خۆتان ئامادەكەن بۆ پاش مۆڵەتە سێ مانگیەكە
Sunday, 12/10/2014, 12:00
كەس نازانێت لەسەر چ بنەمایەك سەركردایەتى سیاسى كورد لە دانوستانەكانى لەگەڵ بەغدا سێ مانگى مۆڵەت داناوە بۆ عەبادى و كابینەكەى! وا مانگێك تێدەپەرێت بەسەر ئەو وادەیەدا تائێستا هیچ ئاسۆیەكى ڕون دیار نییە، وەتا ئێستەش هیچكام لە وەزیرە كوردەكان دەست بەكار نەبوون، هەرلەسەرەتاوە عەبادى وەك تاكە پاڵێوراو بۆ پێكهێنانى حكومەت ئامادەنەبوو چەند سەعاتێك پێك هێنانى حكومەت دوابخات تا سەركردایەتى كورد خۆى یەكلایى دەكاتەوە، سەركردایەتى كورد هێشتا لە دانوستان و كۆبونەوەدابون جەنابیان لەوى خۆی و كابینەكەى سویندى یاساییان خوارد،
یەكێك لە وەفدى دانوستانكارانى كوردى بە رۆژنامەنوسانى ڕاگەیاند كە (عەبادى) بە وەفدەكەى وتووە (ئێوە ئازادن بەشدار دەبن لەحكومەت یان بەشدار نابن) باشە ئەمە ئەوپەڕى بێ باكى جەنابى سەرەك وەزیران نییە نەك لە خواست و داواكاریەكانى كورد، تەنانەت لە بەشداربونیش لە حكومەتەكەیدا؟
لەدواین لێدوانیدا جێگرى سەرۆكى پەرلەمان دەڵێت(شێعەكان هەمان بۆچونى جارانیان هەیە لەسەر موچە و بودجە) ئى دەبێت هەر چاوەڕێى ئەو بۆچونانەیان لێبكرێت، چونكە (عەبادى)ش دەرچوى هەمان قوتابخانەى (مالكى)ە ، ئیتر چاوەرێى هیچ گۆڕانكاریەكى ئیجابى مەكەن.
خواست و داواكریەكانى ئێمە بە نیسبەت ئەوانەوە ڕێژەى نەگۆڕە، نەك لاى (عەللاوی و جەعفەرى و مالكى و عەبادى) تەنانەت ئەوانەى پێش ئەوانیش و ئەوانەى دواى ئەمانیش دێن ڕێژەكە هیچ گۆڕانكاریەكى بەسەردا نەهاتووە! خواستەكانى ئێمە لاى ئەوان لە خەونێك زیاتر نییە، ئاخر ئەوانێك پێشێلى بڕگەكانى دەستور بكەن كە بە باوكى یاساكان ناسراوە ئیتر چ ئومێدێك بۆ پێكەوە ژیان و یەك پارچەیى ئەم وڵاتە دەمێنێتەوە؟ بەڵام ئەوە ئێمەین هەموجارێك ڕێسەكە دەكەینەوە بەخورى و دەبێت لە خاڵى سفرەوە دەست پێبكەینەوە، ئەوە سەركردەكانى ئێمەن هەمووجارێك لە ژێر فشارى زلهێزاندا غلۆر دەبینەوە بۆ بەغدا، ئەوە سەركردەكان و دانوستانكارانى ئێمەن باوەڕ بە بەڵێنەكانى ئەوان دەكەن، كەكەس نازانێت لە ژورە داخراوەكاندا لەسەرچى ڕێكدەكەون و ڕێكناكەون!!!
ئێستە ئەوانە هەموو بوون بەمێژوو، ئەوەى لەبەر دەستە ئەوو دوومانگەیە كەماوە وەك وادە لەنێوان (هەرێم و بەغدا)، ئایا سەركردایەتى سیاسى كوردى لەخۆیان پرسیوە پاش ئەوو سێ مانگە ئەگەر بەغدا بەدەم خواست و داواكاریەكانمانەوە نەهات هەڵوێستمان چى دەبێت؟ ئایا دەوڵەتى كوردى ڕادەگەیەنیین؟ لەوانەیە خەڵكانێك هەبن بڵێن ئەى بۆنا!!! جارێ باواز لە پشگیرى نێو دەوڵتى بێنیین، كەتا ئەمڕۆژ لەگەڵ خواستى ئێمە یەك ناگرێتەوە، ئایا دەوڵەتى كوردى بەباخەڵى خاڵى و بانكى بەتاڵەوە ڕادەگەیەنرێت؟؟؟ ئایا ئەم پەرتەوازەییە قابیلى خەونى وایە گەورەیە؟ خەونمان ئەوەبوو ببین بەخاوەنى نەوتى خۆمان، ئەوە بوین بەخاوەنى نەوتى خۆمان، ئایا ئەو نەوتە دەبێت بە هۆكارى سەربەخۆى كوردستان؟ من دەڵێم بەوو عەقڵیەت و كارەكتەر و میكانزمانەوە شتێكى زۆر مەحاڵە.
بەهەرحاڵ تەنها دوومانگمان لەبەردەمدا ماوە خۆتان ئامادەكەن بۆ ئەو بەروارە و وتووێژ لەسەر بژاردە و كارتە فشارەكان بكەن، ئەگەر شتێك بەو ناوەوە لە گۆڕێدایە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست