مەلابەختیارەکەی یەکێتی لە پارتی پارتیترە
Wednesday, 24/07/2013, 12:00
مەلا بەختیار شانازی بە دیموکراسی وکودەتا وسەرۆکە گەندەڵەکە دەکات. ئەم قسانەی مەلا لەکاتێکدایە عادل موراد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ناڕازیبوونی خۆی لە ئیستفزازاتەکانی پارتی ڕادەگەیەنێت. مەلا لەباتی باسی هۆی کودەتاکەی ٣٠حوزەیرانمان وکاریگەری ناشەرعییەت لە سەر ناو وپێگەی هەرێم وناڕازیبوونی میللەت بکات دێت باسی نامەی قەبوولکردنی مەسعودبەرزانیمان بۆ دەکات وزۆر بەپۆزەتیف دەیبینێت.
ئەوەی مەلابەختیار نەناسێت ونەزانێت کە ئەندامێکی مەکتەبسیاسی ینکە وا دەزانێت ئەم وتارە بەدەستی ڕۆژنامەنووسێکی پارتی یان کابرایەکی بە کڕێگیراو بۆ پارتی نووسراوە.
مەلا پێمان نیشاندەدات کە دەستێکی باڵای هەیە لە درۆ وچەواشە وکلکەلەقی بۆپارتی ومەدح وستایشی بەرزانی، هەر وەها هێڕش دەکاتە سە ر هەڵوێستی کوردانە ونیشتمانپەروەرانەی ئۆپۆزسیۆن وبەڕق وپڕوپاگندەی هەڵبژاردن لە قەڵەمبدەدات، بەشێوەیەک پارتی خۆی ئەوانەی پێنەکراوە، مەلا خۆیمان لە پارتی پارتیتر پیشاندەدات. پارتی دوو دەهۆڵژەنی وای لەسەرکردایەتی یەکێتی هەبێت ئیتر غەمی چییە؟
مەلا پەرەگراف بەپەرەگراف باس لە نامەکەی بەرزانی دەکات وهەموو دێڕ وووشەیەکی بە ئەوپەڕی جوانی وئومێد بەخش دەبێنیت. ئەگەر چی لە نامەکەدا بەئاشکرا باسی گەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان نەکراوە، ئەگەر چی عبدالسلام بەرواری کە نزیکە لەبەرزانییەوە ویەکێکە لە نووسەرانی نامەکە دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە دەستوور ناگەڕێتەوە پەرلەمان ولەنامەکەش باس نەکراوە بەڵام مەلاکەی یەکێتی بە نایاب وبێوێنە وئیجابی لەقەڵەمی دەدات. مەلا متمانەیەکی کوێرانەی تەواوی بەهەموو دێڕ وووشەیەکی هەیە.
مەلا ناحەقی نییە لەم کاتەدا ئەم وتارەی بڵاودەکاتەوە، یەکێتی لەگێژاوێکی گەورەدایە، لەکاتێکدایە خۆی لە ئێمە زیاتر چاوەڕێی تەقینەوەیەکی گەورە لە ناو یەکێتی دەکات، لە کاتێکدایە بارێکی نائارامی دەستی بەسەر ڕێکخراوەکانی یەکێتیدا لە ناوەوە ودەرەوە کێشاوە، ئەندام وکادرەکانی هەست بەشەرمەزاری وتووڕەیی دەکەن وپۆل پۆل خەریکە گۆڕەپانەکە بۆ مەکتەب سیاسی چۆڵ دەکەن، ئەم حەقیقەتە تاڵە پاڵی پێوە بنێت یان ناچاری بکات بۆ دڵدانەوەی لایەنگرانی خۆی لە هۆ ڕاستەقینەکەدا بشاریتەوە وبەو شێوەیە ستایشی نامەکە بکات. هەر بۆیەش لە تەواو بوونی هەر پەرگرافێک دەڵێت دە بڕوانن دەتەماشا بکەن ئیتر لەمە باشتر لەمە زیاتر چیتان دەوێت لە کوێی دنیادا شتی وا ڕوویداوە ونووسراوە؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست