کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(گۆڕان) ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ی، که‌ به‌ گوومان ته‌نراوه‌!

Thursday, 28/10/2010, 12:00


به‌ر له‌ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ ڕووی پرسیارمان ئاراسته‌ی (کوردستانپۆست) ده‌که‌ین و ده‌ڵێن: ئایا‌ ئێوه‌ به‌شێکن له ‌ده‌زگایه‌کی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان؟ ئه‌گه‌ر نا ئه‌ی بۆچی وه‌ک هه‌ست پێده‌که‌م، گۆڕان و هه‌واداره‌کانیان بۆ نمونه‌ له‌م ماڵپه‌ڕه‌وه‌ په‌یامه‌کانیان ده‌گه‌یه‌نن به‌سه‌رۆکی گۆران و به ‌به‌رپرسانی گۆران؟ ده‌کرێ بڵێن ئێوه‌ وه‌ک کوردستانپۆست بڕواتان به‌ ئازادیی بڵاوکردنه‌وه‌ هه‌یه‌؟
ئێمه‌ گومانمان نییه‌، به‌ڵام په‌یام و پرسیاری دۆسته‌کانی گۆران ده‌بێ راسته‌وخۆ بۆ مێدیاکانی گۆڕان بنێنرێت، نه‌ک کوردستانپۆست به‌کار بهێنرێت بۆ بابه‌تێک که ‌ناوه‌ڕۆکێکی به‌تاڵی هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ که‌ی گرفتی ئێمه‌ی کورده، که‌سێک نامه‌ ئاراسته‌ی نه‌وشیروان ده‌کات، یان گله‌یی هه‌یه‌ له‌ knn و ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ و ماڵپه‌ڕی سبه‌ی، یان فلانه‌ به‌رپرس له‌ناو گۆران؟ ئا ئه‌مه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌خاته‌ گومانه‌وه‌ و پێمان ده‌ڵێ ده‌شێ کوردستانپۆست به‌شێک بێت له‌ گۆڕان، که‌چی گۆران و مێدیای گۆران به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌ به‌چه‌کوش و نه‌ به‌زمانی گوڵ، ناوێرن باسی کوردستانپۆست بکه‌ن!
هه‌ر ئه‌وه‌ نا به‌ڵکو من له ‌زۆر نووسه‌ری کوردستانپۆستم بیستووه‌، که‌ گۆران و ده‌زگا ڕاگایاندنه‌که‌ی ته‌نانه‌ت کۆمێنتارێکی نووسه‌رانی کوردستانپۆستیش بڵاوناکاته‌وه‌، نه‌خوازا نووسینێکیان.
لای گۆران، کوردستانپۆست له‌بڤه‌ بڤه‌تره‌ و یه‌کێکیش له ‌داواکانی تاڵه‌بانی بۆ نه‌وشیروان، یه‌که‌م داخستنی ماڵپه‌ڕی کوردستانپۆست بوو، چونکه‌ پێی وابوو. کوردستانپۆست، سێبه‌ری راگه‌یاندنی نه‌وشیروانه‌، ئه‌و په‌یامه‌ی تاڵه‌بانی به‌ قسه‌کانی عه‌لی باپیردا بێنرا.
به‌نده‌ له‌ سمینارێکی گۆراندا بووم ، که‌ میوانێک پرسیاری له‌ هه‌ڵسوڕاوانی گۆران کرد: ئایا کوردستانپۆست هی گۆرانه‌ ئه‌گه‌ر نا، بۆچی لایه‌نگر و ئه‌ندامان و هه‌ڵسوراوانی گۆران له‌وێ شت بلاوده‌که‌نه‌وه‌؟ له‌وه‌ڵامدا هه‌ڤاڵ کوێستانی په‌رله‌مانتاری عێراق و هه‌ڵبژێراوی گۆران ووتی: نه‌خێر، به‌ڵام ده‌شێ که‌سێک گۆرانخواز بێت و له‌ کوردستانپۆست، یان له‌ ماڵپه‌ڕێکی تر بابه‌ت بڵاوبکاته‌وه‌. ئێمه ‌ده‌ڵێین: سه‌یره‌ بزوتنه‌وه‌یه‌ک خاوه‌نی مێدیای خۆی بێت، نه‌ویرێت له‌ مێدیاکانی خۆیاندا نووسێت‌، یان راگه‌یاندنه‌کانیان سانسۆری بیرو راوبۆچوونی لایه‌نگرانی خۆیان بکه‌ن، له‌ هه‌مان کاتدا مافی خه‌ڵکی تر بخوات!  که‌چی لایه‌نگره‌کانی دێن و ماڵپه‌ڕێکی خه‌ڵک، که ‌زیاترین خه‌ڵک هیوای پێیه‌تی بابه‌تی بۆ بنێرن، ئیدی ده‌بێت ئێمه‌ چ هیوایه‌ک به‌و بزووتنه‌وه‌ ترسنۆکه‌ بخوازین؟ بابه‌تیش چی ئه‌وانه‌ی به‌فلته‌ری ئه‌واندا واته‌ گۆراندا گوزه‌ر ناکات .
 ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌ر گۆڕانی نه‌گرتۆته‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ یه‌کێتی و پارتیشی گرتۆته‌وه‌ ، ئه‌وه‌تانێ ئه‌وانه‌ی که ‌ده‌یانه‌وێت له‌ گۆران بده‌ن یان پارتین و شه‌ڕی گۆڕان ده‌که‌ن دێن و شه‌ڕی لایه‌نه‌کانی تر ده‌که‌ن ئه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی ماڵپه‌ره‌کانه‌وه‌ شه‌ڕه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌بابه‌ته‌که‌مان دور نه‌که‌وینه‌وه‌، گۆڕان بزوتنه‌وه‌یه‌که‌ زیاتر له‌ماڵێکی بێ سه‌رو به‌ر ده‌چێت، یان چاکتر بڵێم وه‌ک گه‌مییه‌کی تێکشکاوی ناو ده‌ریا پارچه‌ ته‌خته‌کانی خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ست قه‌ده‌ری ڕۆژ و نازانن خه‌ریکی چین، ئاخر ئه‌گه‌ر وانه‌بێت مێدیاکه‌یان ناچێ نێچیر بارزانی به‌زمانی گوڵ بدوێنێت، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت، له‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تییه‌ بێده‌نگی هه‌ڵنابژێرێت، وانه‌بێت ناچێت به‌رهه‌م ساڵح بدوێنێ و هیچ وه‌ڵامێک به‌ڕێک و پێکی وه‌رنه‌گرێته‌وه‌.
کوردستانپۆست به‌ڵگه‌کانی ده‌زگای زانیاری بڵاو کرده‌وه‌، سه‌رانی گۆڕان له‌و ده‌مه‌دا یه‌کێتی بوون و له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداریی ئه‌و که‌ین و به‌ینه ‌بوون، که‌چی یه‌ک ووشه‌ له‌ده‌میانه‌وه‌ نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ ، قادری حاجی عه‌لی له‌و سه‌ر ده‌مه‌دا سه‌رۆکی ده‌زگای زانیاری بوو ، داواشی لێکراوه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ بدات، لێ هیچ وه‌ڵامی نییه‌.
نامه‌کانی سالار عه‌زیز بڵاو کرایه‌وه‌، پێشتریش له‌سه‌ر کوشتنی به‌کر ی شاعیر بابه‌تێک ئاراسته‌ی سالار عه‌زیز کرا، ئه‌م به‌ڕێزه‌ به‌هه‌مان مێتود که‌ له‌ناو یه‌کێتی مامه‌ڵه ‌ده‌کات قسه‌ له‌ به‌رده‌وه‌ هاتووه‌ له‌مانه‌وه‌ نه‌هاتووه‌.
که‌ ده‌ڵێم گۆران به‌ گومان چوارده‌وری ته‌نراوه‌، له‌خۆمه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ناکه‌م. ئه‌وانه‌ی گۆڕانخوازیشن، له‌ چاو هه‌موو ئه‌مانه‌دا چاوی خۆیان نووقاندووه‌، که‌ ره‌خنه‌یه‌ک له‌ گۆڕان ده‌گیرێت، یان گوڵێکی گۆڕان بۆ باوه‌شی پارتیی و یه‌کێتییه‌ک ده‌نیردرێت، ئه‌مانیش چاوی خۆیان داده‌خه‌ن و ده‌ڵێن گۆڕانه‌ و ده‌یگۆڕیین!
تاڵه‌بانی ئه‌مه‌ سه‌ری چه‌نده‌مین جاره‌، که ‌که‌لله‌ شه‌کر ده‌شکێنێ و ده‌ڵێ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی ، له‌محاڵ محاڵ تره‌، که‌چی ئۆپۆسیزیۆن که‌ به‌ناو گۆڕانخوازه‌کانن‌
قسه‌ ناکه‌ن و هیچ ناڵێن، ئه‌مه‌ تراژیدیایه‌، ئه‌مه‌ خۆڵکرده‌نه‌ چاوی خه‌ڵکه ‌و هیچی تر

ده‌مه‌وێت جارێکی تر رووی ده‌مم ئاراسته‌ی کوردستانپۆست بکه‌م بڵێم: تکایه به‌و که‌سانه‌ بڵێن که‌ کاریان به‌گۆرانه ‌و په‌یامیان هه‌یه‌ بۆ گرده‌که،‌ با بۆ خۆیانی بنێرن و ئێمه‌ی پێ سه‌ر قاڵ نه‌که‌ن، چونکه‌ کوردستانپۆست وه‌ک ڕادیۆی شۆڕشی شاخ سه‌یر ده‌کرێت!
ئێمه‌ ده‌زانین خه‌ڵکی له‌ کوردستان چۆن له ‌قاره‌مانێتی ئێوه‌ ده‌ڕوانن، ئێمه‌ ده‌زانین کێن ئه‌وانه‌ی ڕوویان له‌و گرده‌ کردووه‌ و بۆچی چۆن و کێ ناردوونی.
من که‌س ده‌ناسم له ‌سێ لا موچه ‌وه‌رده‌گرێ، ئه‌و ڕۆژه‌ دیم له‌به‌ر ده‌م گرده‌که‌، دوای زه‌نگم بۆ لێدا ووتم براله‌ چیت ده‌کرد له گرده‌که؟ ووتی ئه‌گه‌ر ئه‌مان بردیانه‌وه‌  تۆ تێناگه‌ی تا تێت بگه‌یه‌نم هه‌ریسه‌که‌ نامێنێ . بیرم که‌وته‌وه‌ کابرایه‌کی خۆش مه‌شره‌ب له ‌گه‌ڕه‌که‌که‌مان بوو ناوی (ئه‌حه‌ ته‌ڕه‌زان) بوو یادی به‌خێر نازانم ماوه‌ یان نا، هاوینێک ده‌رمانی مێشی ده‌فرۆشت، ده‌رمانه‌که‌ی به‌ژنێک فرۆشتبوو ، من له‌به‌ر ده‌میا بووم، ژناکه‌ ده‌یویست ده‌رمانه‌که‌ی بداته‌وه ‌و پاره‌که ‌وه‌رگرێته‌وه‌، ژنه‌ گله‌یی له‌وه‌ هه‌بوو که‌ ده‌رمانه‌که‌ هیچ کاریگه‌ر نه‌بووه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ماڵه‌که‌یاندا مێش زۆرتر بووه‌، گله‌یی ده‌کرد که‌ زیاتر له‌کیلۆیه‌ک شه‌کری له‌سه‌ر سینییه‌ک بۆ مێشه‌کان ڕۆکردووه‌، ته‌نانه‌ت ده‌یووت باوه‌ڕم وایه‌ مێشی دراوسێکانیشمانی بۆ هاتووه‌. ئه‌حه‌ ته‌ڕه‌زانیش ده‌یووت: خوشکم توڕه‌ مه‌به‌، من نه‌م ووتوه‌ شه‌کر ڕۆبکه‌ ، ووتم مێشه‌کان بگره‌ و بیکه‌ره‌ چاویانه‌وه‌.
جا ئه‌زیرانم ... گۆڕانیش وایه‌، ئه‌وه‌نده‌ بێده‌نگن، مه‌گه‌ر بیکه‌ینه‌ چاویانه‌وه‌ ده‌نا له‌ دنیادا نه‌بووه‌ قه‌رز کوێرێک و سه‌رۆکی ده‌زگایه‌ک و ده‌روێشی حیزبێک بێ ئه‌وه‌ی خۆیان بگۆڕن ده‌یانه‌وێت خه‌ڵک بگۆڕن، بیانه‌وێت کوردستانپۆستیش وه‌ک مقاش به‌کار بهێنن

ئازاد فایه‌ق محه‌مه‌د
سلێمانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە