بۆچی هەولێر کڵۆم درا
Monday, 28/03/2011, 12:00
تاڵەبانی سەرەك کۆماری عێراقەو ، بەس. ئەمە ووتەی ئامۆژنە هێرۆ بوو کاتێ سەردانی ماڵی کاك نەوشیروانیان کرد لەدوای ڕوداوەکانی ١٧ شوبات و کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری سلێمانی دژ بە بنەمەڵەی بارزانی، لێکەوتەوە. دادە هێرۆ بەم ووتەیەی ئەوەی بە کاك نەوشیروان ڕاگەیاند ، کە چیتر تاڵەبانی بڕیاربەدەست نیەو لەم ڕۆوە تاڵەبانی تەنها لەبەغدا کاری خۆی ئەکاو ئەوەی لێرە ئەگوزەرێ هیچ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بەوەوە نەماوە. بەمانایەکی تر، کودەتایەکی سپی خێزانی ڕووی داوەو، تەنها خۆی و مەلا بەختیارن ئەتوانن وەك بڕیار بەدەستی یەکێتی لەسلێمانی گفتوگۆ بکەن و ئەو بەناو ئیتفاقییەی نێوان تاڵەبانی و بەرزانی هەبوە ، ئێدی کۆتایی پێهات.
لەدوای ڕاپەڕینەکە، وا چاوەڕوان ئەکرا کەیەکێتی بکەوێتە ژێر دەستی پێشمەرگە دێرینەکانی دەرەوەی بازنەی یەکێتی ، بۆیە ، وا چاوەڕوان کرا، کە بەزووترین کات ڕاپەڕینەکە ڕێڕەوی خۆی بگوڕێ و هەڵبکوتنە سەر مەڵبەند و دواتریش دەست بگرن بەسەر مەکتەب سیاسی و تەلەفیزێۆن و ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی . لێ ئەم کارە نەکرا، چونکە یەکیتی جارێکی تر و لەڕێگای ئامۆژنە هێرۆوە خرایەوە ژێر دەستی کاك نەوشیروان.
دیارە مەسعود و بنەمەڵەکەی هەر زوو لەم ژێر بەژێرە تێگەیشتن و ئەوەبوو دوای گەڕانەوەی مەسعود لە ئیتاڵیا ، بانگێشی تاڵەبانیان کردو ئەو ڕاستیەشیان بەتاڵەبانی گەیاند کە کارێکی لەو شێوەیە کراوە و لەوانەیە بەڕەزامەندی خۆت کرابێ،، لێ تاڵەبانی ئەمەی ڕەتکردۆتەوەو خۆی تەنها بە بڕیار بەدەستی یەکێتی دەرخستوەو ئەوەبوو ، وویستی پیلانەکانی پارتی دژی جەماوەری ڕاپەڕیو بکات و تێکیان بشکێنێ، لێ سەرکەوتوو نەبوو.
دواتر، دوای ئەوەی بنەماڵە زانیان دەستیان لەبن هەمانەکەوە دەرچوە، ئێدی تاك ڕەوانە و وەك ساڵەکانی سەرەتای شەڕی ناوخۆی ساڵی ١٩٩٤ ، یەکەمین کاریان داخستن و جیاکردنەوەی هەرێمی زەرد بوو بەڕووی سلێمانی و خەڵکە شۆڕشگێڕەکەیدا، ئەوان باش ئەزانن کە یەکێتی هەنووکە لەدەست تاڵەبانی نەماوەو تاپۆکەی لای دادە هێرۆو مەلا بەختیارە، وە ئەمانیش خڕ خڕ و بەمۆڵی تەسلیمی کاك نەوشیروانیان کردۆتەوە، بۆیە لەو بڕوایەدام هیچ جۆرە دانیشتنێك ناتوانێ یەك ئینج پارتی و گۆڕان لەیەك نزیك بکاتەوە و لە داهاتویەکی گەلێ نزیکدا پارتی و بنەماڵە هەزار پیاوەکە بێ کەس ئەمێننەوەو جگە لە پیرباڵەکان ، کەسیان بەدەوردا نامێنێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست