تاڵەبانى بۆ لە نەوشیروان مستەفا دەستى پێكرد؟
Tuesday, 08/12/2009, 12:00
ڕاپۆرتى شیكارى-- هەڵەبجەى شەهید
پلنیۆمەكانى یەكێتى لەچەپڵەڕێزان بۆ فایلدارانەوە بۆ بێدەنگى لە گەندەڵكاران
تاڵەبانى لە پلنیۆمى حیزبەكەیدا شەڕی یەكێتى دژ بە گۆڕان ڕاگەیاند
پلنیۆم لە پێناوى بردنەوەى سلێمانیدا,سلێمانیش لە پێناو كورسیەكەى تاڵەبانیدا
یەكێتی لە كۆنگرەى 3 دەترسێت یەكێتى نیشتمانى كوردستان وەك ڕێكخراوێكى سیاسى لە باشورى كوردستاندا هەر لەسەرەتاى دروست بوونییەوە سروشتێكى نیمچە بەرەیی هەبووە یەكێتیش وەك زۆرێك لە حیزبە كوردیەكانى ترى كوردستان هیچ كات نەیانتوانیوە لە وادەى دیارى كراوى خۆیدا كۆنگرە ببەستن هەتا دڵنیا نەبنەوە لە ئەنجامەكانى كۆنگرە,یەكێتى لەماوەى 34 ساڵ تەمەنى خۆیدا نەیتوانیوە كۆنگرە لەكاتى خۆیدا ببەستێت ئەمەش لە ئەنجامى ترس لە تەقینەوەى ئەو كێشەو گرفتانەى كە ئەم حیزبە هەر لەسەرەتاى دروستبوونیەوە لەهەناوى خۆیدا هەڵیگرتوون,چونكە ئەو درزو كەلەبەرانەى كە لە دواى كۆنگرەى دووەمى ئەم حیزبەوە دروست بووە هەتا ئێستا نەتوانراوە پڕ بكرێنەوە تاسەرنجام ئەو درزەى لە كۆنگرەى دووەمى ئەم حیزبەوە دروست بووە ئێستا بووتە شەقارێكى گەورەو بە شاقوڵى یەكێتى دوولەت كردوە بۆ دوو بەش ئەگەرى ئەوەش هەیە جارێكیتر یەكیتى دوولەت ببێت بۆیە بڕیاردان لە كۆنگرە بە بێ حساباتێكى وورد و دەقیق و یەكلایكردنەوەى كێشەكان پێش بەستنى یەكێتى توشى قەیرانێكى گەورەتر دەكات, بۆیە لەم بارودۆخەدا یەكێتى ناتوانێت بڕیارى بەستنى كۆنگرەى سێ بدات چونكە هەر بڕیارێك لەبەستنى كۆنگرە بریارە لە مەرگى یەكێتى بەیەجارەكى ..
یەكێتى 16ساڵ و كۆنگرەیەك یەكێتى نیشتیمانى كوردستان لە ڕۆژى 1-6-1976 كە وەك بەرەیەكى سیاسى نیشتمانى خۆ ئیعلان كرد تا ئێستا دوو كۆنگرە و چوار پلنیۆمى بەستووە,یەكێتى پاش 33 ساڵ تەمەن هێشتا بڕیارى نەداوە كۆنگرەى سێیەمى خۆى ببەستێت بەم حسابەش بێت بۆ هەر 16ساڵێك لە تەمەنى یەكێتى كۆنگرەیەكى بەردەكەوێت. ئەگەر چى بە پێى پەیڕەوەى ناوخۆى یەكێتى پێویستە هەرچوار ساڵ جارێك كۆنگرە ببەستێت بەم پێیەش دەبوایە تائێستا یەكێتى 8 كۆنگرەى بەستبا و لە خۆئامادەكردنبایە بۆ كۆنگرەى نۆیەم بەڵام هێشتا ڕوون نییە كە ئایا كۆنگرەى سێ دەبەسترێت یان نا چونكە لە پلنیۆمى چوارەمدا یەكێتى نەیتوانى كێشەو گرفتەكانى ناوخۆى چارەسەر بكات ......
پلنیۆمەكان ماددەىسڕكەربوون بۆ ئازارەكانى یەكێتى ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووى یەكێتى وەك ڕێكخراوێكى سایسى و عەسكەری سەر گۆڕەپانى كوردستان و لە هۆكارەكانى پشت بەستنى پلنیۆمەكانى یەكێتى بكۆڵینەوە ئەوا دەبینین ئەو پلنیۆمانەى كە یەكێتى لە ڕابردوو بەستوونى هەر یەكەیان لە زەمەنێكدا و بۆ مەبەستێكى تایبەتى بەستراون بەڵام بەگشتى ئەگەر سەیر بكەین پلنیۆمەكانى یەكێتى ئەوەندەى كێشەى بۆ ئەم حیزبە ساز كردووە نەیتوانیوە ئەوەندە كێشەكانى ناوخۆى ئەم حیزبە چارەسەر بكات و دەست بخاتە سەر برینەكان ئەگەر دەستیش خرابێتە سەر كێشەو برینەكان ئەوا نەهێڵراوە چارەسەر بكرێت بەڵكو كێشەكان بە هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە و پلنیۆمەكان وەك ماددە سڕكەرەكان بەكارهاتوون بۆ سڕكردنى ئێش و ئازارەكانى نێو خۆى یەكێتى ..
ئەگەر چى پاش تێپەڕبوونى زیاتر 9 ساڵ بەسەر كۆنگرەى پێشوودا (كۆنگرەى دووەم)كە بە پێى پەیڕەوەى ناوخۆى یەكێتى 5 ساڵە سەركردایەتى یەكێتى شەرعیەتى نەماوە لەماوەى ئەم 5ساڵەدا یەكێتى دوو پلنێۆمى بەستووە ئەویش پلنیۆمى سێ لە ساڵى 2007 و پلنیۆمى چواریش لەساڵى 2009 .ئەگەر چى بە پێى یاسا لە نێوان دوو كۆنگرەدا تەنها یەك پلنیۆم دەبەسترێت ئەوەش بە مەبەستى چارەسەر كردنى ئەو تەنگەشەو كێشەو گرفتانەى كە لەماوەى نێوان كۆنگرەكاندا ڕووبەڕووى ئەو حیزبە بووەتەوە ......
پلنیۆمى یەك و دوو چاندنى تۆوى جیابوونەوە یەكێتى نیشتمانى كوردستان دواى پرۆسەى ئەنفال و ئەو شكستە گەورە سیاسى و عەسكەریەى بەسەرى هات بەهۆى پرۆسەى ئەنفالەوە بەسەریدا لەساڵى 1989 یەكەم پلنیۆمى خۆى لە شاخ بەست ئەو پلنیۆمەش بەمەبەستى تێكەڵبوونەوەى كۆمەڵەى ڕەنجدەران و خەتى گشتى ئەنجام درا,ئەم پلنیۆمە كە پێش ڕاپەڕین ئەنجامدراوە سەرەتاى كێشەو گرفتەكانى لەگەڵ خۆیدا هەڵگرت پاش 20 ساڵ كێشەو گرفتەكانى گەشتنە لێوارى تەقینەوە و دووكەرت بوونى یەكێتى ,پلنیۆمى یەكەم ئەگەر چى بە پلنیۆمى حەلكردنى كۆمەڵەو خەتى گشتى لە بۆتە یەكێتدا ناوزەندكرا بەڵام لە ڕاستیدا بەسەرەتاى دووكەرت بوونى یەكێتى حساب دەكرێت.پلنیۆمى دووەمیش دواى ڕاپەڕین لەساڵى 1992 بەستراوە كە لەئەنجامى بەرفراوان بوونى ڕێكخستنەكانى و گەورەبوونى قەبارەى یەكێتى و هاتنەوەى چەند كەسایەتیك و لایەنیك بۆناو یەكێتى بەپێویست زانراوە كە یەكێتى پلنیۆمێك ببەستێت.
پلنیۆمەكانى یەكێتى لەچەپڵەڕێزانى فایلدارانەوە بۆ بێدەنگى لە گەندەڵكاران لە سێیەم پلینیۆمى یەكێتیدا گەرمترین و هەستیارترین مەسەلە,دۆسیەى فایلدارەكانى نێو یەكێتى بوو,ئەوانەى كە لەسەردەمى شۆڕشى شاخەوە تا ڕوخاندنى حكومەتى عێراق بەشێوەیەك لە شێوەكان پەیوەندیان بە حكومەتى عێراقەوە هەبووە,باڵى نەوشیروان مستەفا لە پلنیۆمى سێدا زۆر بەجدى كاریان لەسەر ئەم دۆسییە ئەكرد چونكە زۆربەى ئەوانەى لەو مەسەلەیە تێوەگلابوون سەر بەباڵى تاڵەبانى بوون بۆیە ئەگەر ئەو دۆسیە كارى لەسەر بكرایە ئەوا تاڵەبانى لەسەر ئاستى سەركردایەتى گەورەترین زەربەى دەخوارد بۆیە بۆ ئەوەى تاڵەبانى بە كەمترین زیان لێى دەربچێت لەناكاو پێشنیارى لێبوردنى بۆ ئەوانە خستە بەردەم ئامادەبووان بۆیە هۆڵى پلنیۆم بوویە چەپڵە ڕێزان و بەو چەپڵەیەش دۆسیەى فایلدارەكانى نێو یەكێتى داخرا ئەوەى خەونى باڵى نەوشیروان مستەفا بوو نەهاتە دى,دواى ئەوەش هەموو ئەو بەرپرسانەى كە فایلداربوون وەك وەفایەك بۆ تاڵەبانى زۆر بەتوندى دژایەتى باڵەكەى نەوشیروان مستەفایان دەكرد.چەپڵە ڕێزان بۆ لێبوردنى فایلدارەكان لە پلنیۆمى سێدا بەشێوەیەك دەنگى دایەوە كە بویە مایەى شكان سومعەى یەكێتى هەتا ئەو ڕادەیەى مەلا بەختیار داواى كرد كە پلنیۆمى چوارەمیش نەبێتە چەپڵە ڕێزان بۆ دزو گەندەڵەكان...
پلنیۆمى چوار و خۆكوشتنى یەكێتى بە پێى پەیڕەوپرۆگرامى ناوخۆ(كۆنگرەى دوو)ى یەكێتى نیشتمانى كوردستان لەنێوان دوو گۆنگرەدا ئەگەر پێویست بێت دەتوانرێت پلنیۆم ببەسترێت هەر بەپێى پەیڕەوى ناوخۆ لە پلنیۆمدا دەتوانرێت جگەلە گۆڕینى سكرتێرو پەیڕەوىناوخۆى حیزب دەتوانێت گۆڕانكارى گەورە بكات لەوانەش گۆڕینى سێ یەكى ئەندامانى سەركردایەتى حیزب و هەڵسەنگاندنى سیاسەتى گشتى حیزب و داڕشتنەوەى بەو شێوەیەى لەبەرژەوەندى حیزبدا بێت بەپێى ئەو هەل و مەرجەى كە هاتووەتە پێشەوە و وادەخوازێت تا بەستنى كۆنگرە سیاسەتى حیزب داڕێژرێتەوە ,لە ڕۆژانى 29 و 30 و 31ى /10/2009 یەكێتى نیشتمانى كوردستان چوارەمین پلنیۆمى خۆى بەست,بەڵام وەك بینرا پلنیۆمى چواریش بە دەردى پلنیۆمى سێ هەموو ڕاسپاردەو بڕیارەكان بە چەپڵە ڕێزان بە ڕێخران و پلنیۆمیش كۆتاى هات بە بێ لێپرسینەوە لەتاكە یەك كەس ,ئەگەر چى لە پلنیۆمى سێدا فایلدارەكان یەخەیان پێگیرا و تۆمەتەكانیان بەسەردا ساغ كردنەوەو دواتر لێبوردنیان بۆ دەركردن بەڵام كارەساتى پلنیۆمى چوار ئەوەیە كە گەندەڵەكانى ئامادەبوو لە پلنیۆمى چواردا هیچ كەس نەبوو یەخەیان بگرێت و لێیان بپرسێتەوە بۆیە پلنیۆمى چوار جگە لە هەڵاى ڕاگەیاندنەكانى یەكێتى بە بێدەنگى كردن لەوانەى بەهۆى گەندەڵیانەوە یەكێتیان توشى شكست و پارچەپارچەبوون كردبوو تێپەڕێنرا و كۆتاى پێهێنرا...
پلنیۆمى چوار لە پێناوى لێكدابڕینى سەركردەكانى گۆڕان و قاعیدەى یەكێتى باڵى ڕیفۆرم ناو یەكێتى كە ئێستا كۆمپانیاى ووشەیان بەدەستەوەیە و سەركردایەتى بزوتنەوەى گۆڕان دەكەن لە باشورى كوردستان بەهۆى ئەوەى مێژوویەكى دوورو درێژى تەمەنى خۆیان لەناو ئەو حیزبەدا بەسەر بردوو و سەركردەیەكى مەیدانى بوون و ڕۆژانە لەناو ئەندامان و لایەنگرانى یەكێتیدا لە پەیوەندى توندو تۆڵدابوون لەگەڵ قاعیدەى یەكێتى,پاش هاتنە دەرەوەشیان لە یەكێتى هەر سۆزو عەتفى ئەندامان و كادرانى خوارەوەیان بۆ لاى خۆیان ڕاكێشابوو ,بە بڕواى سەركردەكانى یەكێتى هۆكارێكى سەرەكى بۆ شكستى لیستى كوردستانى بەگشتى و یەكێتى بەتایبەتى لە سنورى سلێمانیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوە كاركردنەى دووسەرەیەى كە سەركردەكانى لیستى گۆڕان پەیڕەویان كردبوو سەركەوتووش بوون لە جێبەجێكردنیدا و توانیان زۆر بەجوانى كارى پێبكەن,لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەكانى هەڵبژاردنى 25ى7 و ئەو سەركەوتنەى لیستى گۆڕان بەدەستى هێنا لە كوردستان بەگشتى و لەسنورى قەڵەم ڕەوى یەكێتیدا تەواوى سەركردایەتى یەكێتى توشى شۆك كرد بۆیە سەركردیەتى ئەو حیزبە لەبیرى ئەوەدا بوون چى بكەن بۆ ئەوەى سەركردەكانى گۆڕان و قاعیدەى یەكێتى لێك دوور بخەنەوە ئەوەش لەئەنجامى دیراسەیەكى ووردى سەركردایەتى یەكێتى لەوكاتەى بەرپرسانى یەكێتى تێگەشتن ئەوەى كە زۆرێك لە ئەندامان و لایەنگرانى یەكێتى لەبەر ئەوە دەنگیان بە لیستى گۆڕان داوە چونكە وایان دانابوو كە گۆڕانیش بەشێكە لەیەكێتى بۆیە ئەگەر وەك كادرێكى یەكێتیش دەنگ بدەن بەو لیستە ئەوا دەنگەكانیان دواجار هەر بۆ یەكێتى دەگەڕێتەوە بەربڵاوى ئەم هەستەكردنەى كادرانى خوارەوەى یەكێتى واى لە سەركردەكانیان كرد كە بیر لە ڕێگەچارەیەك بكەنەوە بۆ ئەوەى ئەو پردى پەیوەندیەى كە نێوان ئەندامانى یەكێتى و سەركردەكانى لیستى گۆڕاندا هەیە بپچڕێنن و نەیهێڵن بۆئەوەى ئەندامان و كادرانى خۆیان تێبگەیەنن كەوا ئەوەى دەنگى بەگۆڕانداوە ماناى ئەوە نییە كە دەنگى بۆ یەكێتى دواوە چونكە دەنگەكانى گۆڕان نەك نەهاتنەوە سەبەتەى یەكێتى بەڵكو گەورەترین شكست و زەربە بوو لە یەكێتى كەوت نەك لە پارتى.....
لە پلنیۆمدا تاڵەبانى ئیعلانى شەڕى كرد لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا بەدرێژاى ململانیەى باڵەكانى نێو یەكێتى هەمیشە تاڵەبانى لە دوورەوە سەیرى كردووە و بەنهێنى بەرنامەى داڕشتووە بۆ لێدانى نەیارەكانى ئەوەش لەلایەن چەند ئەندام مەكتەب سیاسیەكى تاعینكراوى تاڵەبانیەوە جێبەجێكراوە بەڵام كاتێك پلانەكەى تاڵەبانى نەیتوانى بەردەوام بێت و سەرینەگرت و ئەنجامەكانى هەڵبژاردن گەورەترین زەربەبوون بۆ یەكێتى بەگشتى و خودى تاڵەبانى بەتایبەتى چونكە ئەو دۆڕانەى یەكێتى لە هەڵبژاردنەكاندا لەسەر دەستى نەوشیروان مستەفا تاڵەبانى ئێجگار ناڕەحەت كرد هەتا ئەو ڕادەیە كە دەستەڵاتى تاڵەبانى لە تاكە پارێزگاكەى عێراقدا كە سلێمانیەو تەنها لەو پارێزگایەدا فرمانەكانى جێبەجێدەكرێت وا خەریكە ووردە ووردە دەسەڵاتى لەو پارێزگایەشدا نامێنێتوبۆیە دەبینین تاڵەبانى لەناچاریدا و لەتاو كورسى و پۆستى سەرۆك كۆمارى عێراق خۆى هاتە مەیدانەكەوە ململانیەكانى نێوان یەكێتى و گۆڕان بردە قۆناغێكى ترساناكەوە كە ئەوەش لە كاتێكدا تاڵەبانى بەشێك لە ڕاپۆرتەكەى كە لە پلنیۆمى حیزبەكەیدا خوێندیەوە تەرخانى كردبوو بۆ هێرش كردنە سەر نەوشیروان مستەفا ئەمە یەكەمجارە تاڵەبانى بەو شێوەیەو بەو ئاشكراییە هێرش بكاتە سەر خودى نەوشیروان مستەفا هەموو شكستەكانى میللەتى كورد بەگشتى و یەكێتى بەتایبەتى بخاتە ئەستۆى نەوشیروان مستەفا,تا ئێستا چەند جارێك بە هۆى لێدوانى توندەوە لەلایەن هەردوولاوە نێوانى یەكێتى و نەوشیروان مستەفا ئاڵۆزى تێكەوتووە چەند جارێك گەشتووەتە حاڵەتى تەقینەوە بەڵام بە هیمەتێكى تاڵەبانى وەزعەكە هێور بووتەوە,بەڵام ئەمجارەیان تاڵەبانى بۆ خۆى و لەبەردەم 1500 كادرى هەڵبژێردراو بۆ پلنیۆمى حیزبەكەیدا فوى بە ئاگرى شەڕەكەدا كرد و لە كەسى یەكەمى بزووتنەوەى گۆڕانەوە دەستى پێكرد...
تاڵەبانى بۆ لە نەوشیروانەوە دەستى پێكرد ئەوەى تاڵەبانى لە پلنیۆمدا لەبارەى نەوشیروان مستەفاوە ووتى باسكردنى ڕووداوەكانى ڕابردوو بوو كە بوونەتە هۆى كارەسات بۆسەر میللەتى كورد و خودى یەكێـتى نیشتمانى كوردستانیش بەڵام ئەوەى لەو قسە توندانەوە دەخوێنرێتەوە ئەوەیە كە تاڵەبانى ئاگادارى ئەوەیە كە كۆمپانیاى ووشە بەنیازن بۆ هەڵمەتەكانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق مەلەفى زۆر گەورەو قورس لەسەر تاڵەبانى بڵاو بكەنە بۆ ئەم كارەش ئەڵبەت پێوستى بە ئیجازەى نەوشیروان مستەفاى هەیە بۆیە ئەو قسانەى كە تاڵەبانى كردى بەرامبەر نەوشیروان ئەوەندەى ڕەد فیعلێكى پێشوەخت بوو بۆ دەست بەكارنەبوونى كۆمپانیاى ووشە لەسەر هەڵدانەوەى مەلەفەكانى تاڵەبانى ئەوەندە مەبەست كولانەوەى برینەكانى ڕابردوو و تاوانباركردنى نەوشیروان مستەفا نەبوو لەبەرامبەر ئەو ڕووداوانەدا,بۆیە ئەو قسانە زیاتر پەیامێك بوون بۆ نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەى دەست بۆ هەڵدانەوەى مەلەفەكانى تاڵەبانى نەبات.........
ئیمزاكردنى پەیمانى ئاكار و بچوك پیشاندانى كوتلەكەى كۆسرەت ڕەسوڵ یەكێك لەو كارانەى كە لە پلنیومدا كرا ئیمزاكردنى پەیمانى ئاكار بوو كە هەریەكە لە(جەلال تاڵەبانى و كۆسرەت ڕەسوڵ و دكتۆر بەهەم و فوئاد مەعسوم و مەلا بەخیتار) ئیمزایان كرد,دواى جیابوونەوەى باڵى ڕیفۆرم لە یەكێتى و هاتنە دەرەوەیان و ئیتر لەوە بەدواوە وا حساب دەكرا كە یەكێتى كەمێك لە كێشەى كوتلەو كوتلەكارى ڕزگارى دەبێت كوتلەكانى ناو یەكێتى لە سێ كوتلەوە دەبێتەوە بە دوو كوتلە (باڵى گشتى بەسەرۆكایەتى تاڵەبانى) و(باڵى كۆسرەت رەسوڵ)بەڵام لە پلنیۆمەدا تاڵەبانى لە ڕێگەى پرۆسەى ئیمزاكردنى پەیمانى ئاكاراوە پەیامێكى دا بەگوێى كوسرەت ڕەسوڵدا و تێى گەیاند كە یەكێتى دوونیوە نییەو تا خۆت بە خاوەنى نیوە یەكێتى بزانیت ئەوەتانێ هەریەكە لە دكتۆر بەرهەم فوئاد مەعسو م و مەلا بەختیاریش خاوەنى كوتلەى خۆیانن بۆیە ئەگەر حساب بێتە سەر دابەشكردنى پۆست و ئیمتیازات لەسەر ئەساسى كوتلە ئەوا هەریەكە لەوزانەش هێ،دەى تۆ حسابیان بۆ دەكرێت
پلنیۆم لە پێناوى بردنەوەى سلێمانیدا,سلێمانیش لە پێناو كورسیەكەى تاڵەبانیدا دواجار یەكێتى لە نێوان كۆنگرەى دووەم و سێیەمى خۆیدا هەستا بەسازدانى دوو پلنیۆم,پلنیۆمى سێیەم لەساڵى 2007 و پلنیۆمى چوارەمیش كە لە كۆتایەكانى مانگى 10 ى ئەمساڵدا كرا,ئەوەى زیاتر یەكێتى هاندا هەستێت بەم كارە ترس بوو لە دووبارە دۆڕانى لەشارى سلێمانى كە دۆڕانى ئەم جارەى كاریگەریەكى زۆرى دەبێت لەسەر تاڵەبانى بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆك كۆمارى عێراق,ئێستا تاڵەبانى تێگەیشتووە كە زەمان بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆك كۆمارى عێراق سەركەوتنى یەكێتیە لە هەڵبژاردنەكانى ئەمجارە لە شارى سلێمانى تاكە تروسكایەكیش بۆ بردنەوەى سلێمانى شەڕى مان و نەمانى بنەماڵەى تاڵەبانیە لەبەرامبەر لیستى گۆڕان پلنیۆم و گۆڕانكاریەكان و بڕیاردان لە جێگۆڕكیەى بەرپرسانى ئیدارەى سلێمانى تەنهاو تەنها لە پێناوى بردنەوەى سلێمانییە .
تێبینى :ئەم ڕابۆرتە لە ژمارە 21ى گۆڤارى ڕێگا بڵاو بووەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست