پرسیارێک له فاروق رفیق و به‌هادین ئه‌حمه‌د و کوردستانپۆست: بۆچی نیشتمان پیرۆزه؟
Sunday, 17/07/2011, 12:00
له سایه‌ی نیشتماندا بێکارین، هه‌ژارین، به ملیۆنانمان به کوشت ده‌ده‌ن له پێناوی نیشتماندا و نابینه خاوه‌نی بستێک زه‌وی، به‌ڵکو سه‌ر سفره‌ی ئێواره‌مان پێ پڕ ناکرێته‌وه بۆ مناڵه‌کانمان.
له جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا به دیموکراسیه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ دیکتاتۆره ستالینیهکاندا 50 ملیۆن به‌شه‌ر به کوشت درا، له جه‌نگی ئازادیخوازیی نه‌ته‌وه‌ییدا به هه‌زاران کوژران و شه‌ل و شیت بوون. ئه‌مانه هه‌موو به‌ناوی نیشتمانه‌وه کوژران و ده‌ربه‌ده‌رکران. له دواییدا فه‌رمانڕه‌واکان، له پشت چه‌ند سروودێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، هه‌روه‌ک ئه‌مڕۆی کوردستان، ده‌ستده‌که‌ن به گیرفان پڕ کردن و سووکایه‌تی به خه‌ڵکی. ئه‌وه میسر و هیندستان دوای ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی بوونه جێگای هه‌ژارییه‌کی بێئه‌ندازه. ئه‌وه عێراق و ژماره‌یه‌ک له ووڵاتانی عه‌ره‌بیی دیکه، ئه‌وه کوردستانیش، دوای ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی، بوونه‌ته فراوانترین بنکه‌ی هه‌ژاری و بێ‌کاری. به‌ڵێ، ئه‌وه ئه‌مریکایش له سایه‌ی ئازادیی نیشتمانیدا، هه‌ژاری و بێکاریی بۆ له‌ناو نه‌براوه.
پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه: ئایا ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی له‌م کوێرهوهریهمان ڕزگار ده‌کات؟
ئایا ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی مانای ژیانێکی چوونیه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت به نسبه‌ت هه‌موومانه‌وه؟
له‌وانه‌یش گرنگتر ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌وه‌ی ئێوه ئه‌مڕۆ ده‌یڵێن هه‌ر ئه‌وه نیه که ڕۆژێ له ڕۆژان بارزانی و تاڵه‌بانییش پێیان ده‌گووتین؟
به‌ڵێ، هه‌موومان له‌بیرمانه بارزانی و تاڵه‌بانی نه‌وشیروانیش وه‌ک ئێستای ئێوه‌و کوردستانپۆست، پێیان ده‌گووتین ئه‌وه‌ی نیمانه ئازادیی نه‌ته‌وه‌ییه، هه‌رکات ئازادیی نه‌ته‌وه‌ییمان وه‌ده‌ستهێنا ئیتر هه‌ژاری و نهخوێندهواریشمان نامێنێت.
به پێچه‌وانه‌ی هه‌مووتانه‌وه، ئێستا له هه‌موو کات هه‌ژارترین. بۆیه ئه‌پرسین: ئێوه (فاروق رفیق و به‌هادین ئه‌حمه‌د) هه‌روه‌ها کوردستانپۆست، ئایا ته‌نیا ختووکه‌ی گیانمان ده‌ده‌ن به خۆشه‌ویستیی نیشتمان؟ ئایا به‌مه ناتانه‌وێت پێسته‌که‌ی ده‌سه‌ڵات ڕزگارکه‌ن له‌چنگ ئه‌و هه‌ڵۆیانه‌ی ته‌ختی عه‌رشی خواوه‌نده سیاسیه‌کانیان هێناوه‌ته له‌رزین؟ ئایا ئێوه‌یش ناتانه‌وێت خه‌ڵکی بیری بچێته‌وه که برسی و هه‌ژارو بێکاره؟ ئایا ئێوه‌یش هه‌روه‌ک ئه‌وان ناتانه‌وێت بڵێن خه‌ڵکینه ئێوه هێشتا ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیتان نییه بۆیه هه‌ژارو بێکارن؟
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له ئێران و پاکستان و به‌نگلادیش و هیندستان و روسیا و میسر و ئه‌مریکادا هه‌ژار و بێکارن خاوه‌نی نیشتمانی خۆیان نین؟ ئایا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌به‌ر سه‌را کۆبووبوونه‌وه ئه‌و هه‌ژار و بێکارانه نه‌بوون که له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی نیشتمانیدا بێکار که‌وتوون؟ ئایا ئێوه‌یش وه‌ک بارزانی و تاڵه‌بانی ناتانه‌وێت له بیر خه‌ڵکی ببه‌نه‌وه ئه‌وان نه‌هاتبوون بۆ پارێزگاری نیشتمان له دوژمنێکی داگیرکه‌ر، به‌ڵکو ئه‌وان هاتبوون بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکی نیشتمانیدا له‌سه‌ر نان؟
ئایا ئێوه‌یش هه‌روه‌ک ئه‌وان ناتانه‌وێت پێیان بڵێن نیشتمان له پێش مناڵهکانتانهوهیه، هه‌روه‌ک چۆن ئیسلامیه‌کان پێیان ده‌ڵێن ئه‌م دونیا گرنگ نیه، تێکۆشن بۆ ئه‌و دونیا؟
ئایا ئه‌گه‌ر نیشتمان به ماناکه‌ی ئێوه ئازاد بوو، که‌وته بنده‌ستی ده‌سه‌ڵاتێکی تره‌وه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زامنه به هه‌ژار نه‌کردنمان؟
ئێمه ده‌ڵێین: نه‌خێر، هه‌روک چۆن فۆرمه‌که‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی له ئازادی، به فریامان نه‌که‌وت، هه‌روه‌ک چۆن فۆرمه‌که‌ی گاندی و عبدالناسر و عبدالکریم هیندستان و میسر‌و عێراقیان له هه‌ژاری ڕزگار نه‌کرد، فۆرمه‌که‌ی ئێوه‌یش به فریامان ناکه‌وێت و له هه‌ژاری و بێ‌کاری ڕزگارمان ناکات. ئێمه وا ده‌زانین ئێوه فه‌رمانڕه‌وابن یان ئه‌وان، به‌شی ئێمه هه‌ر مه‌مره و مه‌ژیه، هه‌ر ده‌بێ له خه‌باتدا بین بۆ نان. چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانیشمان ده‌که‌ین له ئێوه‌ی به‌ڕێز و به‌ڕێزانی کوردستانپۆست. به‌ڵام تکا ده‌که‌ین له کوردستانپۆست ئه‌م پرسیارانه بڵاوبکاته‌وه.
تێبینی کوردستانپۆست: ئه‌م بابه‌ته له هه‌ندێک سوێنی ناپێویستدا ناوی نه‌وشیروان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی تێدا هاتبووه، که ئه‌و نووسینه‌ی بابه‌تانه‌ی ئه‌م قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کات، په‌یوه‌ندیی به‌وانه‌وه نییه، بۆیه ئه‌وه‌مان لێ لابرد، چونکه ئێمه پێمان وایه گۆڕان و نه‌وشیروانیش په‌روه‌رده‌ی ئه‌و که‌لتوره سیاسیی و حیزبییه، که تا ئیستاش پیاده‌ی ده‌کات،
بۆ وه‌ڵامێکی کورتی پرسیاره‌که‌شتان ئێمه ده‌ڵیین که‌وا ده‌سه‌ڵات ئامانجی خۆی پێکاوه بۆیه که‌سێکی وه‌کو به‌ڕیزتانی بێ ئومێد کردووه، نیشتیمانتان لا پیرۆز نه‌بێت و به ئاسایی بزانن ئه‌وان هه‌ڕاجی بکه‌ن، تۆ ئه‌گه‌ر نیشتیمان و خاکێکت نه‌بێت کاری تێدا بکه‌یت، ئیتر ترسی چیته له برسێتیی و له کارکردن، ئه‌وه خۆشه‌ویستیی نیشتیمانه که به مێژووی مرۆڤایه‌تیی پێمان ده‌ڵێت له ده‌ست نمونه‌ی ئه‌م خائینه که هه‌تکی ده‌که‌ن رزگاری بکه‌ین، تۆ چۆن ده‌توانیت نیشتیمانێک نه‌بێت و به‌رگری له‌و هه‌موو قسه جوانانه‌ی خۆت بکه‌یت؟ ئێمه ده‌بێت که‌سه‌کان جوان په‌روه‌رده بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵین که‌سانی وه‌کو مه‌سعود و جه‌لال نائومێدمان بکه‌ن له‌وه‌ی خۆمان له ناو خۆسهویستییدا بدۆزینه‌وه، ئه‌وه ئه‌وانن وامان لێده‌که‌ن که له بێکاریی و برسێتییدا ناچارمان بکه‌ن نه‌فره‌ت له‌و نیشتیمانه بکه‌ین، که ئێمه‌ی تێدا دروستکرده‌وه تا رۆژانه رووخساری ئه‌م ده‌سه‌ڵات ناشرینه‌ی تێدا ببینین و هه‌موو شتێکمان لا ناشرین ببێت،، وه‌ڵام و قسه زۆرن، ئێمه به‌سه‌رپێی وه‌ڵامێکی کورتمان دایته‌وه، ئه‌ویتری جێده‌هێڵین بۆ ئه‌وانه‌ی پرسیاره‌که‌ت ئاڕاسته کردوون، با خوێنه‌رانیش بێنه ده‌نگ و ببێته بابه‌تی رۆژ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست