کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناسكە ئەتو لە كێی؟ تەعلیقى خەڵك ناسكەخانى تۆراند، یان رەجەب تووشى كێشەى كرد؟

Monday, 15/03/2010, 12:00


هەولێر
لەهەر هونەرمەندێكمان دەپرسى ناسكە لە كوێیە؟ دەیانگوت: لە دەرەوەى وڵاتە. دواى پرس و گەڕانێكى زۆر، ئەومان لە قوتابخانەیەكى شارى هەولێر دۆزیەوە، كە خەریكی وانەگوتنەوە بوو، سەرەتا رازى نەبوو، بە یەك وشە قسە بۆ راگەیاندن بكا، دواى موناقەشەیەكى زۆر خاتوو ناسكە بە(سڤیل)ـى گوت، "دەمێكە دەستم لە شانۆ و تەمسیل هەڵگرتووە، تازە نامەوێ ناوم بگەڕێتەوە ناو شانۆ و راگەیاندن، ئینجا خەڵك، هێشتا تەعلیق و ئازارەكانى پێشووم لەبیر نەكردووە".
ئاواز مەحموودى شانۆكار، كە لە تەمیسلى (هەبوو نەبوو) ناسراوە بە(ناسكە)، لە ساڵى 1963 لە شارى هەولێر لە دایكبووە و ئێستا لە یەكێك لە قوتابخانە سەرەتاییەكانى شارى هەولێر مامۆستایە. ئەو هونەرمەندە، كە بە رۆڵى ناسكە بەشدارى لە تەمسیلى (هەبوو نەبوو) كرد، كە لە ساڵى 1980 لە شارى هەولێر بەرهەمهێنرا، لەوێشەوە ناوى چووە سەر زارى نەوەى هەشتاكان، بە جۆرێك تێیدا سەركەوتوو بوو، كە بە هەموو كچێكی ژیر دەگوترا ناسكە خان. وەك خۆى دەڵێ، "تەمسیلى (هەبوو نەبوو) كە لەلایەن هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمانەوە دەرهێنانى بۆ كرا، یەكەم و دواهەمین كارى تەلەڤزیۆنى من بوو، زۆربەى هونەرمەندە بە تواناكانى شارى هەولێر بەشداریان تێدا كرد، ئێستا هەست بەو خۆشحاڵییە دەكەم، كە دەبینم ئەو تەمسیلە وەك نموونەى كارە جوان و زێڕینەكان ناودەبرێ".
ناسكەخان زۆر بە زوویى دەركەوت و ون بووەوە، وەك ئەوەى تەنیا ویستبێتى تواناى نواندن و بوێرى خۆى لەبەردەم شاشەى كوردى نیشان بدا و بڕواتەوە، بەڵام ئەو ئاماژە بەوە دەدات، دووركەوتنەوەى لە شانۆ هەروا لەخۆڕایى و بێ هۆكارى نەبووە، بێ ئەوەى ئاماژە بە هەموو هۆكارەكان بكا، گوتى "سەرەكیترینیان تەعلیقى دەوروبەرم و خەڵكى شارەكەم بوو، بە جۆرێك بێزاریان كردم، تەنانەت هەندێجار دەمویست بۆ هەر شوێنێك بچم، قیناع بۆ دەموچاوم دابنێم و خەڵك نەمناسێتەوە، ئیتر بەمشێوەیە چۆن دوورنەكەومەوە". ناسكەخان ئێستا دایكى 6 منداڵە و یەكێ لە كچەكانى شووى كردووە، خۆشحاڵە كە دەبینێ رەخنە و تەعلیقەكانى دوێنێى خەڵك ئەمڕۆ بۆ دەستخۆشى و رێزگرتن پێچەوانە بۆتەوە، گوتى "خۆزگە ئەوكات خەڵك لە مەبەستى ئێمە تێدەگەیشت، وەك چۆن ئێستا تێگەیشتوون".
ئەو هونەرمەندەى وەك یەكەمین شانۆكارى ئافرەت لە كوردستان، لەبەردەم كامێرا دەستى پیاوە شانۆكارێكى هاوپیشەى خۆى گرت، كە رەجەب بوو، پێیوایە بەشێكى زۆرى قسە و قسەڵۆكى خەڵك بۆ ئەوە بوو، كە چۆن ئافرەتێكى غەریبە دەستى پیاوێك بگرێ؟ گوتى"كاتێك سەباح عەبدولڕەحمانی دەرهێنەر داواى كرد دەستى رەجەب بگرم، زانیم ئەو دیمەنە بۆ من قورسە و لەوانەیە خەڵك قبووڵى نەكات، بەڵام هونەرمەند (جەودەت)ـى برام، كە پاڵپشتم بوو و پێیگوتم: ئاساییە دەستى رەجەب بگرە، ئەوە تەمسلیە، لەكاتێكدا ئەوەشم دەزانى بۆ رۆژگار و سەردەمێكى وەكو ئەوكات دەبێتە بوێرى". بەڵام دیسان ناسكەى بوێر ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ شانۆ، كارە هونەرییەكانى خۆى وەك یادگارییە شیرینەكانى ژیانى خۆى دەهێڵێتەوە، دەشڵێ "نێوانى من و شانۆ تەواو بووە، باوەڕیش ناكەم ناسكە دووبارە بێتەوە سەر شانۆ". ئەو باس لە(هەبوو نەبوو)ـى 30 ساڵ پێش ئێستا دەكا، كە وەك خۆى ئاماژەى بۆ كرد، ئێستاش لە كاتى بەخشكردنیدا لەگەڵ منداڵەكانى وەك یادگارییەك تاتەواو دەبێت بە دیاریەوە دادەنیشن، ناسكەخان دەشڵێ "لەبەرئەوەى بە تەمەندا چوومە و حیجابیشم كردووە، زۆرجار قوتابییەكانم پێمدەڵێن: مامۆستا ئەگەر تووڕە نەبى، پرسیارێكمان هەیە، تۆ ناسكەى تەمسیلى (هەبوو نەبوو)ـى؟ دەوروبەرم دوودڵن، كە من ناسكەبم".
لەوبارەیەوە هونەرمەند سەعدوون یونس (رەجەب)ـى تەمسیلى (هەبوو نەبوو)، لە لێدوانێكیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكا، ناسكە كچێكى بوێر و زیرەك بوو، پێشیوایە زیرەكى ئەو ئافرەتە واى كرد، بە شێوەیەك ناسكە و رەجەبى لەسەر شانۆ گونجاند، كە خەڵكانێكى زۆر وایاندەزانى ئەوە حەقیقەتە، نەك هەر تەمسیل، گوتى "بەداخەوە لە ئەنجامى ئەو بیركردنەوە تەسكەى كۆمەڵگەى كوردى، نەیانهێشت نە ناسكە و نەچەندین ئافرەتى وەك ئەو بمێننەوە و بزربوون، كە ئەوە پێویستى بە خەباتێك هەبوو، كە لەسەردەمى خۆماندا ئەو خەباتە لەخۆمانەوە دەستمان پێكرد، من خێزانم و منداڵەكانم هێنایە سەر تەختى شانۆ و ناو تەمسیل، خۆشەویستى شانۆ هەمووانى كۆكردبوویەوە، بەداخەوە ئێستا هەرچییەك هەبێ، خۆشەیستى هونەر و میللەت لەناو هونەرمەندەكان نەماوە". رەجەبى (هەبوو نەبوو) دێتەوە سەر باسى ناسكەخان و ئافرەتە هاوشێوەكانى، كە دڵیشى نایەت خێزانەكەى خۆى بە رەحمەتى ناوببات، دەشڵێ "سەمیرەخانى من، كە دڵیشم نایەت بڵێم بەرەحمەت بێ، یەكەم ئافرەتى كورد بوو، كە بە ناونیشانى ئەكتەر لە كوردستان دامەزرا، ئەو ئافرەتانەى وەك سەمیرەخانى من و هاوشێوەكانى ناسكەخان بە ئەخلاق و رەوشتێكى بەرزى هونەرییەوە شۆڕشیان لە شانۆى كوردى دروست كرد. كەچى ئێستا دەبینین زۆر ئافرەت هەیە، دێتە ناو تەلەڤزیۆن و تەمسیل دەكا، بەڵام ئایا جێگاى رێزلێنانیانە یان جێگاى گاڵتە پێكردنیانە؟! ئێمە بە شێوەیەك تەمسیلى (هەبوو نەبوو)ـمان دەكرد، تەنانەت قاسم محەمەد كە نووسەرى بەرهەمەكە بوو، لە سیمینارێكى بەغدا گوتى: ئەو هونەرمەندانە لە خەیاڵى من تەجاوزیان كرد و زیاتر تێپەڕین".
سەبارەت بەو دیمەنەش كە ناسكەخان دەستى رەجەب دەگرێ و بەیەكەوە دەچنە كەلاوەكەیانەوە، رەجەب دەڵێ "ئیحراجترین دیمەن لاى ناسكە ئەوە بوو، كاتێك ناسكەخان دەستى گرتم و گوتم: ئەى.. دەڵێ چییە؟ منیش دەڵێم نەرمۆكە و گەرمۆكەیە. ئەو دەڵێ چى؟ منیش دەڵێم دەستت دەستت. ئەو دیمەنە زۆر زوو چووە ناو خەڵك و كەوتە سەرشەقام، یەك دەستى یەكێكى دەگرت و دەیگوت ئاى نەرمۆكە و گەرمۆكەیە، رەجەب لە كوێى. بە هەڵە لەو دیمەنە تێیگەیشتن، كە ئێمە مەبەستمان جنس نەبوو، بەڵكو لەرووى خۆشەویستى و دەستبەرداهێنان بوو، بەداخەوە هەر لەبەرئەوەش ئاوازخان بەر تەعلیقى خەڵك كەوت و تۆراندیان".
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە