دابڕانى مێژوو لە قۆناغەكانى كۆمەڵگادا
Wednesday, 20/03/2013, 12:00
دابڕانى مێژوو قۆناغێكى زۆر گرنگ و هەستیارە لە میژووى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتیدا ، چركە ساتى گواستنەوەى قۆناغى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتیە بۆ قۆناغێكى پێشكەوتوو تر كە هەموو بوارە جیاجیاكانى ژیانى ئابوورى و سیاسى و كۆمەڵایەتى و كولتورى و ڕۆشنبیرى و پەروەردەیى دەگرێتەوە لە كۆمەڵگایەكى دیاریكراودا ، كۆى سەرخان و ژێرخان و پەیوەندیەكانى بەرهەمهێنان لە نێو سیستەمى سیاسیدا دەگۆڕێت ، ترادسیۆنى كۆمەڵگا دەخاتە ژێر پرسیارو گۆڕانكارى گشتگیرى بە سەردا دێت . ئەم پرۆسەیە لە دۆخێكدا بەرجەستە دەبێت كە هاونیشتمانیانى كۆمەڵگایەك زۆر بوێرانەو خۆنەویستانە بتوانن پێداویستەكانى گواستنەوە قبوڵ بكەن . ئاستى هۆشیارى كۆمەڵگا بگاتە ڕێژەیەك ڕاستى و هەڵە و یارو نەیار لە یەكتر جیا بكاتەوە ، ئەو زانیاریانەیان لا گڵاڵە ببێت و لەو ڕاستیەش تێبگەن كە پیاوانى لاهوتیەت لە سەروى مرۆڤەوە نیین و دووچارى هەڵەى كوشندەش دەبن وەكو هەر مرۆڤێكى ئاسایی تر .
سەختى ئەم ڕێگاو پرۆسەیە لەوەدایە ئینسان دەكەوێتە نێو جەنگێكى سایكۆلۆژى ڕاستەقینەوە ، جەنگێك ڕەنگە پێویست بە كار هێنانى چەك و تەقەمەنى نەكات ، تەنانەت لەو جەنگەش گران ترە مرۆڤ بەرانبەر پیاو گەلێكى دەیكە دەیكات ((ئەو جەنگە دژ بە خودە)) جەنگێكە كە مرۆڤ تێیدا دەست بەردارى باوەڕو ئەو ئەنگیزەو هزرانەى خودى خۆى دەبێت كە بیرو پەروەردەى لاهوتیەت بەرهەمى هانیوەو بۆتە ڕاستیەكى چەسپاو جێگر لە خەیاڵدانى مرۆڤەكاندا ،دواجار هۆكارێكە بۆ لە خشتە بردنى مرۆڤەكان ، جەنگێكە دژ بەو پیشەسازییە كە مرۆڤ فۆرمەڵەو ڕام دەكات بۆ گوێڕایەڵى سیستەمە دسپۆتیسمەكان و كەسایەتیە دكتاتۆرەكان و پیاوانى لاهوتیەت ،جەنگێكە قوربانى دەوێت و ئەو بیرە ڕەهایەش پایەماڵ دەكات كە برەو دەداتە جهل و خورافەو خۆشباوەڕى لاى مرۆڤەكان ،لەو جەنگە پیرۆزەدا ڕاسیۆنالیزم و بیرى زانستى دەكرێتە سەر مەشق بۆ تێگەیشتن و لێكدانەوەى ڕوداوو پێشهاتە سیاسى و كۆمەڵایەتى و ئابووریەكانى ولات لە باتى پەنا بردن بۆ بە كار هێنانى بیرى لاهوتیەت و موقەدەساتى ئایینى و ئەفسانە ، سەرقافڵەى ئەم پرۆسەیەش ڕۆشنبیران و بیرمەندان و فەیلەسوفەكانى كۆمەڵگایە بە بیرى گەشاوەو پێشكەوتوخوازى و هۆشیار كردنەوەى هاونیشتمانیان ، هەروەها دیسان بە ڕەخنەى بونیاد نەرانەو ڕاشكاوانەو بوێرانە لە ترادسیۆن و ئەو كولتورە ئێكس پایارانە كە بوونەتە هۆكارى چەق بەستن و دەمارگیرى و داخرنى كۆمەڵگا . هەروەها سەر لە نوێ شرۆڤە كردنەوەى بیرى لاهوتیەت لە ژێر ڕۆشنایى زانستى هاوچەرخ و دەرپەڕاندنى لە نێو كایەى سیاسى و یاساو پەرەردەیى و دادوەرى و تەریك خستنەوەى بۆ كارى تایبەتى مرۆڤەكان . هەر ئێستا بەرپرسیاریەكى گەورە لە ئەستۆى ڕۆشنبیرانە بۆ پاكتاو كردنى ئەو كێشەو تەنگوچەڵەمە فكریە هەڵواسراوانەیە لە نێو كولتورو عەقڵى جڤاتەكەماندا كە سەدان ساڵە لە سەر یەك كەڵكە بووەو بۆتە ڕاستیەكى چەسپاوو ڕەها ، وەكو مادەیەكى سڕكەر لە نێو عەقڵ و هۆشى تاكەكانى ئەم جڤاتەدا كنەى سڕ بوون و گەوجاندن دەدات . دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین ئاوا كردنى پرۆسەى ڕێنسانس و دۆخى ڕۆشنگەرى و دابڕانى میِژوویى كۆمەڵگاو گواستنەوەى بۆ قۆناغێكى تر ، بە تەنها ڕەخنە گردن لە ترادسیۆنى لاهوتیەت و كولتورى باو بە دیناهێندرێت ، ئەمڕۆ بەهاى سیاسەت و ئەو ئەركە زانست و هونەریەى كە هەیەتى لە پۆڵین كردن و زانینى چینەكانى كۆمەڵگاو شێوازى زانستى بەڕێوەبردن و دابین كردنى پانتایەكى فرەوەان لە ئازادى و دیمۆكراسى و دادوەرى و ئاسودەى كۆمەڵایەتى و دەیان ئەركى دیكەش لە دەست داوە .
هەموو ئەو بەها ستاتیكانەیان لە سیاسەت داماڵیوەو كردویانەتە ئامێرێكى ترسناك و ((لیڤى ئەتهان)) ئەژدیها ئاسا وا خریكە كۆمەڵگا لوش دەدات ، كایەى زانستى سیاسەت بە دەست چەند كەسایەتیەكەوە كە كەڵكەڵەى دكتاتۆریان هەیە دەیانەوێت ڕژێمێكى دسپۆتیسم دامەزرێنن و ، بۆ هەتا هەتایە خۆیان و بنەماڵەكانیان لەم وڵاتەدا حوكمڕانى بكەن . هەر ئێستا لە ژێر پەردەى كایەى سیاسەتدا ستەمكارى بەرانبەر ئینسان دەكرێت ، لە گەڵ ئەوانەشدا وەكو ئامرازێك بە دەست ئەو بوونەوەرانەوە هاوتاى فكرى لاهوتیەت چەواشەكارى فكرى ئاراستە دەكات .
بیرۆكەى ڕام كردن و دسپلین كردنى جڤاتى كوردستان بۆ فەرمانى تاكڕەوانە دەكەنە كولتورو ، دەیانەوێت كۆمەڵگا بێئیرادە و بێدەنگ بكەن . پیادە كردنى پرۆژەى ڕۆشنگەرى و سیكۆلاریزم سەخت و دژوارە و خەباتى نەپساوەى دەوێت ، بەڵام لە هەمان كاتیشدا میژوو ئەوەى فێر كردوین سەركەوتنى ئەم پرسە گرنگە مەحاڵ نییە . ئەگەر چاوێك بخشێنینەوە بە مێژووى خەبات و سەركەوتنەكانى پیاوانى ڕۆشنگەرى وڵاتانى ڕۆژئاوا وەكو ((ژان ژاك ڕۆسۆو ، فۆڵتێرو ، دیدرۆو ، سپێنوزاو ، كانت و ، هیگڵ و ، جۆن لۆك و، تۆماس هۆبزو ، جۆن ستوارت میل)) و دەیان فەیلەسوفى دیكە ، ئومێدێكى گەورەیە بۆ زیاتر سوور بوونى هەوڵ و كۆششى ڕۆشنگەرەكانى وڵاتى ئێمە لە چالاكیەكانیان ، مژدە بەخشن بۆ سەرخستنى پرۆژەى ڕۆشنگەرى و سیكۆلاریزم لەم نیشتمانەى خۆشماندا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست