بەڵگەی نهێنی: ئێران سەدان ملیۆن دۆلار بۆ حزبوڵا و جیهادی ئیسلامی تەرخان دەكات
Wednesday, 26/09/2012, 12:00
بەپێی بەڵگەنامەیەكی هەستیار و گرینگ كە لێرەدا ئاشكرا دەكرێ و مۆری "زۆر نهێنی" پێوەیە، بەرزترین ناوەندی بڕیاردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە هەمان نووسینگەی عەلی ئەكبەر خامنەیییە بەڕەسمی بڕیاری پێدانی هاوكاریی دارایی بە رێكخراوەكانی ئیسلامیی فەلەستینی و لبنانی و لەوانە حزبوڵای لبنان، حەماس و جیهادی ئیسلامی دراوە و داوا لە بەرپرسانی جێبەجێكار دەكرێ ئەو ئەركە بەرێوە ببەن. ئەوە لە كاتێكدا ئەو رێكخراوانە بەتایبەت حزبوڵای لبنان لە ئاستی هەرێمی و ناودەوڵەتیدا چەندان تۆمەتی "تیرۆریستی"یان لەسەرە. جگە لەوەی بەردەوام ئاماژە بە تێكەڵبوونی حزبوڵا و بەرگریكردنی لە حكوومەتی بەشار ئەسەد لەسەر راسپاردەی بەرپرسانی ئێران دەكرێ و ئێران بەردەوام رەتی دەكاتەوە لەو رووداوانەدا دەستی هەبووبێ، هەروەها لە دوا پێشهاتدا گەورە بەرپرسانی سەربازیی ئێرانی بە فەرمی رایانگەیاندووە كە شەڕی سووریا بە شەڕی خۆیان دەزانن و لەو پرسەدا حسێبێكی زۆری سەربازی و ئەمنیان لەسەر حزبوڵا كردووە.
دەقی بەڵگەنامەكە لە فارسییەوە بۆ كوردی:
ژمارەی نامە: 6-205 - 79م.س
رێككەوت: 12/11/1379
هاوپێچ: نییە
لە: سەرۆكایەتیی هەواڵگریی نووسینگەی رێبەری
بۆ: بەڕێوەبەری گشتی لە هۆبەی 110
بابەت: رەزامەندی لەسەر بودجەی داواكراو
بەڕێز جەنابی حەدادیان
وێڕای سڵاو و هیوای باشبوون و سەركەوتنی بەردوام بۆ مسوڵمانان و گەلی چەوساوە و زوڵم لێكراوی فەلەستین.
بەپێی ئەو نووسراوەیە ئاگەدارتان دەكەینەوە كە پاش ئەوەی ناوەندەكەمان بەشێوەیەكی ورد بە دواداچوون و لێكۆڵینەوە لە داواكاریی ئەو بودجەیە كرد كە چەندان جار داوا كرابوو، بۆچوون و تێڕوانینەكانتان بۆ گرینگیی سەرخستنی ئەو داوایە لەلایەن رێبەری باڵاوە پەسند كرا و بڕیار درا بەوەی تا كۆتای ساڵی 1380 /2001/ بڕی 280 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاریی دارایی بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەربازییە هاوبەشەكانی رێكخراوەكانی حزبوڵای لبنان، حەماس و جیهادی ئیسلامی بەو رێكخراوانە بدرێ تا كاروبارە سەربازییەكانیانی پێ جێبەجێ بكەن.
جێگەی ئاماژەیە، بۆ راپەڕاندنی ئەو ئەركە پێویستە رەچاوی هەموو لایەنی ئەمنی و خۆپارێزی بكەن و وەك جارانی پێشوو بەهاكاریی لایەنەكانی تری پێوەندار و نوێنەری تایبەتی حزبوڵا لە تاران ئەو ئەركە پیرۆزە جێبەجێ بكەن و دیسان هاوكار بن.
عەلی ئەكبەر ناتقی نووری
سەرۆكی هەواڵگریی نووسینگەی رێبەری
12/11/1379 هەتاوی
کلیکی ئهو لینکهی خوارهوه بکه بۆ خوێندنهوهی بهڵگهکه
https://www.kurdistanpost.nu/biz/bellge/Iran/iran_hizbulla.jpg
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست