کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوردستانپۆست ئه‌و چه‌کوش وه‌شێنه‌ی، گوڵ ناکات به‌ ئێخه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا

Friday, 14/01/2011, 12:00


ئۆپۆزیسیۆنی راسته‌قینه‌ ده‌بێت دژی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی و تاڵه‌بانی بێت، دروشمی نه‌مانی ئه‌مانه‌ به‌رز بکاته‌وه‌، له‌وه‌ زیاتر هیچ ئۆپۆزیسیۆنێک مانای نییه‌ به‌ گۆڕانیشه‌وه‌.
له‌ کوردستاندا راگه‌یاندنێک نییه‌، پێێ بگووترێت راگه‌یاندنی ئازاد، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئازادیی رێگا‌ پێیدراوه‌ بۆ جوانکردنی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌کان، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ ده‌ستی به‌سه‌ر به‌شێکی باشووری کوردستاندا گرتووه‌ و ناوی هه‌رێمی لێناوه‌، ده‌ڵێت ئه‌و هه‌رێمه‌ ئازاد و دیموکراته‌.
کاتێک ده‌زگای وشه‌ گوڵێکی سوور ده‌کات به‌ ئێخه‌ی باڵای سایته‌که‌یاندا، جگه‌ له‌ گه‌یاندنی په‌یامی راگه‌یاندنێکی دڵخۆشکه‌رانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات، هیچی دیکه‌ نییه‌. ئه‌و گوڵه‌ خه‌ڵاتێکه‌ به‌و خائین و تاوانبارانه‌ی ده‌ده‌ن، تا مانای جوانی بدات به‌و تاوانه‌ مه‌زنانه‌ی رۆژانه‌ به‌رامبه‌ر به‌م گه‌له‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ره‌خنه‌ی نه‌رمیش، بۆنی گوڵێکی جوانه‌ له‌ ده‌میان دێته‌ ده‌رێ، له‌ دۆسته‌وه‌ بۆ ناحه‌ز نییه‌، له‌ دۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌و که‌سه‌یه‌، که‌ وه‌ک دۆست ده‌یه‌وێت بیانهێڵنه‌‌وه‌ و له‌ به‌رچاوی میلله‌ت ونیان نه‌که‌ن. ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت ئه‌وانه‌ نه‌مێنن، چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌  تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌و توانکارانه‌، ته‌نها له‌ زمانی زبر و له‌ گورزی چه‌کووشی ره‌خنه‌ سڵده‌که‌نه‌وه‌، که‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هی ئه‌وه‌یه‌ گوڵی بده‌یتێ!؟
ده‌زگا و رۆژنامه‌ و راگه‌یاندنه‌کانی ناو کوردستان، که‌ ناویان لێنراوه‌ میدیای ئازاد و ئۆپۆزیسیۆن، جگه‌ له‌ میدیایه‌کی رووت له‌وه‌ زیاتر هیچی دیکه‌ نیین، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌،  هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ کراوه‌ی به‌رپرس و لێپرسراوه‌‌کانه‌ که‌ بۆ خۆشیان ده‌په‌یڤن، قسه‌ی خۆشیانه‌ کاتێک ده‌می ناڕه‌زایی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کترده‌که‌نه‌وه‌، ناڕازییبوونی خۆیان به‌ جنێودان ده‌رده‌بڕن، هیچی تێدا ناهێڵنه‌وه‌ تا به‌شی ئێمه‌ بکات  و ره‌خنه‌ی له ‌سه‌ر بگرین. ئه‌وان تێر قسه‌ به‌ خۆیان و به‌ حیزب و هاوڕێکانی خۆیان ده‌ڵێن. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ش ده‌مێنێته‌وه‌ ناوی لێده‌نێن قسه‌ی جنێوفرۆشه‌کان.
کاتێک ره‌خنه‌کانیش ده‌گه‌نه‌ ئاستی وه‌شاندنی چه‌کووش، نه‌ک ده‌سه‌ڵات، به‌ڵکو ده‌زگا زه‌به‌لاح و میدیا ئه‌هلیه‌کانیش ده‌بنه‌ پاڵپشت و به‌رده‌باز بۆ پشتگیری له‌مان، ناهێڵن موویه‌ک له‌ گیانی ده‌سه‌لاتیی پارتیی و یه‌کێتیی بێته‌وه‌.

ده‌ ساڵه‌ نووسه‌رانی کوردستانپۆست بوونه‌ته‌ قوربانیی ئه‌م سیاسه‌ته‌، که‌ راگه‌یاندنه‌کان، نووسه‌ر و روناکبیرانی به‌ناو ئازادیش، ویستوویانه‌ کوردستانپۆست بۆ ده‌سه‌ڵات ناشرین بکه‌ن. ئه‌و کوردستانپۆسته‌ی، که‌ یه‌که‌م راگه‌یاندنی کوردییه‌، مێژوویه‌کی پڕ له‌ شانازیی دروست کردووه‌، ده‌کرێت بگووترێ هه‌ندێک جار له‌ ئه‌ته‌کێتیی راگه‌یاندن لایداوه‌، لێ ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌و ئازادییه‌ی له‌ رۆژانا‌مه‌نووسان سه‌ندۆته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌شی ناچار کردووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا و رێساکانی راگه‌یاندن کار و به‌و زمانه‌ قسه‌ بکه‌ین، ئه‌وه‌ ئه‌وانن له‌ رێگای سانسۆرکردن و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ی کوردستانپۆست، بۆ نه‌هێشتنی و کپکردنی ده‌نگی ئازاد، وایان کردووه‌ ئێمه‌  هانا بۆ ئه‌و شێوازه‌ نووسین و ده‌ربڕینه‌ ببه‌ین، ئه‌وه‌ ئه‌وانن ده‌یانه‌وێت فیگورێک بۆ نووسه‌رانی خۆیان دروست بکه‌ن، که‌ وه‌ک پاڵه‌وان بیانناسێنن، ئه‌مه‌ وه‌رچه‌رخاندنی ئه‌و مێژووه‌یه‌، که‌ ئه‌وان زۆر له‌وه‌ بچوکترن، تا توانای گۆڕینیان هه‌بێت. شاردنه‌وه‌ی مێژووه‌یه‌ک، وه‌ک داپۆشینی تیشکی خۆره‌ به‌ رووبه‌ندێکی ته‌نک. رووی گه‌شی کوردستانپۆست، به‌و هه‌موو ناته‌واویی و که‌موکوڕیانه‌وه‌، جێگای هیوا و شانازیی خه‌ڵکی کوردستانه‌، ئه‌میش له‌ بڕوابوونی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌یه‌، که‌ له‌ کوردستاندا متمانه‌ به‌م راگه‌یاندنه‌ ده‌که‌ن، ئه‌و هه‌ڵه‌ و که‌موکوڕیانه‌ش له‌ هه‌واڵ و راگه‌یاندنه‌کاندا روو ده‌ده‌ن، ده‌ستکردی ده‌سه‌ڵات و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتن، که‌ ده‌یانه‌وێت هیوای خه‌ڵکی نه‌هێڵن و متمانه‌ که‌م بکه‌نه‌وه‌، گومان بخه‌نه‌ سه‌ر راستیی و دروستی وتار و راگه‌یاندنه‌کانی کوردستانپۆست. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ رووناکبیر و پێشڕه‌و ده‌زانن و له‌ سه‌ر سفره‌ی ده‌سه‌ڵات نان ده‌خۆن، ئه‌وانه‌ له‌ نێو فارغۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌رێکدان، که‌ بارزانیی و تاڵه‌بانی له‌ ئارامگه‌ی خۆیان ده‌یانگیرسێنێته‌وه‌. هه‌رگیز له‌و ویستگه‌یه‌ دایاننابه‌زێنن، که‌ خه‌ڵکی لێی وه‌ستاون، ئه‌و ویستگه‌یه‌ که‌سانێک لێی وه‌ستاون زه‌ویی و خانوویان پێنادرێت، مووچه‌ و پاره‌ی خانه‌نشینی وه‌رناگرن، ئه‌وانه‌ن، که‌ خواردن و ده‌رمانی ئێکسپایه‌ن ده‌کرێت به‌ قوڕگیاندا، پارووی ئاره‌قی نێوچه‌وانیان ده‌خۆن، بۆ خۆشیان پارووی ئاره‌قی شه‌رمه‌زاریی ده‌که‌ن به‌ قوڕگی وشه‌کانیاندا.
کام له‌ نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ی کوردستان وه‌ک ئه‌و خه‌ڵکه‌ رۆژانه‌ ژیانی خۆی ده‌گوزه‌رێنێت؟ ئه‌گه‌ر هه‌شبن ژماره‌یان که‌مه‌، ژماره‌ زۆره‌کانیش ئه‌وانه‌ن که‌ زمانیان درێژه‌، لێ له‌ ئازاری ئه‌وانه‌ ده‌دوێن، که ‌له‌لایان ناوه‌ستن، له‌ شوێنێکه‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ن، هه‌مووی ریایی و درۆکردن و خۆده‌رخستنه‌.

له‌ کوردستاندا میدیای ئازاد نییه‌. کاتێک کوردستانپۆست پێش ده‌سه‌ڵ به‌ چه‌کووشی ره‌خنه‌ بتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی تێک ده‌شکاند و گومانی خستبووه‌ سه‌ر دڵسۆزیی و بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و برایم ئه‌حمه‌د مێژووه‌که‌یانیی خستبووه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، هیچ کام له‌م رووناکبیر و رۆژنامه‌نووس و به‌ناو نووسه‌رانه‌، به‌وانه‌یش که‌ به‌ گردی گۆڕاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن، له‌به‌ر ده‌م ئه‌و په‌یکه‌ره‌ داتاشراوانه‌ی بنه‌ماڵه‌کاندا ده‌نووشتانه‌وه‌ و نووسه‌رانی کوردستانپۆستیان به‌ جنێوفرۆش له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا. ئه‌مڕۆ خۆیان، دژی ده‌سه‌ڵات قسه‌ ده‌که‌ن و ده‌نووسن، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن  ته‌نها دووباره‌کردنه‌وه‌ی قسه‌ و گووتاره‌کانی نووسه‌رانی کوردستانپۆسته‌، ته‌نها جیاوازییه‌ک هه‌بێت، ئه‌وه‌ی دوێنێ جنیو بوو، لێ ئه‌مڕۆش ئه‌و قسانه‌ فه‌لسه‌فه‌ و بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ و داهێنانی ئه‌مانه‌، که‌ رووتووشی ده‌که‌ن و به‌ شێوازێکی نوێ ده‌یخه‌نه‌ نێو بازاڕی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌.

ده‌زگای وشه‌ و که‌ناڵی که‌ی ئێن ئێن، کاتێک هه‌ڤپه‌یڤین و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ که‌سانی وه‌ک ره‌فیق سابیر، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، مه‌هاباد قه‌ره‌داغی و ده‌یان نووسه‌ری رووی گه‌شاوه‌ی ده‌سه‌لاتدا ده‌کات، مزگێنی ئه‌وه‌مان پیده‌ده‌ن، که‌ هیچ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌مانیشدا نییه‌، هاکا یه‌کتیی بوو به‌گۆران ، یان گۆڕان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ نێو یه‌کێتی، له‌ هه‌مووی سامناکتر په‌یامێکی شاره‌وه‌شمان پێڕاده‌گه‌یه‌نن، که‌ ئه‌مانیش له‌ رێگای کورسیی په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ به‌ به‌شێک له‌ ده‌سه‌ڵات. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ خه‌ڵکی کوردستان لێی نارازییه‌ و گۆڕانیش له‌ نیو ره‌حمی ئه‌و ناڕازییبوونه‌دا چاوی خۆی تروکاندووه‌. ئۆپۆزیسیۆنی راسته‌قینه‌ ده‌بێت دژی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی بێت و دروشمی نه‌مانی ئه‌مانه‌ به‌رزبکاته‌وه‌، له‌وه‌ زیاتر هیچ ئۆپۆزیسیۆنێک مانای نییه‌ به‌ گۆڕانیشه‌وه‌.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە