کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ژار موکریانی: من بارزانیم به‌گه‌وره‌ی خۆم قبوڵ کردبوو، شانازیم به‌وه‌ ده‌کرد که‌ نۆکه‌ری ئه‌وبم.

Wednesday, 19/01/2011, 12:00


نۆکه‌رایه‌تی و کۆیله‌گه‌ری، خه‌سڵه‌تێکی ناو کاۆمه‌ڵگای کوردییه‌. ڕه‌وشتێکی کۆنه‌ و له‌ئێستاشدا زه‌مینه‌یه‌کی فراوانی له‌ناو که‌سێتی تاکی کوردی پێكهێناوه‌.

هه‌ژار موکریانی، تاکو کۆتایی به‌ژیان هێنا، پڕ به‌باڵای خۆی خزمه‌تی وشه‌ی کوردی کرد.‌ لێ سه‌یرنییه‌! که‌ که‌سێتیه‌کی وه‌کو ئه‌و، نوسه‌ر و شاعیری به‌ناوبانگی کورد، شانازی به‌ نۆکه‌رێتی خۆیه‌وه‌ ده‌کات و به‌بێ شه‌رم و شکۆش باسی ده‌کات. ئه‌مه‌، ڕاستگۆیی ئه‌و که‌ڵه‌پیاوه‌ ده‌رده‌خات که‌به‌شێکی باشی ژیانی نۆکه‌ری و سه‌ردانه‌واندن و به‌ڵێ قوربانی له‌به‌رده‌م که‌سێکی وه‌کو مسته‌فا بارزانیدا برده‌سه‌ر. بۆیه‌ له‌ چێشتی مجێوردا ده‌نوسێت" من بارزانیم به‌گه‌وره‌ی خۆم قبوڵ کردبوو، شانازیم به‌وه‌ ده‌کرد که‌ نۆکه‌ری ئه‌وبم". ئه‌مه‌ش دیاره‌ نرخێکی گرانبه‌های گه‌ره‌ك بووه‌، بۆیه‌ هه‌ر خۆیشی ده‌ڵێت" پێم شه‌رم نه‌بوو که‌ ئه‌و یارمه‌تیم بدات". لێ هه‌نوکه‌، چه‌رده‌یه‌ك له‌خه‌ڵك، حه‌شاماتێکی گه‌وره‌ و فراوان، له‌جۆراوجۆر چین و توێژ و مه‌قامی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، نۆکه‌رایه‌تی ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت نه‌ك هه‌ر باسیشی ناکه‌ن، به‌ڵکو حاشای لێده‌که‌ن و به‌ڵگه‌ی خێرا و ئاماده‌کراو ده‌هێننه‌وه‌ بۆ ڕه‌واییپێدانی.

به‌نده‌، دوورم له‌سوکایه‌تی پێکردن و به‌که‌م زانینی ئه‌م زاته‌، لێ مافی خۆمه‌ بێژم" تاکی کۆیله‌، کۆمه‌ڵێکی خه‌سیو و خواجه‌ پێك ده‌هێنێت. ئیدی ئه‌م کۆمه‌ڵگا بێده‌ست و په‌نجه‌یه‌، ده‌توانن کام باڵه‌خانه‌ دروستبکه‌ن تاکو له‌ناویدا، ته‌نانه‌ت زستانێك وه‌حه‌سێن؟".

مه‌سعود بارزانی، حیزبێکی هه‌س، له‌ژێر ناوی دیموکراتدا. هینده‌یان ناوی دیموکراسی هێناوه‌، گوناحیان پێوه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌. که‌چی خۆی و کوڕ و کوڕه‌زا و برازا و خانه‌واده‌که‌ی به‌بێ دیموکراسی ده‌بنه‌ سه‌رۆك. ئه‌وانه‌شی نۆکه‌رایه‌تیان ده‌که‌ن، به‌ده‌نگی چه‌پڵه‌ ڕێزانه‌کانیان له‌پێناوی ئه‌م دیموکراسیه‌ی سه‌رۆکه‌که‌یاندا، خه‌ریکه‌ په‌رده‌ی گوێمان ده‌ته‌قێنن. سه‌یر له‌وه‌شدایه‌! سه‌رۆك، به‌ده‌نگی ناسکترین کچه‌گۆرانیبێژ ئیفتیتاحی کۆنفرانسه‌که‌ی ده‌کاته‌وه‌. سه‌یرتریش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌واوی خانه‌واده‌که‌ی چه‌ندین کاتژمێر له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ و له‌به‌رده‌م عه‌زیزوه‌یسیه‌کاندا دانیشتبوون بۆ گوێگرتن له‌ گۆرانیی سه‌ماهێنه‌ر. بۆ ئه‌وه‌ی واینیشان بده‌ن که‌ ئێمه‌ ئه‌هلی سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕکێ و به‌زم و ڕه‌زمی سه‌رده‌میانه‌ین و حیزبه‌که‌مان حیزبێکی سه‌رده‌میانه‌یه‌.

