بەس بڕۆ
Sunday, 22/09/2013, 12:00
بەمن چی ئەو هەموو دەنگە
کەلەترازانی دەرگای دوودڵی زیاتر،
درزێک ناخەنە دیواری دڵی من.
***
سەیرکە،
تۆ سەرت بەئاسۆی منەوە ناچێ،
من پێم بەپێڵاوی یاساکانی تۆوە،
لەم نێوەدا شتێك هەناسە سوار،
خەونی من لەژێر دەبەنگی تۆ،
دەبەنگی تۆ بەسەر کەرێتی منەوە.
***
لە نێوان هەریەکێکماندا
شکۆی هەمان شەڕی دۆڕاو،
لەتۆدا ڕازاوە بەتەرمی درۆی گوڵ گوڵ،
لەمندا ڕەنگڕێژ بەگوڵە متمانەی تەرمین.
***
خۆت تێك مەدە
بۆشاییەك نادۆزییەوە،
بۆ چاندنی مینی خەونێکی تر..
***
ژیان بۆمبێکی تەوقیت کراوە،لەبەر پێم،
چەپیش پێ دانەنێم،هەر دەتەقێتەوە.
***
دەزانم
هەموو جووڵەیەکی راستیش،
ئەم کۆتەی ناوی ژیانە،
تەنگتر دەکەنەوە لە دەستەکانمدا.
***
ئەم ماڵە دارینە، شتێك ڕای گرتووە
کۆڵەکەی ژنێتی من و دیواری پیاوەتی تۆ.
***
هاکا گومان لە ئاوێنەکەوە و
بێدەنگی لە پەنجەرەوە،
هاڕەی کرد بەسەرماندا.
***
هەر کەویستمان لەمالێکدا کۆ بینەوە،
سیخوڕێك لەناتەبایی،
مۆسادێك لەدڕدۆنگی،
کۆرپەیەك لەتێنەگەیشتن،
کەوتنە نێوان.
***
ئەوەی لەنابەینمان کەڵەکە بووە،
گڵکۆی بەکۆمەڵی خەونە،
رووفاتی پیرۆزی هەستە،
تازە دۆزیومنەتەوە.
***
{تۆ لەدوای موتاڵا
من و جەریدەکە دەخەیە ژێر خۆت}* ،
منیش دوای خۆشویستن،
تۆو ئایەتی حەرفەکانت دەخەمە سەر دڵم،
جیاوازی یەکە لێرەدایە.
***
لەگەل ساڵەکانی تەمەن،
شتێك ئاوا دەبێ،
لەمندا راستگۆییەکانی تۆ،
لەتۆدا ئەستێرەی بەختی من،
بەسەر ئەسپە دارینەی حیکایەتێکەوە،
بەرەو ئەبەدییەت.
***
تا بێ شتێك لەنێوانمان درێژ دەبێتەوە،
کەڵبەی سادییەتی تۆ و
خەیاڵی مازیۆشیانەی من،
لەهاوکێشەی خەونێکی بەراوەژوودا....
کەژال عەلی
زیوریخ سویسڕا
*دێڕە شیعرێکی وەرگیراوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست