کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە پەراوێزی شەرەفدا: باوکێکی بێشەرەف بە دوای شەرەفی خۆیدا وێڵە!

Friday, 07/12/2012, 12:00


زەینەفۆن لەبیرەوەرێکەیدا ئاوا باسی گەلی کورد دەکات: یۆنانییه‌کان دوو کوردیان بەدیل گرتووە داوایان لێکردوون ڕێگەیان پیشان بدەن. داوا لە یەکێکیان دەکەن ڕێگەیان پیشان بدات، ئه‌ویش ئامادە نابێت چاوساغییان بۆ بکات، بۆیه‌ بە بەر چاوی دووهەمەوە دەیکوژن، لەوەی تر دەپرسن بۆچی ئەم کابرایە ڕێگەی پیشان نەداین؟ لەوەڵامدا دەڵێ: چونکه‌ کچێکی تازەی داوە بەشوو، ماڵی زاواکەی کەوتۆتە سەر ئەو ڕێگەیەی کە ئێوە دەبێ لێی تێپەڕن، ترساوە لەوەی ئەگەر ئێوە ڕێنمای بکات، ره‌نگه‌ کچه‌که‌ و زاواکه‌ی شتێکیان لێ بەسەربێت.(بەدەم ڕێگەوە گوڵچنینن/ نه‌وشیروان مستەفا) لاپەڕەی ٢٨.

ئه‌مڕۆ باوکێک لە خەمی شەرەفی خۆی و کچه‌که‌یدایه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ی وه‌ک هه‌تیوبازێک ده‌ستدرێژی ده‌کاته‌ سه‌ر کوڕێکی گه‌نج که‌ داخوازی ده‌کهات و  شەرەفی خۆیمان بۆ نمایش دەکات. ئەم ڕووداوە کاره‌ساتێکی هێندە قێزەوندە دڵنیام نە دوا ڕووداو دەبێت و نەیەکەمینیشه‌ ڕووی دابێت. ماوەی ٢١ساڵە دەسەڵاتی کوردی مرۆڤی بچووک و تێکشکاو بەرهەم دەهێنێت. ٢١ساڵە هەزاران ڕووداوی لەو چەشنە سەرەتاتکێی لەگەڵدا کردووین و ئێمە بیرمان چۆتەوە. کتێبەکەی (ئۆقیانوسێک لە تاوان) مشتێک بوو لەخەروارێکی گەلەکەمان. بەعسییه‌کان بەهەموو توانایانەوە نەیانتوانی دەست بۆ ئەو شتە درێژ بکەن کەناوی ئابڕووە، که‌چی پارتیی و یه‌کێتیی کردیان، گەرچی من بۆ خۆم وەک تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە خوێندنەوەی ترم بۆ شەرەف هەیە، بەڵام چیرۆکەکانی ئەنفال پێمان دەڵێ چەندین کچی گەنجی کورد بۆ لەکەدار نەکردنی ئابڕوو چۆن خۆیان لەپردەکانەوە هەڵدەدایە خوارەوە. سەگە بەوەفاکانی گوندەکان چۆن قەپاڵیان لەدەمی شۆفڵەکان دەگرت؟ ئەمڕۆ لەبەردەم هەڵوێستەیەکی جدیداین ڕووداوێک ڕووی داوە، قسەکەری پۆلیس دەڵێ نازانین جێگەکە کوێیە؟ نازانین کەسەکان کێن؟ بەڵام هەموو یەکێتی دەزانێ لایەنگرانی پارتی کرێکاران کێن و لەکوێ دەژین؟ چی دەخۆن؟ چۆن خۆیان دەگۆڕن؟ چەنجار حەمام دەکەن؟ بەهەمان شێوە دەزگا تۆقێنەرەکانی پارتی و یەکێتی واتە (زانیاری وپاراستن) دەزانن لایەنگرانی پارتیی و یەکێتی وئیسلامی چۆن و لەکوێن؟ بەڵام لەئاست ڕووداوێکی وادا، بێئاگایی و نه‌زانینی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ نیشان ده‌ده‌ن کە ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ به‌دره‌وشتانه‌ پیاوی خۆیان نیین، ئاوا نایشارنه‌وه‌، یان بۆ چه‌واشه‌کاری ناڵێن خه‌ڵکی ئه‌و دیوه‌ و ئێرانییه‌. سەیرە ئەی چۆن ئێمە ئەنفالچییه‌کان و خائینان و نیشتمانفرۆشان بدەینە دادگای گەل؟ خۆ ئەوانە فلیمیان لێ نەگیراوە؟ بەلای منەوە نامۆ نییە ئەم ڕووداوە. چونکە ئەو سەرکردەیەی دەڵێ ئەبێ ئەو کەسە هاتاهەتایە لەکونجی زینداندا بێت، خۆی یەکێک بوو لەو کەسانەی ژنی نیگەبانێکی خۆی زەوت کرد. لەڕووە زانستێکەیەوە شتێکی وا جیاوازی لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا نییە.
بەر لەماوەیەک لە گەڕەکە تازە هەڵتۆقیوەکەی زێرینۆک هەمان ڕووداو لەبەرگێکی تردا ڕووی دا و فلیمەکەیان خستە ناو یوتوبەوە، هەمان شێوەی ئەم ڕووداوە، بەڵام هاوڕێ خەمخۆرەکانی" کوردستانپۆست " بەخێرایی دەزگای یوتوبیان ئاگادار کرد بۆ ئەوەی هێندەی تر کەسایەتی کورد وێنەی نەشیاوی نەکێشرێت. ئەو بەربەرێتییە هۆکاری زۆرە، ئەنفال، نەخوێندنەوەی داگیرکەران، شەڕی ناوخۆ، دەسەڵاتە بێموڕاڵەکەی کە ماوەی ٢١ساڵە بێپلان گەلێک بەسەرخۆشی لێدەخوڕن. دوێنی هاوڕیەکم پێی ووتم بەرپرسێک لەهەولێر ووتوێتی بەداخەوە نەمتوانی بیبینم زوولایان بردبوو،
ئەرێ ئەتوانن پێم بڵێن چۆن بوو؟ لاتان وانەبێت ئەم بەرپرسە نەخۆشە بۆ ئەوەی بێت لەڕاستی ڕووداوەکە بکۆڵێتەوە. بەپێچەوانەوە ئەمانە لەزەت لە م ڕووداوە قێزەونانە دەبینن.
بیر بکەنەوە گەنجێک حەز لەکچێک دەکات، کچێکی گەنجیش حەز لەکوڕێک دەکات، باوکێک کە من دڵنیام خۆی کۆمەڵێک نەخۆشی دەرونی و سزوی دەوری داوە، ئاوا گەنجە کوڕەکە ئەتک دەکات، ئەی ئێوە ناپرسن دەبێ چی لەکچەکەی خۆی بکات و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کردبێت؟ ئەم چیرۆکە هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە، لەم ماوەیەدا هاوڕیەکم بۆی گێڕامەوە کە لەشاری هەولێر، مۆدێلێکی سەیر فێر بوون، هاوڕێکەم ناوی چەند کەسێکیشی پێووتم کە خێزانەکانیان دەنێرن تا پیاوان هەڵخڵەتێن و بەرەو ماڵەوەیان بهێنن، لەماڵیشەوە کابرا دەگرن و پێ دەڵێن کە دەبێ دەفتەرێ یان دوو دەفتەر دۆلار بدات، چونکە شەرەفی لەکەدار کردوون.
ئەوانەی ئەو دەسەڵاتە بەکار دەهێنن لەدەزگاکانی پاراستن و ئاسایشدا کاردەکەن و ئەوە چەند جارێکە ئەم ڕووداوە چەند بارە دەبێتەوە.
تا ئێمە جارێکی تر نەیەین و خوێندەوەومان بۆ هەموو ووشەکان نەبێت کە ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، ئەوە چاوەڕوان بن بۆ هەزاران ڕووداوی لەوە قێزەوەتن.
دەبێ بزانین، شەرەف، جاش، خۆفرۆش، پیاوکوژ، دز، گەندەڵ، پیسخۆر، جاسوس، دەرمانخۆر، درۆزن، ژنکوژ، خانەنشین، نەوت دزین، هەراجکردنی نیشتمان، ژنهێنای دووهەم، بۆیاخکردنەوەی سەر، نووسینەوەی ڕووداوەکان بەراستی، پرسی نیشتمان، ناوچەداگیرکراوەکان، شەڕی ناوخۆ، پارتی و یەکێتی، پرسی بنەماڵە، زیندوکردنەوەی کەیسی عەشایەری، وەرگرتنی زەوی، ئۆپۆزیسیۆن، هاتنی ڕەوە عەرەب، کۆمپانیای وەهمی، خزمەتکاری فلیپینی وتایلەندی و بەنگلادیشی، بەهەدەردانی سامانی ووڵات، ژینگە وترسی پاشەڕۆژ، هەرەسی دیواری قوتابخانەکان، خۆراکی بەسەرچوو، دەرمانی کۆپی و ئێکسپایه‌ر، ئاگر لەخۆ بەردانی ژنان، خۆکوشتنی گەنجان، کۆچ و ڕەو. ده‌بێت بۆ هه‌ر یه‌که‌ له‌مانه‌ خوێندنه‌وه‌ و به‌دواداچوونی تایبه‌تمان هه‌بێت، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش که‌سانی وشیار و دڵسۆز له‌ ناو میلله‌تێکی زیندوو پێی هه‌ڵده‌ستێت.
بیرمە جاران کە کەسێک دەچوە خوازبێنی کچێک، خاوەن کچ و کوڕ دەکەوتنە دوای ناسینی کەسوکارو دراوسێ و ئەوەی بە خوێ چێشت بە کچە یان کوڕە دەگەیشت، تا لەهەموو فلتەرەکاندا دەرنەچوایە بەیەک گەشتنیان لە محاڵ محاڵ تربوو، کەچی ئێستا جاش و خۆفرۆشی و ئەنفالچی و فایلدار و ترسنۆک و دز و پیاوکوژ پێوه‌رن بۆ هه‌موو جوانییه‌کان.
کێ هۆکاریی ئەم ڕۆژگارەیە، بێگومان دەسەڵات، دەسەڵات دایک و باوکی گەلە، ئاخر سەرانی کورد لەئاستی داگیرکەراندا هێندە سوک و بچوکن، ئیتر گەلیش بەهەموو توێژەکانییه‌وە چاو لەو باوک و دایکە سەرشۆڕە دەکەن کە بۆتە ئاوێنە و ڕۆژانە گەلێک لێیان دەڕوانێت. هەر بۆ نمونە سەرۆکی هەرێم، کەلای من شتێک نییە ناوی هەرێم بێت، بەڵکو ووڵاتی من ناوی کوردستانە و جوگرافیاکەشی دیارە لەحەمرینەوە دەست پێ دەکات، سەرۆکی هەرێم هەموو ساڵێک لەیادی یەکێتی ئافرەتاندا باسی ئازادیی ئافرەت دەکات، کەچی کەسمان نازانین ژنەکەی ناوی چییە ڕەنگی چۆنە چۆن بیر دەکاتەوە، سەردەشت یادی بەخێر بەخەیاڵ ببوە زاوای سەرۆکی هەرێمەکەتان، شەهیدیان کرد، سۆران بەراوردێکی کرد لە نێوان ژنی کلینتۆن و ژنی سەرۆکەکەتاندا شەهیدیان کرد.
لەکۆتایدا دەڵێم بەر لە زاین و پێش دوو هه‌زار ساڵ، باوکێکی کورد خۆی کردۆتە قوربانی کچەکەی، تا ئاسودە بێت، ئێستا باوکی داماوی کورد بەدوی شەرەفێکەوەیە کە لەئەزەلەوە نەیبووە، وەک چۆن مرۆڤ ناتوانێ بەسێبەری خۆی بگات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە