ جیاواز ده‌واتنن به‌ یه‌كه‌وه‌ خه‌بات بكه‌ن‌و له‌ پرۆسه‌یه‌كدا كار بۆ گه‌لی‌ كورد ئه‌نجام بده‌ن.

زه‌ڵمی‌: ئێوه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی‌ گۆڕان ئه‌كه‌ن، میكانیزی‌ گۆڕینی‌ عه‌قڵیه‌ت ده‌خه‌نه‌ ڕێ‌ یان گۆڕینی‌ ده‌موچاوه‌كان؟
ئه‌مه‌ چه‌نده‌ به‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی‌ خولی‌ داهاتووی‌ لیسته‌كه‌تاندا ئه‌شكێته‌وه‌؟
ئارام قادر: هه‌ردووكیان،چونكه‌ ئێمه‌ پویستمان به‌ گۆڕینی‌ ده‌موچاوه‌كان‌و ئه‌ندامانیش هه‌یه‌ و ده‌بێت بكرێته‌ سیسته‌میك له‌ كارمان چونكه‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ ڕۆژهه‌لاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و وڵاته‌ ئیسلامییه‌كان گیرۆده‌بوون به‌ سیسته‌می‌ قۆرخایه‌تی‌‌و ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و كۆنترۆڵكردنی‌ پێگه‌كان له‌ لایه‌ن تاكێكه‌وه‌ یان بنه‌ماڵه‌یكه‌وه‌ یان هاوپه‌یمانیه‌تێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش توانا و یه‌كریزی‌‌و پێكه‌وه‌ بوونی‌ گه‌ل له‌ناو ده‌بات‌و پێویسته‌ گۆڕانگاری‌ هه‌بێت له‌ ئه‌ندامان‌و ده‌سه‌ڵاتداران‌و هه‌روه‌ها گۆڕینی‌ عه‌قڵه‌كانیش زه‌روره‌تێكی‌ ژیانی‌ ئه‌مرۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین بگه‌ینه‌ ئاستی‌ وڵاتانی‌ جیهان‌و گه‌لی‌ كورد له‌ قه‌یرانی‌ و نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزرای‌ ڕزگار بكه‌ین چونكه‌ له‌ ڕاستیدا بیانوو هێنانه‌وه‌ به‌ ساوایه‌تی‌ ئه‌زمونه‌كه‌مان به‌ سه‌رچووه‌‌و پێوسته‌ به‌ كرداری‌ ڕوبه‌ڕووی‌ قه‌یرانه‌كان ببینه‌وه‌ ئه‌وه‌ش پێوستی‌ به‌ گۆرینی‌ عه‌قڵ‌و بیركردنه‌وه‌‌و وپلانه‌كان هه‌یه‌.

تێبینی‌: ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ژماره‌ (79) ی‌ به‌رواری‌ (25-5-2009) له‌ رۆژنامه‌ی‌ ستانده‌ردا بڵاو بووته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە