كێ شایانی كوتەكە؟!
Monday, 07/11/2011, 12:00
فەتحوڵڵا گولەن، ئەو كەسایەتییە رەگەزپەرست و دوژمن بە كوردو مرۆڤایەتییەی كە لە دوا فەتوای خۆیدا، بەوپەڕی ویژدان مردووییەوە بانگەشەی قڕكردنی نەتەوەی كوردی لە باكووری كوردستان كردو وێڕای بەكارهێنانی كۆمەڵێك دەستەواژەی نابەجێ و نامرۆڤانەو رەگەزپەرستانەو دوور لە بەها مرۆییەكان، هێرشێكی دوژمنكارانەی كردە سەر گەلەكەمان لە باكووری كوردستان و بە جۆرەها ناووناتۆرە نازەدی كردین، كوردی بە بێ دین و ناپاك و نەزان لەقەڵەمداو زۆر رووقاییمانەش وتی: ئەوانە شایانی كوتەكن!!. ئەو هەموو جنێو و قسە سووكوچرووكانەی فەتوحڵڵا گولەنی مونافق (فەتولمونافق) بە كوردانیدا، تەنها لە هزرە گەنیوەكەی خۆی و دەوروبەرەكەی دەوەشێتەوەو پیرۆزی خۆیان بێت. فەتولمونافقێك كە خوا تەنها بە خوای تورك و ئایینی ئیسلامیش، تەنها بە ئایینی تورك دەزانێت و بەوپەڕی رووقایمییەوە دەڵێ: ئێمە دەبێ لە رێگای قوتابخانە سەرەتاییەكانەوە وایان لێ بكەین خۆیان لە بیر بچێتەوە. بێ ئاگا لەوەی چرای ئازادی و رزگاریخوازی لە باكووری كوردستان لە هەموو كونج و كەلەبەرو ماڵە كوردێكدا هەڵكراوەو رووناكی دەبەخشێتە رۆژگارە ئەنگوستەچاوەكان و موژدەی سەركەوتن بە دونیا رادەگەیەنێت. تازە فەتولمونافیق و زەڕنەقووتە خوێنخۆرەكانی، وەكو گەورە جەلادەكانی ئەتاتورك فریای ئەوە ناكەون، جاڕی كوردقڕان بدەن و بانگەوازی سەرخۆبوون كپ بكەن و شۆڕشە رەواكەی لە گرێژنە دەربهێنن و بە لاڕێیدا بەرن، چونكە شۆڕشی رزگاریخوازی كورد لە باكووری كوردستان رێچكەو رێبازێكی لۆژیكیانەو واقعییانەی گرتۆتەبەرو بە هەنگاوی پتەو و تۆكمەوە بەرەو پێش هەنگاودەنێت. بۆیە ئەگەر كوتەكێك هەبێت شایانی پێداكێشان بێت، ئەوە كوتەكی بەشخوراوانی وڵاتەكەی فەتولمونافقە بۆ سەر سەری گەورە خوێنڕێژەكانی وەكو ئەردۆغان و گول و دەستوپێوەندەكانیان، چونكە ئەوە كورد نییە كە شایانی كوتەكی رەگەزپەرستەكانی تورك بێت، بەڵكو ئەوە گولەن و گولەنییەكانی توركیان، شایانی كوتەكی دەستی گەلانی چەوساوەو خاك و زێدو ماف داگیركراوەكانن، نەك گەلی كوردی ئازادیخواز. مرۆڤ سەری لەوە سووڕ دەمێنێت كە كابرایەكی رەگەزپەرستی وەكو (فەتحوڵڵا گولەن) چۆن دەبێتە رێبەرێكی ئایینی و خەڵكانێكی لای خۆمان باوەڕی پێدەكەن و بۆ كردنەوەی پەیمانگاو قوتابخانەی ئایینی باوەڕی پێدەكەن؟!.. ئەوەتا ئێستا رووی رەشی فەتولمونافق ئاشكرا بوو، ئەی ئێستا دەبێ موریدەكانی گولەن چی بڵێن و چۆن پاساو بۆ جنێو و سووكایەتی و دەستەواژە دوژمنكارییەكانی دەرهەق بە گەلی كورد بهێننەوەو چۆنیش دەتوانن وەكو جاران باوەڕی پێ دەكەن؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست