کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەنگدەستى ئۆپۆزسیۆن... دەمڕاستى دەسەڵات بۆ ؟؟!!...

Friday, 02/03/2012, 12:00






((تەوكیلكردن لە ئیرادەیەكى تەندروست و ئەهلیەى تەواو ئەنجام دەدرێت. كاتێك كەسێك دەبێتە وەكیل (بریكار یاخود دەمڕاست)واتە تەواوى ڕەفتارو كردارو ماف و دەسەڵاتەكانى لەلایەن بریگرتەوە پێ دەدرێت.)).

كاتێك نێچیرەڤان بارزانى سەردانى مەكۆى بزوتنەوەى گۆڕانى لە 24/1/2012كرد، هەمان قسە وەلێ بەجۆرێكى تر ، لەبرى كاك نەوشیروان ڕێگەى بەخۆى دا ، لەبرى ئەویش قسەى كرد.

جا من وەكیلى مامۆستاشم فەرموون!!... ئەمە قسەى ئەز نیە ، ئەوە لەدیدارى وەفدەكەى پارتى بۆ یەكگرتو ڕۆژى 1/3/2012 لە هەمان كاتدا سەرۆكى ڕاسپێراوى حوكمەتى ئایندەى هەردووحیزب لە وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەنوساندا تەرحى كرد.
بەتەئكید ... لە دیدارى ئەمیرى كۆمەڵ ، پێش ئەم دوو دیدارە ڕەوشى هەردوو حیزب جۆرێك لە گرژى هەبوایە، بێ گومان هەمان وەكالەتى ڕادەست دەكرا!!....
تەنگەدەستى ئۆپۆزسیۆنى كوردى، واقیعێكى زۆر مەنتقیە، زەمینەسازیەكى بەرجەستەكراوە بۆ فەراهەمكردنى دەمڕاستى دەسەڵات لەم قۆناغەدا.
هەردەم وتومە ئۆپۆزسیۆن بون لە هەرێمى كوردستاندا زەرورەتێك كۆیكردونەتەوە بنەما و دیدو بەرنامە جۆرێك لەپەراوێزى پێوەدیارە.
كۆلكەى هاوبەشى ئۆپۆزسیۆن بەرنگاربونەوەى هەردوو حیزبى كوردیە لە هەرێمى كوردستان.
تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن بەشەرمەوە دەڕوانێتە ئەوەى بەكردار ستراتیژى گرتنە دەستى دەسەڵاتە لە ئایندەدا. لە ڕوانگەى چاودێریكردن و دەستەبەركردنى حكومەتى سێبەر.
وەلێ میكانیزمى ئەم ستراتیژە دیدگاو بەرنامەو كۆك بونیان بونیادە لەسەر (پاكێجەكانى كە دراوەتە دەست هەردوو حیزب لە ڕوانگەى كۆبونەوەى پێنج قۆڵی نەزۆك)!!..
ئیدى ئۆپۆزسیۆن تەسلیم بەواقیعێكى تاڵ و دوورە دەست لە ڕاى گشتى و شەقام بووە.
كاتێك (دەمانوت دەسەڵات پیادەكردنى تیۆرەى ئیدارەدان بەقەیران ، نەك ئیدارەى قەیران پەیڕەو دەكەن) زۆر لەبرادەران گاڵتەیان بەبۆچونەكان دەهات.
ئەوەتا قەیرانى دەسەڵاتى هەردوو حیزب لەكوردستان زێدەتر قوڵبۆتەوە وەلێ ئۆپۆزسیۆن چەق و قەتیس ماوە، دەرچەیەك پەى پێ نابات، چۆن چۆن جڵەو ڕادەستى خۆى بكاتەوەو لەشەقەى باڵ بدات؟!...
تەنگەدەستى ئۆپۆزسیۆن تاوانى كەس نیە، تاوانى بەرەیەكى نا تەندروست و جۆرێك لەپارسەنگ نەبون لە دیدگاو بونیات و بەرنامەى ستراتیژ بۆ وەچنگ خستنى متمانەى گەل و ئاشتكردنەوەى ڕاى گشتیە.
ئەز بێ ئومێدم لەوەى كە خیتابى ئیسلامى سیاسى جا چ میانڕەو بەناو مەدەنى ،
بتوانێت لە ئاست گۆڕانكارى بروسكە ئاساى قۆناغەكەدا بێت!!...
بڕوانن یەكگرتو لە ڕوداوى 2/12/2011 تا بە ئەمڕۆ یەك پیتى نەخستۆتە سەر بەرژەوەندى گشتى و چاكەى گشتى، تەواوى ڕەفتارو پەیڤ و وتوێژو كۆڕو سیمنارى كادیرو ئەندامان و تەواوى كایەى حیزبیەكانیان خڕو چڕكردۆتەوە تا ئەو ئاستەى داواكاری لە بازنەیەكى داخراو خول دەخواو ناتوانن بكرێنەوە بەڕووى ووردەكاریەكانى چۆنیەتى پەیڕەوكردنى خیتابى سیاسى گشتگیردا.
تەنها باس لە سوتانى چەند بارگایەك، ڕاوەدونانى هەوادارانیان، ئیعتراف پێكردنیان، پاراستنى ئەمنیان، بەواتا لە فۆرم و چوارچێوەى بیرى تەسكى حیزبایەتى زیاتر پەل و پۆیان بۆ چۆنیەتى پیادەكردنى خیتاب و هێڵى سیاسەتى گشتى و چاكەى گشتى قەتیس و مایەى هەڵوەستەكردنە!!!...
پارساڵ لە 5/3/2011 هیچ ئومێدێكم بە گۆرانكارى خێراو بەرجەستەكراو لە كوردستان نەما، نەك لەبەر ئەوەى شەقام پلانى نەبو، هاوڵاتیان پرۆژەیان نەبوو لەلایەك ...لەلاكەى ترەوە بزوتنەوەى گۆڕانیش پەیامە حەوت خاڵیەكەى هەبوو
بگرە بەهۆكارى ئەوەى كە (جیهاد) لەسەراى ئازادى بانگەشەى بۆكرا.
ئیدى جۆرێك لە تێكەڵاوبونى خۆنەویست لە نێو جەرگەى سەراى ئازادى خەوشى تێكەوت ، بەهۆكارى دەرەكى و ناوچەیى ....
ئەنوەر سادات پێش تیرۆركردنى وتى(لادین فی السیاسە، ولا سیاسە فی الدین)!!...
دیارە بەهەمان پێوەدانگ بەجیاوازى ڕوداوەكانى بەرۆكى یەكگرتوى گرتووە ، بۆ كۆمەڵى ئیسلامیش دەقاو دەق ڕاستە!!!...
بزوتنەوەى گۆڕان ئامانجى سەرەكى(ئیحتیوا)كردنى گشت هێزە ئیسلامى و پارتە دەسەڵاتدارەكانى نێو هەرێمى كوردستانە!!... بەدەلیلى ئەوەى ئەم بزوتنەوەیە لە25/7/2009لەیەكەم هەڵبژاردن و ئەزمونى سیاسى خۆیدا (25)كورسى پەرلەمانى كوردستانى وەچنگ هێنا، ئیدى مەترسیەكە لێرەوە سەرئەگرێ .
بزوتنەوەى گۆڕان ... گەورەترین بەركەوتى لەزەبرى گەشەنەكردن بەركەوتوە، بەو هیوایەى ئەم هێزە جەماوەریە نەبێتە هێزێكى پلەیەك لەسەر ئاستى جەماوەرى لە ئایندەیەكى نزیكدا، ئەو هێزە نەبێتە پارسەنگى دەربڕینى سەنتەرى بڕیارى سیاسەتى گشتى لەهەرێمى كوردستان.
زەرورە بزوتنەوەى گۆڕان كار و ئاوڕدانەوەى لەسەر ئەم ئاستانە هەنگاو بنێت:
1/ ئەم ستافەى ئێستا كە خیتابى سیاسى گۆڕان پیادە دەكات ، هەر ئەوەندە خوێندنەوەى بۆ سیاسەتى ڕۆژو دنیابینى بۆ بەرنامەى ستراتیژى بزوتنەوەكە لە هەگبەدا هەیە. پێویستە سەر لەبەرى كارەكتەرەكانى پێداچونەوەى جەریئانەى بۆ بكرێت، گەرچى قورسیش بكەوێتەوە.
2/پێویستە گۆڕان وەك تاقیگەیەكى ئەزمونگەرى تێڕوانینى بۆ نەكرێت، چونكە مەسئولیەتى هەم ئەخلاقى و هەم سیاسى لەلایەن جەماوەرە مەشخەڵى ڕاستەقینەى ڕادەستى ئەم بزوتنەوەیە كراوە.
3/ ئیدى كاتى ئەوە هاتووە ئازایانە لێبڕوانە خیتابى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان چڕنەبێتەوە لە بەرنامەیەكى حیزبى نیمچە داخراو پرۆژەدەستورێك ، ئایندەى گۆڕان زۆر زیاتر لەوە دەخوازێ كەئێستا حساباتى لەسەر دەستى هەندێك لە كارەكتەرەكانى بۆ دەكرێت.
4/دەربازبون و هەنگاونان بۆ دەرچون لەم بارودۆخەى ئێستا و خۆبەستنەوە ى ڕەها بە دووتەیارى ئیسلامى نەك هەر زەرەر بە بزوتنەوەكە بگرە لە خەبات و بەرخۆدانى جەماوەرى كوردستان جۆرێك لە بێ متمانەی بونیاد دەنێت.
5/ سیاسەتكردن لەسەر وەهم كاردانەوەى خراپى دەبێت، گۆڕان پەیوەندى لەتەك حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان و حیزبە دەسەڵاتدارەكان هەست بە جۆرێك لە ڕاوحكردن لە میكانیزمى چۆنیەتى گەشەكردنى هەست پێدەكرێت. پێم وایە گۆڕان هێشتا زۆر لەئەجنداو وەرەقەى گەمەكەى لەلا پارێزراوە، دەكرێ هەنگاو بەهەنگاو وەلێ بە ڕەوتى كیسەڵ نا ، بەڵكو بەقۆستنەوەى بارودۆخى سیاسى بابەتیانە تەرحى مەدەنیانەى خۆى دەستەبەر و بەرنامەڕێژى بۆ بكات.
6/ كۆنگرە... بزوتنەوەى گۆڕان وەك چۆن وەرچەرخانى گەورەى لەنێو كۆمەڵگەى كوردى لە ماوەى دووساڵى ڕابوردو لەمیانەى ئەنجامدانى دووهەڵبژاردن بەرجەستەكرد، بۆتە هاوكێشەو پارسەنگى جوڵەى سیاسى وەك هەنگاوى یەكەم، بێگومان تەواوكەرى ئەم هەنگاوە (كۆنگرە)یە ...

وەكالەت(بریكار یاخود دەمڕاست)ى دەسەڵات... خوێندنەوە بۆ ئەم تێزە لەسیاسەت بەهەمان شێوە جۆرێكى ترى ئەتەكێتە لەوەى فریادڕەس بەڕێوەیە، لەمێژە وتومە مۆنتسیكۆ كە ڕۆحى یاساكانە وبزوێنەرى شۆڕشى فەڕەنسیە ، پاڵەوانى چەرخى ڕۆشەنگیریە لەئەوروپا، تیۆرەو كتێبەكانى ئەمەریكیەكان لەنوسینەوەى دەستورى خۆیان هانایان بۆ هێناوە، زیندوبێتەوە ناتوانێت سیستمى سیاسى و ئیدارەدانى دەوڵەت لە هەرێمى كوردستان پشت ڕاست كاتەوە بەم حاڵ و وەزعەى ئێستاوە كە هەیەتى!!...
ئەگەر ئەم وەكالەتانە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە وەك زەمینە سازى بۆ نزیك بونەوە دەبەخشرێتە دەسەڵاتى كوردى بێ گومان هەڵەیەكى مێژوى زیاتر هیچى تر بەرهەم ناهێنێت.
خۆ ئەگەر ئەمە بە(سوتفە) لەقەڵەم دەدەن، مەعقولیەتى تێدانیە ، سەركردەكانى ئۆپۆزسیۆن قاڵبوى ئەزمونى سیاسیین چ بەكردەیى چ بەمەعریفى، ئەوە بۆ یەكێكتان ئەو عورفە ناشكێنن و بڵێن ئەمە ڕێساو یاسایە(برا وەكالەتەكە ئیستیسنایە لەسەر عام و ئیستیسنا لەسەر ئیستیسنا لایەجوزە ، ئەمەش تەوەسوعكردن بەرهەم دێنێ و باتیلە!!...).







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە