کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیامەكەى ئۆجەلان زۆرشتمان پێدەڵێت

Monday, 25/03/2013, 12:00


كورتە وەڵامێك بۆ كاك جەلال چوارتایى




بڕواناكەم هیچ كامێكمان بە ئۆجەلان و كۆنسەى سەرۆكایەتیەكەیەوە، هێندەى بیرمەندو نوسەرى ناودارى تورك و دۆست و هاوپشتى كورد (ئیسماعیل بێشكچى) شارەزاى سیاسەت و ئایۆلۆژیاو كۆمەڵگاى كوردى بێت، لەسەر ئەو پرسە تەواوى ژیانى كەوێتبێتە زیندانەوە، ئەو لەبارەى پەیامەكەى ئۆجەلانەوە وەها دەلێت: (پەیامەكەى ئۆجەلان گرنگە، بەڵام پێدانى مافى كورد گرنگترە) من پێم وابێت گەر بە وردى و دیقەتەوە ئەو دێرە هەڵبسەنگێنیت، ئەوە بۆخۆى گەورەترین پرس و بابەت لە سەر پەكەكە و ئۆجەلان ئەوروژێنێت و دەرگاى سەدان پرسیار و گومان دەخاتە سەرپشت.
دەمەوێت لێردەدا وەڵامێكى كاك جەلال چوارتایى بدەمەوە، كە نوسینێكى نوسیوە به‌ناونیشانی: (پەیامەكەى ئۆجەلان چیمان پێدەڵێت). كاك جەلال لە وەڵامى كۆمەڵێك نوسین و وتار لەسەر پەیامەكەى ئۆجەلان، كە ره‌نگه‌ یه‌کێک له‌وانه‌ منیش بم و مه‌به‌ستی له‌ دوانووسینی منیش بێت، پێم خۆشە منیش قسەیەكم بۆ بەڕێزیان هەبێت.
سەرەتا ده‌ڵێم بەرێزم بەداخەوە ئێمە وەها پەرەوەردە و گۆش كراوین، كە بەزۆرى زۆردارەكى سەركردە و رابەرەكان بكەینە دیكتاتۆر و حاكم بەسەر خۆمانەوە، ئەگەر بەدار و بەردیشماندا بدات، هەر پێمان قبوڵ بێت، ورتە نەكەین. ئەم میراتیە سەقەت و چەوتەش بۆ پەكەكەش ماوەتەوە و ئەوانیش لە سەرى كاردەكەن.. كاك جەلالى بەڕێز: بزانە سیاسەت بەعاتیفە و هەست و سۆز ناكرێت، هەروا بێتەوە مەرج نیە كە بەڕێزتان هەوادارى پەكەكە بون، ئیدى دەبێت هەموو كورد شایەتومان بەدینى ئوجەلان بێنێت، ئەوەشى لە دژى بوو، یان پێى قبوڵ نەبوو ئۆجەلان وەكو سەرۆكى نەتەوەیى بناسێت، ئەوە خائین و پیاوى دوژمنە، چونكە ئەوە نەریت و بیركردنەوەى پەكەكەیە، چونکه‌ من له‌ رابردوودا بۆ خۆمشم بڕوام وا بووه‌ و له‌گه‌ڵتاندا کارم کردووه‌، ئه‌مڕۆش که‌ هاتوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ مانای وا نییه‌ خائین بم، یان خیانه‌تم لێتان کردبێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من رێز له‌ په‌که‌که‌ و له‌ رابردووی خۆشم ده‌گرم، بۆیه‌ ده‌ڵیم ئەمەش نەك بە بۆچونى من، بەڵكو لاى تەواوى دونیا بیركردنەوەیەكى زۆر هەڵە پاشكەوتووە، با واز له‌ سۆز بهێنین، دیکتاتۆریش دروست نه‌که‌ین، ئه‌گه‌ر دیکتاتۆر هه‌یه‌، ده‌بێت نه‌یهێڵین! ئەگەر بێت من لەبەر هەرهۆیەك خۆشیم لەپەكەكە و ئایدۆلۆژیاكەى نەیەت، لەهەمبەر ناڕەوایى وناراستى وچەوتیەكانیدا(سم و بكم) بم كەواتە منیش كۆیلە و بێ دەسەڵات بێ چارەم، نەخێر من لەبرى ئەوە هۆشى پەكەكە دێنمەوە، هۆشیارى دەكەمەوە مەترسى و ئاكامەكانى بەیان دەكەم، پێم خۆش نیە پارتێكى خاوەن هەزاران شەهید و خاوەن مێژویەكى پرشنگدار بەهۆى تاك رەویى، بیركردنەوەی كەسێكى دیل و زیندانى مەحكوم بەتەسلیم بون سازش ببێت.
سەرەتا ئاشتەوایى و رێكەوتن هاتۆتە ئاراوە، لەناخى دڵەوە پێم خۆشەو، سەدان جار دوعادەكەم سەربگرێت، بەڵام كاك جەلال خۆشت ئاماژەت پێداوە كە رێكەوتن و دانوساندن لە نێوان دوولا دەكرێت، رێكەوتنیش لە بەرژەوەندى لایەنى سەركەوتودایە، ئەرى برام كام سەركەوتن؟ تۆ سەرۆكت زیندانیە، خەریكە غسل دەماغ دەكرێت، لەناو پەكەكەدا دەیان باڵى نەیار هەیە و كێشە و ململانێ لەسەر ئەو پرسە بەروونى رەنگى داوەتەوە، تەنانەت براى ئۆجەلان و زۆرێك لە سەرانى پەكەكەش دیكتانۆریەت و تاكڕەوى ئاپۆیان پێ قبوڵ نیە، لێى هەڵدێن، لەترسى تۆڵە وكوشتن تا بەدەردى شاهین محمد شەمەر نەچن، پەنا بۆ دوژمن و زاڵمان دێنن، تۆ سەیربكە لەژمارەى 20 هەزار گەریلا تەنها هەزار گەریلا لە ناوتوركیادا هەن، ئەوانیش هەر لەچەند شوێنێكى مەحدودن، گەر جار جارە لێرە لەوێ بۆسەیەك بنێنەوە، یەك دوو سەرباز بكوژن، ئەوە ناچێتە خانەى سەركەوتن و دەستكەوتەوە.
بۆ ئەو پێك هاتنە من هیچ خاڵ و مەرج و داواكاریەكى پەكەكەم نەدى؟ تابزانین پەكەكە داواى چى دەكات ولەسەر چ بنەمایەك دەچێتە ناو ئەو رێكەوتنەوە؟ هەریەكەو كۆمەڵێك خاڵ وداواكارى خۆى هەیە، زۆرترین كارت وفشار بەكاردێنێت، بەڵام برادەرانى پەكەكە بەكام دەستكەوت و ئیمتیاز لەسەر مێزى دانیشتن خاڵە بەهێزەكانىخۆى دەخاتە روو؟ ئایا بۆ ئەو دانو ستاندن رێكەوتنە هیچ گرنتى یەك هەیە؟ ئایا هیچ زەمانەتێكى دەولى یان لایەنى سێ یەم وجودى هەیە؟
ئیستاش دەیڵێمەوە لە فەرهەنگ و ئایدۆلۆژیاى هیچ پارتێكى سیاسى جیهانیدا نەبوە و نەبیستراوە، كە قسەى دیل و زیندانى كراو بەهەند وەربگیرێت و وەك ئەوەى پەكەكە دەیكات، چارەنووسى كورد و پارتێك دەكاتە قوربانى رزگاركردنى ئوجەلان، كە ئەمەش بەبیروبۆچون ولێكدانەوەى هەموو كەس، ئەم پەیامە نەك ئینەیەك سەدانى تیایە، ئایا بەڕێزتان قەناعەتان وایە ئەو پەیامە بەخواست و ئیرادە و ویستى ئۆجەلان نوسرابێت، ئایا دەستى میتى پێوە دیار نییه‌؟ به‌تایبه‌تیی ناونه‌هێنانی کوردستان بۆ خۆی سانسۆرکردنی نامه‌که‌ بووه‌ له‌لایه‌ن میته‌وه‌!؟ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بخرێته‌ به‌ده‌ستی سیاسییه‌ک و ده‌رونناسێکه‌وه‌ به‌ ئاسانی لیکدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ن، ده‌زانن که‌ له‌سه‌ر خواستی میت و سیاستی تورکیا ئه‌و نامه‌یه‌ ئاوا نووسراوه‌!
ئەدى پێم ناڵێن كشانەوەى پەكەكە بۆ كوێ و كام وڵات دەبێت؟ دەچێتە قەندیل ئەوا تەواو وەكو دەست بەسەرێكى نیمچە ئازاد سەیردەكرێت، رەنگبێت جمو جوڵ وهاتوچۆ و هاوكاریشى سنوردار بێت، ئەو دەمە پەكەكە چى دەكات، چونكە پەكەكە وەكو پیشەى زۆرجارانى، زۆرجار دەبێتە كارتى دەستى دوژمنان، بەتایبەت بۆ ئەمڕۆ عێراق لەگەڵ توركیا ناتەبان، ئێرانیش گەر پەكەكە لە دژى توركیا نەجەنگێت و شەڕى نەكات ئەوا بە پولێكى قەڵب نایەوێت و كارى پێى نییە، هەرچى تایبەتیشە بە سوریاش ئەوا جارى زروف بارى ئەوێ نارۆشنە و ناتوانرێت جارێ بڕیار بدرێت، پرسیارەكەم ئەمەیە، ئەو دەمە پەكەكە داهات و ئابورى و بژێوى لەچ شوێنێكەوە پێدەگات؟ مەگەر بڵێن وەكو ساڵانى 74 و 88ى لایەنە كوردیەكانى باشور چۆن لە ئێران بون، لە ئۆردوگا نرابوون، لەلایەن ئەوانەو موچە و هاوكارى دەكران تەنانەت بۆ هاتنە دەرەوەش لە ئۆردوگا پێویستى بە پسولە هەبوو، بەدوورى مەزانە ئەوانیش وەها بن! یان راستەوخۆ لەلایەن توركیاوە هاوكارى و كۆمەكیان بۆ بێت!
نازانم كاك جەلال هەر بەعاتیفە و نوسین لەپەكەكەوە نزیكە یان ئەندام و لایەنگریانە؟ مەبەستم ئەوە نییە نیگەرانى بكەم و رەخنە و پلارى لێبگرم، بەڵكو ئەمەوێت بەوە ئاشناى بكەم، كە لەناو پەكەكەدا سێ لە سەرچوارى ئەندامانى لە كوردانى باشور و رۆژهەلات و رۆژاوا پێك دێن، پەكەكە چەندین پارتى كۆپیكراوى وەكو پارتى چارەسەر و پژاك و پەیەدە دروستكردوە، كە خۆى رابەرایەتیان دەكات، ئەدى ئەوانە چارەنووسیان بەچى دەگات؟ گرنتى لەسەر ژیانى ئەوان چییە؟ ئەدى پاشەرۆژ كێ دەبێت بە سەرۆكى نەتەوەیى و بەكێ بڵین (باكور باشور رۆژهەڵات، ئاپۆ سەرۆكى وڵات؟) كە ئەویش خەونى دەوڵەتى كوردى و یەكگرتنەوەى هەرچوار پارچەى كوردستانى كردبووە شتێكى حەتمى بۆ خۆشى لەئێستاوە جاڕى ئەوەى دابوو، كە بە سەرۆكى نەتەوەیى بانگى بكەن!
بڕوا بكە كاك جەلال هیچ كامێك له‌ ئێمه‌ پیاوى دەوڵەتان نین، بەفیت و هاندانى هیچ كەس و لایەنێك ئەو شتانە نانووسین، بەڵكو لە پەرۆشى و دلسۆزى خۆمانە بۆ پەكەكە و كورد، چونكە هەموو دەزانین كە تورك چ ماڵێكە و چەندە پیلان گێڕ و فێڵاویە، گەر مەبەستێك یان مرخى لە شتێك خۆش نەكردبێت، هەرگیز مل بۆ ئاشتى نادات، بەتایبەت لەگەڵ كورد دا، ئەو كوردەى تا پار و پێرایش بە توركى چیایى ناوزەد دەكران، ئێمە شینى ئەوە دەكەین كە مێژوو خەبات وقوربانى 35 ساڵەى كورد پەكەكە بەهەدەر نەدرێت، ئەمجارەش وەك سەدان جارى دیكە كورد گورگان خوارد و نەبین. بەشمان هەر ئاخ و ئەسەف و فرمێسك رشتن و چەند بارەبوونەوەى مێژووى تاڵ و رەش نەبێت.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=871dbcbd


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە