کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەقامەكان ڕەشمەكەنەوە, باقەسابخانەكەى(دوكان)دووبارە نەبێتەوە!

Thursday, 25/06/2009, 12:00


ئاشكرایە لەگەڵ نزیك بونەوەى وادەى هەڵبژاردنەكان ,دامو دەزگاكانى حكومەت وتەنانەت حیزبش بەزمانى شیرین و لەهەندێ شوێندا بەكردەوەش كەوتونەتە خزمەتكردنى ئەم هەرێمەى كە(18) ساڵە بێخاوەنە ,جاران وەك مرۆڤێكى مەلەنەزان لە ناوەڕاستى دەریایەكدا شڵپوهوڕت بكردایە بەبەرچاوى كاربەدەستانى ئەم هەرێمەوە و لەچاوەڕوانى مەرگ دابوویتایە بەپێكەنینەوە سەیریان دەكردیت تابزانن مەرگى خنكانى مرۆڤەكان چۆنە!,وەلێ ئەمڕۆ بەفیعلى حكومەت باوكى میللەتە,وەك برادەرێك گوتى"تەڵاقت بۆدەخۆم ئێستا گۆران دەستى پێكردوە و پێویست بەهەڵبژاردن ناكات!" ,بێگومان ڕاستە لەئێستاوە گۆڕان دەستى پێكردوە و پێویستمان بەپرۆسەى هەڵبژاردن نیە تەنها ئەوەندە نەبێت ئەگەر مەجالى تیامابێت یەك دووجارێكیتر سەرۆكى هەرێم بێتەوە بەردەم پەڕلەمان و نزیكەى دووسێ مانگێكیتر وادەى هەڵبژاردنەكان دوابخات و حیلە شەرعیەك بدۆزنەوە بۆ دواكەوتنى هەڵبژاردنەكان وەك ئەوەى كە لە ڕابردودا دەیان حیلە شەرعیان بۆ كارو كردارەكانیان دەدۆزیەوە!.
یەكێك لەو خزمەتگوزاریانەش كەئەمڕۆ شانیان داوەتەبەرى ,ڕەشكردنەوەى كوچەو كۆڵان وشەقامەكانى ناو شارەكانەو ئیتر ئەمڕۆ تەواوى كارو چالاكى وماستەر پلانى ئەم حكومەتە لەبرى هەموو كارو پڕۆژەیەكیتر ڕەشكردنى شەقامەكانە,چونكە لەهەموو كارەكانیتر زیاتر لەبەرچاوە ,بەڵام بۆ نایەن ئاواش شانبدەنە بەر بۆنموونەپڕۆژەى ئاوەڕۆكان؟ چونكە دواى كۆتاى هاتنى ,پڕۆژەكە دادەپۆشرێت و ئیدى بەبڕٍواى پیاوانى دەسەڵات واهەست دەكەن خەڵك نایبینێت ,وەك چۆن خۆیان لەماوەى 18ساڵدا ئازارەكانى ئەم میللەتەیان نەبینى و دەیانەوێت بەم كارە پەلەكڕوزانەیان جەماوەر لەگەڵ خۆیاندا ئاشت بكەنەوە!.
لێرەدا باس لەنموونەیەك دەكەم ,بەهۆى خراپى هەردوو ڕێگاى گشتى(دوكان-تاسڵوجە) و (سلێمانى-عەربەت) بەقەد شەڕى ناوخۆ خەڵك بوە قوربانى خراپى ئەو ڕێگایە و بەسەدان كەم ئەندامی لێكەوتەوە ,كەچى بە هەموو هێزو قوەتێكى ئەم حكومەتە دواى بڵاوكردنەوەى سەدان هەواڵ و ڕاپۆرت و ئاستى توڕەى خەڵكى,هەستان بەدووساید كردنى ئەو دوو ڕێگا گشتیە ,بەڵام چۆن بەدووساید كردنێك ؟وێڕاى ئەوەى تائێستاش هەندێك كارى وەك تەواو نەبونى قەنتەرەكان و هێڵكارى هاتوچۆو چەند كەموكوڕیەكى دیكەى ماوە تاكۆتاییان پێبێت ,هەمووى مانگێكى نەخایاند لەچەندین شوێنەوە تاسە لەهەردوو ڕێگاكەدا دروست بوو!.ئەمە جگەلەوەى كەهەردوو ڕێگاكە دووجار كولفەی خەیاڵیان بۆ دابینكراوە.
یاخود ئەوەتا ڕۆژانە بەهۆى خراپى ڕێگاو بانەكانەوە هەواڵى دڵتەزێنى قوربانیانى هاتوچۆ دەبیستین زیندووترین نموونەش قەسابخانەكەى هەفتەى ڕابردووى ڕێگاى گشتى(دوكان-خەلەكان)بوو كە بەتەنها لەیەك ڕوداوى هاتوچۆدا(9)هاوڵاتى بوونەقوربانى ,تەواوى قوربانیەكان خەڵَكى دوكان بوون ئەو شارۆچكە بچوكەى كە سەراپاى كوچەو كۆڵانەكانى ڕەنگى پرسەى لێنیشتبوو پڕیەتى لەماڵى بەرپرس ,كەچى بۆتاكە یەك بەرپرس پرسەو سەرەخۆشى خۆیان لەبنەماڵەى كەسوكارى قوربانیەكان نەكرد ,ئینجا وەرە چاوەڕێى ئەوەبكە ڕۆژێك لەڕۆژان بێن ئەو ڕێگا گشتیە بكەن بە دووساید؟!.
ئەوەتا ڕێگاى گشتى (دوكان-تۆبزاوا) چونكەڕێگاى كۆشكەكەى تاڵەبانی بەسەرەوەیە هەستاون بەپانكردنى ئەو ڕێگە سەختە بەجۆرێك ئامێرەكانى ڕێگاوبان لەهەندێك جێگەدا كاردەكەن ئینسان سەرى لێ دەسوڕمێت ,كە ئاشكرایە ڕێگایەكى گشتى وەك (دوكان-ڕانیە) ڕۆژانە بیست بەرامبەرى ئەو ڕێگەیە تەزەخوماتى ئۆتۆمبێلى بەسەرەوەیە ,كەچى تاكو ئەمڕۆ كاربۆ بەدووسایدكردنى نەكراوە.
ئەمڕۆ لەبەر حەملەى ئینتیخابى حكومەت دەستى داوەتە ڕەشكردنەوەى شەقامەكانى ناوشار ئیدى وا دەزانێت خەڵكى خڵافاوە, حاڵى ڕێگا گشتیەكان جوانە كە بەدەیان ئەندازیارى ڕیئَگاوبانى حكومى سەرپەرشتى دەكران و ئینجاش ئەوە نەتیجەكانیانبوو كەبینیمان واوەیلا بۆ دواى دوومانگیترى ڕشكردنەوەى كوچەو كۆڵانەكانى ناو شارەكان ئاخۆ چیان بەسەردێت, ئەگەر ڕاستدەكەن و موبالەغە لەگەڵ میللەتدا ناكەن شەقامەكان ڕەش مەكەنەوە كارێكى وەهابكەن ڕوداوێكى دیكەى دڵ تەزێنى وەك قەسابخانەكەى دوكان دووبارە نەبێتەوە.






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە