ناوی من پەیوەندیی بە دەزگای سەردەمو چاودێری داراییەوە نییە
Tuesday, 29/06/2010, 12:00
لەژمارەی (228)ی ڕۆژی (15/6/2010)ی هەفتەنامەی ئاوێنەداو لەبەشی دووەمی نووسینەکەی شوان ئەحمەد بەناونیشانی "سەردەم، نموونەی دەزگایەی گەندەڵو بێسەروبەر" ناوی من لەڕیزی ناوی کۆمەڵێ نووسەرو ڕۆشنبیری عەرەبی عێراقیدا (محی الدین زەنگەنە، جلیل القیسی، زوهێرعەبود، ئەحمەد عەبدولحسێن)دا هاتووە، گوایە من پاداشتی تایبەتم لە دەزگای سەردەم وەرگرتووە.
من لێرەوە ڕایدەگەیەنم بەهیچ شێوەیەک نە موکافەئەی تایبەتو نەئاسایم لە دەزگای سەردەم وەرنەگرتووەو بەهیچ شێوەیەکیش بۆ هیچ بۆنەیەکی ڕۆشنبیری سەر بە دەزگای سەردەمو هیچ دەزگایەی تر لەگەڵ ڕۆشنبیرانی عەرەبی عێراقیدا بانگهێشت نەکراوم.
بۆ مێژووش دەبێ ئەوە ڕونبکەمەوە لەمانگی نیسانی ساڵی 2000، هێشتا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بووم "تەها سلێمان"ی برام تەلەفۆنی بۆکردم و داوای 200 دۆلاری لێکردم، کەئەو کاتەش دەرفەت نەبوو بۆی بنێرمو منیش لەسەر سەفەر بووم، چونکە نەمدەزانی چۆن ئەو پارەیەی پێ بگەیەنم، بۆیە پێموت بچۆ بۆ لای شێرکۆ بێکەسو بەقەرز ئەو بڕە پارەیە (200 دۆلار) لێوەربگرێت، هەر لەوکاتەشدا لەگەڵ "تەها سلێمان"دا ڕێکەوتین هەر بگەڕێینەوە پارەکەی دەدەینەوە، پێم وایە ئەو پارەیەش گەڕێنراوەتەوە بۆ کاک شێرکۆ لەکاتی گەڕاندنەوەی براکەمدا. ئێستاش تووشی سەرسووڕمان ھاتم، دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ ناوی خۆم لە بەڵگەنامەی دەزگای چاودێری داراییدا دەبینم. ئەگەریش (200 دۆلارە) لەلایەن تەها سلێمانەوە نەگەڕاوەتەوە ئامادەم بیگەڕێنمەوە لەگەڵ سوپاسی بێ پایانیشمدا بۆ بەدەنگەوە هاتنی شێرکۆ بێکەس بۆ داواکەی ئەوکاتەی من و تەها.
هەر لێرەشەوە پێم باشە بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی ئاوێنەو هەروەها دەزگای چاودێری دارایی رونبکەمەوە، ساڵی 2006 لە بەرامبەر کتێبێک لەسەر ئەنفال بەزمانی عەرەبی دەزگای سەردەم کەساڵی 2005 بەچاپی گەیاند 200 هەزار دیناری عیراقیم وەرگرتووە. هەموو ناوەندە ڕۆشنبیریەکان باش دەزانن بەهای 200 هەزار دینار لەبەرامبەر کتێبێکدا چەندە لەکاتێکدا لەهەندێ ڕۆژنامە ئەو بڕە پارەیە لەبەرامبەر دوو وتاری ڕۆژنامەوانیدا بە نووسەر دەبەخشرێت. برادەرانی گۆڤاری سەردەمی عەرەبیش باش دەزانن لە زۆربەی ژمارەکانیدا بابەتم بەزمانی عەرەبی هەبووە، یان لە ڕۆژنامەی حەیاتی لەندەنیو سەفیری لوبنانییەوە بابەتەکەم وەرگێراوەو بڵاوبۆتەوە بەبێ ئەوەی هیچی لەبەرامبەردا وەربگرم.
پێم سەیرە لەچاودێری دارایی ناوی من لەم بەڵگەنامانەی خۆیاندا ھاتبێت. چونکە ئاسان نییە بەم شێوەیە ناوی مرۆڤ بکەوێتە بەڵگەنامەیەکی ئاواوە بەبێ هیچ هۆو پسوڵەیەکی قانونی کە وەرگرتنی پارەکە بسەلمێنێت، نوسەری بابەتە شوان ئەحمەدو هەفتەنامەی ئاوێنە پێویست بوو بەر لەبڵاوکردنەوەی هەر ھیچ نەبێت پرسێکی پێبکردینایە بۆیە هەر نەبێت زەرەری مەعنەوی لەکەس نەکەوێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست