سەركردایەتى كورد ...(میرابۆ)كانى كورد!!!...
Thursday, 07/06/2012, 12:00
نیوسەدەو زیاتریش... ئەسپ و عەرەبانەى حیزب و سەركردە دەستى ئاخنیوەتە نێو تەلارى ماڵى كورد... ئیدى نهۆم لە دواى نهۆم چنگ لەسەرشان كەوتونەتە وێزەى داڕمان و فەناكردن و دواجار لەژێرداروپەردوو، سیاسەتى كێشانە بەدووكێشى جیاواز،درۆى سیاسى لەقاڵب و فۆرمەلە لەكارگەى موعەلەبى ئەوانەى كە خۆیان ناوزەد بە (سەركردایەتى كورد) دەكەن، توڕدەدەنە نێو بازاڕى كەنەفتى دردۆنگى موزایەدەو ئیستهلاكى سیاسى ناوەخۆوە.
وینستۆن تشرشل دەڵێت(سیاسى باش ئەو كەسەیە كە تواناكانى ڕەنگدانەوەى پێشبینیەكانیەتى، هەمان توانا دەستەبەر دەكا بۆ چۆنیەتى هێنانەوەى پاساو لەئەگەرى بەدینەهێنانى پێشبینیەكانى)...
سەركردایەتى كورد... ڕەهەندى پێشبینى كردنى هەمیشە كورتى هێناوە. بۆ ئەمڕۆ بیرى سبەینێى نیە!!!...ڕەهەندى تواناو لێكدانەوەى هەمیشە پەرتەوازەو لەخزمەتى دۆزى نەتەوەیى و نیشتمانیدا سست و لاوازو پەكەوتە بووە.وێنایەكى قێزەون و دێوەزمە و شەولەبان ترسیان كردۆتە دروشمى درۆى بریقەدارو باڵگرو شاخدار!!!...
كریستى ڕۆمانۆ دەڵێت:(پاش كۆكردنەوەى سامان و ماڵێكى زۆر، ئەوسا دەتوانم لەپێناو پێگەى سیاسیدا پارەو پولێكى باش بخەمە گەڕ)...
سەركردایەتى كورد... هەریەكەیان وورد دەكەیتەوە، پێگەى وەرگرت لە ڕێگەى شەرعیەتى دیفاكتۆە، ئەوجا پێگە توندكرا بە حیزب حیزبێنە، هەریەكەیان بونە سەركردەى حیزبێك پەزو دوكان وبازاڕیان لە مەڕخۆیان بەخشیە دەست و پێوەندو دەیان قازى یەك قاچیان كڕى!!!...
بونە خاوەنى سامانێكى بێ شومارو لەبن نەهاتوو، پارەو پولى ماڵى گشتى (سپیكرایەوە) لەكوێ ؟!... لە خۆیان پرسن!!!... دەیان گرێبەستى سامانى سروشتى ،حەشاردراولەجانتا ڕەشە مەخفیەكانەوە، پۆلێنكران و ئاودیوى بانكەكانى سویسراو ئەوروپا كران!!!... دەیان ئاپارتمان و تاوەرى جیهانى و خەلیجى ،لەسەر ڕەقەم حەپەلوش و وێنەتۆمار كران!!!...
كۆنراد ئەدیناوەر دەڵێت: (هونەرى سیاسەت ناواخن و پێكهاتەى ئەوەیە بەوردى بزانیت زەرورەتى لێدانى نەیارەكانت كەمێك لەخواركەمەرەوە چۆن دەبێت؟!)...
سەركردایەتى كورد... هونەرى سیاسى ژمارە تۆمارى لەو وتەیەى ئەدیناوەر نەگرتۆتەخۆ!!!... هەمیشە براگەورەى دۆڕاو... بۆ دەسكەوتێكى كاتى دەیان دانوستان و دیالۆگى چارەنوسازیان كردۆتە قوربانى!!... نمونە بەتەغار دەست دەكەوێت!!!....
محمد بن راشد ال مكتوم دەڵێت:(ئەگەر سیاسەت بەعەرەبانەیەك بچوێنین، ئابوریش بەئەسپێك ، پێویستە ئەسپەكە هەردەم لەبەردەم عارەبانكەوە لغاوە بكەین)...
سەركردایەتى كورد... عەرەبانەكەى تەرزە مۆدێلێكى نەریتەوانى لە بەرامبەر و لەسەر مێزى دانوسانەكان خستۆتە روو، ئەوەبۆیە هەمیشە گرەویان لەسەر ئەسپى دۆڕاو كردووە!!!...
فرە وترا ...زۆر نوسرا... لەسەر هەرێم حكومەتى عێراق ... شیكارو چاودێرى سیاسى قسەى زۆرى بێ باجیان كرد... پێم وایە مەلەكردن لە ئاوى لیخندا، تەنها لاشەى مەلەوانێكى نەزان بەساردى دەبینیتەوە پاش گەف و هەڵچونێكى بێ هودە!!!...
دواجار... سەركردایەتى كورد... دەبنە (میرابۆ) و (میرابۆكانى) كورد زۆرن... تكایە، نۆرە بڕى و سەرەتێكدانى ناوێت، درەنگ یاخود پێش وەخت... جێ نزرگەى سەروەریتان گەل دیارى دەكات!!!...
ئیدى تەنها كات لەنێوان ئێمەو ئێوەدا گینگڵ دەخوات ، چارەنوسى سەروەرى و جێنزرگەتان... بەناوى گەلەوە دەبێت!!!....
ئێوە ئەى سەركردایەتى كورد... دەزانن سەرگوزشتەى (میرابۆ)چیە؟!...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست