كەمپینى (17) ملیۆن كەسی بۆ پاراستنى شوێنەوار و كەلتورى شارستانى كوردستان
Sunday, 24/03/2013, 12:00
بەڕێزان:
مەكتەبى سیاسی یەكێتى نیشتمانى كوردستان
پارێزگارى سلێمانى
سەرۆكى شارەوانى سلێمانى
ب-پاراستنى گەڕەكە كۆنەكانى سلێمانى
گەڕەكە كۆنەكان واتا بەشی كۆن و مێژووى لە شار و ئەسڵى شارەكە. هەموو چالاكیەكى كۆمەڵایەتى و ئابورى و ڕۆشنبیرى و سیاسی و خۆشی و ناخۆشى خەڵكى شار لەو گەڕەكانەدا ڕویداوە. لەنێو ئەو گەڕەكانە خانوى نەخشدارى سەدەى نۆزدەیەم هەیە و خانوى ناودارانى شار هەیە لە كەسانى زانا و شاعیر و سیاسی و خەباتكەر و كەسانى بەهرەمەند و دەست ڕەنگین لە وەستا بەنا و نەقاش و سەنعەتكار كە سەدان خانوو لەنێو شارى سلێمانیدا لە كاتى دەسەڵاتى حكومەتى هەرێم وێرانكراون. گەڕەكە كۆنەكان لە هەموو وڵاتان بە سەرچاوە و سیماى گەورە وڕەسەنى هونەرى تەلارسازى دەژمێردرێت.
لەبەر ئەم هۆیانەى سەرەوە وڵاتە پێشكەوتوەكان زۆر دەمێكە گەڕەكەكانى شارەكانیان پاراستوە. لەبەر ئەوەى هەندێ ووڵاتى دواكەوتوو نرخى ئەم بەشە كۆنەى شارەكانیان نەزانیوە نزیكەى چل ساڵ لەمەوبەر واتا لە (1976) (UN) بڕیارى دەركرد بۆ پاراستنى گەڕەكە كۆنەكان لە جیهاندا بەڵام لەم (22) ساڵەى دەسەڵاتى كوردى گەڕەكە كۆنەكان و هەرەها شوێنەوارەكانى كوردستان زۆر زیاتر لە كاتى ڕژێمى بەعس هاتۆتە وێران كردن خەڵكى داوا دەكەن با ئەم كارە تا ئەم ئاستە ڕاگیرێت و كەلتور و مێژوو لەناو نەبرێت.
لە (1/4/1981) ێدام بڕیارى دەركرد بە وێرانكردنى گەڕەكە كۆنەكانى سلێمانى و پانزە لیژنە لە سلێمانى دروستكرا تا بەزووترین كات خانوەكان بخەملێنن و حكومەت قەرەبویان بكات بەڵام ئەمریكا نەیهێشت ێدام ئەو پڕۆژەیەى دژ بە كەلتورى سلێمانى جێ بەجێ بكات بەڵام ئێستا كێ ئەو پڕۆژەیەى ێدام جێ بەجێ دەكات؟! داوا دەكەین لایەنە پەیوەندى دارەكان چی دیكە ئەم وێران كاریە ئەنجام نەدەن و بەرگرى لە مێژوو كەلتورى كورد بكەن و بیان پارێزن كە نیشانەى سەروەریمانە و نابێت هاوكارى كەسایەتى و پارەدارەكان بكەن بۆ وێرانكردن.
ساڵى (2009) كۆمپانیاى ئەڵمانى كاتێ ماستەرپلانى سلێمانى ئەنجامدا سەرەتا نەخشەى گەڕەكە كۆنەكانى دایە شارەوانى بۆ ئەوەى بیان پارێزێ و دواتریش ماستەرپلانى شار هەمووى تەواو بوو بەڵام شارەوانى سلێمانى ئەو گەڕەكانەى نەپاراست و نایانپارێزێت. گەڕەكى سەرو ئۆرزدیباك تا سنورى مەڵكەندى هیچى لێ نەماوە، گەڕەكى سابونكەران و سەرشەقام و شیوى قازى زۆربەیان وێرانكراوە و گەڕەكى كانێسكان و گەڕەكى شێخان تاك تاك خانوى تێدا ماوە هەموى وێران كراوە لەنێوان شەقامى پیرەمێرد و مەڵكەندى هیچى لێ نەماوە. ئەمانەى باسمان كرد هەمووى دەكەوێتە نێو سنورى ئەو نەخشەی ماستەر پلانەكە پێویستە ماستەرپلان لەلایەن پارێزگارى سلێمانى و شارەوانى و لایەنە پەیوەندى دارەكان جێ بەجێ بكرێت.
دەوڵەمەندى وا هەیە دەیان خانوى ڕوخاندوە و هەیە لەیەك شوێن (8-10) خانوى پێكەوە ڕوخاندوە و شوێنەكەیان كردۆتە گۆڕەپانێكى زل و زەبەنە بەم شێوەیە لە كوردستان خانوە كۆنەكان دەڕوخێندرێت و لە ئەڵمانیاش دادگاى لەسەر گۆڕینى پەنجەرەیەكى كاتى جەنگى دووەمى جیهانى ڕاوێژكارى ئەڵمانیا (شرۆیدەر)ى سزادا بە نۆ مانگ بەندكردن بەڵام دادگاى تەمیز سزاكەى سوك كرد بە قەرەبو كردنى نرخى پەنجەرەكە بە نۆ جار لە ماوەى نۆ ساڵدا. توركیا دەوڵەتێكى داگیركەرە (3700) خانووى نوێ لەنێو شارى دیار بەكر دەڕوخێنێ چونكە لەگەڵ گەڕەكە كۆنەكان ناگونجێت ئێمە كە خاوەنى ووڵاتین گەڕەكە كۆنەكان وێران دەكەین.
پاش ئەوەى سەرۆكایەتى داواكارى گشتى لە وەزارەتى داد بەوەى زانى كە گەڕەكە كۆنەكان و شوێنەوار و قەبرستانەكان وێران دەكرێن بەنوسراوى ژمارە (1372) لە بەروارى (8/12/2009) داواى لە حكومەتى هەرێم كرد كە دەبێ گەڕەكە كۆنەكان و شوێنەوار و قەبرستانەكان بپارێزێ .
لیژنەى ڕۆشنبیرى پەرلەمانى عێراق بە ژمارە (318 ل پ ع) و بەمێژووى (26/9/2012) نوسراوێكى ئاراستەى پارێزگارى سلێمانى كرد و تێدا هاتوە: (زانیومانە هەندێ لایەن بەئەنقەست گەڕەكە كۆنەكان لەنێو دەبەن و بەهیچ شێوەیەك بەوە ڕازى نابین و بێ دەنگ ناوەستین چونكە ئەو گەڕەكانە كەلتورى شارە. جا زۆر شەرمە بۆ ئێمەى كورد عەرەب بەرگرى لە كەلتورى شارستانى ئێمە بكەن و ئێمەش هەر بەردەوام بین لەسەر وێران كردنى كەلتورمان.
لەم دواییەش هەریەك لە زانكۆى سلێمانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتى ڕۆشنبیرى و سەندیكاى هەونەرمەندان و پەیمانگاى هونەرە جوانەكان داوایان كردوە لە لایەنانى پەیوەندیدار كە پێویستە گەڕەكە كۆنەكانى سلێمانى بپارێزن و چیتر وێران نەكرێن. زانكۆ چوار نوسراوى ڕەسمى لەم بارەیەوە نوسیوە بۆ پارێزگارى سلێمانى و شارەوانى سلێمانى و وەزارەتى خوێندنى باڵاو فەرمانگەى شوێنەوارانى سلێمانى. زانكۆ داواى كردوە:
1- ڕێگە نەدرێ بە ڕوخاندنى خانوو لەنێو گەڕەكە كۆنەكان.
2- ڕێگە نەدرێ بە ئاواكردنى بینا لە دووقات زیاتر لەنێو گەڕەكە كۆنەكان.
3- پێویستە گەڕەكەكان بخرێتە ژێر دەستى (یونسكۆ) و فەرمانگەى شوێنەوارانى سلێمانى وەك چۆن پارێزگارى هەولێر گەڕەكە كۆنەكانى شارى هەولێرى خستۆتە دەستى (یونسكۆ).
ئێمەى كەمپینى (17) ملیۆن كەسی بۆ پاراستنى شوێنەوار و كەلتورى شارستانى كوردستان پشتگیرى ئەو لایەنە دڵسۆزانەى سەرەوە دەكەین و ئەو سێ داواكاریەى زانكۆى سلێمانى بە چارەسەركردنى تەواوى ئەم كێشەیە دەزانین و داوا دەكەین گەڕەكەكان بخرێتە دەستى (یونسكۆ) و فەرمانگەى شوێنەوارانى سلێمانى. داوا لە دەسەڵات و حكومەتى هەرێم و لایەنە پەیوەندى دارەكان دەكەین گەڕەكە كەلتوریەكان بپارێزێ و ئەم كێشەیە بنەبڕ بكات چونكە بەرپرسیارێتى مێژووى لەسەر دەسەڵات و حكومەتە لەبەر ئەوەى سلێمانى لەژێر دەسەڵاتى فعلى ئەو دایە و ئەو بەرپرسە. ئێستا كە سلێمانى بەڕەسمى بوەتە پایتەختى ڕۆشنبیرى كوردى نابێ چیتر كەلتورى سلێمانى لەنێو ببرێ و ئەو گەڕەكانە ئەسڵ و دایكى ئەم شارەیەى ئێستایە.
ئایا بۆچى پارێزگارى هەولێر گەڕەكە كۆنەكانى هەولێرى لە ساڵى (2010) وە خستۆتە ژێر دەستى یونسكۆ و بۆچى پارێزگارى سلێمانى گەڕەكە كۆنەكانى سلێمانى ناپارێزێ و بۆچى وەك هەولێر نایانخاتە ژێر دەستى یونسكۆ بۆ پاراستنیان؟.
ئەم كەمپینە كە نوێنەرایەتى ڕەئی (17) ملیۆن كەس دەكات و ئەمە یەكەمین جارە لەمێژووى كورد دا ژمارەیەكى زۆر لەو هەموو ڕێكخراو و ئەندامانى لایەنەسیاسیەكانى كوردستان لە هەر چوار پارچەى كوردستان و كوردانى دەرەوەى ووڵات لەسەر پڕۆژەیەك كۆدەبنەوە كە ئامانجەكەى بەرگرى كردنە لە كەلتورى كوردستان بە مەبەستى پاراستنى كە پڕۆژەیەكى گەورە و ستراتیجى نەتەوەیی یە.
لەگەڵ ڕێزمان.
كەمپینى (17) ملیۆن كەسی بۆ پاراستنى شوێنەوار و كەلتورى شارستانى كوردستان
دەستەى باڵاى كەمپین
1/2/2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست