مەلایەکی بۆن خۆش، مەلایەکی بۆن دز
Tuesday, 01/06/2021, 1:42
1463 بینراوە
ژیانی هەموو مرۆڤەکان چیرۆک و رووداوی پڕ لە سەیروسەمەرەن، هەندێکیان شایستەی گێڕانەوەن، هەندێکی تریان لە بیر دەکرێن، هەندێکی دیکەشیان بۆ ئەزمونی ژیان هەڵوێستەت پێدەکات و دەشبێتە بیرەوەری.
هاوڕێیەکم گێڕایەوە ووتی: ئەو ساڵە لە خولی فێرکردنی زمانی سویدی، لە پۆلەکەماندا دوو عەرەبی فەلەستینیمان لەگەڵدا بوو، هەموومان کە سەرەتا هاتبووینە سوید، بۆ بژێوی ژیانمان توانایەکی وامان نەبوو، بتوانین های لایف بژین، بەڵام یەکێک لەو عەرەبە فەلەستینیانە، سەرنجی راکێشابووم، جلەکانی هەمووی جلی مارکە بوون و هەر ڕۆژەش جۆرە بۆنێکی لە خۆی دەدا، هەر دەتگوت بەیانیان بە عەتر خۆی دەشوات.
ئەو برادەرە گێڕایەوە، رۆژێک گەیشتە تینم و لە هاوڕێ عەرەبەکەی تریم پرسی، کە ئەم کوڕە کێیە وا ئەو توانایەی هەیە ئەو جلە کەشخە و جوانانە و ئەو بۆنە گرانبەهایانە لە خۆی دەدات؟
لە وەڵامدا ووتی: ئەو ئیمامی مزگەویشە و رۆژانی هەینی پێش نوێژی دەکات بۆ موسوڵمانەکان!
پرسیم: باشە لەمە پارەی زۆری دەست دەکەوێت!؟ وتی نازانم و ناتوانم پێت بڵێم بڕۆ لە خۆی بپرسە!؟
ئەو برادەرەم گێڕایەوە وتی: ئەمە زیاتر مەراقی پێدام تا بۆ رۆژی دوایی خۆم نەگرت و چووم و لێیم پرسی: بۆیان باسکردووم کە تۆ ئیمامی مزگەوتی (x) ئایا بەو کارەت پارە یان موچەیەک وەردەگریت؟ ووتی بڕێک پارەی کەم لەلایەن موسوڵمانانەوە پێم دەدرێت!
پرسیم باشە غەدر دەکەیت، ئەو پارە کەمەی کە پێت دەدەن بۆ دەیدەیت بەو عەتر و مەسرەفە زۆرە!؟
لەگەڵ پرسیارەکەدا خۆم کەمێک پەشیمان بوومەوە، کە ئەمە شتی تایبەت و پرسیاری کەسێتیە، نەدەبوو ئەو پرسیارەی لێبکەم، کەچی ئەو یەکسەر وەڵامی دامەوە وتی: دەزانم تۆش موسوڵمانی. با باشترت تێبگەیەنم، کەوا ئێمەی موسوڵمان ئیستا لە وڵاتی کافرانداین. بۆیە بۆ ئیسلام جائیزە شتی کافرەکان بەرێت... من هەموو بەیانییەک پێش ئەوەی بێمە پۆلەوە، هەر لە پاسەکە دابەزیم، خۆم دەکەم بەو بازاڕەدا.. بۆنەکان هەڵدەگرم (فسسس.. فسسس...) هەر بۆنێک پێم خۆش بێت لە خۆمی ئەدەم و ئینجا دەکەومە رێ،، ئەمە نە حەرامە و نە گوناحە!
ووتم ئەی بۆ ئەو جلانە، زۆر گرانبەهان !؟
کەمێک وەستا و دەنگی نەکرد، دوایی ووتی: ئیتر خۆت تێبگە!
لە کۆتاییدا ووتم: بەڵام تکایە ئیترکە هاتی بۆ قوتابخانە بۆن مەدە لەخۆت، چونکە هەندێک لە هاوپۆلەکان هەستیاریان (حەساسیەتیان) بە بۆن هەیە! خەریک بووبڵێم بە بۆنی دزی تێک دەچن ...
ئەوە دوا پەیوەندیی من بوو لەگەڵ ئەو ئیمامە فەلەستینییە، توانای گفتوگۆکردنم لەگەڵیدا نەما، هەردووکمان کەوتینە بوغزاندنی یەکتر.
لەم سەردەمەدا دینداری لای زۆرکەس وەک شەڕکردنی لێهاتووە، شەڕێک کە جگە لەوەی دۆڕاوی دەچنێتەوە..
ئیتر مرۆڤ چۆن دەتوانێت دەرونێکی کەلاوەی هەبێت و باسی دینداری بکات ؟
ئاخر وەک دالایی لامە دەڵێت: باشترین ئاین ئەوەیە کە بتکاتە مرۆڤێکی باشتر، بەڕەحمتر، تێگەیشتووتر ، ئازادتر، بێلایەنتر، بە سۆزتر، بەڕەوشتر و بە مەسئولتر.... هەرئاینێک ئەمانەی لە ئێوەدا دروست کرد ئەوە باشترین ئاینە ....
سەمەرە لەوەدایە کە مرۆڤ لە پشتی ئیمامێکی بۆن خۆشەوە نوێژ دابەستێت و گوێ لە مەلایەکی بۆن دز بگرێت، دڵی بەوەش خۆش بێت، بێئاگا وا تێبگات کە نزای پاکبوونەوە دەکات .....
پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگار رانگور)ــەوە نووسراوە