"مەلای دەوڵەت"و"مەلای میللەت"
Tuesday, 06/11/2012, 12:00
ئاشكرایە مەلایان و مامۆستایانی ئاینیی تویژێكی هەرە گرنگ و خاوەن پێگەی كۆمەڵگا سوننەتیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتیی و كوردستان بەتایبەتیی پێكدەهێنن و لەسۆنگەی تێكەڵاوییان بە چین و توێژەكانی كۆمەڵگا كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەر شێوەی بیركردنەوەو ئاكارو بەهای تاكەكان هەبووە، نەك هەر لەرووی رۆحیی و كۆمەڵایەتییەوە، بەڵكو لەرووی سیاسیی و هزریشەوە. هەروەها تاكو ئێستا لەسۆنگەی لاوازیی ستراكچەری ئابووریی و كۆمەڵایەتیی هاوچەرخ و لاوازیی ئاستی ئەندێشەیی و هۆشیاریی لەرۆژهەڵات بەشێوەی رۆژئاوا جووڵانەوەو پەرەسەندنێكی سیكیولاریستی مەزن لەئارادا نەبووە تاكو بەتەواوەتیی بواری سیاسەت رادەستی سیاسەتكاری پرۆفیشنالأ بكات و لەسایەی فەلسەفەی هاوچەرخدا بچێتەپێش وئەم توێژە تەنیا لە بوارە رۆحانیی و كۆمەڵایەتییەكەیدا چالاكییەكانی خۆی ئەنجامبدات، هەربۆیە كاریگەری مەلایان و مامۆستایانی ئاینیی لەم ناوچەیە لەسەر خەڵك بەردەوامە ئەوەی پێویستە جێگەی بایەخ و كۆڵینەوەی جۆراوجۆر بێت، بەتایبەت لەم رەوشەی ئێستادا كە ناوچەكە رووی لەگۆڕانكارییەو ململانێیەكی توند لەنێوان هێزە سیاسیی و كۆمەڵایەتییە جۆربەجۆرەكاندا هەیە.
بەداخەوە، زۆرجار وا دەركەوتووە كە مەلایان و پیاوانی ئاینیی هێزێكی كۆنەپارێزیی خورافاتین و ئامرازی دەستی ستەمكاریی سیاسین و لەمپەری راستیینەی بەردەم گەشەكردنی كۆمەڵایەتین، ئەمەش لەلایەكەوە بەهۆی ئەو بۆچوونە ئایدۆلۆژییە توندڕەوانەوە بووە كە لەقۆناغێكی دیارییكراوی مێژووییدا رووی لەم ناوچەیە كردووە كە ئاینی بەسەرچاوەی دواكەوتوویی و ئەفیونی گەلان و ژەهر ناساندووە، لەلایەكی تریشەوە، بەوهۆیەوە بووە كە دەسەڵاتی ستەمكاریی لەناوچەكە هەوڵیداوە پێگەی خۆی بەپاڵپشتیی تەرزە پیاوانێكی ئاینیی و بڵاوكردنەوەی جەبرگەرایی بەهێز بكات و لەرێگەی بەخشینەوەی موچەو بەراتەوە بەسەریاندا بەرگێكی ئاینیی و شەرعیی بەبەری ستەمكارییەكەیدا بكات، ئەو مەلایانەی دەگونجێت لەرووی زانستی ئاینیی و شەرعزانییەوە لێهاتوو بووبن بەڵام لە بەر بەرژەوەندییخوازیی و دنیاپەرستیی و بەپاساوی رێگرتن و ئاژاوەو پشێویی بوونەتە هاوكاری ستەمكاریی و لەواقیعدا ئەركی ئیستیحمارو رامكردنی خەڵكیان كردۆتە ئامانج.
دیارە ئەمە تەنیا روویەكی مەسەلەكەیە، چونكە مێژووی دوو سەدەی رابردوو پێشانماندەدات كە لەمیانەی ئەو گۆڕانكاریی و ململانێیانەی لەم ناوچەیە روویانداوە كەسانێكی مەزن لەنێو توێژی مەلایان و مامۆستایانی ئاینیی دەركەوتوون كە رۆڵی گەورەیان لە بەگژداچوونەوەی ستەمكاریی و گەندەڵكاریی و دواكەوتوویی كۆمەڵایەتییدا بینیوەو بانگەشەیان بۆ زانستخوازیی و پەروەردەی هاوچەرخ و ئاوەزگەرایی و وەرگرتنی سیستمی سیاسیی هاوچەرخ لەسەر بنەمای دەستوورو قانون كردووەو لەپێناو عەدالەت و یەكسانیدا لەبەرەی میللەتدا تێكۆشاون. هەربۆیە ئێمە ئەو ناونیشانەی سەرەوەمان هەڵبژاردووە تاكو روونیبكەینەوە كە مێژووی ئەم ناوچەیە دەیسەلمێنێت كە ئاینداریی رێگرنییە لە بەردەم ئازادیخوازیی و نیشتیمانپەروەریی و عەدالەتخوازیی و پێشكەوتنخوازیی و بانگەشەكردن بۆ خەڵكسالاریی و قانونخوازیی و یەكسانیی و بەرژەوەندی گشتیی. بەڵكو مەسەلەكە تەنیا پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاریی تاكەكان و هەڵوێستوەرگرتن لەحاست رووداوەكان.
ئەوانەی دەیانەوێت لەم راستییە بگەن با سەرنجێك لەمێژووی نوێی ناوچەكە بدەنەوە بڕواننە و بەرهەم و نووسین و ئاكاری مەلا و مامۆستایانی ئاینیی وەك : موحەمەد عەبدە، شێخ محەمەد حوسێن ئەلنائینی ، جەمالودینی ئەفغانی، عەبدولڕەحمان ئەلكەواكبی، سەید حەسەنی تەقیزادە، شێخ عوبەیدوڵڵا نەهریی ، قازیی محەمەد ، شێخ عیزەدین حوسەینی و مەلا مەعشوق خەزنەوی..هتد.
بەراستیی، شێخ محەمەد حوسێن ئەلنائینی بەرجەستەی روویەكی گەشی مێژووی پیاوانی ئاینی دەكات لەقۆناغی راگوزەری ئێرانی هاوچەرخدا، ئەم كەسایەتییە لەرێگەی نووسین و كتێبەكانییەوە بەتایبەتی كتیبی" تنبیە الامە و تنزیە الملە" بووە تریبیونێكی ئازادیخوازیی و هاوچەرخگەرایی و دژە ستەمكاریی لەئێران و كاریگەرییەكی مەزنی لەسەر هزریی شۆڕشی دەستووریی هەبوو. ئەلنائینی لەو كتیبەیدا بەتوندیی هێرشدەكاتە سەر نەزانیی و جەهالەتی موسوڵمانان و پێیوایە " نەزانیی ئومەت بە ئەركەكانی دەسەڵات و مافە سیاسیی و مەدەنییەكانی بنەماو ریشەی تێكڕای نەهامەتییەكانێتی چونكە جەهالەتی میللەت رەگی داری ستەمكاریی قێزەون پێكدەهێنێت". هەروەها سەبارەت بەو مەلاو پیاوە ئاینییانەی دەبنە داردەستی ستەمكاریی، ئەلنائینی لەم كتێبەیدا هێرشێكی توند دەكاتە سەریان و بە "زانایانی خراپەكاریی" و"پایەی ستەمكاریی" ناویاندەبات، ئەوانەی نەزانیی خەڵك دەقۆزنەوە و بەناوی دینەوە پاساو بۆ ستەمكاریی دەهێننەوەو دەبنە شەریكێكی فیعلی هەموو ئەو دزیی و تاوان و پیاوكوژیی و خراپەكارییەی فەرمانڕەوا ملهوڕو تاغوتەكان ئەنجامیدەدەن، ئەوانەی بەو ئاكارەیان لەجیاتی "خواپەرستیی"، "سوڵتان پەرستیی" برەوپێدەدەن و بانگەشە بۆ شیرك و بتپەرستیی دەكەن .
دیارە كتێبەكەی " تەبائیعول ئیستیبداد\ سروشتەكانی ستەمكاریی " ی كەواكیبیش نموونەیەكی بەرزی هزری ئاینیی دژە ستەمكاریی پێشكەوتووخوازە و بەداخەوە تاكو ئێستا نەكراوەتە كوردیی. كەواكیبی پێیوایە كە ستەمكاریی دەردێكی گڵاوە لە هەموو پەتایەك كوشندەترە، لە ئاگر ترسناكترە، لە لافاو وێرانكەرترە، عەقلأ پەك دەخات، هۆشو بیر تێكدەدات، بینایی لێلأدەكا، لاوان هێڕٍو وێلأ دەكا، پیاو دەخەسێنێ، جەستە دەتەزێنێ، چاكان پەڕو بالأ دەكا، بەدكار كڵاولار دەكا، پیتو فەڕ باردەكا، پیشەوەر بێكار دەكا، رەنگی رووخسار زەرد دەكا، دڵان چەشنی بەرد دەكا، هەموو شت دەشێوێنێ، دنیا تاریك دەنوێنێ، ورە دادەبەزێنێ، متمانە ناهێڵێ، خەڵك چەواشە دەكا، مررۆڤ سست دەكا، كۆمەڵگا پەست دەكا، درۆو دووڕووییو فێلأو زەلیلیی برەو پێدەدا، راستگۆیی و پیاوەتیی لەنێودەبات، گەندەڵیی بەنێو هەر كوچەو كۆڵانو ماڵكێدا دەكا، لەپێشدا ماڵەكانی چینەكانی سەرەوەو دواتر چینەكانی خوارەوەش چاو لەوان دەكەن. نە ناڕەزایەتیی، نە رەخنەی جیددیی، نە ئاشكرا كردنی راستییەكان، بەڵكو بێدەنگییو داپۆشینی كەموكورتییەكان. ئەم جۆرە سیستمە سێبەری نەزانو ناپاكان و كوڕی رۆژو پاشەڵپیس و چەپڵەكێشانە، دوژمنی قەستەسەری زاناو خەڵكانی رێزدارو خاوەن ویژدانە. هەوڵدەدات خەڵك بە مۆراڵی خۆی پەروەردە بكات و وایان لێبكات پەی بە هۆكاری داماوییو نەهامەتیی خۆیان نەبەن، پیاهەڵدەرە ماستاوچییەكانیان بۆ داماڵینی بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆی ستەمكارانی سیستمەكە كاردەكەنو ئۆباڵەكەی یان دەیخەنە ئەستۆی قەزاوقەدەر، یاخود دەیكەنە ملی رەشەخەڵكی هەژارو چەواشەكراوی قوڕبەسەر".
ئەمڕۆ ئێمە لەكوردستان بەقۆناغێكی ئاڵۆز و راگوزەرو هەستیاردا تێدەپەڕین، ئەركی سەرشانی مەلاو پیاوە ئاینییە بەڕێزەكانە كە بەراستیی "مەلای میللەت" بن، دژی ستەمكاریی و گەندەڵیی سیاسیی و كارگێڕیی و ئەخلاقیی بوەستنەوە و رێچكەی ئەو كەڵەپیاوانە بگرنەبەر كە سەدەیەك بەرلەئێستا داوای چاكسازیی و حوكمی قانون و خەڵكسالاریی و شایستەسالارییان دەكرد و دژی تەقدیسكردنی سەركردەكان و چاوپۆشین لەدزینی سامانی نیشتیمانیی و حوكمی تێڵا و مەنتیقی هێز بوون. پێویستە لەگەلأ ستەملێكراواندا دەنگ هەڵبڕن، زیاتر چاو وگوێی موسوڵمانان بەرووی راستییەكاندا بكەنەوەو دژی ئەو هەوڵانە بوەستنەوە كە لەپێناو رێگرتن لە ئازادییەكان دەدرێن، بانگەشە بۆ زانستخوازیی، ژینگەپارێزیی، هاوچەرخگەرایی و مرۆڤدۆستیی، عەدالەتخوازیی و یەكسانیخوازیی بكەن و فەرهەنگی ناتوندوتیژیی و پێكەوەژیان پەرەپێبدەن و نەبنە پردێك بۆئەوەی بەناوی پاراستنی تەقدیسكردنی ئاینیی بتپەرستییەكی نوێ بەسەر كۆمەڵگادا بەسەپێنرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست