کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارێزگارى سلێمانى مۆڵەت نادات چالاكیەكانى هەڵمەتى خوێندن بە زمانى كوردى بەرێوەبچن

Thursday, 25/11/2010, 12:00


په‌یامنیری کوردستانپۆست:
بۆ پشتیوانى لە هەڵمەتى خوێندن بە زمانى كوردى لە خوێندگاكانى باكورى كوردستان،كۆمەڵێك كەسایەتى و رێكخراوى كۆمەڵگاى مەدەنى باشوورى كوردستان لە سەرەتاى ئەم مانگەوە پشتگیرى خۆیان بۆ ئەو هەڵمەتە نیشاندا،پشتگیریەكە تا دێت فراوانتر دەبێت و داخوازى خوێندن بە زمانى كوردى بەرەو رۆژهەڵات و رۆژئاواى كوردستان كشا،ئێوارەى ئەمرۆ 25-11-2010 دەیان رۆژنامەنووس لە بەردەم رۆژنامەى چەتردا بە بەرزكردنەوەى قەڵەمەكانیان بۆ ماوەى چەند چركەیەك پشتگیرى خۆیان بۆ خوێندن بە زمانى كوردى رۆڵەكانى گەلى كورد لە هەر چوارپارچەى كوردستان نیشاندا.
ماوەى چەند رۆژێكە هەڵسووڕاوانى هەڵەمەتى پشتگیریەكە ئامادەكارى دەكەن بۆ ئەوەى بەخۆپیشاندانێك بچنە بەردەم قونسلیەتى ئێران لە سلێمانى و داوا بكەن كە حكوومەتى كۆمارى ئیسلامى ئێران رێگە بدات خەڵكى كوردستان لە قوتابخانەكانى كوردستاندا بە زمانى كوردى بخوێنن،بەڵام رووبەرووى كۆمەڵێك كێشە بوونەتەوە،یەك لەو كێشانە ئەوەیە كە حزبە سیاسیەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان ئامادە نین وەك حزب بەشدارى لەو هەڵمەتەدا بكەن،لەبەر ئەوەى حزبەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان لەگەڵ هەردوو حزبى دەسەڵاتداردا رێكەوتنێكیان مۆركردووە كە نابێت هیچ جۆرە چالاكیەك دژى كۆمارى ئیسلامى ئێران ئەنجام بدەن. كێشەیەكى تر ئەوەیە كە پارێزگارى سلێمانى مۆڵەتى نەداوە خەڵكى باشوورى كوردستان بچنە بەردەم قونسلیەتى ئێران و بۆ ماوەى چەند چركەیەك قەڵەمەكانیان بەرز بكەنەوە نارەزایى خۆیان نیشانبدەن بۆ سیاسەتى قەدەغەكردنى زمانى كوردى لە لایەن رژێمى كۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە.
هەڵسووراَوێكى هەڵمەتەكە بە پەیامنێرى كوردستانپۆستى راگەیاند، سەرەراى بەشدارى نەكردنى حزبەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان و ئاستەنگیەكانى حكوومەتى هەرێم و پارێزگاى سلێمانى بۆ ئەو چالاكیە مەدەنیە،بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە رۆژى یەك شەمممە 28-11-2010 سەعات 10 پێش نیوەڕۆ،بچینە بەردەم قونسلى ئێران و بۆ ماوەى چەند چركەیەك قەڵەمەكانمان بەرزبكەینەوە و نارەزایى خۆمان بۆ سیاسەتى قەدەغەكردنى خوێندن بە زمانى كوردى نیشانبدەین و پشتیوانى خۆمان بۆ هەڵمەتى خوێندن بە زمانى كوردى لە باكور و رۆژهەڵات و رۆژئاواى كوردستان دووپات بكەینەوە.
سلێمانى 25-11-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە