هەموتان هەڵەن، هێلکە باران نەبو، گولە باران بولەهەولێر!
Saturday, 20/07/2013, 12:00
سەرکردەکانی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار بە شارەزایانە کاریان کردوە لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوی ژیانی سیاسیان بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکانیان و مانەوە لە پۆزشنی سەرکردایەتیو سەڕۆکایەتی، وە یەکێ لە هەرە ئامرازە بەکارەکانی کە پێویستیان پێهەبوە هێزی مرۆی بوە کە وەکو ئامرازێک بەکاریان هێناوە بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانیان.
لە میژویی خەباتی میللەتەکەمان لە باشوری ولات، بۆ ناسینی قۆناغەکانی خەباتی ئەو میللەتە، ناتوانین بڵێین قۆناغی پێش رزگاربون یان قۆناغی دوای رزگار بون، چونکە لە ئەرزی واقیعدا وڵاتەکەمان سەربەخۆی سیاسی نیە، لە روی جوگرافیاشەوە سنوری دیاری نەکراوە ، ئاڵاکەشی لە کۆمەڵگای نیو نەتەوەی بە فەرمی نەناسراوەو دانی پیادانەنراوە ، خاوەن هێزێکی سەربازی فەرمیو ئابوری سەربەخۆنیە، ئەمە وای کردوە بۆ ناسینی قۆناغەکان دبێ بڵێن قۆناغی شاخ و قۆناغی شار.
لە قۆناغی شاخدا، بە حوکمی قورسی ئەو قۆناغە، سەرکردەکانی هەر دو پارتی دەسەڵاتدار، پێویستیان بەو جۆرە مرۆفانە هەبو کە هەڵگری بیرو باوەری نیشتمانیو نەتەوی بون، یان هەڵگری جۆرێک لە عەقیدەیەکو ئایدلۆژیایەکی سیاسی دیاری کراوبونو سوربون لەسەر ئەوەی کۆششو خەباتی خۆیان چر بکەنەوە بۆ سەرکەوتنی، بۆیەش ئەو جۆرە مرۆڤانە ئامادەیی ئەوەیان تیا هەبو بۆ سەرکەوتنی ئەو بیرو باوەرانە، تەزحیە بە هەمو خۆشی ژیانی تایبەتی خۆیان بدەنو ژیانی خۆیانو کەسوکاریشیان بخەنە مەترسیەوە، روبەروی سەختیەکان ببنەوەو ئامادە بن خوێنی بۆ برژێنو خوێنی بۆ بدەن بەبێ بەرامبەر، بۆیەش ئەگەر سەرەنجێ بدەین لە قۆناغی شاخ ،ئەوانەی بەشداری شۆرشەکانی کوردیان کردوە هەمو کاتێک کەمترین رێژەی کۆمەڵگا بونە کە وەکو نوخبە هەژمارکراون. لەگەڵ ئەوەی ئەو هێزە مرۆیە بە رێژە کەم بون بەڵام کارێگەریان زۆر هەبوە لە تەکانندانو بەردەوام بونی بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان و دروستکردنی مێژوی بەرەنگاریبونەوە، لەلایەکی کەش بە شێوەیەکی گشتی ئەو جۆرە پێکهاتەیە بە ئاسانی نەدەکڕاو نە دەفڕۆشرا بۆیەش هەتا بۆ لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانیش کۆنترۆلکردنیان ئاسان نەبو، ئەمە وای کردبو سەرکردەکانی هەردو لا لەو قۆناغەدا زۆربە وریایانە کاربکەن و هەوڵبدەن هەمو ئەو دیاردانە بشارنەوە کە هێلێکی باریک دروست دەکا لە ئاشکرا بونی حەقیەتی جۆری بیرکردنەوەیان و ئامانجیان، بێگومان بۆ ئەو مەبەستە خۆیان حەشارداب و لە ژێر عابای شۆرشگێریو مەبادئو مارکسیەت و نیشتمانیو نەتەوە پەرستی.
لە قۆناغی شاردا،ئەو پێویستیەی سەرکردەکان بەو جۆرە هێزە مرۆیە گۆرا، بۆیەش ئەگەر دیقەت بدەین جگە لەوەی ئەو کەسانەی کە لە شاخەوە لێپرسراو بونو کە گەڕانەوە شاریش هەر بە لێپرسراو مانەوە ،تاکو تەرا دەبینی ئەو جۆرە مرۆڤانە کاربەدەست بن لە دامودەزگا حکومیەکانو حزبیەکانی لەو هەیکەلە کوردیە سیاسیەی کە لە باشوری وڵات بەرجەستە بوە، لە ئەنجامی ماندوبونو خەباتی ئەوان. چگە لەوەی کە زۆرێکیان لێ شەهیدو سەقەت بون زۆریشیان پەراوێز خران لە لایەن ئەو لێپرسراوانەو وە بۆ ئەو مەبەستەش بە دڵنیایەوە زۆر بە ژیرانە کار بۆ ئەو پەراوێزکردنەیان کراوە.
بە ونبونی ئەو جۆرە مرۆڤانە مەیدان چۆڵبو بۆ لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکان، بەوجۆرە گەرانەوە بۆ ناو میللەت سەرییان بەرز وە ئەوان بون بە رەمزی پێشمەرگەی شاخو راپردوی پاک ،ئەمە لە کاتێکدا بو میللەتەکش بە شێوەیەکتی گشتی سەرەرای نەهامەتیکانی کە بەسەری هاتبو چ لە کیمیاباران و ئەنفال و کوشتن و برێن زۆربەی لەلایەن رژێمی بەعس کڕابون و هێزی زۆر زەبەلاحی چەکداری و ئیستخباراتیان لێپێکهێنا بون کە بە شێوەیەک لە شێوەکان کاردانەوەی زۆر خراپی هەبو لە سەر بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان بمانەوێ یان نەمانەوێ ئەمە راستیەکی تاڵە بەڵام دەبێ ئاماژەی پێبدرێ وەکو دیاردەیەکی مێژوی بونی هەبوە هەروەکو چۆن خەباتی شاخو پێشمەرگە بونی هەبوە.
لەو قۆناغەدا،لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکان کەرەستەیەکی خاوی هێزی مرۆیان لە بەردەست بو کە پێکهاتەی پاشماوەکانی بەعسبون، ئەو پێکهاتەیە زۆر بە ژیرانە بەکارهێنرا لە لایەن لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دوبارە بۆ درێژە دان بە گەیشتن بە مەرامە تایبەتیەکانی خۆیان، کۆنترۆلکردنی ئەو پێکهاتەیە زۆر ئاسان بو بەڵام بێگومان ئەو کۆنترۆلکردنە بێ بەرامبەر نەبو بەڵکو نرخەکەی بریتیبو لە پارەو پۆست. لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ئەو راستیەیان دەزانی بەڵام ئەو جۆرە پێکهاتیە ئەو پێکهاتەیە بو کە لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکان لە زەمانێکی زۆر زوەوە خەونیان پێوە دەبینی پێکهاتەی" شەلم کوێرم کەڕم هیچ نابینم".
ئەو جۆرە پێکهاتەیە بو بە مەقاشی دەستی لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و پێشەرەو بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگا، بۆ سەلماندنی ئەو راستیە ئەگەر سەرەنجێکی ورد لە دامو دەزگانی حکومەتی هەرێم و دامو دەزگا حزبیەکانی هەردو پارتی دەسەڵاتدار بدەین دەبینین پرن لەو جۆرە پێکهاتەیە وە زۆرانێ هەن ئاماژەیان بەو دیاردەیە کردەوە. ئەو جۆرە پێکهاتەیە زۆر بە نرخێکی گران کەوتۆتە سەر میللەتەکە چونکە سێ بەشی سامانو دەرامەتی گشتی لە قورگی ئەو جۆرە کەسانە دەكرێ شان بەشانی ئەوەش دەسەڵاتەکانیان لە سەروی دەسەڵاتی یاساو دادە، سەرەرای ئەوەش بون بە پێشەوای سەرکردایەتی کردنو پەرەوەردە کردنی میللەتەکەو تاکی کورد لە باشوری وڵات.زیاتر بۆ دو دەیی دەچێ ئەو جۆرە سەرکردایەتیە بوە بە نمونەی میللەتکە بوە بە سەرچاوەی جۆری پەروەردە کردنی هەڵە و ناساندنی کەلتوری هەمو شتێک لە پێناو پارەو پۆستو بەرژەوەندیو خۆپەرستی، سوکردنی وەرگرتنی هەڵوێستی راست لە لایەن میللەت بەرامبەر ناهەقیەکانی کە ئەنجامدەدرێ دژ بە ئازادی تاکەکانو کوشتنی روحی نیشتمانیو نەتەوەیو شۆرشگێری و بەرەنگاری بونەوە لە ناو میللەتو قبوڵکردنی حوکمی کوێلایەتی.بۆیەش ئیمرۆ ئەو میللەتە بیدەنگە بەرامبەر سەپاندنی سەرۆکی ماوە بەسەر چو، پەرلەمانێکی خۆ فرۆش،کوشتنو لێدانو هێلکە بارانکردنو سوکایەتی کردن بە مافی مرۆڤو ئازادی تاک. بۆ کپکردنی دەنگی تاکێک لە ناو میللەت لێدانو هێلەکەبارن پەیرەو دەکرێ، بەڵام دڵنیابن بۆ کپکردنی دەنگی هەموتانپێکەوە دەبابەو زریپۆشو سوپای داگیرکەران بەکاردەهێنرێ بۆیە هەرهێلکەیک کە دەهاوێژرێ دژی ئازادی هەرتاکێک گولەیەکە بۆ مراندنی روحی بەرەنگاری بونەوەو هەڵهێنانی دەنگی نارەزایی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست