Wednesday, 27/05/2009, 12:00
هێڵى رێبوار
جەماوەرى تێكۆشەرى دەڤەرى دەروازە
هاوڕێ و تێكۆشەر و دۆستانى ئازیزى هێڵى رێبوار
جەماوەرى تێكۆشەرى ستەمدیدەى گەلەكەمان :
ئێمە كە كۆمەڵى تێكۆشەرى ریزەكانى رێكخستنى سەردەمى خەباتى نهێنى و چەندین كادرى ئێستاى ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانین و خاوەنى سەدان ئەندام و لایەنگرین كە تەنها رێبازو بەرژەوەندى وئامانجە باڵاكانى گەلەكەمان كۆی كردووینەتەوەو وەك دڵسۆزێكى كورد لەناو یەكێتییدا پەرەمان پەخەبات داوە وبەردەوام لەگەڵ ئازار و مەینەتیەكانى گەلەكەماندا ژیاوین .
دواى ئەوەى گەلێ هەوڵى چاكسازى و رێگەى جۆراو جۆر گیرانە بەر بۆ ئەوەى یەكێتیی لە ئامانج و پرینسیەپەكانى دوور نەكەوێتەوە و بەردەوام وەك رێكخراوێكى سیاسی پێشكەوتنخواز و مۆدێرن بمێنێتەوە ورۆڵ وپەیامى پێشەنگى لە پێشخستنى هەمەلایەنەى (سیاسی ، كۆمەڵایەتى ، ئابوورى ، فەرهەنگى و كللتورى) كۆمەڵگەكەماندا درێژەپێ بدات و واز لە سیاسەتى تاكڕەوى و بێ بایەخ كردنى پێڕەوى ناوخۆ و مەحسوبیەت بهێنێ و ژیانى دیموكراسی و ئاسایی حزبیانەى خۆى بەرجەستە بكات ، بەڵام بەداخەوە وەك ئاگادرین سەركردایەتى خەتى بەرێز /سكرتێرى گشتى هەموو كارو بارەكانى ناو خۆى یەكێتیی وەك مەكتەبەكانى (رێكخستن ، رێكخراوەكان ، راگەیاندن ، دارایی و ئیدارەى گشتى ، نیشتمانى و كوردستانیەكان و كۆمەڵایەتى وپەیوەندیەكانى دەرەوە) لەسەر كۆمەڵێ سەركردایەتى لایەنگرى خەتەكەى تاپۆ كردوە وهیچ سەركردایەتیەكى نەیارى بۆچوون و بیروڕاكانى كارێكى گرنگیان بۆ نەماوەتەوە ! سەرەڕاى ئەوەش هیچ جۆرە شەفافیەت و روونیەك لە بڕیار و سەرچاوەكانى داهات و چۆنیەتى سەرفكردنیدا نى یە ئەمە وێڕاى جیاوازى كردنێكى زۆریان لە نێوان كادراندا دروست كردوە و هەندێكیان بەموناسەبە و بێ موناسەبە ساڵى چەندین جار خەڵات دەكرێن ؟
بۆیە پێمان وایە یەكێتیی بەو بۆچوونانەى سكرتێرى گشتى و لایەنگرانى لەناو سەركردایەتیەكەیدا كەهەیانە ، یەكێتییان رووبەڕوى قەیرانێكى هەمەلایەنەى ئاڵۆزكردۆتەوە و بە ژیانێكى سەختدا تێ دەپەڕێ چونكە لە شارێ و رەوتى خۆی لایداوە و بەرەو هەڵدێر براوە !
بەپشت بەستن بەو راستیانەو هەڵسەنگاندنى بارودۆخى ئێستاى یەكێتیی و هەوڵى سەركردە ریفۆرمخوازەكان بۆ چاكسازى و سەرلەنوێ داڕشتنەوەى پێكهاتە هەڵوەشاو لێكترازاوەكان و ئۆرگانەكانى رێكخستن، بەرز دەنرخێنین و ئەم هەوڵە بە بایەخەوە سەیر دەكەین و پشتگیرى تەواوى سەركردایەتى یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان / باڵی ریفۆرم دەكەین و بەڵێن و پەیمانى جدى دەدەین كە دڵسۆزانە بۆ سەرخستنى بیروڕاو بۆچوونە پێشكەوتوخوازەكانیان هەموو هەوڵێكى خۆمان دەخەینە گەڕ .
- سەركەوتوو بێ خەباتى سەركردایەتى /باڵی ریغۆرم .
- سڵاو لە رێبوارانى رێگەى ئازادى و عەدالەتى كۆمەلاِیەتى .
- ئازادى و سەرفرازى بۆ هەموو گەلانى دنیا لە هەركوێیەكى ئەم جیهانەدا دەژین.
رانیە
27 5 2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست