کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لیستی گۆران با هه‌ڵه‌کانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ دووپات نه‌کاته‌وه‌..

Monday, 18/05/2009, 12:00


شاراوه‌نییه ‌هه‌ڵبژاردنی دادێی کوردستان جۆرێک له‌ هیوا بۆ گۆرانێک له‌ نیو سیسته‌می ده‌سه‌ڵات هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ ، بوونی لیستی جیاواز و پرۆژه‌ی جیاواز به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی مافیایی ، گه‌رم و گوڕییه‌کی له‌ نێوه‌نده‌ جه‌ماوه‌ریی و رووناکبیرییه‌کان خوڵقاندووه‌.
ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ بۆ کاندیدکردنی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان ، چه‌ند پێوه‌رێکی ناشایسته‌ به‌ مرۆڤی کوردیان ریز به‌ند کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیانباته‌ نێو په‌رله‌مانی داهاتوو ، له‌و پێوه‌رانه‌ش دیاره‌ گرنگترینیان قه‌بولبوونی کاندیده‌کراوه‌که‌یه‌‌ به‌ سیسته‌می کۆیلایه‌تی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ ، به‌ مانایه‌کی دیکه‌ که‌سیکی بێ ئیراده‌ و کۆیله‌ و بێ که‌رامه‌ت و ترسنۆک زۆرینه‌ی کاندیدکراوه‌کانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ پێکده‌هێنن.
هیچ گومانیشی تیانییه‌ له‌ ته‌ک ئه‌و پێوه‌رانه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ داده‌نرێنه‌ که‌ پێشترجه‌رباندراون ، بۆیه‌ له‌ لیستێک‌ که‌سێک له‌ پێوه‌ری دووه‌م ده‌رده‌چێت ئه‌گه‌ر پێشتر وه‌لائی تاقیکرابێته‌وه‌.ره‌نگه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ره‌گه‌زی مێینه‌ش هه‌ندێ پێوه‌ری تایبه‌ت که‌ ناکرێت لێره‌دا باسیان لیوه‌ بکه‌ین ببێ به‌ پێوه‌ری سه‌ره‌کی ، زۆرینه‌مان ئه‌و زانیاریانه‌مان لایه‌ که‌ دانی ئه‌و ئیمتیازاته‌ (ئه‌ندام په‌رله‌مانی بۆ به‌شیک له‌ ژنان) زۆربه‌ی جار ده‌خرێته‌ په‌یوه‌ندییه‌ ناشه‌رعییه‌کان..نمونه‌ زۆره‌ پێویست به‌ به‌ناوهێنان ناکرێت.
لیستی گۆڕان که‌ هیوایه‌کی گه‌وره‌ی له‌ پانتایی ئاینده‌ی نزیکی نه‌ته‌وه‌یه‌ک دورستکردووه‌ ، ده‌بێت به‌وریاییه‌وه‌ کاندیدکراوه‌کان بخاته‌ نێو لیستییه‌وه‌ ، جونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌کرێت ئه‌و بێ ئومێدییه‌ی که‌ له‌ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ به‌رهه‌م هاتووه‌ ده‌بێ به‌کاره‌سات.
دانانه‌وه‌ی که‌سێکی به‌ڕیز وه‌کو خاتوو کوێستان محه‌مه‌د له‌ لیستی گۆڕان ، هه‌ڵه‌یه‌که‌ که‌ ده‌بێت لیستی گۆڕان خۆی لێ به‌دوور بگرێت ، گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ خاتوو کوێستان وه‌ک ژنێکی به‌توانا و به‌که‌رامه‌ت له‌ نێو ژنانی خه‌باتگێردا شوێنی لایقی گرتووه‌ ، به‌لام دانانه‌وه‌ی پرسیارگه‌لی بێ وه‌ڵام لای خه‌ڵکی دورستکردووه‌ ، دیاره‌ پرسیاره‌که‌ش زۆر ره‌وایه‌ و بریتییه‌ له‌ : ئه‌گه‌ر لیستی گۆڕان کاندیده‌کانی به‌ هه‌مان پێوه‌ری هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ دابنێت ، گۆرانه‌که‌ له‌ کوێدایه‌؟ دواتر خۆ خاتوو کوێستان به‌ به‌رده‌می ئه‌وه‌وه‌ کاتێ سه‌رۆکی فراکسیۆنی سه‌وز بوو له‌ په‌رله‌مان ، هه‌موو یاسا ناشه‌رعییه‌کان و بوودجه‌ی چه‌ند ساڵه‌ی خه‌ڵکی کوردستان، بێ ئه‌وه‌ی نقه‌ی لێوه‌ بێت، ره‌ت ده‌بوو و ده‌دزرا ... چونکه‌ ئه‌گه‌ر وانییه‌ ده‌بوایه‌ شتی دیکه‌ له‌ په‌رله‌مان روویبدایه‌ که‌چی وا ده‌رنه‌چوو، هه‌موو جگه‌ له‌ده‌ست به‌رزکردنه‌وه‌ بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و تاڵانکردن، نه‌یانتوانی بچووکترین گۆڕان بکه‌ن؟!.
بۆیه‌ دانانه‌وه‌ی خاتوو کوێستان و ئه‌وانه‌ی هاوشێوه‌ی ، جگه‌ له‌ لاوازکردنی لۆژیکی لیستی گۆڕان هیچی دیکه‌ نییه‌ ، خۆ ئه‌گه‌ر بۆ خاترگرتنی ئه‌و خاتوونه‌ و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ش بیت پێموایه‌ ده‌کرێت ئه‌و که‌سانه‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵاکانی خه‌لکی کوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆیان به‌ گه‌وره‌تر بزانن ‌و قه‌بوڵی نه‌که‌ن و، هه‌لسوراوانی دانانی کاندیده‌کانیش ده‌بێت له‌ ئاستی گه‌وره‌یی ئه‌و گۆڕانه‌ بن که‌ خه‌ڵکی خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت ، بچووکترین هه‌ڵه‌ باجی گه‌وره‌ی به‌دواوه‌ ده‌بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە