کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تارمایەكانى تاڵەبانى وبارزانى

Saturday, 06/02/2010, 12:00


بەدرێژاى حوكمڕنیكردنیان لەم هەرێمەدا وەك دوو سەرۆك هەریەك لەتاڵەبانى وبارزانى دواى چەندین ڕووداو و هەڵەى سیاسی كەبەسەریاندا تێپەڕیوە بێدەنگیان هەڵبژاردوە, یاخود دواى فراوانبونى ناڕەزایەتیەكان لەسەرئاستى ناوخۆى و دەرەكى پاشان ئەم دووسەرۆكە لەدوایین وێستگەى ڕوداوەكاندا یاخود كێشەسیاسیەكاندا هاتونەتەگۆ,تەنانەت لەئاست هەندێك لەڕووداوەكاندا تائەمڕۆشى لەگەڵدابێت بێدەنگیان هەڵبژاردوە ,وەك بێدەنگیان لەبەرامبەر شەڕى ناوخۆى خوێناوى كەخودى تاڵەبانى وبارزانى بەرپرسى یەكەمن لەوشەڕە نەگریسەى كەتائەمڕۆش بەشێك لەئاسەوارە سلبیەكانى بەسەر ئەم هەرێمەوە دیارە,بەڵام تائێستا هیچكام لەم دووسەركردەیە بەشێوەیەكى ڕەسمى ئیدانەى ئەو شەڕەنەگریسەیان نەكردوە ,تەنانەت ئیدانەكردنى زۆربەى هەرە زۆرى ئەوڕووداوانەش كەلەڕابردوودا ڕویان داوە هەریەك لەو دووسەركردەیە ترسی دەرەنجامە نێگەتیڤەكانى كۆمەڵگاى نێودەوڵەتیان لەسەربوە ,زیندوترین نموونەش دواى تیرۆركردنى ئەكادیمیستى كورد د.(عەبدول ستار تاهیر شەریف) وپاشان تیرۆركردنى ڕۆژنامەنووس(سۆرانى مامەحەمە)و هەموو ئەو پێشێلكاریانەى دیكە كەلەڕابردوودا بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدران ,سەرۆكى هەرێم بێدەگى هەڵبژارد,پاش ئەوەى كەنزیكەى ساڵێك بەسەر ئەو ڕووداوانەدا تێپەڕى و لەوماوەیەدا چەندین ڕٍێكخراوى (NGO)ى نێودەوڵەتى ئیدانەى هەموو ئەو ڕوداوانەیان كرد و بانگەشەى دیموكراسی سەركردەكانى كورد كەوتەژێرپرسیارەوە بەتایبەت دواى بڵاوكردنەوەى هەریەك لەڕاپۆرتەكانى (یۆنامى,هیومان ڕایتس ۆچ,ئەمنیستى ئەنتەرناسیۆناڵ,وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا,هەروەها هەردوو ڕێكخراوى جیهانى تایبەت بەمافەكانى ڕۆژنامەنووسان پەیامنێرانى بێ سنوور و كۆمیتەى بەرگریكردن لە ڕۆژنامەنووسانى جیهانCPJ),ئەمەو جگەلەچەندین ڕاپۆرتى گۆڤارو ڕۆژنامەجیهانیەكان,ئەوەبووپاش ئەوهەموو ناڕەزایەتیەى كۆمەڵگاى نێودەوڵەتى,دواجار بارزانى لەكۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ئیدانەى ئەو پێشێلكاریانەى كرد,((ئەویش بەتەنها لەچەند ووشەیەكى پێشەكى ووتارەكەیدا)).
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا سەرۆكى هەرێم كاتى ئەوەى نەبوو بەرلە ناڕەزایەكانى كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ئیدانەى ئەو پێشێلكاریانەبكات؟ ئایا بارزانى درك بەوەناكات هەڵبژاردنى ئەو بێدەنگیەى دروستبونى تارماییەكى گوماناویە لەبەردەم ڕای شەقامى كوردى بەگشتى و ڕۆژنامەنووسانى هەرێمەكەى بەتایبەتى؟
لەلایەكى دیكەوە هەر لەچوارچێوەى ئەو بێدەنگیەى كەهەریەك لەتاڵەبانى و بارزانى بەردەوام لەكاتەهەستیارەكاندا هەڵیانبژاردوە ,دواى سوتانى بارەگاكانى یەكگرتووى ئیسلامى لەساڵى(2005)داو كوژران وبرینداربونى چەندكادرێكیان ئەم دوو سەركردەیە بێدەنگ بوون,هەروەها دواى دەركەوتنى ئەنجامەكانى هەڵبژاردنى هەرێمى كوردستان لە(25ى تەمووز)ى ساڵى ڕابردوودا بینیمان چۆن ئەمیرى كۆمەڵى ئیسلامی و,مەكتەبى سیاسی یەكگرتوى ئیسلامى لەهەولێر بەبەرچاوى هێزەكانى ئاسایشەوە ئیستیفزازكران وهاوكات بارەگاى لیستى گۆڕان لەهەولێرسوتێنرا ,كەچى بەهەمان شێوە هەریەك لەتاڵەبانى وبارزانى بێدەنگ بوون لەئاست ئەم ڕووداوانەدا وبكەرەكانى هەموو ئەو ڕوداوانەش بەبیانوى ئەوەى كەسی نەناسراون دەستگیرنەكران , بەڵام دواى خۆپیشاندانەكەى دانیشتوانى شارۆچكەى پیرەمەگروون دەبینین چۆن لەلایەن هێزەكانى ئاسایشەوە یەك بە یەكى هەڵسوڕێنەرانى خۆپیشاندانەكە لەماڵەكانى خۆیاندا دەستگیركران!.
ئەوەى لەئێستاشدا جێگەى باسكردنە دواى كوژرانى كادرێكى لیستى گۆڕان لەهەڵەبجەى تازەو سوتاندنى بارەگایەكى ئەوبزوتنەوەیە لەشارۆچكەى كۆیەو پێشتریش برینداركردنى كادیرێكى دیكەیان و چەندڕووداوێكى دیكەش كەتائەمڕۆبكەرى هیچكام لەو ڕوداوانە دیارنیە و بەوهۆیەشەوە بارودۆخى سنوورى ئیدارەى سلێمانى تاڕادەیەك نائارامى بەخۆوە بینی,ئەگەرچى ڕاگەیاندنەكانى پارتى و یەكێتى بەكەمترین شێوەباسی هەریەك لەوڕوداوانەیان كرد ,بەڵام بەپێى دوایین هەواڵ بەتایبەت سەبارەت بەكوژرانى كادیرەكەى لیستى گۆڕان باس لەوەكرا كەبەهۆى كێشەیەكى كۆمەڵایەتیەوە ئەوكادیرە كوژراوە ,بەڵام لێرەدا پرسیارئەوەیە تائەمڕۆ بكەرى ئەو ڕوداوە نادیارە و ئەمەش بەهەموو پێودانگێك جگەلەوەى كەتارمایەكى گوماناوى لەشەقامى كوردیدا دروست دەكات هاوكات ئاسایشى هەرێم دەخاتە ژێرپرسیارەوە , چونكە ئەوە هەر هێزەكانى ئاسایشى هەرێم بوون دواى تەقینەوەتیرۆرستیەكەى بەردەم سلێمانى پاڵاس هەمووى چەند ڕۆژێكى نەخایاند تەواوى ئەوكەسانە دەستگیركران كەدەستیان لەوتەقینەوەیەدا هەبوو,ئەى عەجایب ئەمڕۆ كەسێك بەهۆى كێشەیەكى كۆمەڵایەتیەوە تۆمەتبارە بەكوشتنى كەسێك و تائەمڕۆ نادیارە ولەدەست هێزەكانى ئاسایش عاسێ بووە؟!.
لەهەموشى گوماناویتر ئیدانەكردنەكەى تاڵەبانى بوو لەمەڕ هەموو ئەو ڕوداوانە ,چونكە پاش تێپەڕبونى ماوەیەكى دوور ودرێژ بەسەر ڕوداوەكاندا و دواى ئەوەى كەژمارەیەك لەنووسەر و ڕۆژنامەنووسانى دیارى هەرێمى كوردستان نامەیەكیان لەبەرامبەر ئەو ڕەوشە نائارامە ئاڕاستەى هەریەك لەتاڵەبانى و بارزانى و نەوشیروان كرد و هاوكات بزوتنەوەى گۆڕان بەیاننامەیەكیان ئاڕاستەى ڕاى گشتى جیهان و ناوخۆكرد پاشان تاڵەبانى ئیدانەى ئەوڕوداوانەى كرد ,خۆئەگەر پرسیاریش ئەوەیە كەتاڵەبانى درەنگ وەخت ئەو ڕووداوانەى پێگەیشتوە,یاخود بەهۆى كارى ڕۆژانەى سەرۆكایەتى كۆمارەوە نەیپەرژا هەرچى زووتر ئیدانەى ئەوڕووداوانەبكات ,ئایا ئەوە هەرتاڵەبانى نیە لەكاتى كۆچكردنى ئەو كەسایەتیانەى كورد ((كەخۆى مەبەستیەتى)) لەیەكەم ڕۆژى پرسەكەیدا بروسكەى ماتەمینى ئاڕاستەى بنەماڵەكانیان دەكات؟!.
خۆئەگەر ئەو ڕووداوانەش لەلایەن تاڵەبانى و حیزبەكەیەوە بەڕووداوى ئاسای ڕۆژ تەماشادەكرێن ,ئەوەش ڕاستیەكى حاشاهەڵنەگرە كەسەرەتاى شەڕى ناوخۆ لەدەمەقاڵەیەك لەسەر ڕیزە دوكانێكى شارۆچكەى قەڵادزێوە سەریهەڵداو دەرەنجامە سلبیەكانى ئەوشەڕەخوێناویەش لاى هەموان ڕونوئاشكرایە.
لەوەش گوماناویتر ئەوەیە كە دیوانى سەرۆكایەتى هەرێم ئەگەرچى لەدوا وێستگەى كێشەكاندا بەئاگادێتەوە و لەڕۆژى(7/1),دواى ئەوەى كەڕاى گشتى جیهانى وناوخۆ لەكێشەكان ئاگادار دەكرێنەوە,پاشان ئیدانەى ئەو ڕەوشە نائارامەى سنوورى ئیدارەى سلێمانى كرد!, هاوكات لەبەشێكى بەیاننامەكەدا كەلەزارى (فواد حسێن)سەرۆكى دیوانى سەرۆكایەتى هەرێمەوە بڵاوكرایەوە:((بەڕێزمەسعودبارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان تەئكیدى لەسەر ئەو خاڵەكردۆتەوە كەپێویستە وەزارەتى پێشمەرگەو وەزارەتى ناوخۆبەئەركى فەرمى خۆیان هەڵسن)).
لێرەدا لەدیوانى سەرۆكایەتى هەرێم دەپرسین,لەچى وڵاتێكى خاوەن موئەسەسەو دیموكراسى دنیادا بوە ,كاتێك ووڵات ڕوبەڕوى ڕەوشێكى نائارام دەبێتەوە ,ئەركى سوپایە هەڵسێت بەئارام بونەوەى ئەو ڕەوشە؟! ئایا لەئێستادا كەهەرێمى كوردستان ڕوبەڕوى ئەو ڕەوشە نائارامە بۆتەوە كام یاساو پێوەر بۆئاسای بونەوەى ئەو ڕوشە ڕێگەدەدات وەزارەتى پێشمەرگە بەوئەركە هەستێت؟!,ئایا ئەمە ئەركى ئاسایش وهێزەكانى ناوخۆی هەرێمە,یان وەزارەتى پێشمەرگە؟!.
بەهەرحاڵ...جگەلەهەمووئەم گومانانە بەدرێژاى 18ساڵى ڕابردوو هەریەك لەم دوو سەركردەیە خاوەن بەرزترین پۆستى فەرمانڕەوای ئەم هەرێمەبوون,بەڵام بەپێچەوانەوە بێدەنگترین بەرپرس بوون لەئاست گشت ڕوودا و كێشەسیاسیەكاندا, بێدەنگ بوون لەئاستى گرژى و ئاڵۆزی خۆپیشاندانە یەك لەدواى یەكەكانى شاروشارۆچكەكانى هەرێم ,كە كوژاران و برینداربونى چەند هاوڵاتیەكى لێكەوتەوە, بێدەنگ بوون لەبزربونى فڕۆكەوانەكە,بێدەنگ بوون لەئاست بێسەروشوێنبوانى شەڕى ناخۆ,بێدەنگ بوون لەفرتوفێڵ وبەهەدەردانى بودجە وداهات و باج وخەراجەكانى هەرێم, بێدەنگ بوون لەناشەفافى گرێبەستەنەوتیەكان و بەتایبەت فەزیحەكەى ئەم دوایەى وەزیرى سەرچاوە سروشتیەكان, بێدەنگ بوون لەبەرامبەر هەموو ئەوهەڵە سیاسیانەى كەبەسەریاندا تێپەڕیوە...ئەمەو بێدەنگ بوونیان لەئاست چەندین ڕوودا و كێشمەكێشى سیاسی دیكەدا.
دواجارهەمووئەم بێدەنگیانە ئەوتارماییەپڕگومانەمان لادروست دەكات كەپاڵەوانى سەرەكى تەواوى سینارێۆكان بێدەنگیەو كارەكتەرى گشت بێدەنگیەكانیش تاڵەبانى وبارزانین!.

[email protected]




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە