کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خوێندنه‌وه‌ی نێوان دێڕه‌کانی نوسینی خزمه‌ که‌ی قاسم ئاغا

Thursday, 21/10/2010, 12:00


ئیسماعیل بێشکچی ، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رگریه‌ پڕ به‌هایانه‌ ، له‌ کورد
 ده‌کات  . به‌ڵام ، قسه‌یه‌کی هه‌یه‌ له‌هه‌موو شت گرنگتره‌ ، ئه‌گه‌ر کورد وه‌کو تاک و کۆ  ، لێی ووردبێته‌وه‌ و تێی بگات ،  ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ، ده‌لێت : ((له‌ناو کورد دا عه‌داله‌ت له‌قۆناغیکی پریمتیڤی و سه‌ره‌تایی دایه‌)).
 
 زۆر ڕاسته‌ ، ئه‌مه‌ زۆر ده‌چه‌سپێت به‌سه‌ر ئه‌و باسه‌دا  ، که‌ خزمه‌که‌ی (قاسم ئاغا)ده‌یکات، زۆر به‌ڕووقایمیه‌وه‌ ،  بۆ به‌رگری کردن ، له‌ خوێنه‌ڕژاوه‌کانی که‌ نوسێنراوه‌ به‌گه‌ردنی خزمه‌که‌یه‌وه‌ (قاسم ئاغا) ، هه‌وڵ ده‌دات به‌شیوازی ئاخاوتنی دیوه‌خانانه‌ ، په‌ریزی(قاسم ئاغا) پاک بکاته‌وه‌ ، له‌کاتێک دا، خوێنه‌ر به‌ جوتیارێکی ساده‌له‌وحی ده‌مداپچڕاو ده‌بینێت له‌ دیوه‌خانه‌ گه‌ره‌مه‌که‌ی خۆی دا ، که وا ڕاهاتوون ‌به‌ ئه‌شه‌مبیللا و سه‌رله‌قاندن بۆی و ده‌کێشن به‌ په‌نا ملی خۆیانداو  بۆ ی ده‌سه‌لمێنن ،ده‌ڵێن ریشی بابم به‌ قه‌بره‌که‌ی بابم ، خزمه‌که‌ی ئاغا ڕاست ده‌کات و هه‌مووی بوختانه‌ بۆ ئه‌و خانه‌دان و ووجاخ زاده‌یه‌ی هه‌ڵده‌به‌ستن .
 
 ده‌ڵێ ، کورد بدوێنه‌ خۆی شه‌رحی خۆی ده‌کات !!
 
  من ، به‌ خزمه‌که‌ی (قاسم ئاغا) ده‌ڵێم : ئیستێک له‌ سه‌رقسه‌ی خۆی بکات له‌سه‌ر ئه‌و شوینه‌ی (قاسم ئاغا) ، 5000چه‌کداری تێی دا هه‌بووه‌ ، که‌شاری (کۆیه‌) یه‌.
   ئه‌و ژماره‌چه‌کداره‌ی (‌ قاسم ئاغا) ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی ، له‌وێدا ئه‌و میرێک بووه‌ بۆ خۆی . ئه‌رزه‌که‌ش که‌ شاری (کۆیسنجه‌ق)‌یه‌ ، وه‌کو میرنشینێکی(قاسم ئاغا) نواندویه‌تی ، خۆ ئه‌گه‌ر یه‌کێکی تر ویستبێتی نفوزی تیا په‌یدا بکات وه‌کو ئه‌و (جه‌مال خۆشناو)ه‌ ساردیان کردۆته‌وه‌و به‌  نادیاری و غامزی کوشتویانه‌ ،با هه‌وڵی دڵسۆزی وئیخلاسی‌  له‌ قاسماغاش بۆ به‌عس زیاتر بوبێت ، وه‌کو خۆت باسی ده که‌یت ، چونکه‌ له‌وێدا نابێت که‌س په‌نجه‌ له‌ په‌نجه‌ی ئاغا بدات .
 
 ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌لایه‌ک ، به‌ڵام با بزانین  عه‌داله‌ت و ئاسایشی شاره‌که‌ له‌سایه‌ی(قاسم ئاغا) دا که‌ هێنده‌ی میرێکی ،زه‌مانی میرنشینه‌کان چه‌کدارو سواره‌ی هه‌بووه‌ ،چۆن بووه‌ . به‌پێی ئه‌خلاقی عه‌شایریش بێت ،  عه‌داله‌ت و ئاسایش ، ئه‌مانه‌تێک بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌سۆ و شانی ده‌سه‌ڵاتدارێکی وه‌کو ئه‌وه‌وه‌  .
 
 وه‌کو خوێنه‌رێک لێره‌دا بۆ ئیسپاتی عه‌داله‌ت و ئاسایش و ناموسی پارێزراوی ئه‌و شاره‌  ، که‌میرنشینه‌که‌ی قاسم ئاغا بووه‌ ، من واز له‌و بابه‌ته‌ باسکراوه‌کانت ده‌هێنم و ده‌یکه‌مه‌ نۆ به‌خشی خۆت ، به‌ڵام ته‌نها  سێ نمونه‌ له‌ده‌می خۆت وه‌رده‌گرمه‌وه‌  ، که‌هیچیان چه‌کدار نه‌بوون و هاوڵاتی سڤیل بوون ، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین  له‌وێدا ،ژیان چۆن گوزه‌ری کردووه‌ .
 
 1 ــ کوشتی مامۆستا(نه‌ریمان تاهیر) به‌و شیوه‌یه‌ ، که‌ بۆ بێ تاقه‌تی وسه‌رگه‌رمی ،  دوو جاش گره‌وه‌ له‌سه‌ر لێدانی چه‌تره‌که‌ی سه‌ری ده‌که‌ن .
 
  که‌سی خوێنه‌ره‌ ،وه‌ره‌ ئه‌وه‌ به‌فلیمێکی سینه‌مایی بیهێنه‌ به‌رچاوی خۆت، چۆن ئه‌و مامۆ ستا بێوه‌ی و هه‌ژاره‌ له‌و بارانه‌دا چه‌تره‌ شرێکی به‌سه‌ره‌وه‌ گرتووه‌ پاش خزمه‌تی منداڵی فه‌قیرو هه‌ژاری ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ چۆن ، ئه‌و دوجاشه‌ ‌له‌ دوره‌وه‌و له‌ شوێنێکی نادیار ی مامۆستا داماوه‌که‌وه‌، بۆ بێتاقه‌تی و تاقی کردنه‌وه‌ی ده‌ستو مشتی خۆیان سێره‌ له‌ و نیشانه‌ زیندووه‌ ده‌گرن ، پاش ته‌قاندنی گوله‌که ،‌ چۆن ئه‌و مامۆستا به‌سته‌زمانه‌ له‌ خوێنه‌ گه‌شو پاکه‌که‌ی خۆی دا ده‌تلێننه‌وه‌ .
 ئه‌وجاشانه‌ی قوتابی و فیرخوازی دیوه‌خانه‌که‌ی(قاسم ئاغا)ن ، له‌وێوه‌ فێری وانه‌ ترسناکه‌کانی مه‌رگ بوون  .
    خوێنه‌ر تۆ وه‌ره‌ ،  به‌راوردی بکه‌ به‌و قوتابیه‌ چاوگه‌شانه‌ی مامۆستا نه‌ریمان له‌ پۆله ئامۆزشی یه‌کانی دا فێری ڕازاندنه‌وه‌ی ژیانی کردوون به‌زانست و ئه‌خلاق . سه‌یری ئه‌و دوو وێنه‌ڕه‌ش و سپیه‌ ی ئه‌و دوو قوتابخانه‌یه‌ بکه‌، بزانه‌ وێنه‌ی سپی چۆن شوێنراوه‌ ، سه‌یری بکه‌ عه‌داله‌ت چۆن ئه‌تک کراوه‌ .
 
 2 ــ کوشتنی (مامه‌ی سه‌مون) که‌ به‌و پیریه‌ ، له‌کاتێک به‌ گونیه‌ هه‌ڵاوگێراوه‌که‌ی سه‌ریه‌وه‌ له‌جیاتی چه‌تر و سایه‌گای  بۆخۆی به‌کاری ده‌هێنا ، ده‌چو بۆ سه‌مون کڕین بۆ په‌یدا کردنی  نانێک به‌ شه‌رافه‌ت و دوور له‌خیانه‌ت و جاشێتی . ‌
    ئه‌وه‌ش نوسینه‌وه‌ی فه‌سڵێکی خوێناوی تره‌ له‌ ڕیوایه‌تی  ئه‌و فیرخوازو قوتابیانه‌‌ی دیوه‌خانه‌که‌ی قاسم ئاغای بێ گوناه .
   خوێنه‌ری من ! ئه‌م جاره‌یان نێچیر و نیشانه‌که‌ له‌جیاتی مامۆستایه‌ک ، پیرێکی کاسبی هه‌ژاره‌، دڵی پڕه‌ له‌ ئومێد ، ئه‌مڕۆ پڕ به‌گوێنیه‌  ته‌ڕه‌ باراناوی یه‌که‌ی سه‌ریه‌وه‌ ده‌یه‌وێت پڕی بکات له‌ سه‌مون و  ساغی بکاته‌وه‌ و بیفرۆشێت ، دواتر پاره‌که‌ی بباته‌وه‌ بۆ ماڵو منداڵه‌ چاوه‌ڕوانه‌که‌ی ، که‌چی چه کداره‌  بی خه‌مه‌کانی (قاسم ئاغا) له‌ بێ کاری دا جاڕس بون ، بۆ بێ تاقه‌تی خۆیان به‌ گه‌له‌ لێدان و له‌خوێن دا گلاندنی ئه‌و خۆیان سه‌ر گه‌رم ده‌که‌ن و وه‌ڕسی خۆیان ده‌رده‌که‌ن .
   دیاره‌  ئه‌و کاره‌ی جاشه‌کان ، ناخود ئاگا بۆ به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی ژیان و بژێوی یه‌ ، بۆ یه‌ک ئیختیار  . ئه‌ویش ناچار کردنی خه‌ڵکه‌ ته‌نها بۆ په‌نا بردنه‌  به‌ر نانی جاشێتی‌  .
  بۆیه‌  بۆ کوشتنی که‌رامه‌ت  و ئه‌خلاق ، ڕێگه‌ی ژیانیان له‌(مامه‌ی سه‌مون) بڕیوه‌ته‌و ه .
 
 3 ــ بابزانین  بۆ سه‌لامه‌تی ئابڕو چی ده‌گوزه‌رێت ، له‌ مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی (قاسم ئاغا) دا .
  ئه‌و سی جاشه‌ی(قاسم ئاغا) ‌ته‌سلیمی عه‌داله‌تی کردن ، وه‌کو له‌ نوسینه‌که‌ت دا پاکانه‌ی سڕینه‌وه‌ی گوناهی ئاغای پێ ده‌که‌یت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چۆن‌ ئافره‌تێکی خاوه‌ن مێردی ، غه‌یره‌ دین و که‌مینه‌ی بێ پشت  وپه‌نای مه‌سیحی ، به‌ شێوه‌ی زۆر ه‌ملی و ه‌کو (تگه‌وبه‌رانی) ، سواری بون  و ناموسی یان به‌هه‌ده‌ر دابوو  ؟!!
 به‌عه‌قڵی عه‌شایری ده‌یڵێم ، ئه‌گینا وه‌ک ڕاستی ئه‌خلاقی ئه‌و سێ جاشه‌ نه‌ک خۆیان خێزان و بنه‌ماڵه‌و گه‌وره‌ ئاغا که‌شیان کانگای بێ ناموسی و بێ ئابڕویین .
 
   خۆ ئه‌گه‌ر پێش تر فێری چاوسوری وجۆش و خرۆشی ناوگه‌ڵ نه‌بوبێت له‌ناو خێزان و بنه‌ماڵه‌و دیوه‌خانی گه‌ره‌که‌یاندا  ، وه‌کو نێره‌ که‌ر(زه‌ڕناقی) یان لێ نه‌هات بێت  ، به‌ عاده‌تی کردنی ئه‌و ئیشانه وه‌کو کاری  ڕۆتینی ڕۆژانه‌یانی لێ نه‌هات بێت له‌سه‌رچاوه‌کانی ژیانیانه‌وه‌ ،‌ ئه‌گینا چۆن به‌و جۆره‌ بێ په‌روا کاری واده‌که‌ن؟!!
  مه‌گه‌ر ، له‌ سه‌ده‌ تاریکه‌کانی چاخی ناوه‌ڕاست و له‌ئابڕو تکاندنی  عوسمانیه‌کان له‌کوشتاری ئه‌رمه‌نی فه‌له‌کان دا مه‌گه‌ر ئه‌وه‌کرابێت ، که‌ له‌ ئێستادا دنیای له‌ تورک پیاوه‌کانی کردووه‌ به‌ چه‌رمی چۆله‌که‌ وهه‌رڕۆژه‌وه‌ له‌و وولاگیکی دنیاوه‌ له‌توزاقیان ده‌نێن .
 
  خوێنه‌ری سه‌رگه‌م به‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ ! ئای له‌و ئه‌رزو مه‌مله‌که‌ته‌ی له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی(قاسم ئاغا) و 5000 چه‌کداره‌که‌ی دا خوڵقێندراوه‌ . سه‌یر بکه!!    ته‌نها له‌و سێ قوربانیه‌دا (مامۆستا نه‌ریمان) و (مامه‌ی سه‌مون) و (ژنی مه‌سیحی) یه‌ک‌ ، هه‌موو ئه‌وانه‌ن بێجگه‌ له‌خوا که‌سی تریان شک نه‌بردووه‌ بۆ پشت و په‌ناو هه‌رسێکیان بێ ده‌سه‌ڵات ترین  که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگان :
  مامۆستا ، سه‌مون فرۆش ، ژنێکی غه‌یره‌ دین ، به‌جۆرێک وای کردووه‌ به‌عسی دوژمنی کورد ویژدانی جوڵاوه‌و سزای ناموسی لێ سه‌ندونه‌ته‌وه‌ (وه‌کو خزمه‌که‌ی قاسم یاغا ده‌ڵیت ، سێ جاشه‌ ئاغا داونیه‌ته‌ ده‌ست یاساو هیچ به‌رگری لێ نه‌کردوون و له‌سێ داره‌ دراون) ئه‌مه‌ ئه‌و لێواره‌یه‌ که‌ ئاگای تیا گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ڕه‌نگبی له‌به‌ر ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی لێواره‌ بێت وا ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ پشو په‌نا ده‌دا ته‌وه‌ به‌(قاسم ئاغا) ، نه‌عله‌ت له‌هیچ .‌
 
  ئه‌وه‌ ئه‌تمۆسفیری ئه‌و شاره‌یه‌  که‌ (قاسم ئاغا) تیایدا میری 5000چه‌کداره‌ .  من کاتی خۆی ، باب و باپیرم باس و چیرۆکی زوڵم و زۆری ئاغا چه‌کمه‌ ڕه‌قه‌کانی ئێرانیان ده‌گێڕایه‌وه‌ ، وه‌کو نمو نه‌ی ئه‌و په‌ڕی بێد ادی و حوکمی ناڕه‌وای ده‌ره‌به‌گی ، به‌وه‌ی وه‌کو حیکایه‌تێکی قه‌دیم و به‌سه‌رچوو ؛ که‌وا ئاغا له‌ هه‌یوانی دیوه‌خانه که‌‌وه‌ ، مسکێنی دوو ر به‌دور دیوه‌ به‌ باره‌ چیلکه‌وه‌ ، چووه‌ به‌ تفه‌نگه‌ ساڵداته‌که‌ی سێره‌و مشتی لێ گرتون و گوله‌ی پێوه‌ی ناون‌ ، به‌قاقای پێکه‌نیه‌نوه‌ به‌ده‌وروبه‌ره‌که‌ی گوتوه‌: ((داخۆبزانم چۆن تل ده‌بێته‌وه‌ !!!)) .
  یان کچ و ژنی کێی ئاره‌زولێ بوبێت خۆی یان پیاو چه‌وره‌کانی بۆ ساتێک ئاره‌زوو دامرکاندنه‌وه‌ی خۆیان ، په‌لاماریان داوه‌، یاخود وه‌کو ژن و هاوسه‌ر بۆ هه‌تاهه‌تایی زه‌وت و داگیریان کردون .
 
   ئه‌وانه‌ نمونیه‌ک‌ بون ، له‌منالێم دا بیستومه‌ باوه‌ڕم نه‌کردووه‌ ، له‌ م گه‌وره‌ییه‌م دا له‌شارێکی په‌نا خۆمه‌وه‌ ، که‌هه‌رچی سیاسی و  سکرتیری حیزبه‌کانی کوردستان یان حیزبێکی سه‌رتاسه‌ری عیراقه‌‌ له‌و شاره‌وه‌ هاتوون .
   پیاوی وه‌کو (حاجی قادر)و (یونس دڵدار)ی دانه‌ری مارشی نه‌ته‌وه‌یی کوردو زاناو بیرمه‌ندی وه‌کو (مه‌لای گه‌وره‌) و (مه‌سعود مجه‌مه‌د)ی تیا هه‌ڵکه وتوون ، دوای تر به‌و  عه‌داله‌ته‌ی له‌مه‌ڕ(قاسم ئاغا) رۆژانی تیا به‌سه‌ر چوبێت .
   ئای له‌و پارادۆکسه‌ی کۆمه‌لگای کوردی، که‌ هه‌میشه‌ جاشێتی و نیشتمان په‌روه‌ری به‌یه‌ک سه‌رین و بالیف ده‌نون . له‌دنیاو مێژوو دا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک نیه‌ هینده‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌‌  یه‌، سنوره‌کانی خیانه‌ت و پاکێتی به‌و جۆره‌ تێکه‌ڵ و ته‌متومان بێت .
 
 بابگه‌ڕینه‌وه‌ سه‌ر نمونه‌کانی بابه‌ته‌که‌مان :
 
   ئه‌وانه‌ باشترین بابه‌تێکن بکرێن به‌ رۆمان و فیلمی سینه‌مایی ، چونکه‌ په‌تاو په‌ت له‌ ڕوداوی ناعه‌داله‌تی و غه‌درێک ده‌چن ،که‌ له‌ تافی سه‌ره‌تای لاوی له‌ سینه‌ماکانی شار دا ده‌مانبینین له‌ فیلمه‌ کاوبۆکانی سنوری مه‌کسیک و ته‌کساسی ئه‌مریکایی دا ، له‌بابه‌تی  که‌سایه‌ته‌یه‌کانی (ڕینگۆ) و (جانگۆ) که‌ تیایدا ئه‌کته‌ری وه‌کو (فراندو سانچۆ) ڕۆڵی تیا ده‌بینی به‌ شه‌پقه فراوانه‌مه‌کسیکیه‌‌ که‌یه‌ وه‌‌ کو ئاغایه‌کی  بکوژو ببڕی ‌سه‌ر مل و ئه‌ستۆی   جوتیاره‌ بی ده‌سه‌ڵات  و به‌سزمانه‌کانیه‌وه‌‌ به‌خۆی و سواره‌ چه‌کداره‌کانیه‌وه‌ ، که‌پێ ده‌که‌نی ده‌بوایه‌ هه‌موو له‌گه‌لی پێبکه‌نینایه‌ ، که له‌ پڕ‌ توڕه‌ده‌بوو ، هه‌رچی به‌ ئیسۆپ پچڕاوی پێکه‌نینه‌وه‌ بمایاته‌وه‌ ، به‌ده‌مانچه‌ تۆپلیه‌که‌ی  ناوچه‌وان یان ناو ده‌می به‌گوله‌ ده‌سمی .  له‌ حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی پێشو دا ،  که‌ ئه‌و فیلمانه‌مان ده‌بینی ، وه‌ک مێژووی سه‌ده‌یه‌کی به‌سه‌رچوی ووڵاتێکی ئه‌وپه‌ڕی ئۆقیانوس سه‌یرمان ده‌کرد ،  قه‌ت له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌‌بوین (قاسم ئاغا) یه‌کی هاوشێوه‌ی ئه‌کته‌ری (فڕاندۆ سانچۆ)  پاش بیست ساڵی تر له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌ی ئێمه‌ش وه‌کو قارچک په‌یدا ده‌بێت !!
 
  ئه‌ی خزمه‌که‌ی قاسم ئاغا ! ڕوی قسه‌م له‌تۆیه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی پاکانه‌ی بۆ ده‌که‌یت ، به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی خۆی که‌سی نه‌کوشتووه‌!!!
  به‌ڵام به‌ گێڕانه‌وه‌ی باسه‌که‌ت ده‌رتخستوه‌ ، ئه‌و ئاغایه‌ی خزمت له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ، بازاڕێکی خوڵقاندووه‌ ،تیای دا خوێن ڕشتن و ئاو خواردنه‌وه‌ ، وه‌کو یه‌ک وابووه‌ .
    ئه‌وه‌ به‌و نمونه‌یه ‌ده‌چیت که‌سێک که‌له‌چی خانه‌ بکاته‌وه‌ . به‌ڵام له‌ ده‌م ده‌رگاکه‌یدا ، به‌رماڵیک به‌شانی دا دات و ته‌سبیحێکی سه‌دو یه‌ک ده‌نکی بگرێت به‌ ده‌ستێکی یه‌وه‌و ، له‌به‌ر ویرد ودۆعا خوێندن فرایای قسه‌ کردن نه‌که‌وێت له‌گه‌ڵ مشه‌ریه‌کانی دا، به‌ پانکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ به‌تاڵه‌که‌ی تری پاره‌ی که‌یفه‌کردنه ناشیرینه‌کایان‌ لێ وه‌ربگرێت ، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها وێنه‌یه‌کی وه‌ها بخه‌یته‌ ڕوو ، له‌بێ گوناه تریین و پاک ترین که‌س ده‌چێت ، به‌بێ دیکۆری ماڵه‌که‌ی پشته‌وه‌ی ، که‌ پڕی کردووه‌ له‌ بێ شه‌رمی .
 {دوور له‌و شوێنه‌ی و ته‌شبیهاتی زۆر به‌دوور ده‌گرم ، ته‌نها له‌نیهادی  دیدوکاره‌کانی ئاغاوه‌ که‌زێدی خۆیه‌تی ، وای پێ ڕه‌وادیتوه‌} .
 
 من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌کو خوێنه‌رێک ، زۆر به‌ ووردی هه‌ردوو به‌شه‌که‌ی نوسینه‌که‌تم خوێنده‌وه‌ ، چاوه‌ڕوانی به‌شی سێهه‌میشی بوم ، به‌ڵام دیاری نه‌بوو ، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم بزانیت ! جیاوازی نێوان جوتیاری ساده‌ی ده‌مداپچڕاوی دیوه‌خانه‌کانی ئاغا  ، له‌گه‌ڵ خوێنه‌ری ئێستاکه‌دا ببینیت ، که‌ ده‌توانێت نه‌ک دێڕه‌کان ، به‌ڵکو نێوانی دێڕه‌کانیشت بخوێنێته‌وه‌ .
 
 20 ـ 10 ـ 2010  ‌
 
 
 تێبینی
 ـــــــــــ :
 بۆخویندنه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌شه‌که‌ی نوسینی خزمه‌که‌ی قاسماغا ، ئه‌وه‌ ی خواره‌وه‌ لینکه‌کانیه‌تی:
 
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=612e5946

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=8b552441




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە