كورد له ‌به‌غدا، پارساڵی له‌ئێستا باشتر بو.. دیمانه‌ی د.نوری تاله‌بانی

Friday, 18/12/2009, 12:00


دارێژه‌ری یه‌كه‌مین ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان، ئێستا بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوی عێراق ده‌گری سه‌باره‌ت به‌ پله‌‌و پایه‌ی كورد له‌به‌غدا، ئه‌و پێیوایه‌ كورد له‌به‌غدا ‌پاری له‌ئه‌مساڵ باشتربو‌‌، هۆكاری ئه‌مه‌ بۆ كارنه‌كردنی به‌كۆمه‌ڵی كورد خۆی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌...

له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ تایبه‌ته‌ی چاوی خه‌ڵك، د. نوری تاله‌بانی یاساناس، باسله‌وه‌ده‌كات سه‌نگی كورد له‌ به‌غدا ساڵ له‌دوای ساڵ خراپتر ده‌بێت، چونكه‌ هه‌ردو حیزبی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ربونی بیری ته‌سكی حیزبایه‌تی نه‌یانتوانیوه‌ كه‌سی شیاو بۆ پۆسته‌كان دیاریبكه‌ن. ئه‌و هه‌نوكه‌ باسله‌وه‌ده‌كات كه‌مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ شیعه‌و سونه‌ دوای هه‌ڵبژاردن رێكبكه‌ون له‌دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورد.


هه‌رله‌گه‌ڵ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا ده‌توانیت پرۆفایلی ئه‌م یاساناسه‌ی كورد سه‌یربكه‌یت‌و دواتر به‌راوردێك بكه‌یت له‌گه‌ڵ ئه‌و وته‌یه‌ی كه‌ ده‌ڵیت:"ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی شاره‌زا سه‌ره‌تای روخانی به‌عس به‌سه‌ركردایه‌تی كوردمان وت، ئێوه‌ پێوستان به‌گروپێك خه‌ڵكی شاره‌زا هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك له‌گه‌ڵتان بێت‌و ئێمه‌ ئاماده‌یی خۆمانمان ده‌ربڕی، كه‌چی ئه‌وان وه‌لامیان نه‌داینه‌وه‌."


چاوی خه‌لك: پێگه‌ی كورد چۆنه‌ له‌به‌غدا‌و پارێزگاكانی تری ناوه‌راستی عێراق، ئایا كورد توانیویه‌تی له‌ماوه‌ی 6 ساڵی رابوردو خاوه‌ن پێگه‌ی خۆی بێت؟

د. نوری تاله‌بانی: له‌ دوای روخانی رژێمی به‌عس، ده‌رفه‌تێكی باش له‌ به‌رده‌م كورددا هه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی زۆری داواكارییه‌ ره‌واكانی بچه‌سپێنێت له‌ سه‌ر ئاستی عێراق‌و كوردستان، من ئه‌و كات‌و پێشتریش هه‌میشه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌م كردبو كه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان.

مه‌به‌ستیشم ئه‌وه‌بو داواكارییه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان له‌و ده‌ستوره‌دا بچه‌سپێنین، كه‌ شاندی كوردی ده‌چێت بۆ به‌غداهه‌وڵیئه‌وه‌بدات داواكاریه‌كان له‌پرۆژه‌ی ده‌ستوری عێراقدا بچه‌سپێنرێت. كه‌چی ئه‌و كاره‌ی كه‌ ئێمه‌ به‌وشێوه‌یه‌ داوامان ده‌كرد، نه‌كرا.
به‌داخه‌وه‌ تاكو ئێستاش كه‌ نزیكه‌ی 18 ساڵه‌ حوكمرانی كورد هه‌یه‌‌و ده‌ستورمان نییه‌. له‌و بڕوایه‌دام ئێستاش سه‌نگی كورد له‌ به‌غدا قورسه‌، به‌ڵام 2003 له‌ 2004 باشتربو 2004 له‌ 2005 باشتر، هه‌ر به‌م جۆره‌ تاكو ئه‌مڕۆ.


چاوی خه‌ڵك: سه‌نگی كورد ئێستا چۆنه‌‌و پێشبینیت بۆ دوای هه‌ڵبژاردن چییه‌؟

د.نوری تاله‌بانی: له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌و سه‌نگه‌ی ئێستا كورد هه‌یه‌تی له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ باشه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێكی سیاسی عێراق ناتوانێت به‌ ته‌نیا حكومه‌تێك دروست بكات پێویستی به‌ ده‌نگی كورد نه‌بێت.

جگه‌ له‌وه‌ش، له‌وه‌ته‌ی ده‌وله‌تی عێراق دروستبوه‌ له‌ دوای روخانی حیزبی به‌عس له‌سه‌ر پره‌نسیپی ته‌وافوق حكومه‌ت دروستبوه‌‌و كاره‌كان به‌رێوه‌چون، پره‌نسیپی ته‌وافوق وه‌نه‌بێت پره‌نسیپێكی دیموكراسی بێت، به‌ڵام بۆ بارودۆخی ئێستای عێراق له‌و باوه‌ره‌دام هه‌تاكو ماوه‌یه‌كی تریش ناچارن هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و پره‌نسیپه‌ بڕۆن.كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌گه‌ر بێت‌و هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراقی به‌ شیعه‌‌و سوننه‌ رێكبكه‌ون له‌سه‌ر هه‌ندێك كار كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نه‌بێت.

من بۆ ئه‌مڕۆ ناگریم بۆ پاش هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌گریم، كه‌ نازانین ئاكامه‌كانی چۆن ده‌شكێَته‌وه‌ به‌سه‌ر كورددا، چونكه‌ به‌شی زۆری داواكارییه‌كان، تاكو ئێستا له‌ ده‌ستور نه‌چه‌سپێنراون‌و جێَبه‌جێَنه‌كراون.


چاوی خه‌ڵك: به‌رپرسانی كورد له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران‌و پۆسته‌كانی تر، توانیویانه‌ چیبكه‌ن بۆ كورد، بینیمان له‌مانگی رابوردو له‌كاتی هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، چۆن كورد توشی مه‌ترسی بۆوه‌، ئایه‌ كه‌مته‌رخه‌می به‌ به‌رپرسانی كورده‌وه‌ دیارنییه‌؟

د. نوری تاله‌بانی: به‌رپرسانی كورد له‌ به‌غدا ئه‌وانه‌ی له‌ حكومه‌ت به‌شداریانكردوه‌، یان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌داخه‌وه‌ له‌وه‌ ناچێت كه‌ هاوكارییه‌ك له‌ نێوانیاندا هه‌بو بێت، چونكه‌ له‌كاتی پرۆژه‌ یاساكه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ دیاركه‌وت.

پێشموایه‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مه‌به‌ستم له‌لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانه‌ ئاگاداری ئه‌و ورده‌كارییانه‌ نه‌بون. به‌لایه‌نی كه‌م به‌رپرسانی كورد له‌ به‌غدا ده‌بو مانگێ‌ جارێك یان چه‌ند مانگ جارێك كۆبونه‌وه‌یه‌ك هه‌بوایه‌ له‌ نێوانیاندا، له‌نێوان هه‌مو ئه‌و كوردانه‌ی كه‌وا به‌شدارن له‌ حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵات‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا.

له‌ په‌رله‌مانی عێراق، دو لیستمان هه‌یه‌ لیستی هاوپه‌یمانی‌و لیستی یه‌كگرتو، لیستی بچوكیان هه‌میشه‌ گله‌یی ئه‌وه‌یانكردوه‌ پرسیان پێناكرێت‌و ڕاو بۆچونیان وه‌رناگیرێت! كاتێك پرۆژه‌ یاسایه‌ك دێته‌ پێشه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌یه‌كه‌وه‌ داكۆكی له‌و پرۆژه‌ یاساییه‌، یان له‌و بریاره‌ بكه‌ن.

ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ له‌ سه‌ر هه‌مو ئاستێكدا هه‌بوه‌، چ له‌ كوردستان ‌وه‌ چ له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش، ده‌بوایه‌ هاوكاریه‌كی ته‌واو له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان‌و عێراق هه‌بێت، ده‌بوایه‌ هاوكارییه‌كی ته‌واو له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان‌و عێراق هه‌بێت. ئومێده‌وارین ئه‌مه‌ ده‌رسێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌مه‌ودوا چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ین.


چاوی خه‌ڵك: زۆرجار گله‌یی ئه‌وه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌كرێت كه‌ كه‌سی شیاویان بۆ پۆسته‌كان دانه‌ناوه‌، بۆچونی به‌رێزت چییه‌؟

د. نوری تاله‌بانی: به‌داخه‌وه‌، نه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان‌و نه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق، كه‌سی شیاو بۆ جێگه‌ی شیاو په‌یڕه‌و نه‌كراوه‌، پره‌نسیپی ته‌سكی حیزبایه‌تی په‌یره‌و كراوه‌، كه‌سێك ئه‌گه‌ر سه‌ر به‌حیزبێكی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بوبێت وه‌كو هاوڵاتی پله‌ دو ته‌ماشاكراوه‌، ته‌ماشای شاره‌زایی‌و پسپۆری ئه‌و كه‌سه‌ نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌و كێشانه‌ی ده‌بینرێن چ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، چ له‌سه‌ر ئاستی عێراق.


چاوی خه‌ڵك: كه‌واته‌ تۆ پێتوایه‌ ئه‌و كه‌موكورتیانه‌ی ئێستا له‌ به‌غدا هه‌یه‌ زیاتر بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ته‌نسیق نه‌بوه‌‌و كه‌سی شیاو له‌ شوێنی شیاو دانه‌نراوه‌؟
د. نوری تاله‌بانی: به‌ڵێ‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی پره‌نسیپی حیزبایه‌تی په‌یره‌و ده‌كرێت.

چاوی خه‌ڵك: مانای وایه‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزب پێش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خراوه‌، ئایه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ كورد ده‌بنه‌وه‌ خاوه‌ن هه‌مان پێگه‌؟

د. نوری تاله‌بانی: هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌ خولی دوه‌میدا، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌سه‌ر بنه‌مای لیستی داخراو بو، ئه‌وه‌ش وایكرد ئه‌و ناوانه‌ی كه‌ حیزبی پێشنیازیكردبون خه‌ڵك ده‌نگبده‌ن بۆ لیسته‌كه‌دا نه‌وه‌ك بۆ كه‌سه‌كه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا له‌سه‌ر ئاستی عێراق پره‌نسیپی لیستی كراوه‌ دانراوه‌، بۆیه‌ ده‌نگده‌ر ده‌توانێت ده‌نگ به‌و كه‌سانه‌ بدات كه‌ ده‌یناسێت‌و باوه‌ری پێی هه‌یه‌.
ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌بێت شاره‌زایه‌كی باشیان هه‌بێت له‌ یاسا‌و زمانی عه‌ره‌بی. ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق، بۆی گێرامه‌وه‌ كاتی خۆی زیاتر له‌ 80ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ لیستی كوردستانی بون یه‌كجاریش به‌گفتوگۆ نه‌هاتن، یان باسی كارێك بكه‌ن، ته‌نها كاریان ئه‌وه‌بو ده‌ست به‌رز بكه‌نه‌وه‌، یان ده‌نگ نه‌ده‌ن. بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌سی شیاو دابنێن ئه‌گه‌رنا خاوه‌ن هه‌مان پێگه‌ نابین.


چاوی خه‌ڵك: زۆرجار باسله‌وه‌ده‌كرێت كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد حه‌كیمن‌و كێشه‌كان چاره‌سه‌رده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن پارتی‌و یه‌كێتی، پێتوایه‌ ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌به‌غدا هه‌بون‌و تاكو ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراون ئه‌ی هۆكاره‌كه‌ی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ له‌ كاتێكدا ئێمه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌ حه‌كیمانه‌مان هه‌بێت بۆچی كێشه‌كان چاره‌سه‌رنه‌كراون؟
د. نوری تاله‌بانی: كێشه‌كان ته‌نها به‌ سه‌ركرده‌كان چاره‌سه‌رناكرێت، ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هاوكاری سه‌ركرده‌كان ده‌كه‌ن كه‌سانێكی شاره‌زاو پسپۆربن، توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه‌ راوبۆچونی خۆیان به‌رونی‌و ئاشكرایی له‌به‌رچاوی سه‌ركرده‌كان بڵێن.

له‌وه‌ناچێت به‌شی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ده‌وری سه‌ركرده‌ی سیاسی كوردن، ئه‌وه‌یان تێدا هه‌بوبێت، چونكه‌ كاركردن ده‌بێت له‌ شێوه‌ی گروپ بێت خه‌ریكی ئاماده‌كردنی هه‌مو جۆره‌ بیرورایه‌ك‌و ته‌وجیهێك بێت.

پاش روخانی حكومه‌تی به‌عس، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی كورد كێشه‌ی كه‌ركوك بو.ئه‌و كات من‌و دو كه‌سی تری شاره‌زا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ نامه‌یه‌كمان بۆ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد نارد‌و وتمان مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك پێویستی به‌ گروپێكی تایبه‌تی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریتان بكات. ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ ده‌خرێنه‌ به‌رده‌متان ده‌بێت ئێوه‌ شاره‌زایه‌كی باشتان هه‌بێت. كاتێك ده‌كه‌ونه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ل ئه‌مریكییه‌كان‌و حكومه‌تی عێراق‌و حیزب‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق، ئاماده‌یی خۆشمان نیشاندا، وتمان: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئه‌و پێشنیازه‌ قبول بكه‌ن ئاماده‌ین بگه‌ڕێینه‌وه‌ كوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ قبوڵنه‌كرا.

چاوی خه‌ڵك: كه‌واته‌سه‌ركردایه‌تی كورد نه‌یانتوانیوه‌ به‌شێوه‌ی ده‌سته‌ یان گروپ كاربكات؟

د. نوری تاله‌بانی: به‌ڵێ‌، به‌هیوای ئه‌وه‌م له‌مه‌ودوا بتوانن به‌شێوه‌ی گروپ، كه‌سانی شاره‌زا‌و پسپۆر له‌ده‌وروبه‌ریان بن، هه‌تاكو بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی باشتر گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌كان بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان‌و حكومه‌تی عێراق‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان.
جگه‌ له‌مانه‌ش بتوانن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌سكه‌وته‌كانی كورد بپارێزن‌و مافه‌ ره‌واكانی كورد به‌ده‌ستبهێنه‌وه‌.

چاوی خه‌ڵك: سه‌ركرده‌كان چۆن ده‌توانن پێگه‌ی كورد به‌هێز بكه‌نه‌وه‌، له‌كاتێكدا ئاماژه‌ت پێكرد بیری ته‌سكی حیزبایه‌تی په‌یڕه‌و كراوه‌؟

د. نوری تاله‌بانی: ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایه‌ له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای حیزبایه‌تی ته‌سك خه‌ڵك كاندید ده‌كه‌ن! ئه‌گه‌ر به‌وجۆره‌ بێت نه‌خێر، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ شاره‌زا‌و پسپۆرن، به‌شی زۆریان بێلایه‌نن‌و سه‌ربه‌هیچ حیزبێك‌و لایه‌نێكی سیاسی نین، مه‌به‌ستم خۆم نییه‌، به‌ڵام ده‌توانن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن‌و سود له‌ بۆچونه‌كانیان وه‌ربگرن.


چاوی خه‌ڵك: ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رێزت كاندید بیت بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌مه‌ تاچه‌ند راسته‌؟

د. نوری تاله‌بانی: نه‌خێر.


چاوی خه‌ڵك: ئه‌گه‌ر داوات لێبكه‌ن رازی ده‌بیت؟

د. نوری تاله‌بانی: ره‌نگه‌ رازی نه‌بم، من ئه‌ندامی كارای ئه‌كادیمیای كوردم، له‌بواری ده‌ستور‌و یاسا‌و سیسته‌می فیدراڵیدا، ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌ركێكم پێبسپێرن له‌ كوردستان، من ئاماده‌م له‌ خزمه‌تی گه‌له‌كه‌م دام.

چاوی خه‌ڵك: ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوایان لێكردی؟

د. نوری تاله‌بانی: بیرم لێنه‌كردۆته‌وه‌‌و ره‌نگه‌ بیریشی لێنه‌كه‌مه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە