کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئابڕوبەریى پزیشكەكەى تاڵەبانى ناكۆكى دەخاتە ناو گۆڕان و یەكێتیش، بە كوردستانپۆستى دەزانێ

Saturday, 27/08/2011, 12:00


دوایى نزیكەى چوار ساڵ و بۆیەكەم جار ڕۆژنامەى ڕۆژنامە زمان حاڵى بزوتنەوەى گۆڕان پەردە لەسەر ڕٍووى كارەساتێكى دكتۆرەكەى جەلال تاڵەبانى دكتۆر محەمەد خۆشناو هەڵدەماڵێ ، ڕۆژى سێ شەمە بەروارى 23 / 8 / 2011 ڕۆژنامەى ڕۆژنامە ژمارە 648 بەمانشێتى گەورە دەنووسێ ((ئابڕوبەریى پزیشكێكى تاڵەبانى ئاشكرا دەبێت)) ، بەڵام ئەم بابەتە تەنها كەوتە سەر ماڵپەرى ڕۆژنامەكە و بەس ، چونكە هەرزوو بەفەرمانى چەند سەركردەیەكى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان كەكاتى خۆى لەناو یەكێتى بوون و ئێستاش خۆیان بەقەرزاربارى حەمەخۆشناو ئەزانن لەبەرامبەر ئەوەى میوە و دیارى و چارەسەرى بەخۆرایى و قەستەرەى بەمەوادى ئێكسپایەر بۆ كردوون ئەم بابەتەیان بایكۆت كرد و ڕێگەیان نەدا (نەلەسایتى سبەى ، نەلە كەى ئێن ئێن ، نەلەڕادیۆى گۆڕان دابەزێ) بەپێچەنەوە ڕوونكردنەوە و وەڵامێكى دكتۆر محەمەد خۆشناویان لەسایتى سبەى دابەزاند كەخۆشبەختانە حەمەخۆشناویش ئەو دەستانەى ئاشكراكردوە كەڕێگەنادەن هیچ لەسەر ئەو بڵاوبكرێتەوە بەڕاشكاوانە ئەڵێ ... (زۆربەى لێپسراوە حیزبى و حكومیەكان كەژمارەیەكیان ئێستا لەئۆپۆزسیۆنن من چارەسەرم كردوون و تاكو ئێستاش زۆربەى برادەران لەهەموو پارتەكان لاى من چارەسەر ئەكرێن بەئۆپۆزسیۆنیشەوە).
حەمەخۆشناو ئەم دەستانەى ناو بزوتنەوەى گۆڕانى ئاشكرا كردوە كەچەندین ساڵە ڕێگەنادەن یەك بابەت لەسەر حەمەخۆشناو دابەزێ ، بەپێیى ئەو زانیاریانەى ئێمە دەستمان كەوتووە لەدواى هەڵبژاردنى 25 / 7 ەوە هەریەك لە ((جەلال جەوهەر ، سەڵاح ڕەشید ، ئاودێر شێخ عومەر ، دكتۆر ئەكرەمى میهرەدا)) بەئاشكرا ڕێگریان كردوە لەهەموو ئەو هەواڵ و ڕێپۆرتاژ و بابەتانەى لەسەر حەمەخۆشناو بۆ ڕۆژنامەى ڕۆژنامە و سایتى سبەى نێردراون دابەزێنرێن .

بەڕێزان ...
ئەوەى زیاتر ئێمەى هاندا ئەمە بنووسین ئابڕوبەریەكەى حەمەخۆشناو نیە ، چونكە وێڕایى دەستخۆشیمان بۆ ڕۆژنامەى ڕۆژنامە ئەوبابەتەى باسیان كردوە كۆنەو تەنها دڵۆپێكە لەدەریا مەزنەكەى گەندەڵیەكانى عومەرفەتاح و دكتۆر محەمەد خۆشناو ، ئەوەى هانى داین ئەمە بنووسین وەڵامى ڕۆژنامە ڕووڕەشەكەى كوردستانى نوێ یە بۆ ئەو بابەتەى ڕۆژنامەى ڕٍۆژنامە كەلەوەڵامەكەیاندا پەلامارى كوردستانپۆستیشیان داوەو ناوى پیرۆزى كوردستانپۆستیان هێناوە ، خۆشبەختانە خۆیان ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەیان سەلماندوە كەچۆن كوردستانپۆست قەیسەرى لێ كردوون بەكونە مشك و ژیان و پشوو و خۆشیەكانى لێ تێكداون و ئاشكرا كردنى هەموو دزى و گەندەڵى و هەوڵە مایەپووچ و خیانەت و ڕیسوایەكانیان بەئى كوردستانپۆست ئەزانن ، چونكە خۆشیان ئەزانن ئەگەر كوردستانپۆست نەبێ بزوتنەوەى گۆڕان و كۆنە سەركردە گەندەڵەكانى ناو یەكێتى كەئێستا لەناو گۆڕانن ڕێگەنادەن هەموو نهێنیەكى هاوڕێ دزەكانیان ئاشكرا بێت وەك ئەوەى شێخ جەعفەر بەئاشكرا لەسایتى خەندان ڕایگەیاندبوو كەزۆربەى كات لەگەڵ سەركردەكانى گۆڕان بەیەكەوەن و دائەنیشن و گفتوگۆ ئەكەن .
ئەگەر كوردستانپۆست ڕێگەمان بداو ئەو شەڕفەمان پێ ببەخشێ لەجیاتى چەكوشەكەى دێینە دەنگ و ئەڵێین دڵنیابن كۆڵ نادەین لەئاستان تا دوامەنزەڵ كەقەفەزى زیندان و داگاى ئەو میللەتەیە بەدواتانەوەین و ڕێگەنادەین چیتر بەئارەزووى خۆتان دەم بنێنە خاك و ئاو و هەواى كوردستان و داهات و سەروەت و سامان و بودجە و نەوتى ئەم میللەتە ماڵوێرانە و بەئارەزووى خۆتان حەپەلووش و سەرنگومى بكەن ، ئێوە هەر ئەبێ بەبینین و ناوهێنانى كوردستانپۆست چاوتان كوێر بێت گرنگ نیە ، گرنگ ئەوەیە میللەت بەبینین و ناوهێنانى كوردستانپۆست چاوى ڕۆشن بێ .
خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ..
ئێوارەى 22 / 8 سایتى سبەى بڵاوى كردەوە كەبەیانى سێ شەمە بەروارى 23 / 8 ڕۆژنامەى ڕۆژنامە چەندین ڕاپۆرت و بەدواداچوون بڵاودەكاتەوە لەناویاندا ئابڕووبەریى پزیشكەكەى تاڵەبانى بەم شێوەیەیى خوارەوە هەواڵەكە لەسایتى سبەى دابەزێنرابوو ...

(ئابڕوبه‌رییه‌كی‌ پزیشكه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ ئاشكراده‌كات
رۆژنامه‌ چه‌ندین راپۆرت و به‌دواداچونی‌ گرنگ له‌باره‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و پرسه‌ جیاجیاكانی‌ ئه‌مڕۆی‌ كوردستانه‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌
Monday, August 22, 2011(سبه‌ی‌):
رۆژنامه‌ی‌ (رۆژنامه‌) له‌ ژماره‌ی‌ سبه‌ینێیدا چه‌ندین بابه‌ت و به‌دواداچونی‌ گرنگ بڵاوده‌كاته‌وه‌ له‌باره‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ و پرسه‌ گه‌رمه‌كانی‌ ئه‌مڕۆی‌ كوردستان
(رۆژنامه‌) ئابڕوبه‌رییه‌كی‌ پزیشكه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ ئاشكراده‌كات
له‌ ژماره‌ی‌ سبه‌ینێی‌ رۆژنامه‌ی‌ " رۆژنامه‌"دا به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ گرنگ له‌باره‌ی‌ ئابڕوبه‌رییه‌كی‌ پزیشكه‌كه‌ی‌ جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا پزیشكه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ كه‌ پێشتریش وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ بوه‌، لیژنه‌ی‌ له‌سه‌ر گیراوه‌ ‌و چه‌ندین بڕیاریان له‌باره‌وه‌ ده‌ركردوه‌.
به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان لیژنه‌كه‌ داوایان كردوه‌ ئه‌و پزیشكه‌ بدرێته‌ دادگا.)
دوایى بڵاوبوونەوەى ئەم هەواڵە لەسایتى سبەى حەمەخۆشناو پەیوەندى ئەكات بە چەندین هەڵسوڕا و سەركردەى گۆڕان كەئەم بابەتە دانەبەزێنن ئەوانیش ئەڵێن تازە هیچ ناكرێ و دائەبەزێ چونكە ڕۆژنامەكە چاپكراوە بەڵام ڕێگەنادەین لەكەناڵەكانى ترى بزوتنەوى گۆڕان گرنگى پێ بدرێ و بڵاوبكرێتەوە .


بۆیە ڕۆژى سێ شەمە بەروارى 23 / 8 / 2011 بابەتەكە لەڕۆژنامەى ڕۆژنامە بەمانشێتى گەورە بڵاوئەبێتەوە بەڵام نەسایتى سبەى ، نە كەى ئێن ئێن ، نە ڕادیۆى گۆڕان بەپێچەوانەى هەفتەكانى پێشوو كەگرنگى تایبەتیان بەمانشێتى ڕۆژنامەكە ئەداو ئەیان كرد بەهەواڵ و بڵاویان ئەكردەوە ئەمەیان بڵاونەكردەوە .
حەمە خۆشناو و كوردستانى نوێ كڵاو ئەخەنە سەر ڕاگەیاندنى گۆڕان ..
دوایى ئەوەى ڕۆژى سێ شەمە بڵاو ئەبێتەوە حەمەخۆشناو پەیوەندى بەئازاد جوندیانیەوە ئەكات و ئەڵێ لەبەر جەنابى مام جەلال پێم خۆشە كوردستانى نوێ وەڵامى ئەمە بداتەوە ، بۆیە ڕۆژى چوارشەمە ، بەروارى 24 / 8 / 2011 تەنها ڕۆژێك دوایى بڵاوبوونەوەى ئەم بابەتە لەڕۆژنامەى ڕۆژنامە ، ڕۆژنامە ڕووڕەشەكەى كوردستانى نوێ بەمانشێتى گەورە وەڵام ئەداتەوە ، سەركردەكانى گۆڕان پێش بینیان نەكردبوو بەحسابى خۆیان دەبریان كردوە بۆیە ڕاگەیاندنەكانى گۆڕٍان و هەڵسوڕاوەكانیان تووشى شۆك ئەبن كاتێك ئەبینن ڕۆژنامە ڕووڕەشەكەى كوردستانى نوێ بەمانشێتى گەورە وەڵامى ڕۆژنامەى ڕۆژنامەى داوەتەوە و پەلامارى نەوشیروان مستەفا و تەواوى بزوتنەوەى گۆڕانى داوە و لەبەشێكى وەڵامە چەواشەكاریەكەى كوردستانى نوێ پەلامارى كوردستانپۆستیشی داوەو نووسیوویانە.. ((هەرچەند بەقسە بێت سەرى زمان و بنى زمانیان باسى ئیتیكى ڕۆژنامەنووسییە ، بەڵام لەپراكتیكدا ئەو ئیتیكەیان لەخوێندنگەى كوردستانپۆستى خۆیانەوە وەرگرتووە و بەڕێچكەى هەمان فەرهەنگدا دەڕۆن ....)) .
بۆیە ئەڵێن ڕاگەیاندنەكانى گۆڕان ناكۆكى كەوتۆتە نێوانیان كەڕۆژى یەكەم ڕێگەیان نەداوە ئەمە باس بكەن دواى وەڵامەكەى كوردستانى نوێش پێیان عەیب بووە بگەڕێنەوە سەر ئەم بابەتە بۆیە بێ دەنگیان لێ كردوەو نیگەران بوون .



بەڕێزان ئەمانە خۆیان دانیان بەهەموو ئەو ڕاستیانە داناوە كەكاتى خۆى ئێمە نووسیوومانە و باسمان كردوە هەموویان پشت ڕاستكردۆتەوە كەئەو دكتۆرە چەندە دڕندەیە و چ كارێكى ئابڕووبەرانەى بۆ كردوون بۆیە ئامادەن بەمانشێتى گەورە داكۆكى لێ بكەن ، لەكاتێكدا ئەبینن كوردستان لەبەردەم چ هەڕشەیەكى دوژمنان دایە كەچى ڕۆژنامە ڕووڕەشەكەى كوردستانى نوێ دێ مانشێت و لاپەڕەكانى پڕ ئەكات لەدرۆ و چەواشەكارى و ئابڕوبەریەكانى دكتۆرەكەى سەرۆك كۆمار دائەپۆشێ .
دواجار ئەوەى ئێمەى نیگەران كردوە ئەوەیە كەحەمەخۆشناو لەكۆتایى وەڵامە پڕلەدرۆو چەواشەكارەكەیدا كەسایتى سبەى بۆیان بڵاوكردۆتەوە هەڕەشە ئەكات و ئەڵێ ئەمانە ئەدەم بەدادگا ، ئێمە لەگەڵ دەستخۆشى گەرمى دووبارەمان بۆ ڕۆژنامەى ڕۆژنامە پێیان ئەڵێین بێ منەت بن لێیى بابتان دا بەدادگا ، تائێوەى بەڕێز ئەوكات لەبەردەم دادگا پێیى بڵێن ئەى كێ جەنابت بدا بەدادگا لەسەر ئەنفلەوەنزاى درۆى باڵندە ؟ لەسەر ئەو هەموو ڕاپۆرتەى چاودێرى دارایى ؟ لەسەر نەخۆشخانەى دڵەكەى قەلاچۆلان ؟ نەخۆشخانەى باوەنوور ؟ نەخۆشخانە بەجێ ماوەكەى شەهید غەریب هەڵەدنى لەدووكان ؟ لەسەر سووتانى كۆگاى دەرمانەكە ؟ لەسەر سەدان دزى و گەندەڵى تر ؟ ئەى كێ تۆ بدات بەدادگا لەسەر ئەو هەموو سەروەت و سامان و كۆشك و تەلارەى ڕاستت كردۆتەوە ؟ ئەى خێرە ئێستا وا بەئاسانى سلێمانى بەجێ دێڵى و ڕائەكەى ؟ .
____________________________________________
(رۆژنامه‌) ئابڕوبه‌رییه‌كی‌ پزیشكه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ ئاشكراده‌كات
لە نەخۆشخانەی وەزیری پێشووتری تەندروستیی دا، دەست بەسەر چەندین جۆر دەرمان‌و ئامێری پزیشكیی بەسەرچوودا دەگیرێت .

رۆژنامە
لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا، كە وەزیری پێشووتری تەندروستیی بەڕێوەبەریەتی، دەست بەسەر برێك دەرمان‌و ئامێری پزیشكیی بەسەرچوودا دەگیرێت‌و لە چەند نەخۆشخانەیەكی ئەهلیی دیكەیشدا، دەست بەسەر بڕێك دەرمانی تایبەت بە وەزارەتی تەندروستیدا دەگیرێت.
لیژنەیەكی پزیشكیی تایبەت، كە بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (431)، لە(26/1/2011)دا، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ چاودێریكردنی نەخۆشخانە ئەهلییەكان پێكهێنراوە، لە راپۆرتی خۆیدا، چەندین كاری نایاسایی نەخۆشخانە ئەهلییەكان بۆ سەروو خۆیان ئاشكرا دەكات.
لەو راپۆرتەدا، كە كۆپییەكی دەست رۆژنامە كەوتووە، لیژنەكە ئاشكرای كردووە: لە سەنتەری قەستەرەی نەخۆشخانەی ژیاندا، كە لە مانگی (9ی 2009)دا كــــراوەتەوە، دەستگیراوە بەسەر بڕێك دەرمان‌و مادەی پزیشكیی بەسەرچوودا؛ كە بەرواری بەسەرچوونیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2005‌و 2008).
لە راپۆرتەكەدا، هاتووە: پاش وەرگرتنی وتەی ئەندامانی ئەو لیژنەیەی دەستیان بەسەر ئەو پێداویستییانەدا گرتووە، پێیان راگەیاندین؛ رۆژی (20/4/2011)، لە میانەی سەردانیاندا بۆ نەخۆشخانەی ژیان‌و پاش چوونە ناو هۆڵی قەستەرەوە، ئەو بڕە مەوادەیان بەدیكردووە؛ كە لەناو هۆڵەكەدا هەڵواسرابوون‌و هەندێكیشیان لەناو كارتۆندا بوون.
د. محەمەد قادر خۆشناو، بەڕێوەبەری سەنتەری قەستەرە لە نەخۆشخانەی ژیان‌و وەزیری پێشووتری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە بە لیژنەكەی راگەیاندووە: پاش ئەوەی زانیومانە ئەو پێداویستییانە بەسەرچوون، لەڕێگای ئیمەیڵەوە كۆمپانیاكەمان ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام ئەوان پێیان راگەیاندووین: ئەو بڕە پێداویستییەیان وەك دیاریی‌و بێبەرامبەر بۆ ناردووین‌و هەندێكیشیان لە كۆمپانیای دیكە بۆ كڕیوین‌و ئاگادار نەبوون لە بەسەرچوونی.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، لە راپۆرتی لیژنەكەدا هاتووە: بەپێی گرێبەستێك كە لەنێوان سەنتەری قەستەرەو كۆمپانیای مەفتوقەدا هەیە، سەنتەری قەستەرە لە نەخۆشخانەی ژیان، ئەو پێداویستییانەی لە كۆمپانیای مەفتوقە كڕیوەو لەڕێگای فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە، لە رۆژی (24/1/2011)دا گەیشتووەتە دەستیان‌و لەلایەن هەریەك لە د.عەدنان محەمەد حسێن، بەڕێوەبەری كارگێڕیی سەنتەری قەستەرە‌و كارمەندێكی نەخۆشخانەكە بەناوی (ئەبو موهەنەد)، كە خەڵكی ئوردنە، وەرگیراون.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە، لەكاتی وەرگرتنی پێداویستییەكاندا، تێبینیی بەسەرچوونیان نەكردووەو لەناو فڕۆكەخانەیشدا، بە كوالێتیی كۆنترۆڵدا تێپەڕ نەبووە.
د.عەدنان محەمەد حسێن، بەڕێوەبەری كارگێڕیی سەنتەری قەستەرە، لەوبارەیەوە بە لیژنەی لێكۆڵینەوەكەی وتووە: ئەو مادانەمان بەكارنەهێناوە، لەبەرئەوەی چاوەڕێی د.قاسم شەمایلە بووین؛ كە لە ئوردنەوە بێت‌و وۆركشۆپمان بۆ بكاتەوە.
هەرچەندە بەپێی وتەكانی ناوبراو بۆ لیژنەكە، د. قاسم، تا رۆژی (20/4/2011) سەردانی نەخۆشخانەكەیانی نەكردووە، بەڵام پاش پێداچوونەوەی تەبەڵەی نەخۆشخانەكە، لیژنەكە بۆی روونبووەتەوە: پزیشكی ناوبراو، لە رۆژی (27/1/2011)دا، نــــــــــەشتەرگەریی بۆ نەخۆش ئەنجامداوە.
هەر لە میانەی بەدواداچوونەكانی لیژنەی چاودێریی نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا، لە هەرسێ‌ نەخۆشخانەی سلێمانی‌و كوردستان‌و ژیان، دەست دەگیرێت بەسەر بڕێك دەرمانی تایبەت بە وەزارەتی تەندروستی، كە بەپێی رێنماییەكان، مامەڵەكردن بەو مادانەوە قەدەغەیەو ئەو كەس‌و لایەنانەی مامەڵەی پێوە دەكەن، بەپێی مادەی (240) لە یاسای سزادانی عێراقی، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.
لە نەخۆشخانەی كوردستان، بڕی (دوو) كارتۆن دەرمانی هالۆسان، دەستیان بەسەردا گیراوە، كە تایبەتن بە وەزارەتی تەندروستی‌و هاوكات لە نەخۆشخانەی سلێمانی، بڕێكی دیكە لە هەمان دەرمان، دەستیان بەسەردا گیراوە.
د.ماردین حسێن عەباس، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سلێمانی، لەوبارەیەوە دەڵێت: لەبەر نەبوونی ئەو مادەیە لە دەرمانخانەكاندا، ناچارن لە قاچاخچی بكڕن.
د.محەمەد قادر خۆشناو، كە تا ماوەیەك لەمەوبەر پزیشكی تایبەتی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراق بووە، بەڕێوەبەری سەنتەری قەستەرەیە لە نەخۆشخانەی ژیانیش، سەبارەت بەو مەوادانە، بە لیژنەكەی وتووە: ئەو مەوادانە، رۆژێك پێش نەشتەرگەریی كڕاون، لەبەر پێویستی زۆریان بەو مادەیەو دەستنەكەوتنیان لەبازاڕدا، ناچاربوون ئەو بڕە لەبازاڕدا بكرن.
لە كۆتایی راپۆرتەكەیاندا، لیژنەی لێكۆڵینەوە پێشنیاز دەكات: ئەم دۆسیەیە رەوانەی دادگا بكرێت؛ بە مەبەستی گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر كۆمپانیای مەفتوقە؛ كە دەرمانی بەسەرچووی بە نەخۆشخانەی ژیان فرۆشتووە، پێشنیازیش دەكەن، سەندیكای پزیشكان، سەرجەمی بەڕێوەبەر‌و بەڕێوەبەری كارگێڕیی هەرسێ‌ نەخۆشخانەكە لاببات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە