جیۆپۆلیتیكى سیاسى، ئایین، خێڵگەرایى بەرمۆدەى خنكاندنى خەونەكانى كوردن بۆ بەدەوڵەت بوون
Wednesday, 28/07/2010, 12:00
كورد بۆ بە دەوڵەت نەبووە؟
زۆر لەسەر ئەم بابەتە ووتراوە، بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەم خاڵانەى خوارەوە هۆكارى سەرەكین و كورد ئەگەر دەیەوێت دەوڵەتى هەبێت دەبێت دیراسەى ئەم خاڵانە بە وردى بكات:
1 ـ جیۆپۆلیتیكى سیاسى: ئەم خاڵە ئێستا خاڵێكى سەرەكى و كاریگەرە لە كێشەى كوردا، كوردستان كەوتووەتە نێوان چەند دەوڵەتێكەوە كەهەر یەك لەو دەوڵەتانە بەشێك لە كوردستانى داگیر كردووە، هەر یەك لەو بەشانەش ئەوەندە سامانى جۆراوجۆرى تێدایە ئەو دەوڵەتانە ئامادە نین دەستبەردارى ببن، بەڵام ئەگەر بە ڕیشەى ئەم خاڵەدا بچیتەوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونى سەركردەى مێژوویى و فیكرى گشتگیرو خۆپەرستى هۆزو عەشیرەتەكانى كورد لەو چەرخانەى كە تێدا بیرى نەتەوەیى گەشەى كردو دەوڵەتەكان لەسەر بنەماى بیرى نەتەوەیى دامەزران.
2 ـ ئایین: ئایین ئەگەر لە گەڵ بەرژەوەندى نەتەوەییدا یەكبگرێتەوە سوودى بۆ پەلهاویشتن و فراوانبوونى نەتەوە هەیە هەروەك و ئایینى ئیسلام و عەرەب كە بەهۆى ئاینەوە توانیان لە دورگەى عەرەبییەوە پەلبهاوێژن بۆ ئەوپەرى مەغریى عەرەبى، هەروەها ناوو وشەو كەلتوورى عەرەب لە هەموو دونیا بڵاو بووەتەوە بە تایبەت دەوڵەتە ئیسلامییەكان. بەڵام ئەگەر ئایین و بەرژەوەندى نەتەوەیى یەكنەگرێتەوە ئەوە تواناو وزەیەكى زۆرى تاكەكانى كۆمەڵ بۆ بەرژەوەندى ئایینەكە دەچێت لەسەر حسابى بەرژەوەندى نەتەوە هەر وەك و ئیمبراتۆریەتەكەى سەلاحەدینى ئەیوبى كە بە تواناو وزەى كورد توانییەى خاچپەرستەكان لە ناوچەى شام بە گشتى و فەلەستین بە تایبەتى دەربكات و وەك و ئەنجام ئەو ناوچانە بوونە ناوچەى عەرەب نشین كە ئەگەر سەلاحەدین ئەوەى نەكردایە ئێستا هیچ نەبێت سنوورى رۆژئاوى كوردستان بە دەست عەرەبەوە نەدەبوو و لەوەیە ئێستا كوردستان سنوورى لە گەڵ دەوڵەتێكى زیاتر دیموكراتى و كراوەتردا بووایەو هەوروەها لەوەیە داگیركەرى كوردستانیش نەبووایە. هەروەها ئەگەر ئەمرۆ تەماشاى جالیەى كورد بكەیت لە ئەوروپاو ئەمریكا ئەوانەى خەریكى بانگەشەكردنن بۆ ئایین لەوەیە زیاتر بن لەوانەى سەرقاڵى كێشەى نەتەوەیین.
ئەمەو بنیادنانى دەوڵەتى كوردى بێ هاوكارى جیهانى دەرەوە زۆر زەحمەتە بە تایبەت ئەمریكاو ئەوروپا، بەڵام ئەوانەش بەرنامەیەكى جدیان پێ نییە بۆ بە دەوڵەت بوونى كورد لەبەر ئەوەى كورد زۆرینەى ڕەهاى موسوڵمانە، لێرەدا ئاماژە بە ووتەى ئەفسەرێكى ئەمریكى دەكەم كە لە وەڵامى كوردێكدا وتبووى، ئەمریكا ئێوە چۆن بكات بە دەوڵەت هەموتان موسوڵمانن و جیاوازیتان لە گەڵ توركیاو ئێران چییە.؟ ئەگەر بوونە دەوڵەت پاش چەند ساڵێك وەك و توركیاو ئێران دەبنە دوژمنى ئیسرائیل، ئەوە ئاینى گەلەكەتانە، واتە كورد لە هەردوو چەژن بووە جیهانى ئیسلامى پاڵیشتى ناكات لەبەى ئەوەى داگیركەرانى دەوڵەتى ئیسلامین، ئەمریكاو رۆژئاوایى مەسیحبش هیچ بەرنامەیەكیان بۆى نییە بۆ ئەوەى توركیاو ئێرانێكى دیكە لە ناوچەكە دروست نەبێت كە لە عەرەبەكان زیاتر دژایەتى ئیسرائیل بكات.
هەروەها لە رۆژگارى ئەمرۆماندا گەلانى تریش بە دەست یەك نەگرتنى ئایین لە گەڵ بەرژەوەندى نەتەوەییدا دەناڵینن، بەڵام هەر یەكەو بە ڕادەى جیاواز هەر وەك و دەوڵەتەكانى ئەفغانستان، پاكستان، ئێران، توركیا... كە كێشەى بنەرەتى ئەم دەوڵەتانە كێشەى ئایینییە لە گەڵ ئەوروپاو ئەمریكادا كە واى كردووە ئەو دەوڵەتانە سوودى پێویست لە تواناكانى سەردەم وەرنەگرن كە بەشێكى زۆرى لە رۆژگارى ئەمرۆماندا كەوتووەتە دەست ئەمریكاو ئەوروپا.
3 ـ خێڵگەرایى: ئەگەر تەماشاى مێژوو بكەیت یەكێك لە خاڵە لاوازەكانى كوردو بە دەوڵەت نەبوونى زاڵ بوونى لایەنگرى بووە بۆ عەشیرەت لە سەر حسابى نەتەوە، داگیركەران هەردەم سەرۆك عەشیرەتەكانیان بە پارە كڕیوەو دژى ئامانجە نەتەوەییەكان بە كاریانیان هێناوە، هەروەها دژایەتى عەشیرەتەكان بۆ یەكترى واى كردووە زۆر جار داگیركەران بێنە بەینەوە بۆ ناویژیوانى، ئەگەر تەنها باسى رۆڵى زۆربەى سەرۆك عەشیرەتەكانى كوردستان بكەیت لە كاتى پرۆسەى ئەنفالدا ئەو مێژووە تاڵەت بۆ دەخاتە پێش چاو كە وێنەیەكى بچوكى زیندووى ئەو خاڵە لاوازەیە لە مێژووى ئەم گەلەدا.
هەروەها لە پاش راپەرینیشەوە دیسانەوە خێڵگەرایى هاتەووە مەیدان ودوو زیانى بەرچاوى بە ئەم تەجروبەیەى باشوورى كوردستان گەیان كە دەسەڵات لە كوردستاندا بەشێك لەو بەرپرسیارێتییەى دەكەوێتە ئەستۆ:
یەكەم: پاداشت كردنى سەرۆك جاشەكان، ئەوانەى خیانەتیان لە گەلەكەیان كرد، بووە هۆى ئەوەى خیانەت لە نەتەوە پاداشت بكرێت و جیاوازى لە نێوان تێكۆشەرو خائیندا نەمێنێت، ئەمەش كاریگەرى زۆر نیگەتیڤى لە سەر گیانى خەباتگێرى وكارى خۆبەخشى دەبێت لە لاى تاكى كورد، كە بروا بوون بە قوربانى دان بۆ نەتەوە لاواز دەكات.
دووهەم: رۆڵى سەرۆك هۆزەكان لە دام و دەزگاكانى حكومەتدا واى كرد ئەو دام و دەزگایانە بەرەو بە دیوەخان بوون ببات و مەحسوبیەت ومەنسوبیەت جێگاى تواناو شارەزایى و لێهاتووى كەسەكان بگرێتەوە، ئەگەر تەماشا بكەیت بە دەیان پۆست و پلەو پایەى هەستیار لە بەر خاترى سەرۆك خێڵیك دانراوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست