هه‌ر جاره‌ی به ناوێکه‌وه بازرگانی به خوێنی کوردەوە ده‌که‌ن
Friday, 04/07/2014, 12:00
1586 بینراوە
لە نووسینێکدا دکتۆر هه‌ژار مەعروف بەناونیشانی
(لەم ئاگربارانە بۆچی شەقامی کوردی بەنزینی دەوێت، نەک دەوڵەت) کە لە کوردستانپۆستدا بڵاوی کردۆتەوە، بووچون و قسەکانی سەرنجی راکێشام، خۆم نەگرت بە پێویستمزانی وەڵامێکی کورتی ئەم بەڕێزە بدەمەوە، هیوادارم کوردستانپۆست بەبێ سانسۆر بڵاوی بکاتەوە.
دکتۆر هەژار مەعروف پزیشکی دەرونناسییە، لە سلێمانی دادەنیشت کاندیدی گۆڕان بوو بۆ پەرلەمانی کوردستان، لە هەڵبژاردنەکاندا دەرنەچوو! هەڵبەت بۆ خۆی کێشەی مووچە و پارە و هیچ شتێکی نییە وەک ئەو فەرمانبەرانەی کە ماوەی سێ چوار مانگە موچەیان وەرنەگرتووە، هەروەها لەو کەسانەشە پێویستی بەوە نییە چەند کاتژمێرێک، یان رۆژێک بچێتە سەرەی بەنزین وەرگرتنەوە، وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی هەر کێشەیەکی تریشی هەبێت، وەک لە ناوەرۆکی نووسینەکەیدا دەردەکەوێت دیارە بەپێی پایە و پێگەی حیزبی و سیاسیی بۆی چارەسەر کراوە! ئەم بەڕێزە به ده‌م بای شوێنی تازه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه ده‌نووسێت که پێشمه‌رگه که‌رکوک و ناوچه کوردستانییه‌کانی ئازاد کردووه.
سه‌یره دکتۆرێک و به حساب که‌سێک، که ده‌یویست بیگۆڕیت ئاوا خۆی بخه‌ڵه‌تێنێت. خۆ نێچیروان بارزانی خۆی گوتی ئێمه چووینه‌ته ئه‌و ناوچانه بۆ پارێزگاری خه‌ڵک، که سوپای عیراق به جێی هێشتووه. ئه‌گه‌ر مەسەلە ئازادکردنی ئەو ناوچانە بوایە، کە پارتی و یەکێتی وازیان لێهێناوە و مادەی 140یان بۆ دروستکردووە، ده‌بوو زووتر رووی بدایه، نەک لە دوای پەیدابوونی داعیشەوە ئەمە بکرایە! ئەگەر وا نییە ئەی باشە بۆ پیش‌تر ئه‌م ئازادکردنه رووی نه‌دا!؟
کاک هه‌ژار. ....
که‌رکوک و ئه‌و ناوچانه، پارتی و یەکێتی، هەروەها رابەری بزووتنەوە و حیزبه‌که‌ی تۆ ئه‌و ناوچانه‌یان بۆ عیراق جێ هێشتبوو. ئیتر کام ئازاد کردن برام؟
دکتۆر هه‌ژار هه‌روه‌ها ده‌نوسێت:
(سەرۆکی هەرێم ناڕاستەوخۆ داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات داوای دەوڵەتی کوردی بکەن، بەڵام کەس گوێی لێناگرێ ! شەقامی کوردی لە هەرێمی کوردستان کپ و کاسە و نەک هەر پشتگیریەکی ڕاستەقینە و هەمەلایەنەی بەرەکانی شەڕ ناکات، بەڵکو زۆر توڕە و توندوتیژانە خۆپیشاندان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە سەر ئەوەی بەنزین کەمبۆتەوە و گرانبووە یان موچە درەنگ دەدرێ.)
کاک هه‌ژار تا دوێنێ بوو خۆی و گۆڕانه‌که‌ی، که ئێستا ئه‌میش به پایه و نه‌وت شاد بووه، درۆ و دزییه‌کانی ئه‌م سه‌رۆک و مهرۆکانهی باس ده‌کرد، که‌چی ئێستا گله‌یی ئه‌وه ده‌کات، که‌س گوێ لەو سەرۆکە ناگرێت. گله‌یی له شه‌قام ده‌کات، که به‌ده‌م درۆی ئەم سەرۆکەوە ناچن و ئیتر که‌س به زوڕنا و ره‌خنه‌ی درۆ و فێڵ و ته‌ڵه‌ی گۆڕانه‌وه نابن.
برام... که‌ی مه‌سه‌له به‌نزینه!؟ تۆ ده‌ته‌وێت هه‌ر کاتێک ئەم حیزب و بزووتنەوەیە ته‌پڵی درۆ و ده‌له‌سه‌یان لێدا، ئیتر خه‌ڵکی بڕوایان پێبکاته‌وه؟ ئه‌وانه مافیا و کوردستان وێرانکه‌ر و تاڵانچین! ئافه‌رم بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی به ده‌نگیانه‌وه ناچن، رەحمەت لە بابی ئەوانەی گوێیان لێناگرن و هەڵوێستیان لێوەرگرتوون! بەڕاستی من دڵم خۆشە کە دەبینم خەڵکەکە وا خەریکن لێیان تێدەگەن! جا ئەگەر ئەم کاک هه‌ژارە بۆ خۆی ئه‌وه‌نده به پەرۆشه با ده‌ست بکات به ئاماده‌کردنی لیستی خۆبه‌ختکه‌ران، با له خاوه‌ن کۆشک و قومارچییه‌کان و خاوه‌ن گرد و کارگه‌کانه‌وه ده‌ست پێ‌بکات، بۆچی بە تەنها رووی دەمی دەکاتە ئەو هەژارانەی، کە مووچەیان پێنەدراوە، یان کێشەی نەوت و بەنزینیان هەیە!؟
کاک هه‌ژار ده‌نووسێت:
"وادیارە ئێمە بیرمانچۆتەوە، کە هێشتا لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیداین، کە هێشتا برینەکانی ئەنفال و کیمیابارانی گەلەکەمان ساڕ‌ێژ نەبووە و مەترسیی دووبارەبونەوەیان لەم (بەربەرستان)ەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا ماوە و دیارە."
لێرەدا ئێمه ده‌مانه‌وێت له کاک هه‌ژار بپرسین: ئه‌رێ ئه‌وه به‌راستته باسی قۆناغی رزگاریی نیشتیمانی ده‌که‌یت؟ یان له راستییدا ده‌ته‌وێت باسی قۆناغی دزیی و خیانه‌تی حیزبه‌کان بکه‌یت، که هێشتا له سه‌ره‌تادایه.!؟ ئه‌وه سه‌رکرده‌کانی تۆن، پارێزه‌ری بکوژه‌کانی ئه‌نفالن، له‌م رۆژانه‌دا یه‌کێک له‌و به‌عسیانه (ماهیر عەبدولرەشید) له سلێمانی مرد، کە خەزوری قوسەی کوڕی سەددام بوو، ئەنفالی کوردی کردبوو! من دەڵێم لە راستییدا هه‌ر که‌سێک بۆ نیشتیمان هه‌وڵ بدات پیویسته له پێشدا رووی تفه‌نگ بکاته ئەم خائینه کوردانە، کە داڵدەی داگیرکەر و دوژمنانی کورد دەدەن، جاشێتی بۆ وڵاتان ده‌که‌ن و ناوی ده‌نێن ده‌وڵه‌تی کوردیی.
تکایه رووی ده‌مت بکه‌ره ئه‌و که‌سانه‌ی پاره‌ی گه‌لیان دزیوه و هێندە خه‌ڵک به گه‌وج مه‌زانن. سه‌رانی پارته‌کان هه‌میشه له‌گه‌ل جاش و ئه‌نفالچیی و داعیش و به‌عسیدا هاوکار بوون، ئه‌وان هه‌ر دژی کورد و مرۆڤی نیشتیمانپه‌روه‌ر بوون.
دکتۆر هه‌ژار ده‌نووسێت:
(لەم قۆناغە ناسک و مێژوییەدا داوا لە کۆمەڵانی خەڵک دەکەم بە شێوەیەکی کاتی بەلای کەمەوە وازلە خۆپیشاندان و ڕێگەگرتن بهێنن و ئارامی و پەروایان هەبێت و لە کەمی بەنزین و دواکەوتنی موچە دانبەخۆیاندا بگرن و پشتگیری تەواو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن. هەمو لە دایکبونێکی مەزن قوربانی و ئێش و ئازاری قوڵی دەوێت.)
هه‌موو مێژووی کورد پڕ بوه له قۆناغی ناسک. کاک هه‌ژار لای خۆیه‌وه وامان پیشان ئه‌دات، گوایە حکومه‌تی کوردیی ژان گرتبێتی و ئه‌م جاره ده‌وڵه‌تێکی خنجیلانە و جوانی له تورک دەبێت. ئەی ئه‌م هه‌موو ساڵه، که دزیی تیاکراوه قۆناغی چی بووه؟ وا دیاره. کاک هەژار ... حکومه‌تی هه‌رێم که خه‌ریکی نه‌وت فرۆشتنه بۆ تورکیا به‌ته‌مایه چی ببێت. ئه‌گه‌ر کاک هه‌ژار ئه‌یه‌وێت داوایه‌ک بکات که خێری تیا بێت بۆ کورد با داوا بکات ده‌سته‌ڵاتدارانی کورد کوردستان چۆڵ بکه‌ن، با داوا له خه‌ڵک بکات بیانکه‌نه ده‌ره‌وه. سه‌رانی کورد باسی کوردایه‌تییان کرد و درۆیان کرد، مارکسی بوون و دز ده‌رچون، چ شتێک ماوه ئه‌وان باسی نه‌که‌ن و ساخته نه‌بووبێت. به داخه‌وه بۆ که‌سێک که پێشمه‌رگه بوو بێت و ئاوا بیر بکاته‌وه، ئاخر به‌م نه‌زانییه‌ی ئیوه حیزبه‌کان خوێنی کورد ده‌فرۆشن.