شوناسێکم هه‌س، ئه‌و، به‌رپرسی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کوردییه‌ له‌ شارێکی به‌ریتانیادا. ماوه‌ی 9 ساڵی ڕه‌به‌قه‌ ڕێگه‌ی نه‌داوه‌ که‌ هه‌ڵبژاردنێك له‌ کۆمه‌ڵه‌که‌دا بکرێت و هه‌یکه‌لێکی بۆ پێكبهێنرێت و هه‌ندێ چالاکی له‌پێناوی خه‌ڵکدا ساز بدرێت. ته‌نانه‌ت ته‌واوی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌. هه‌موو، وازیانهێناوه‌ و دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه‌. که‌چی، بێشه‌رمانه‌ له‌ کۆڕێکدا نزیکه‌ی 35 خوله‌ك‌ کاتی له‌و خه‌ڵکه‌ به‌سته‌زمانه‌ گرت و باسی له‌ دیموکراسیه‌ت و دیموکراسی بوون کرد.

هه‌ژار موکریانی له‌ " چێشتی مجێور" دا ده‌نوسێ" به‌زیندانیکراوی به‌ڕێکرام". وه‌کو خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ له‌زیندان بووه‌ و دراوه‌ته‌ ده‌ست قاسماغا، که‌چی له‌کاتێکدا ده‌گاته‌ گوندی" ته‌ره‌غه‌" ده‌نوسێت" ده‌مانچه‌که‌م دا به‌ کاکه‌ ڕه‌حمان که‌ ئه‌گه‌ر توانی بیفرۆشێ، پوڵه‌که‌ی بدا به‌ منداڵ و براکانم".

به‌نده‌، له‌خوێندنه‌وه‌ی چێشتی مجێوردا، که‌ یاداشته‌کانی هه‌ژار موکریانییه‌ و خۆی نوسیوێتیه‌وه‌، ته‌واویم ئه‌مدیو ئه‌ودیو کرد، نه‌مزانی ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ی له‌کوێ بووه‌؟!. هه‌ر چۆن ئێستا له‌ ته‌شه‌نه‌کردن و فراوانبوونی ڕێکخراوێکی بچوکدا، له‌ کوردستان، پیاو سه‌ری سوڕده‌مێنێت که‌ ئه‌وهه‌موو خه‌رجییه‌ له‌کوێ دێنن؟. له‌بانگه‌شه‌کانیشیاندا وا ده‌رده‌خه‌ن خاوه‌نی یه‌ك تاقه‌ فلسی قه‌ڵبی سوری کۆن نین که‌ ئێستا له‌بازاڕدا ناچیت و خه‌ڵك ده‌یخاته‌ مۆزه‌خانه‌وه‌.

هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن به‌و جۆره‌ ناڕه‌وایه‌. ناڕه‌وایی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگادا و خۆ به‌ ڕاستزانین کوێرییه‌. ئه‌م ته‌مه‌نی په‌تپه‌تێن و دووڕووییه‌ کورته‌. هیچ هێزێك ناتوانێت له‌به‌رده‌م ڕاستیه‌کاندا خۆی بگرێت. هه‌رچه‌نده‌ زه‌به‌لاح و خاوه‌ن ئه‌زمون و شان و شه‌وکه‌تی جه‌نگیش بێت.

ئه‌وده‌مه‌ی مه‌لا مسته‌فا له‌ شنۆبوو، هه‌ژار موکریانی ده‌نوسێت" من له‌ بی بی جه‌ك بووم له‌ماڵی مه‌حمود به‌گ، که‌ پیاوی شێخ له‌تیف بوو. زۆری نه‌برد "عه‌بدولقادر ئه‌حمه‌د" و " باقی بامه‌ڕنی" هاتنه‌ ئه‌وێ". هه‌ژار ده‌نوسێت" ئه‌وان، نامه‌یان بۆ چه‌ند که‌سێك هێنابوو. که‌ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، گوتم منیش دێمه‌ لای مه‌لا مسته‌فا. گوتیان تا پرسی پێ نه‌که‌ین ناتوانین بتبه‌ین. (بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌) نامه‌م بۆ بارزانی نوسی".

شوناسێکی دیکه‌م هه‌س، له‌سه‌رکردایه‌تی حیزبێکی خاوه‌ن نفوس و ده‌سه‌ڵاتدایه‌. ته‌له‌فۆنی بۆکردم بۆ لێپرسینه‌وه‌. ئیدی ده‌ستمانکرد به‌ قسه‌کردن. گفتوگۆیه‌کی دوور و درێژمانکرد سه‌باره‌ت به‌ پرسی کورد له‌ عێراقدا. پرسی ناوچه‌جێناکۆکه‌کان یه‌کێك بوو له‌دیارترینیان. پرسیارمکرد" داخۆ ئه‌و ناوچانه‌ که‌نگێ دێنه‌وه‌ سه‌رکوردستان؟" . ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ووتی" با شه‌ممه‌ له‌مانگ ببڕێت". ئه‌م وه‌ڵامه‌ که‌لله‌یی کردم و به‌ڕکه‌وه‌ پێم ووت" ئه‌ی بۆچی له‌به‌رده‌م خه‌ڵك ئه‌م قسه‌یه‌ ناکه‌ن؟". له‌وه‌ڵامدا ووتی" بێئه‌قڵی ئێوه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌و داواکارییه‌ ده‌که‌ن". به‌نده‌ش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕسته‌ ناشیرین، به‌ڵام ڕاسته‌دا، ووتم" که‌ نوێنه‌ر و سه‌رکرده‌یه‌کی بێئه‌قڵت هه‌بوو، ئه‌وا خۆیشت بێئه‌قڵ ده‌رده‌چیت". ئیتر زانیم و تێگه‌یشتم و دوواوته‌م پێڕاگه‌یاند و ووتم" ناچارنیم چیدی گوێتلێبگرم".

Wednesday, 19 January 2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە