فێندەمێنتاڵیزمى بنەماڵە
Tuesday, 29/06/2010, 12:00
فێندەمێنتاڵیزمى بنەماڵە لەوكاتەوە دەست پێ دەكات كە تاكەكانى ناو بنەماڵەیەكى دیاری كراو پێیان وایە كە مێژوو لەوانەوە دەست پێ دەكات و دەشبێت لەواندا كۆتایی پێ بێت، جگەلەمەش هەوڵدان تا ئاستى بەرقەرار بوونى توندوتیژی بێ سنور بۆ پاراستنى بنەماڵە و پیرۆزیەكانى دەرئەنجامى ئەو هەستە نەخۆشەیانە كە وادەزانن زەمەن شتێكە ئەبێت بنەماڵەیەكى موعەیەن لە هەرێمێكى سنورداردا بەڕێی بكات و تەواوى ڕامیاری و ئابووری و كەلتور و تەنانەت هونەر و ئیدی لە بنەماوە تا ستراتیژ و بەرنامەى كار و ئامانج، ئەمانە هەموویان شتانێكن كە لەدەرەوەى دەسەڵاتى بنەماڵە نین و بەشێكن لە حكومكردنە رەهاو تەقلیدیەكانى خۆیان و تا دەگەنە ئەو ئاستەى كە هەموو بڕیار دان و هەموو جیهەت و دەم وچاوە باڵاكان لەناو ماڵێكدا یان لەناو خێزانۆچكەیەكدا كۆدەكەنەوە و پاشان فێندەمێنتاڵیزمى بنەماڵەیی بەرهەم دەهێنن و لە پێناو پاراستنیشیدا هەموو جەنگێك دەكەن. ئەم دیاردەیە بەشێوەیەكى ڕوون و ئاشكرا لە هەرێمى كوردستانى عێراق بینرا و هەردوو حیزبی (پارتى دیموكراتى كوردستان یەكێتى نیشتیمانى كوردستان) تەمسیلی دیاردەكەیان كرد و تەنانەت لە پێناو مانەوەشیاندا شەڕی ناوخۆى نەتەوەیی سەری هەڵدا كە دەیان هەزار قوربانى لێكەوتەوە و ئەوەش نمونەیەكى گەورەى فێندەمێنتالیزمى بنەماڵەیی بوو كە لەناو دیاردەى شۆڕشی كوردیدا بەدی كرا.
مێژووى سەرهەڵدانى فێندەمێنتاڵیزمى بنەماڵە
فێندەمێنتاڵیزمى بنەماڵە دیاردەیەكى ناوچەیی كورد كردى هەنوكەیی ترسناكە كە بەم دوواییە و لە سەرەتاكانى هەڵگیرسانى شۆڕشی ئەیلولەوە بە تووندى سەری هەڵداوە و قۆناغی دەسەڵاتگەری میرنیشینەكانى گەیاندە قۆناغی دەسەڵاتگەریی بنەماڵە و بەمەش فەلسەفەی "دەسەڵاتگەرای كوردى" بۆ چەندین قۆناغ بردە دواوە و ئاستی برەودان بە خود موختاری نەتەوەیی و داهێنان لە ناو ئەزموونى بەڕێوەبردنى دەسەڵاتى كوردیدا كەوتەوە ژێر خاڵی سفر و سیستەمی دەسەڵاتگەریی كوردیی، لە ئاستى نمونەى دەسەڵاتە هاوچەرخەكانى دوونیادا تەواو بە پێچەوانەوە سوڕاند.
فێندەمێنتاڵیزمى بنەماڵە، یان بە مانایەكى تر كەسایەتیە لە خۆ باییەكانى ناو بنەماڵەیەكى دیاری كراو دەبنە هۆی برەودانێكى زۆر نائاسایی بە توندوتیژی هەمەجۆرە لە پێناوی زیاتر پیرۆز ڕاگرتنى بنەماڵەكە و ئامانجیش لەمە تەنها پاراستنى بنەماڵەى خاوەن دەسەڵاتە لە ڕووبەڕووبوونەوە و پرسیاری ئەزەلی لێكردن.
بۆ ئەوەى بتوانین دەستپێكی ئەم دیاردەیە دەستنیشان بكەین ئەوا دەبێت لە شۆڕشی ئەیلولەوە دەست پێ بكەین. بێگومان شوڕشی ئەیلول جگە لەوەى كە بووە كاریسەیەكى گەورە و جەرگ بڕ لە مێژووى ئازادی خواى میللەتى كورددا هیچی تری بەرهەم نەهێنا جگە لە داڕمانێكى گەورەى مرۆیی و مادیی و دەروونى، كە تیایداچەندین ڕۆڵەى كورد لەسەر دەستى كۆمەڵێك سەركردەى شۆڕشەكە بوونە قوربانى.
بێگومان نەبوونى عەقڵێكی پڕۆفێشناڵی سیاسی و ستراتیجێكى بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە هۆی ئەوەى شۆڕشەكە كە شۆڕشێكى بنەماڵەیی بوو ببێتە تۆزى دەم با و بەرگەی هیچ هەلومەرجێكى سیاسی و هیچ ئابڵوقەیەكى ئابووری و هیچ تەنگەژەیەكی وارد كە ئەگەری ڕووبەڕوو بوونەوەى هەموو شۆڕشێكە، بگرێت. لێرەوە دیاردەى شۆڕشی كوردى لە بری برەودان بە توانا سیاسیەكانى و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاستێكى فراوانى تێگەیشتن لە سیاسەت و بەرمەجە و كاری دامەزراوەیدا، پەنای بردە بەر دەووڵەتانى دامەزراو و زلهێز و خاوەن سیاسەت، ئەمەش هۆكاری یەكەمی تێوەگلانى سەركردایەتى شۆڕشە كوردیەكانە لە بوونە پیاو یان داردەستى دەوڵەتانى دیكە و هەر ئەمەش خاڵی سلبى و دەردی بێ چارەسەری سیاسەتى كوردییە كە بەرهەمى دەسەڵاتى فێندەمێنتاڵیزمى بنەماڵەیە.
دواى ئەوەى شۆڕشی ئەیلول هەرەسی هێنا (ئاشبەتاڵ) دیاردەیەكى تر سەرى هەڵدا كە ناوى خۆی نابوو "شۆڕشی نوێی گەلەكەمان" و ئەمەش جۆرێكى تربوو لە نمایش كردنى توندوتیژی بنەماڵەیی و هەوڵدان بۆ گرتنە دەسەڵاتێكى فراوانى بنەماڵەیی بە بەرگ و ئەدایەكى دیموكراس خوازانەى چەپڕەوانە كە تەنها جیاوازیەكى لەگەڵ شۆڕشی ئەیلولدا ئەوەبوو كە بەخت یاوەری بوو وە كات لەبەرژەوەندى ئەم دیاردەیە بەڕێكەوت.
ئاستی بینینی سیاسی و ئابووری لەناو دامەزراوەى ژێر دەسەڵاتى فێندەمێنتاڵیزمی بنەماڵەدا
كێشەی سەرەكى ئەوەیە جیاوازى لە نوقاتەكانى فێندەمێنتاڵیزمە هەمە جۆرەكاندا نیە، هەموو دەمووچاوە فێندەمێنتاڵیستەكان بە یەك شێوە بیردەكەنەوە و بە یەك جۆر دەبینن، تەنها لەوەدا جودان كە هەریەكەیان لە پێناو بەرژەوەندى خۆیدا كە بەرژەوەندى گەورەى فێندەمێنتاڵیزمەكەیە، بیردەكەنەوە.
لەناو دیاردەى فێندەمێنتاڵیزمى بنەماڵەدا هەموو دەبێت وەك سەرۆك وەك جەنابی والی وەك فەخامەتى سەیدەلعوزما بیر بكەنەوە و وەك ئەو ببینن و لە لوتى ئەوەوە بۆنى شتەكان بكەن و نابێت هیچ جیاوازیەك لە ئەدای بیركردنەوە و بڕیارداندا هەبێت كە ئەمە پێش هەر شتێك خاڵی یەكەمى دەستپێكردنە بۆ بەرەو دواوە ڕۆشتنەوە و ئیفلج كردنى هەموو پێشكەوتنە ئیداریی و ئیكۆنۆمى و رامیاریەكانە، كە لێرەوە ئیدى سیستەمێكى ئیداری لاواز كاری پێدەكرێت و بەئاسانى هەمەچەشنەى ڤایرۆس بەناو دامەزراوەكانى ژێر فەرمانڕەوایی بنەماڵەكە بڵاو دەبێتەوە و چێژی دەسەڵات و رەهاكاری بوار بۆ دەست هەڵگرتن لە فێندەمێنتاڵیزمى بنەماڵە نارەخسێنێت و بە هەر نرخێك بووە هەمیشە دەسەڵات وویستراوى یەكەمى كادیر و تاكەكانى ناو بنەماڵەكەیە.
بێگومان هەندێك لە میللەتانى دونیاش دووچاری فێندەمێنتاڵیزمى بنەماڵەیی بوونەتەوە و كات و ماوەیەكیان وویستووەتا توانیویانە بە هاوكاری بنەماڵەى خاوەن مێژوو مێژوو و ئێستا و ئایندە بهێننەوە ناو ڕیزەكانى نەتەوە و بە هەموویان پارێزگاری لێبكەن و دەسەڵات لە توندوتیژ و دەمارگیری بگوێزنەوە سەر شەقامى نەتەوەیی، بەڵام بۆ ئێمەی كورد رەنگە پێویست نەكات ئەو ماوە زۆر و دوور و درێژە چاوەڕێ ببین و قوربانى بدەین ، بەڵكو پێویستە بە ئەزموون وەرگرتن لە مێژوو هەوڵ بدەین لە ڕێگەى تاكە تێگەیشتوو و نوێ خوازەكانى ناو بنەماڵەكانەوە دەسەڵات بگوازینەوە دەرەوەى سنورێكى بچوكى خێزانى و بنەماڵەیی و شانازیە وەهمیەكان واز لێبێنین و مێژوو و كەلتور و سیاسەت و فەرهەنگ دابەشبكەینەوە بەسەر تەواوى چین و توێژەكانى كۆمەڵدا و لە بری پاراستنى بەزۆر پیرۆزكراوى شتێكى بچوك بیر لە پاراستنى شتگەلێكى تر بكەینەوە كە ئێستا كوالێتى سیاسەتى هاوچەرخ دەستنیشان دەكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست