دەزگاى خەندان دەزگایەكى فاشیل لەكارى رۆژنامەوانیدا
Tuesday, 07/06/2011, 12:00
یەكێك لەو نەهامەتیانەى كە كۆمەڵگەى كوردى تێدایە ئەوەیە هەرتاكێك رێگە بەخۆى دەدات لەبرى ئەویتر وەڵان بداتەوە پرسیار بكات پێشنیار بخاتە بەردەم ئەوانیتر، هەر ئەم كڵۆڵیەى كوردیشە وایكردەوە تائیمڕۆ سیاسیەكانى ببنە دەمڕاست و واەبێژى خەڵك و بەناوى خەڵكەوە بدەێن بڕیار بدەن، هەر بەناوى خەڵكیشەوە گەندەڵى بكەن و دەسەڵات بۆ مەرامى تایبەتى خۆیان بەكاربهێنن.
لەمرۆى دونیاى رۆژنامەگەرى كوردیشدا هەركەسێك وتارێك بنوسێت، رۆژنامەیەك بابەتێكى بۆ بڵاوبكاتەوە، لێدوان بۆ تەلەفیزیۆن و رادیۆیەك بدات ئەوا بەخۆى دەڵێت رۆژنامەنووس و دواتریش لەرێگەى یەك دوو بابەتى كرچوكاڵ دەبێتە ئەندامى ئەو سەندیكا رۆژنامەوانیەى كە بەس سەندیكاى رۆژنامەنووسان نییە.
یەكێك لەو بەناو دەزگا وێرانانەى ناوى لەخۆى ناوە دەزگاى راگەیاندن دەزگاى خەندانە كەهیچ بنەمایەكى رۆژنامەوانى پێوەدیارنییەو جگە لە شوێنێك بۆ بەفیرۆدانى پارەیەكى خەیاڵى و موچە بەخشینەوە بەژمارەیەك كەسى مشەخۆر كە لەدوورو نزیك فڕیان بەسەر كارو پیشەى رۆژنامەوانیەوە نییە لەگەڵ رێزم بۆ ژمارەیەكى زۆر كەمیان نەبێت كە خاوەنى ئەزموون و جێ دەستن لەبوارەكەدا كە بەداخەوە دیسان ئەم ژمارە كەمەش بەهۆى بەرپرسە نەخوێنەوارەكانیانەوە رێگەیان پێنادرێت كارى رۆژنامەوانى خۆیان وەك پێویست بكەن، هەربۆیە ئەوەى لە بڵاوكراوەكانى ئەو دەزگایە و سایتەكەى بڕوانێت تێدەگات كە ئاستى ئەو دەزگایە چەندە داماوونزمە ئەوەش پەیوەندى بە و گەندەڵییەوە هەیە كە لەو دەزگا بەناو راگەیاندنەدا هەیە و هەروەها پەیوەندیشى بەلاوازى و بێتوانایى ستافى ئەو دەزگایەوە هەیە كە جگە لەكۆمەڵێك خەڵكى نەشارەزاو بێ ئاگا لەدنیاى رۆژنامەوانى كە لەو جێگەیەدا كاردەكەن، ئیتر ئەو دەزگایە نەیتوانیوە ببێتە ناوەندێكى كارا بۆ راپەڕاندنى كارى و پیشەى رۆژنامەوانى و لەهەمووشى سەیرتر ئەوەیە كە سەرنووسەرى رۆژنامەى ئاسۆ ناوبەناو ئامۆژگارى پێشكەش بە حكومەت و لایەنە سیاسیەكان دەكات و هەروەها وتارەكانى خۆى دەكاتە مانشێت و هەرخۆشى ریكلام بۆ نووسینە كرچ و كاڵەكانى خۆى دەكات وەك ئەوەى وتارو نووسینەكانى پڕ لە نەعریفەو زانیارى بەسوود بن.
رۆژنامەى ئاسۆ كە سەرەتا لەلایەن ستران عەبدوڵڵا ى سەرنووسەرى ئێستاى كوردستانى نوێ وە دەرچوێنرا و دواتر چەند كەسێك پۆستى سەرنووسەرى رۆژنامەكەیان گرتە دەست و دواتریشیان كە ئێستا لەو پۆستەدایە " عارف قوربانى"یە ، كە لەدوورونزیك فڕى بەكارى رۆژنامەوانیەوە نییە و خاوەنى هیچ بڕوانامەیەكى زانستى نییەو تەنانەت بڕوانامەى پۆلى شەشەمی ئامادەیشى لەوكاتەى بەرێوەبەرى تەلەفیزیۆنى یەكێتى بوو لەشارى كەركووك بە ساختە دەریهێناو هەر بەو بڕوانامە ساختەیەش توانى بەپشتیوانى حزبەكەى خۆى بگەیەنێتە كۆلیژى راگەیاندن لەكاتێكدا كەسێك لەتەمەنى ئەودا زۆر دەمێكە زانكۆى تەواو كردوە بەڵام ئەم كەسە بەهۆى تەمەڵى و نزمى ئاستى زانستیەوە نەیتوانیەوە لەكاتى خۆیدا خوێندن تەوا بكات ، خۆ ناشتوانێت ئیدیعاى ئەوە بكات كە گوایە پێشمەرگە بوەو ئەوەش رێگرى كردوە لەبەردەم تەواوكردنى خوێندنەكەى.
عارف قوربانى ناسراوە بەوەى لەسەردەمى بەعسدا كەسێكى دڵ سۆزى بەعس بوەو لەكاتى ئەنفالى بەدناویشدا ئەو زاتە یەكێك بووە لەو بەعسیانەى كە رێگرى كردوە لەوەى خەڵكى لەو سەیارە سەربازیانە نزیك ببنەوە كە گوندنشینەكانى لەخۆگرتوەو بەرەو شوێنە نادیارەكان گواستونیەتیەوە.
دوا بەدواى راپەرینیش ئەو زاتە بەقەمسڵەیەكى رەنگ سەوزى عەسكەریەوە خەریكى تایە فرۆشتن بوە لەچەمچەماڵ و ئیتر لەسەردەمەكانى دوتردا لەرێگەى چاڵ هەڵكەندن و درۆكردنى بەردەوامى كە گوایە فڵان مەسول دەناسێت و زانیارى گرنگى لەسەر ئەم مەسول و كوڕى ئەو مەسول و زانیارى لەسەر ئەم تۆڕى مافیایى و هاوشێوەكانى خۆى هەیە لەناو یەكێتیدا جێگەى خۆى كردوەتەوەو پاشان لەلایەن بەرپرسانى ئەو حزبەوە خەڵاتى جۆر بەجۆر كراوە هەرلەوەرگرتنى پارەو ئۆتۆمبیلەوە تا دەگاتە وەرگرتنى پۆست و دواجاریش بەرپرسى دەزگاى خەندان و چەند دۆنم زەویەك لە نزیك چەمچەماڵ كە بەگردوكەى قوربانى دەناسرێت و تیایدا خانووى دروستكردوە .
بێگومان گەیشتنى بەسەرۆكى دەزگاى بەناو راگەیاندنى خەندانیش دواى ئەوەهات كە توانى جێگە بە چەند كەسێكى ئەو دەزگایە لەق بكات لەوانەش: ستران و هاوڕێ و هەڵكەت عەبدوڵڵا و ئارازو وا خەریكیشە لە خالید سلێمانى سەرنووسەرى گۆڤارى هەفتانە دەخوێنێت و گۆڤاركەى پێدادەخات.
بەڵام ئەوەى كە لەدەست قوربانى دەرچووە ئەوەیە كە ئێستا جێگرەوەیەكى بۆ پەیدابوەو خەریكە بەڕەكەى لەژێر پێ دەردەهێنێت ئەویش كەسێكە بەناوى هێمن لهۆنى كەنەتەمەن و نەئەزموون و نە ئاستى رۆشنبیریشى رێگە دەدات بەرپرسیارێتى پێبدرێت بەڵام ئەم كەسە لە قوربانى وریاتربوو بۆیە بەنهێنى و بەبێ ئاگادارى سەرسنووسەرۆى رۆژنامەى ئاسۆ چەند جارێك خۆى گەیاندە ماڵى دكتۆر بەرهەم و دواجاریش ژمارەیەك رۆژنامەنووسى هاورێ و تزیك بەخۆى كۆكردەوە گوایە ئەمانە كەسانى سەربەخۆن و راوبۆچوونیان لەسەر دەزگاى خەندان و بڵاوكراوەكانى هەیە، بەڵام ئەو لهۆنیە كە لەقوربانى فێلبازتر بوو پێش وە خت و بەر لەوەى بچنە دیدارى بەرهەم ساڵح فێرى كردبوون كەرەخنە لە رۆژنامەى ئاسۆ بگرن و بڵێن ئەورۆژنامەیە ئاستێكى زۆر نزمى هەیە هەربۆیە لەو كۆبوونەوەیەدا برادەرانى لهۆنى پێشنیازیان كردبوو كە بەرپرسیارێتى لەو دەزگایەدا وەربگرێت و رۆژى دواتریش بەفەرمانى بەرهەم ساڵح ئەو كەسە كرایە جێگرى عارف قوربانى هەرچەندە لەم كەینوبەینەدا عارف عارف نەبوو ئەگینا قەد رێگەى نەدەدا كەسێكى وەك هێمن لهۆنى لەو دەزگایە نزیك بێتەوە، لەبەرئەوە لە ئێستادا ئەو لهۆنیە بۆ قوربانى بوەتە موى بەرلوت و بیر لەوە دەكاتەوە چى لێبكات بۆ ئەوەى لەداهاتوودا نەبێتە بەرپرسى دەزگاكەو پۆستەكەى پێ لەق بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست