کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەرێ كاتى ئەوە نەهاتوە كە بزوتنەوەى گۆڕان و یەكێتى نیشتیمانى كوردستان ئاشتببنەوە , لێكنزیكببنەوە , یەكبگرنەوە

Tuesday, 25/01/2011, 12:00


كورتەیەكى مێژوویى
ئاشكرایە كە یەكێتى نیشتیمانى كوردستان هەر لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە لە ساڵى 1975 وە و دواتر هەڵگیرساندنى شۆڕشى نوێى چەكدارى لە باشورى كوردستاندا لە ساڵى 1976وە لەدواى كارەسات و نسكۆى شۆڕشى ئەیلول بە ڕابەرایەتى پارتى دیموكراتى كوردستان. پەرۆشى كوردایەتیەكى ڕەسەن وڕاستەقینە بوە و هەمیشە لەهەوڵى پاراستنى یەكڕیزى گەلى كورد و خەباتە ڕەواكەیدا بوە و هەڵگرى ئاڵاى ئاشتى و دیموكراسى و مافى چارەى خۆنوسین وپێكەوە ژیان و تەبایى و برایەتى بوە لەسەر ئاستى ناوخۆى كوردستان و هێزە سیاسیەكانى و لەسەر ئاستى گەلان و دەوڵەتانى ناوچەكە و دونیاش.
یەكێتى نیشتیمانى كوردستان هەڵگرى هەندێ پڕەنسیپ و تێگەیشتن و چەمك و میتۆدى نوێ بوون كە لەسەردەمى شۆڕى ئەیلولدا بونیان نەبوە . هەڵگرى بیر وباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەكى سیاسى ڕوون و ئاشكراى پێشكەوتوخوازى و ئازادى و مافەكانى مرۆڤ بوە. هەڵگرى ئاڵاى بیروڕاى جیاواز و كۆكەرەوەى ڕچە و ڕێبازو ئایدیاى كوردانەى جیاواز بوە لە چوارچێوەى خۆیدا . بەم شێوەیە یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بەڕاستى پێشەنگ و ڕابەر و دامەزرێنەرى مۆدێلێكى نوێى خەباتى سیاسى و چەكدارى و فكرى نوێ بوو كە بەهەموو مانایەك سیفاتى شۆڕش و شۆڕشگێڕانى ڕەسەنى كوردایەتى تیادا بەرجەستە ببو. هەربۆیەش توانى لەماوەى 16 ساڵ خەباتى خۆیدا بگاتە دەسەڵات لەم بەشەى كوردستاندا كە لەمێژووى خەبات و ڕاپەڕین و شۆڕشەكانى كورددا هیچ حیزب و ڕێكخراو و سەركردایەتیەك نەیتوانیوە ئەوەى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان وەدەستى هێناوە وەدەستى بهێنێت. هەربۆیەش یەكێتى بەهەق و هەحیقەت ببوە حیزبێكى هەڵقوڵاوى ناو جەماوەر و خۆشەویست و قیبلەنماى ملیۆنان كەس و ببوە جێگەى متمانەى كۆمەڵانى خەڵك و جێگەى حساب بۆكردن لەلایەن دوژمنان و دەوڵەتانى ناوچەكە و دونیاشەوە.
یەكێتى لەسەردەمى دەسەڵات و حوكمڕانیدا هەروەك چۆن لەسەردەمى شاخدا خاوەنى دەستپێشخەرى و داهێنان بو ئاوهاش لەم سەردەمەدا توانى ببێتە پێشەنگ لە خەباتى سیاسى و دیمكوراسى و جەماوەرى و پەڕلەمانیدا.و بەهێز و تواناى خۆى و دوور لە تەزویر و فرت و فێڵ دەیتوانى نیوە زیاترى دەنگەكانى جەماوەرى كوردستان بۆخۆى مسۆگەر بكات و لەزۆر قۆناغى شار و شاخدا ببوە هێزى سیاسى یەكەمى گۆڕەپانى كوردستان. هەموو ئەم سەركەوتن و دەسكەوتانەى بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە هێزێكى جەماوەرى و خاكى و لەخۆبوردوو و خزمەتكارى كۆمەڵانى خەڵك و دڵسۆز بەگەل و نیشتیمان و خەباتكارى سەرسەختى دوژمنان و چەسپاندنى دیموكراسیەت و ئازادیەكان و مافەكانى مرۆڤ و عەدالەتى كۆمەڵایەتى و دژى گەندەڵى و تیرۆر و تۆقاندن و خۆسەپاندن و ملهوڕى و دیاردە دزێوەكانى ناوچەگەرێتى و عەشرەتچێتى و بەنەماڵەچێتى و تاك پەرستى و تاك حیبزى بوە.بەڵام بەداخەوە یەكێتى لەدواى ِووخاندنى ڕژێمى بەعسەوە لە ساڵى 2003دا كەوتە ناو كۆمەڵ گەلێك هەڵەى گەورە و مێژووییەوە كە لە ڕێڕەوى ڕاستى حیزبایەتى و كوردایەتى ڕەسەن لایدا . لەو هەڵانەش:
هەڵەكانى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان
ئاشكرایە یەكێتى نیشتیمانى كوردستان لەڕێڕەوى خەباتى 35 ساڵەى خۆیدا بەحوكمى بارودۆخى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى كوردستان و ناوچەكە و ناوخۆى كوردستان ڕووبەڕووى چەندان كەوتن و هەڵسانەوە بۆتەوە و تووشى نسكۆى سیاسى و سەربازى بۆتەوە و توشى چەندان پیلانى ناوخۆیى و دوژمنان بۆتەوە بۆ بچوككردنەوەى و لاوازكردنى و نەمانى و لەناوبردنى .چونكە هەست دەكرا كە ئەم ڕێكخراوە بۆتە ڕەمز و سومبولى خەباتێكى ڕاستگۆیانەى كوردایەتى و جێگە متمانەى ملیۆنان كورد و بۆتە سەرچاوەى مەترسى بۆ سەر دوژمنان. بەڵام یەكێتى توانى بەسەر هەموو ئەو پیلان و كۆسپ و تەگەرە ناوخۆیى و دەرەكیانەدا سەربكەوێت و لەهەموو قۆناغەكاندا باڵاتر و بەهێزتر و ڕەگ داكوتاوتر خۆى دەرباز بكات و بەردەوامى بدات بە ڕچە و ڕێبازە ڕاست و دروستەكەى خۆى و هەنگاونان بەرەو ئایندە و نەگەڕانەوە بۆ دواوە.سڕى هەموو ئەو سەركەوتنانەى تەنها و تەنها ئەوەبوو خاوەن بیروباوەڕێكى جێگیر و چەسپاو و ڕاستگۆیانەى كوردایەتى بوو. خاوەن جەماوەرێكى پان و پۆڕو دڵسۆزى كوردانە بوو. خۆى بە خزمەتكار و گەلیشى بە سەروەر دادەنا . خۆى لە ئازار و داواكارى و مەینەتیەكانى جەماوەرەكەى دوور نەدەخستەوە.سازش و ملكەچى هیچ هێز و دەوڵتێكى قبوڵ نەدەكرد((وەك تاكتیك و هێندەى لە توانایدا بوایە)) و سوور بوو لەسەر ڕێڕەوى خەباتى كوردانەى خۆى.جا حیزبێك یان ڕێكخراوێكى سیاسى خاوەن ئەم تێز و بیرو باوەڕ و پڕەنسیپە شۆڕشگێرە ڕاستەقینانە بێت ئاساییە كە ببێتە جێگە متمانە جەماوەر و بەهێز و پتەو و خۆڕاگریش بێت.
بەڵام بەداخەوە دەڵێم یەكێتى نیشتیمانى كوردستان تا ماوەیەكى زۆر نزیك لە ئێستا هەر بەردەوام بوو لەسەر ئەو ڕچە شۆڕشگێرانەیەى خۆى . بەتایبەتیش تادواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامى لەساڵى 2003دا . بەڵام لەدواى ئەو مێژوەوە یەكێتى تاكتیك و ستراتیژى خۆى لەبیر كرد و كەوتە هەڵەى گەورە و مێژووییەوە كە لەئێستادا خەبات و سەنگینى و جەماوەریبوونى یەكێتى و مێژوو و ئێستا و ئایندەى كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە و هەڕەشەى مان و نەمان و بچوكبونەوە و لەناوچوونیشى لەسەرە .ئایا ئەو هەڵانە سەرچاوەكانیان چیبوو؟ ئایا بڕوانەمانى یەكێتى بوو بە خەبات و كوردایەتى و شۆڕش و پڕەنسیپە پیرۆزەكانى سەردەمى شاخ؟ یان لادان بوو لەو پڕەنسیپانە؟ یان هەستیكرد كە دواى ئەو زەمەنەى شۆڕش و دەسەڵاتى دواى ڕاپەڕین ئەو بنەمایانە هەڵەن و پێویستیى پێیان نەماوە؟یان یەكێتى لەحیزبێكى شۆڕشگێڕ و خاوەن خەباتێكى ڕاستگۆیانەى كوردانەوە بۆتە حیزبێكى هەلپەرست و دەسەڵاتخواز و لادەر لەهەموو بەها پیرۆزەكانى شۆڕشگێڕى؟ ئایا یەكێتى كەوتە بەر لێشاو و شاڵاوى بەرژوەندپەرستەكان یان بیرروباوەڕە شۆڕشگێڕیەكانى گۆڕیەوە بە دەسكەوت و پلە و پۆست و ئیمتیازاتە مادیەكانى دەسەڵات لە كوردستان و عێراقیشدا؟ ئایا یەكێتى و سەركردەكانى كەوتنە دواى نەزوەى كەسێتى و هەنوكەیى و كورسى و دەسەڵاتەوە؟ یان هەر لە بنەماوە بیروباوەڕیان بەبەها پیرۆزە شۆڕشگێڕیەكان نەبوە؟ئایا یەكێتى بەبەرنامە لەو ڕاستە ڕێگەیەى خەباتى خۆى لادرا یان لەهەڵە و نەزانى و غافڵگیرى و پیلانەوە دوورخرایەوە؟ئایا سەركردەكانى تواناى تێپەڕاندنى ئەم قۆناغە نوێیەى كوردستان و عێراقیان نەبوو؟ یان هەندێ دەسەڵاتدارى شەڕخواز لەناو یەكێتیدا ویستیان یەكێتى بەو ئاقارەدا بەرن بۆ بەرژەوەندى خۆیان؟یان یەكێتى تووشى غرور و ملهوڕى و گوێنەدان ببو بە هێزى جەماوەر و ئیدى كەوتبوە ئەو باوەڕەى كە پێویستى بە جەماوەركەى نەماوە ؟... و دەیان پرسیار و ئەگەرى تریش.
1. هەڵەى سەرەكى و كوشندەى یەكێتى ئەوەبوو :
كەنەیتوانى یەكڕیزى و تەبایى و برایەتى و هاوخەباتى و یەك و یەكگرتوویى ڕیزەكانى لەناو سەركردایەتى و ئەندام و لایەنگرانى خۆى لەلایەك و خۆى و جەماوەرەكەشى بپارێزێت. بەهۆى دیاردە دزێوەكانى تەكەتولى ناڕەواو بڕوانەبوون بە یەكتر . سەركردایەتیەكەى هەریەكە بۆخۆى كەوتە هەڵپەى وەدەستهێنانى دەسكەوت و پلەو پۆست و سەروەت و سامان.لەو پێناوەشدا هیچ هێڵێكى سووریان نەهێشتەوە تێپەڕى نەكەن تاكارگەیشتە تەخوینكردنى یەكتریش و تۆمەتباركردنى یەكدى و هەڵدانەوەى لاپەڕە خوێناویەكان و ناو وناتۆرە لەیەكتر و یەكتر قبوڵنەكردن و سازش و نەرمى نەنواندن و چاڵهەڵكەندن بۆ یەكتر و زۆر جاران كارى وایان كردوە كە بۆتە مایەى شكستى سیاسى و سەربازى بۆ یەكێتى و یەكێتى تەنها بەناو مابۆوە وەك حیزبێكى سیاسى خاوەن دیسپلینى شۆڕشگێڕى و ڕێكخراوەیى . چونكە هەریەكە لەو قوتبانەى ناو یەكێتى یەكێتیان بۆ بەرژەوەندى و خواست و ویستە شەخێى و گروپ و ناوچە و مەزهەب و عەشرەت و بنەماڵەكانى خۆیان بەكاردەهێنا . بێ گوێدانە مێژوو و خەبات و خوێن و فرمێسكى هاوبەش و بێ ڕێزگرتن لە شەهیدان و بنەماڵەكانیان و هەموو قوربانیەكانى تەعریب و تەبعیس و تەهجیر و ئەنفال و كیمیاوى و ...هتد.
2. دواتریش یەكێتى سەرەڕاى هەموو ئەم كێشە و ململانێ ناوخۆیانەى خۆى كە نەیدەتوانى و تا ئێستاش نەیتوانیوە چارەسەریان بكات لەگۆڕەپانێكى بچوكى ناوخۆیى حیزبى خۆیەوە.ڕووى كردە كێشە و ململانێكانى ناو كوردستان و بەهیواى ئەوەى زاڵبێت بەسەر كێشە ناوخۆییەكانیدا , بەهێزێكى لەرزۆك و بێتواناوە بەئومێدى بەهانا هاتنەوە و دەسگیرۆیكردن و دەربازبوونى ئەوەى دەكرێت دەربازبكرێت و تاماوەى چەند ساڵێكى تریش درێژە بەدەسەڵات و مانەوەى خۆى بدات بەرەو پارتى دیمكوراتى كوردستان هەنگاوى هەڵنا, من لێرەدا پاڵپشت بە ڕلستیە مێژووییەكان بەداخەوە دەڵێَم كە ((پارتى هەرگیز دۆستى یەكێتى نەبوە و لەداهاتووشدا دۆستى نابێت)). و ڕێكەوتنێكى بەناو ستراتیژى لەگەڵدا مۆر كرد كە تەنها و تەنها تاكو ئێستا لەبەرژەوەندى پارتیدا بوە نەك یەكێتى گەر بەردەوامیشى هەبێت ئەوە هێندەى تر زیانى گەورە بەر یەكێتى دەكەوێت و پارتیش بەهێزتر و گەورەتر دەبێت.نمونەى ڕاستى ئەم قسانەشمان ئاشكرایە چ لەسەر ئاستى حكومەت و دامودەزگاكانى حكومەت لەكوردستاندا و چ لەسەر ئاستى حیزبایەتى و هەڵبژاردنەكانى پەڕلەمانى كوردستان و عێراقیشدا و نزیكترینیشیان دابەشكردنى پۆستە وەزاریەكان و لیژنەكانى حكومەت و پەڕلەمانى عێراقن . چۆن پارتى وەك هێزى گەورە و یەكەم هەڵسوكەوت دەكات و حساب بۆ یەكێتى ناكات ((بەڕاستیش گەر بەژمارەى دەنگ و كورسیەكان سەیربكرێت ئەوا هێزى یەكەمەو لە یەكێتى گەورەترە)). یەكێتى هەمیشە تەنازول كەربوە بۆ پارتى و هەق و مافى خۆى وەرنەگرتوە و بەڵكو داویشێتى بەپارتى و پارتیش لەبەرامبەردا هەمیشە پێداگر و وەرگر و زاڵتر دەركەوتوە. كە ئەم هەڵوێستەى یەكێتى ببوە جێگەى ڕەخنەى سەركردایەتى و ئەندام و لایەنگر و جەماوەرەكەشى لە كەسى سكرتێرى گشتى و مەكتەب سیاسیەكەشى. بەڵام سووربونى دەسەڵاتدارەكانى ناو یەكێتى لەسەر هەڵوێستەكانیان لەگەڵ پارتیدا یەكێتیان گەیاندە ئەم ئەنجامانە.
3. هەڵەیەكى كوشندەى ترى یەكێتى دووركەوتنەوەى بوو لە خواست و ویست و داواكاریە ڕەواكانى جەماوەر و شەقامى پان وپۆڕٍى خۆى لەكوردستان و دەرەوەشیدا. بەشێوەیەك یەكێتى وادەردەكەوت بەتایبەتیش سەركردایەتیەكەى بێمنەت بوون لە پشتگیرى جەماوەرەكەى و دەنگەكانى و ڕۆژانى سەختى شاخ و شەڕەكانى ناوخۆ وپیلانى دراوسێكان و تەنها و تەنها خەمى كۆكردنەوەى سەروەت و سامان و پێكەوەنانى كۆمپانیا و بازرگانى وپڕۆژە وپلە و پۆست و ئیمتیازات بوو. نەك خزمەتكردن بە گەل و جەماوەرە ڕەش و ڕووت وهەژار و دەسكورت و بێ نەواكانى خۆى. پشتى كردبوە كرێكاران و جوتیاران و لادێكان و گەنج و ژنانى لەبیركردبوو. یەكێتى لەسەردەمانێكدا خاوەنى جەماوەرێكى پان وپۆڕى كوردستان بوو و فراوانترین ناوچەى كوردستانیشى لە ژێر دەستدا بوو و پاڵەوانى گۆڕەپانى سیاسى و چەكداریشى بوو بەڵام لە ئێستادا وا بچوك بۆتەوە كە بەهەزار حاڵ دەتوانێت لە هەڵبژاردنەكاندا ژمارەیەك بۆ خۆى وەدەسبهێنێت كە دەردەكەوێت تەنانەت ئەندامەكانى خۆشى دەنگى پێنادەن.یەكێتى ئەو ڕاستیەى بیرچۆتەوە كە جەماوەر سەرچاوەى دەسەڵات و شەرعیەتى هەموو حیزبێكى سیاسیەو پشتى كردبوە جەماوەرەكەى و ئەویش لە هەڵبژاردنەكانى پەڕلەمانى كوردستان و عێراقدا زۆر بەتوندى وەڵامى یەكێتیان دایەوەو یەكێتیان توشى شۆك و شڵەژاوى و پەشۆكاوى كرد كە تائێستاش و دواى كۆنگرەى سێیەمیشى نەهاتۆتەوە سەرخۆى و بە ئاسانایش ناگەڕێتەوە سەر ڕێچكەى خۆى.
ئەى چارەسەر چیە و یەكێتى بۆئەوەى هەموو مێژووە پڕ سەروەریەكەى و خۆشەویستى جەماوەرەكەى و هێز و توانا نەبڕاوەكەى جارانى وەدەستبێنێتەوە چى بكات؟ هەروەك پێشوو بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتە هەڵەكانى خۆى ؟ یان بیر بكاتەوە لە ڕێگاچارە زۆر ئاسان و كورت مەوداكان كە لە توانادان پیادەیان بكات؟ئایا دەبێت یەكێتى درێژە بە ڕێكەوتنى ستراتیژى بدات لەگەڵ پارتیدا یان هەڵیبوەشێنێتەوە و خۆى دەرباز بكات لەو تەڵە و پیلان و داوەى كە تێی كەوتوە؟ئایا كاتى ئەوە نەهاتوە كە یەكێتى بۆ ڕاستكردنەوەى هەموو هەڵەكانى و ((گەڕانەوەى ئاو بۆ ڕێچكە و ڕووبارە ئاساییەكانى خۆى)) وبۆ گەڕانەوەى مێژوە گەشەدارەكەى وبۆ سەردەمە زێڕین و پڕ جەماوەریەكەى ویەك و یەكگرتوییەكەى و دەسەڵاتە پتەو و ڕەگداكوتراوەكەى لەناو قوڵایى جەماوەرى كوردستاندا. لەجیاتى ئەو هەموو سازشكردن و خۆبچوككردنەوەیە و خۆ بەكەمگرتنەى لەبەردەم پارتیدا كاتى ئەوە نەهاتوە كە تەنها كەمێك نەرمى بنوێنێت و گوێبگرێت وبوار بڕەخسێنێت بۆ هەڤاڵە دێرین و دڵسۆز و هاوخوێن و هاوخەباتەكانى خۆى و بەنیەتێكى ڕاسەتەقینەوە دوور لە كین و بوغز و تۆڵەسەندنەوە . ئایا یەكێتى چ زیانێك دەكات كە زیاتر هەوڵبدات بۆ ئاسایكردنەوەى نێوان خۆى و بزوتنەوەى گۆڕان؟ ئایا یەكێتى بە سازش نواندن بۆ هەڤاڵە دێرینەكانى خۆى پتەوتر دەبێت یان بچوك و لاواز و لەمردن نزیك دەبێتەوە؟پرسیارە هەرە گەورەكەش ئەوەیە ئەرێ كاتى ئەوە نەهاتوە كە سكرتێرى گشتى یەكێتى لەكۆتایى كاروانى خەباتى خۆیدا هەڵوێست و هەنگاو و دەستپێشخەریەكى مێژوویى بەڕووى بزوتنەوەى گۆڕاندا بنوێنێت و یەكێتیەكەى هەموان بكاتەوە بەتاكە حیزب و ڕێكخراوى سیاسى گەورە و پتەو و بەهێز و حساب بۆ كراو لەلایەن دۆست و دوژمنانەوە؟
وەڵام بەكورتى و كرمانجى نەك وەك هەندێك دەڵێن زووە بۆ لێكنزیكبونەوە و دانیشتن و ئاسایكردنەوە و پێكەوەكاركردن. بەڵكو زۆر درەنگیش كەوتوە.و چیدى تر نە یەكێتى دەتوانێت خۆ بگرێت و نەگۆڕانیش دەتوانێت لەوە زیاتر بەهێز و پتەو و خۆڕاگر بێت. خوێندنەوەكان بۆ ئێستاو ئایندەى بارودۆخەكان ئەوەیە كە دەبێت تەنها یەك هێز بەڕووى پارتیدا لە گۆڕەپانەكەدا هەبێت كە زۆر بەهێز و خاوەن جەماوەر و خاوەن بەرنامەیەك بێت كە بتوانێت بەر بە غرور و دەسەڵاتى پارتى و بنەماڵەى بارزانى بگرێت . ئەگینا هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى بێهێز و پەرشوبڵاو و دوور لەیەكتر ناتوانێت بەرامبەر ملهوڕى و بەرنامە حیزبى و بنەماڵەیى و فراوانخوازى و میراتگریەكەى پارتى خۆى ڕابگرێت. هەربۆیە كاتى ئەوە هاتوە كە هەموو هێزە عیلمانیەكانى كوردستان بەگشتى((دوور لە هێزە ئیسلامیە سیاسیەكان)) و یەكێتى و گۆڕان بەتایبەتى لەیەك حیزب یان یەك هاوپەیمانیدا یەكبگرن و ڕاستگۆیانە خەباتبكەن و مقاوەمەتى ئەو فراوانخوازى و پاوانخوازیەى پارتى بكەن. ئەگینا پارتى بەو سیاسەتەى كە پیادەى دەكات گەر بۆى بكرێت وبۆى بچێتە سەر ڕێگە بە هیچ حیزب و سەركردە و بنەماڵەیەكى تر نادات جگە لە پارتى و بارزانى و بنەماڵەكەى لەكوردستاندا باڵادەست بن و لەبەرامبەریدا بوەستن. بۆیە لەئێستا زووتر نیە كە یەكێتى بەتایبەتى بچێتەوە بەسەر هەموو حساباتەكانى خۆیدا و بیرو بەرنامەى نوێ و گونجاو دابنێت بۆ ئەو مەسەلەیە و ئەو هەنگاوە مێژوویە بنێت كە سەركردایەتى و ئەندام و لایەنگر و تەنانەت جەماوەرەكەى هەردوولاش چاوەڕوانێتى و هەست و سۆزێكى ئاشكراش هەیە لەلایەن هەردوولاوە بۆ ئەومەبەست و ئاڕاستەیە و تەنها هەنگاوێگى لەخۆبوردەیى و مێژوویى و چاونەترسى گەرەكە كە بنرێت لەهەر لایەكەوە.((بەندە ئەم هەست و سۆز و بیركردنەوە و پێخۆشبونەى ئەندام و لایەنگران و تەنانەت لێپرسراوە باڵاكانی هەرددولاى هەستپێكردوە چونكە نزیكم لەهەردوولایانەوە و هەڤاڵ و هاوڕێى نزیكیشم لەهەردوولادا هەیە)) . جا باهەردوولا هەنگاو بەسەر سۆز و كەرامەت و هەیبەت و غرور و خۆبەزلزانینى كەسایەتى خۆیاندا بنێن و بابۆ جارێكیش بێت بەرژەوەندى گەورەى یەكێتى و دیموكراسیەت و ئازادیەكان و ئایندەى كوردو كوردستان بخەنە سەروو بەرژەوەندى خۆیانەوە و ڕق و كینە و دڕدۆنگى و پلەو پۆست و دەسەڵات بەبیانوو نەهێننەوە. با ناكۆك نەبن لەسە ناو و دروشم وسەركردایەتى و پلە و پۆست.با هەموان وەك یەك تیم و بە ڕۆحیەتە پێشمەرگانەكەى جارانەوە بەرەو ڕووى یەكترى بچن و لەیەك نزیك ببنەوە و یەكیش بگرنەوە و یەكێتیەكەى جاران بەبەرگێكى نوێى گۆڕانەوە و بەدروشم و بەرنامەى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و چاكسازى و بە موئەسەساتیەوە بەرەو ڕووى ئایندە ببنەوە و لەنزیكترین ماوەدا ئەو هەنگاوە بنێن و ئەم داواو داخوازى و پێخۆشبونەى جەماوەر و لایەنگرانى هەردوولاش بەجێبهێنن و دڵنیاشبن كە هیچ كاتێك ئەندامانى هیچ لایەك یەكتریان بە دوژمنى خۆیان نەزانیوە و مێژووى هاوبەشى یەكترییان لەبیر نەكردوە و ئاواتیشیانە داهاتووش پێكەوە دیاریبكەن.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە