بۆ هووشیار زێبارى : كەر یان بردە بەغدا نەبوو بە هێستر!!
Monday, 26/01/2009, 12:00
3989 بینراوە
لە سەروبەندى رووخانى رژێمى سەدامدا، دەسەڵاتى باشورى كوردستان یەك لە پێكهاتە بە قەبارە گەورەكانى گوڕەپانى سیاسى عراق بوو،ئەگەر ئەو دەسەلاتە لە ناوەرۆكیشدا نیوەى قەبارەكەى گەورە بایە،دەبوو لە چۆنیەتى پێكهێنانەوەى دەوڵەتى عراقدا رۆڵێكى كاریگەرى هەبایە و بۆ چارەسەركردنى كێشەى كورد لە تەواوى رۆژهەڵاتى ناوەراستدا سودى لە پێگەى خۆى وەربگرتایە،بەڵام لەبەر ئەوەى ناسنامەى نەتەوەیى و پێگهاتەى چینایەتى و هزرى ئایدۆلۆژى دەسەلاتى باشورى كوردستان،لەگەڵ داخوازیە سیاسى و كۆمەلایەتى و كڵتوریەكانى گەلى كورد و سیاسەتى سەردەمدا ناكۆك بوون،ئەوەى گەلى كورد بە تەماى بوو و دڵى پێخۆشكردبوو،وا دەرنەچوو هیواى وەك بڵقى سەر ئاوى لێهات و جارێكى تر دووچارى رەشبینى هاتەوە.
لە ئاواكردنەوەى دەوڵەتى نوێى عراقدا،خەڵكى كورد زۆر خۆشحاڵ بوون كە پۆستى سەرۆك كۆمارى و وەزیرى دەرەوەى دەوڵەتى عراق بەر دووكەسى بە ڕەچەڵەك كورد كەوتون،خۆشحاڵی خەڵكى كوردستان لەوەوە سەرچاوەى گرتبوو كە ئەو دوو كوردە،هەر هیچ نەبێت بڕێك لە چالاكى دبلۆماسیان لەگەڵ بڕیاربەدەستانى عراقى و جیهانیدا،بۆ تەواو چارەسەركردنى كێشەى باشورى كوردستان دەخەنە گەڕ و لە پارچەكانى ترى كوردستاندا هاوكارى چارەسەركردنى كێشەى كورد دەكەن.بەڵام ئەوەى لە بیرى خەڵكدا نەبوو،رابوردووى سیاسى پیس و نەگریسى ئەو دوو بەرپرسەى كورد بوو،كە ئەگەر وا پیس و سوك نەبونایە زەحمەت دەبوو داگیركەرانى كوردستان و هاوپەیمانەكانیان لەوپۆستانەدا قبوڵیان بكەن. هوشیار زێبارى بە خێڵ و بنەماڵە جاشى رەسەنى حكومەتى عراق بووە،بە حزبیش ئەندامى پایەبرزى (پ د ك)ى جاشى ساڵى 1967 شاى ئێرا ن و جاشى ساڵى 1979 كۆمارى ئیسلامى ئێران و جاشى ساڵانى 1992 و تا ئەمرۆى توركیا و جاشى 31 ئابى رژێمى بەعس بووە.ئەم مێژووە درێژەى جاشایەتى حزب و بنەماڵەى هوشیارى زێبارى،كەسایەتیەكى واى بۆ هوشیار دروستكردوە كە زیانى بۆ دۆزى رەواى گەلى خۆى و سودى بۆ دوژمنانى گەلى كورد هەبێت .
لەبەر ئەوەى خاڵى مەسعود بارزانیە، هوشیار لە ریزەكانى پارتیدا پلەى بەرزى وەرگرتوە و لە رابوردودا بۆ ماوەیەكى درێژپۆستى بەرپرسیارێتى پەیوەندیەكانى دەرەوەى حزبى بە دەستەوە بووە،لەو كاتەوە تا ئەمرۆ هیچ پێوەندیەكى سیاسى لە نێوان كورد و گەلان و ولاتانى تردا لە سەر دەستى هوشیار زێباریدا پێكنەهاتووە،لە دەرەوەى كوردستانیش لە نێوان كورداندا تەبایى نەبینراوە و هیچ هەنگاوێك بۆ درووستكردنى لۆبى كوردى نەنراوە.
لە دواى رووخانى رژێمى سەدام و پێكهێنانى حكومەتى نوێ،هوشیار زیبَارى پۆستى وەزیرى دەرەوەى عراقى بەركەوت،لە راستیدا وەزیرى دەرەوەى عراق یەك لەو پۆستە سیادیانەى دەوڵەتى عراقە كە بەر كورد كەوتووە،لەبەر ئەوەى لە باشورى كوردستاندا خێڵ نوێنەرى نەتەوە دەكات،بە بێ رەزامەندى گەلى كورد خێڵ هوشیار زێبارى بۆ ئەو پۆستە پاڵاوت.بە گوێرەى یاساى بەرَێوەبردنى كاروبارى وڵاتان،لە رێگەى پۆستى سیادیەوە دەتوانرێت سوود و دەسكەوت بۆ ئەو پێكهاتەیە بەدەستبخرێت كە پۆستەكەى بەركەوتووە.بەڵام لە دواى رووخانى رژێمى سەدام تا ئەمرۆ، هوشیار زێبارى لە هیچ پەیوەندیەكى دبلۆماسیدا باسى لە كێشەى كورد نەكردووە و بۆ بەهێزكردنى پێگەى كورد لە دەسەڵاتى ناوەندى عراقدا سوودى لە پۆستەكەى وەرنەگرتووە و بۆ ناساندنى رەوایى كێشەى كورد لە ئاستى نێونەتەوەییدا سوودى لە ملحەقە رۆشنبیرى و سیاسیەكانى سەفارەتەكان وەرنەگرتووە ونوێنەرى حكومەتى هەرێمى كوردستانى لە ملحەقى رۆشنبیرى و ئابورى سەفارەتەكانى عراقدا دانەناوە،بە گوێرەى ئەو دیدار و گفتوگۆیانەى كە هوشیار زێبارى لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانى وڵاتانى بیگانەدا ئەنجامى ئەدات،هیچ داكۆكیكردنێك لە كێشەى رەواى گەلى كورد لە چالاكیەكانیدا بەدیناكرێت.بۆیە دەتوانین بڵێن هوشیار تەنها بە ناو و بە پێناس كوردە، بە هزر و رووح كورد نیە و كۆیلەى هێزە دەسەڵاتدارە ناوچەیى و جیهانیەكانە و دەسەڵاتپەرستێكى بێ وێنەیە و لە پێناوى مانەوەی لە دەسەڵاتدا هەر كارێك بۆ كورد باش نەبێت بە بێ دوو دڵى ئەنجامى ئەدات.
لەو كاتەوە هوشیار زێبارى وەزیرى دەرەوەى عراقە،كۆمەڵێك كارو كردەوەى دژى گەلى كورد ئەنجامدراوە،یەكەم كارى هوشیار و بەرهەم و جەلال تاڵەبانى ئەوەبوو كە دواى كۆتاییهاتنى حوكمى (پۆل بریمەر)،بۆ دامركاندنەوەى ئارەزووە دژە كوردەكەی خۆیان و بۆ رازیكردنى دەوڵەتى توركیا،پێگەى خۆیان لە حكومەتى عراقدا بەكارهێنا و فشاریان خستە سەر حكومەتى نوێى عراق تا لە یەكەم بریاری سیاسیدا،حكومەتى عراق كۆنگرەى گەل(پ ك ك) بخاتە ناو لیستى تیرۆر،كاتێك برادەرانى پ ك ك بە دواى بریارەكەدا چوون و داواى روونكردنەوەى ئەو بریارە نارەوایەیەان لە بەرپرسانى حكومەتى عراقى ئەو كاتە كرد،برا عەرەبە بەرپرسەكان وتیان ئێمە لە دەركردنى ئەو بریارەدا رۆڵمان نەبووە،ئەو بریارە بە فشار و داواكا رى و سوربونى بەرپرسە كوردەكان دەركراوە.
لەو كاتەوە هوشایر زێبارى وەزیرى دەرەوەى عراقە،هەر كاتێك كێشەى نێوان گەلى كورد و حكومەتى توركیا بووبێتە رۆژەڤ و تێكۆشانى جەماوەرى و دبلۆماسى گەلى كورد و پاراستنى رەواى گەریلاكانى هێزى پاراستنى گەل دەوڵەتى توركى تەنگەتاو كردبێت،هوشایر زێبارى وەك پارزێرەكى رژێمى توركیا و وەك زۆڵە كوردێك هاتۆتە مەیدان وپەتى گەردنى رژێمى توركیاى شلكردوە و بە لێداونى بێ سەروبەر و جاشانە دەنگى هەڵبڕیوە و چالاكیەكانى گەلى كوردى ئیدانە كردووە و (پ ك ك) ى بە تیرۆریست ناوهێناوە و دەوڵەتى توركیاى وەك قەڵاى دیموكراسى رۆژهەڵاتى ناوەراست ناساندووە.
لە درێژەى كار و كردارە جاشیەكانیدا،هەفتەى رابوردوودا هوشیار زێبارى چوە ئەنقەرە و لەگەڵ باباجانى هاوتا شۆڤینیەكەیدا،بە هەواڵى پێكهێنانى بنكەیەكى ئیستخباراتى دژى (پ ك ك) لە شارى هەولێر،دڵى هەموو كوردێكى ئازادى نیگەران كرد و دڵى داگیركەران و ئاغاكانى هوشیارى خۆشكرد،ئەگەرچى بە دانانى سەدان بنكەى لەو جۆرەى هوشیار و ئاغاجان هاناى بۆ دەبەن پ ك ك لە ناوناچێت و بنكەى پ ك ك لە دڵ و مێشكى گەلى كورد و هەر مرۆڤێكى ئازادیخوازدایە و حزب و خێڵ و بنەماڵە و هزرى هوشیار و باباجانیش هێندەى نەماوە لە بەرامبەر هەتاوى فكرى نەتەوەییبونى ئازادى جەماوەرى گەلى كوردا وەك بەفرى بەهار بتوێتەوە،بەڵام ئەوەى كە مایەى نیگەرانیە ئەوەیە كە كەسێك لە پۆستێكى گرنگدا بێت و ئەو پۆستە بە تێكۆشانى گەل و خوێنى شەهیدانى سەنگەر و زیندان و هەڵبجە وئەنفال بە دەستهاتبێت،كەچى لە لایەن زۆڵە كوردێكى بەكرێگیراوى وەك هوشیارى ناهوشیارەوە دژى كورد و بۆ بەرژەوەندى رژێمى داگیركەرى توركیا بەكاربێت.لە هەمووى ناخشۆتر ئەوەیە كە ئەو كارەى هوشیار زێبارى ئەنجامى ئەدات كارى ئەو نیە،بە تێگەیشتنى شۆڤینیانەى وڵاتانى داگیركەرى كوردستان، كێشەى نیوان پ ك ك و گەلى كورد و دەوڵەتى توركیا كێشەی ئاسایشە،هوشیار زێبارى نە وەزیرى جەنگ و نە وەزیرى ناوخۆى عراقە،وەزیرى دەرەوەیە،بریارى دامەزراندنى بنەكەى دژى پ ك ك كارى وەزیرى ناوخۆ و وەزیرى جەنگى حكومەتى عراق و توركیایە،كارى وەزیرى دەرەوەى عراق و توركیا نیە،دیارە وەزیرە عەرەبەكانى جەنگ و ناوخۆى عراق لە هوشیار زێبارى زیاتر هەستى مرۆڤدۆستیان بەرامبەر بە رەوایى كێشەى كورد لەپێشەوەیە،بۆیە نایانەوێت ناوى خۆیان لەبەر چاوى گەلى كورد و مرۆڤایەتى بزرێنن و نایانەوێت ببنە ئەڵقە لەگوێى رژێمكى فاشستى وەك توركیا،بەڵام لەبەر ئەوەى هوشیار زێبارى هەستى نەتەوایەتى و مرۆڤدۆستى نیە و ئەڵقە لە گوێى داگیركەرانە،بەلایەوە ئاساییە لە پێناوى ئافەرینێكى داگیركەردا،ئەگەر ئەركى ئەویش نەبێت كارى نارەوا بكات و دڵى دوژمن شاد بكات و دڵى كورد ئازار بدات و لە مەزادێكى ئاشكراى بازرگانى و جاشایەتیدا بەهاى تێكۆشان ونرخى قوربانى گەلى كورد هەڕاج بكات .
بە حوكمى ئەوەى هوشیار زێبارى ماوەیەكى زۆر لە دەروەى وڵات ماوەتەوە و پێوەندى لەگەڵ نوێنەرانى وڵاتان و گەلانى دنیادا هەبووە و لە نزیكەوە هەستى بە گرنگى بەها و كەرامەتى گەلانى جیهان كردووە،دەبوو ئەویش كەمێك هەستى بە گرنگى پاراستنى بەها و كەرامەتى تاك و پێكهاتەى گەلەكەى خۆى بكردایە و هەوڵى بدایە خۆى لە بەرچاوى گەلەكەى و گەلەكەى لە بەرچاوى مرۆڤایەتى كەمێك بەرێز وپایەبەرز نیشانبدا،بەوپێیە دەبو هوشیار سوودى لە ئەزموونى سالانى رابوردى ئەوروپاى وەرگرتایە و هزرى جاشایەتى خێل و حزبى تێپەرابكردایە و كەمێك خۆى بەنرخ بكردایە وبە كردەوە جاشیەكانى خۆى هێند لە بەرچاوى كورد و گەلى كوردیشى لە بەرچاوى مرۆڤایەتى بە سوك و سەلیمى نیشان نەدایە.
وا ماوەى چوار ساڵ زیاترە هوشیار زێبارى وەزیرى دەرەوەى عراقە،لە چەندان كۆڕ و كۆبوونەوەى دبلۆماسى ونەتەویى وڵاتاندا بەشدارى كردووە،لەگەڵ وەزیر و سەفیرى چەندان وڵاتى ترى جیهاندا بە دوو قۆڵى دانیشتنى كردووە،لە چەندان كۆنگرەى رۆژنامەنوسیدا لەگەڵ دبلۆماتانى جیهاندا لێدوانی داوە،بە چاوى خۆى دیویەتى، بە گوێى خۆى بیستوویەتى، بە هەڵوێست بۆیدەركەوتووە،كە هیچ یەك لەو گروپ و كەسە دبلۆماتانە ئامادە نین لە پێناوى دەسكەوتى كاتى و مادیدا،دژى ئامانج و بەهاى پیرۆزیى نەتەوەكەى خۆیان و دژى بەهاكانى مرۆڤایەتی هەڵوێست نیشان بدەن و لە پێناوى رازیكردنى لایەنى دەرەكیدا پشت لە گەلى خۆیان بكەن ولێدوان و بریارى ناگونجاو بدەن،بەڵام هوشیار زێبارى لەبەر ئەوەى مرۆڤێكى ئازاد نیە،لەبەر ئەوەى كۆیلەیە،پێوەندیە دبلۆماسیەكانى و رەوایى كێشەى كورد كاریگەریان لە سەر دانەناوە و بەردەوام وەك جاشێكى داماو نەك وەك دبلۆماتێكى كورد هەڵسوكەوت دەكات و بە هزرى كۆیلەیی و بەكرێگیراوى رەفتار دەكات و بە گوێرەى كڵتورى دبلۆماسى لەندەن و بەغداو رەوایى كێشەى كورد كارناكات و خۆى ناگۆرَێت،ئەو پەندە كوردیەى بەسەردا دەسەپێت كە دەڵێت : كەریان بردە بەغدا نەبوو بە هێستر،هوشیارى جاشیش چووە لەندەن و بەغدا و پایتەختى زۆربەى وڵاتان بەڵام نەبووە دبلۆمات و هەر وەك جاشەكەى جاران دەپەیڤێت.
26-1-2008