کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئیرادەو دەنگى میللەت ئەخەینە ژێر پێمان

Wednesday, 15/10/2014, 12:00


نە من نەتۆش سەر لەو مەتەڵە دەرناكەین ،كە بۆچى و لەبەرچى هەموو جارێك كۆبونەوە بۆ پێكهێنان و دیاریكردنى ئەنجومەن و پارێزگارى سلێمانى دوا دەخرێت؟ ئەگەرجاران بوایە دەمانوت خەتاى حزبى دەسەڵاتدارە ، ئەو ناخوازێت دەسەڵات دەستاو دەست بكات و ئەو پۆست و دەسەڵاتە بۆ لایەنەكانى دیكە بەجێبهێڵێت. بەڵام ئەمجارە بەخێرێ ئۆپۆزسیۆن و لایەنەكانى دیكەش پشكیان هەیەو، كەمو زۆر لەپێكهێنان و دەنگدان رۆڵیان هەیە. كەچى ئەوەى سەیرە تاكو ئێستا هیچ كام لەو لایەنانە هێندە زات ناكەن و ناوێرن، لەبەرامبەر ئەو قۆرخكارى و خۆ سەپاندنەى یەكێتى ورتە بكەن و هەڵوێست وەگرن.لەكاتێكدا بەپێى ئەو گاڵتە جارى دەنگدان و هەڵبژاردنە ئەوان بەبراوە دێنە ئەژماركردن.وەلى زۆر دەستە وەستان و بێ چارە و شەرمنن و ناتوانن ببنە بەدیل و متمانە پێكراوى ئەو خەڵكەى دەنگیان پێداون.
ئەگەر بێیتە سەر ئەسڵى مەتڵەب و بەوردى لەو پرسە بكۆڵیتەوە،جگە لە پێكەنین و مەخسەرە هیچى دیكە ناچنیتەوە، لەبەر ئەوەى دەستپێك حكومەت و پەرلەمانەكەى كە دەسەڵات و پێگەیان لەسەرو ئەوانەوەیە،ئەوان هیچ سەنگ وقورسایى و پێگەیەكیان نى یە و،لە ئاست پرسە چارەنووس ساز و هەنوكەیەكاندا یان تەواو بێچارەن ،یان زۆر بێ دەسەڵاتن. بۆیە ئەوانیش كۆپى ئەوانن. لەوەش بترازێت پاریزگایەك كە دەسەڵاتى نەبێت،نەتوانێت تاكە یەك كارگوزار دابمەزێنێت،یەك پۆلیس لەشوێنێك بۆشوێنێكى دیكە بگوازێتەوە،نەتوانێت بچووكترین كێشەو گرفت چارەسەربكات، بۆى نەكرێت ساناترین خزمەتگوزارى سەرەتایى بۆ خەڵكەكەى فەراهەم بكات، بوون و نەبوونى چى یە؟! تۆ تەماشا بكە،ماوەى چەندین مانگە سلێمانى بێ حاكمە، كەس بەكەسە،بێ خاوەن و بەرپرسە،كەچى هیچ لەمەسەلەكە نەگۆڕاوە و،هەروەكو جارى جاران ئیش و كار ئەڕوات. كەس هەست بەو بۆشایى یە ئیدارییە ناكات.
لەسەر ئەو پرسە هاوڕێیەكم شتێكى خۆشى بۆ باسكردم وتى لاى من ژینگە پارێزان و ئەو بەڕێزانەى كە خۆڵ خاشاكى كۆڵانەكان كۆدەكەنەوە زۆر زۆر لە ئەندامانى ئەو ئەنجومەنە زەروورترن، تۆ تەماشاكە،ئەنجومەنى پارێزگا هەشت نۆمانگە پێك نەهاتوە،كەس بەخەیاڵیا نەهاتووە،بەڵام ئەم جەژنە تەنها دوو دانە رۆژ ئەو بەڕێزانەى شارەوانى و ژینگە پارێز نەهاتن بۆ كۆڵانەكەمان، پێمانەوە دیار بوو.
لاى هەموومان مەعلومە ئەنجومەن و پارێزگارەكانى دیكە چیان بۆ ئەو شارە و خەڵكەكەى كردووە،ئەمانیش هەمان شت دەكەن و ئیزافەیەك ناخەنە سەر رەوتى ئیش و كار و خزمەتگوزاریەكان، جگە لەبەهەدەردانى ملیۆنان دۆلار و چەندین ئیمتیاز خانوو زەوى ئوتومبیل و مۆبایل و جەژنانەى قورس و گران، و خزم خزمێنە و قۆرخكردنى پلەو پۆست بۆمەرامى شەخسى.كە نەك كارێكى ناڕەوایە بگرە لاى من زۆر زۆر حەرامیشە. بۆیە من پێشنیاز دەكەم كە ئەو ئەنجومەنە فاشیل و پێكنەهاتوە هەر پێك نەیەت، ئەو پارە و بودجە زۆر وزەبەلاحەى بۆ ئەوان تەرخان دەكرێت،بدرێت بە خانوادەى پێشمەرگە وكەس و كارى شەهیدان و هەژارو ئاوارەكان.
ئەوەى كەماوە بیڵێم و ئاماژەى پێبدەم،خۆش باوەڕى وساویلكەى ئەو كەسانەیە كە تائێستاش وەها گومان دەكەن كەحزبەكانى كوردستان، رێز لەئیرادەیان دەگرن و،وەكو نوێنەرى راستەقینەى خۆیان تەماشایان دەكەن، لەپێناوى بەرژەوەندى خواست و داواى ئەوان بەشدارى دەنگدان دەكەن، كێشەو كەمو كوڕى و خواستەكانیان بۆ بەدیدێنن. بەڵام هەریەك لەوانە وەك رۆژى روون ئەوەیان لامەعلومە ـ تاكە شتێك كەلاى ئەوان نرخى نى یە، هیچ حسابێكى بۆناكەن و،بن پێى دەخەن ئیرادەو دەنگى ئەو كەسە فریو خواردوانەیە، كە بەوپەڕى خۆشباوەڕى و قەناعەتەوە متمانەیان بەوان كردووە و دەنگیان پێداون. ئەمە چەندین جارە فریو دەخۆن و دەستیان بەزاخا دەكرێت، دڵنیام ئەگەر ئەمجارەش هەڵبژاردن و دەنگدان بكرێتەوە، بەشێكى زۆرى ئەو خەڵكە بەهەمان عەقڵیەت و بیركردنەوەوە دەچنە بەردەم سنوقەكانى دەنگدان و، بەدەستى خۆیان دیكتاتۆر و ملهورێكى دیكە هەڵدەبژێرن.جا نازانم بڵێم ئەم گەمەیە خەتاى حزبە درۆزنەكانە، یان خۆشباوەڕى و ساویلكەیى ئەو خەڵكە دەنگدەرەیە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە