کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


**قه‌سیده‌ی زریکه**

Saturday, 15/05/2010, 12:00


پێشکه‌ش به خونچه له‌سێدار دراوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاته‌که‌م
له‌م سه‌رده‌مه ته‌زیوه‌دا که وه‌رزی مه‌رگی ویژدانه
زه‌مه‌ن ته‌فسیری تاریکی شه‌وانی سه‌ربه‌دارانه
زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی له قوڕگا کپ کراوم
ده‌ئاڵێنمه کفنی خوێناوی بڕواکان و له‌گه‌ڵتان ئه‌دوێم
له‌گه‌ڵتان ئه‌دوێم ئه‌ی ڕێبوارانی شه‌قامه‌کانی ئاسمان
ئه‌ی چرۆ تازه‌پشکووتوه‌کانی دارستانه سووتاوه‌کانی وڵاته‌که‌م
ئێوه له سێداره دران
ئێوه له سێداره دران و
هه‌نسکی ئاگرینی کازیوه هه‌واڵی مه‌رگی خۆمی بۆ هێنام
ئێوه له‌وێ، ئه‌من لێره، هه‌موو له سێداره دراین
ئێوه له سه‌ر باڵی هیوا له وه‌رزی عه‌شق و شه‌یدایی
ئه‌من له غوربه‌تی خه‌مبار، له نێو شه‌وانی ته‌نیایی
ئێوه له قوژبنی شه‌ودا، به سه‌د مه‌کر و ڕیا کوژران
ئه‌من مات و عه‌به‌سترا، به بێ شه‌رم و حه‌یا کوژرام
ئێوه‌یان له گووند و شار و له کێو و له بیابان کوشت
منیشیان له غه‌ریبیدا دوور له ماڵ و له دیار کوشت
ئێوه‌یان له خۆزگه‌ی دوێنێی ئاواته‌کاندا هه‌ڵواسی
ئه‌منیان له خه‌ونی جوانی هیوای سبه‌یدا هه‌ڵواسی
ئێوه و ئێمه‌ و هه‌موومانیان
له پانتایی مێژووی ئه‌م هه‌وارگه وێرانه‌دا
وێران کرد و هه‌ڵیانواسین
سه‌دان حه‌یف و هه‌زاران ئۆف
ئێوه‌ له‌وێ، ئه‌من لێره
دوور و جودا له‌یه‌ک کووژراین
نازانم خه‌یاڵی خاوی جه‌لادی بێ ڕه‌حمی زه‌مان
له کووانوی خه‌ونی خۆیدا سبه‌ینێ چۆن ته‌فسیر ده‌کات؟
ڕێگای پڕ ڕێبواری ئێوه به ده‌ستی کام ته‌قدیر ئه‌دات؟
هاواره‌کانتان کپ د‌ه‌کات به‌ڵام نازانم، نازانم
زایه‌ڵه‌ی ده‌نگ و هاوارتان چۆن کپ د‌‌ه‌کا و چی لێده‌کات؟
له‌م گزینگه بێده‌نگه‌دا بێزوو به هاوارێک ده‌که‌م
قه‌سیده‌ی زریکه‌یێک ساز ده‌که‌م بۆ گوێی که‌ڕی دنیای بێده‌نگ
داهاتووی خه‌باتتان ده‌نووسمه‌وه
داهاتووێک به به‌رزی وره‌ی هه‌تاهه‌تاییتان و
به گه‌شی دوایین دڵۆپی ئه‌سرینی ڕژاو
درێژترین چیرۆکی مانه‌وه‌تان داده‌ڕێژم
چیرۆکێک به درێژایی مێژووی هاواره‌کانمان و
به ڕووناکی مۆمی هه‌ڵوێستی هه‌رده‌م گڕاوتان



2010-05-15


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە