سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە كەركوك باوكێك "تاقە" كوڕەكەی لە خەودا دەكووژێت؟!
Thursday, 09/04/2009, 12:00
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ رێكەوتی 9/4/2009 باوكێك بە ناوی "عەدنان محەمەد كەریم" كە دانیشتووی گەڕەكی رزگاری شاری كەركوكەو خاوەنی یەك تاقە كوڕێكی لاوە بە ناوی (سۆران)، لە نێو خەودا كاتژمێر نێزیكەی پێش حەوتی بەیانی بە چوار گوللەى كڵاشینكۆف كۆتایی بە ژیانی كوڕە تاقانەكەی دەهێنێت و پاشان هەڵدێت بۆ ئەو فەرمانگەیەی كە ئەو لێی كارمەندەو پێیان رادەگەیەنێت كە كوڕەكەی خۆی كوشتووەو لێیشی پەشیمان نییە!
ئەمە ئەو كارەساتە تراژیدییایانەیە كە كۆمەڵگەی كوردی لە حاڵی حازردا ژیانی تێدا دەكات، كلتووری تووندوو تیژی تەنها لە ئاستێكدا دركی پێناكرێت، بەڵكو سەر لە بەر جەستەی كۆمەڵگەی كوردی قۆرخ كردووە و كووشتن بووە بە ئەلتەرناتیڤی لێكگەیشتن و وەكو چارەسەرییەكی بنەڕەتی لێی دەنواڕدرێت!
ماوەیەكە قسە لە سەر كووشتنی كچان یان ژنان دەكرێت، بەبێ ئاوڕ دانەوە لەو كلتوورەی كە لە بارتەقایدایە تووندوو تیژی بەرانبەر بە رەگەزێك بنوێنێت ئامادەیی ئەوەی تێدایە كە هەر هەمان تووندوو تیژی بەرانبەر بە رەگەزی بەرهەمهێنی ئەو تووندوو تیژییە بەكار بهێنێت!
كووشتنی "سۆران" ی لاو نە پەیوەندی بە شەرەفەوە هەیەو نەش بە كردەوەیەك كە دژ بە نۆرم و ئەو كلتوورە بێت كە لە نێو ئەم كۆمەڵگەیەدا قابیلی قبووڵ نییە، بەڵكو هۆكاری كووشتنەكەی تەنها پەیوەندی بە لێكنەگەیشتنەوە هەبووە لە نێوان ئەو و باوك و دایكیدا، "سۆران"ی جوانە مەرگ بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێت كە هەڵقەی هاوسەرێتی لە گەڵ كچێكی دانیشتووی شاری سلێمانیدا ئاڵ و گۆڕ كردووەو لە چاوەڕوانی هیمەتی باوكیدا بووە كە نەفرەت لە هێندێك پووڵ بكاو بڕیاری گواستنەوەی دەسگیرانەكەی بدات، بە واتایەكی دی شایی بۆ ساز بكات، لێ ئەو باوكە دڵ رەقەی ئامادەیی ئەوەی تێدا بووە كە كۆتایی بە ژیانی "سۆران" بهێنێ و خێزانێك سەرگەردان بكات، بەڵام لە دڵی نەهاتووە لە پێناو خۆشنوود كردنی بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی خۆی قووربانی بە پوول بدات!
ئەوەی ئەمڕۆ بە چاوانی خۆم بینیم تراژیدیایەك بوو كە ئاماژەی بە گووتارێكی ترسناك دەكرد، گووتارێك هێندەی هێمای بۆ مەرگ دۆستی دەكرد، ژیانی نەفی دەكردو دەیسڕیەوە، هێندەی ئەوەی بە گوێماندا دەدا كە كۆمەڵگەی كوردی لە دووای رووخاندنی بەعسەوە لە هەوڵی رووخاندنی بوونیادی سەرەكی خۆیەتی كە كاراكتە رو خودی مرۆڤە، ئەوە ناخوێنینەوە كە لە هەوڵی بوونیادی كەسێتی مرۆڤدایە، ئەمڕۆ لە ژێر پەرچەمی ئەو دیمۆكراسییە هەڵتۆقیوەی ژێر پەرچەمی داگیركاریدا جۆرەها تاوان لە چركەیەكدا ئەنجام دەدرێن و كەسیش نە لە هەوڵی خوێندنەوەو نەش لە هەوڵی دۆزینەوەی میكانیزمی چارەسەركردنیاندان!
"سۆران" دەبووایە ئەمڕۆ پێش ئەوەی ماڵ ئاوایی لە ژیان بكات، بگەڕێتەوە بۆ فەرماندەیی، چونكە مۆڵەتی تەواو بوو بوو، لێ ئەو باوكە دڵ رەقەی كە هەڵگری هیچ جۆرە مۆراڵێك نییە، لە نێو خەوندا كۆتایی بە ژیانی پاكیزەیی بەهەشتی خەون و خەیاڵی ئەو پەروانەیە دێنێ و نایەڵێت بۆ چركەیەكیش چاوانی بكاتەوە تا لەوە بە ئاگا بێت ئەوە چ قارەمانێكە وا لە خەوندا بە سەر كوڕی خۆیەوە بە چەكەوە راوێستاوەو دەیەوێت بە فیشەك لەو خەونە قووڵە بە مەرگ ئاشنای بكات!
ئەمڕۆ سەر تاپای ئەو خەڵكانەی ئەو كوڕە لاوەیان دەناسی هەموویان ئەسرینییان بۆی دەڕژاند، "سۆران" لە ژیاندا تەنها باوكی هەبوو، مامی لە ساڵی 1991دا لە شاری كەركوك شەهید بوو، ئەو پێویستی بەوە بوو كە باوكی پەنجەكانی بگووشێت لە بەر ئەوەی لە نێو خەڵكدا خۆشەویست بوو، لێ مەخابن لە شوێن دەستی یارمەتی پەنجە گووشین و لە بەختی ئەودا، باوك ئەو جەللادە بوو كە ئەوی لاوی كرد بە قووربانی و لە بچووكترین مافە سرووشتییەكانی خۆی كە ژییانە مەحروومی كرد، بۆیە "سۆران" و هاوشێوەكانی شەهیدی دەستی كلتوورێكی چەقیوو كۆمەڵگەیەكی دۆگمان، بۆیە لە ژیوواری كۆمەڵگەیەكی هاوشێوەی ئەوەی ئێمەدا دەبێت هەمیشە لە چاوەڕوانی مەرگی "سۆران"ەكان و "دۆعا"كاندا ببین؟!!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست